بابەتی زیاتر


ناساندنێک بۆ ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان
03/22/2020 14:23:27
زانکۆیی ئەمریکی خەونەکەیی لەناوبردم
03/18/2020 19:17:18
دوورکەوتنەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛دوورکەوتنەوە لەژهر
02/12/2020 17:02:03
هەڵمەتی دارێك بچێنەو شارێك سەوز بكە
08/09/2019 21:14:33
ئیرەیی ئەو شتەی دەسەڵاتدارانی کورد نیانە!
06/29/2019 10:34:34

کورتەیەک لەسەر دروست بونی شاری سلێمانی

نیاز مەحمود
نیاز مەحمود

 
نیاز مەحمود
سلێمانی مێژوویەکی نوێی لە دروستکردن و نیشتەجێبوون دا ھەیە .بیرۆکەی دروستکردنی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ محمودپاشای بابان ساڵی ١٧٨١ز بیری کردەوە کە ناوەندی بەرێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆجێگکایەکی تر چونکە لەگەڵ فراوان بوونی ئیمارەتەکە جموجۆڵیک لە ئاوەدانی دەستی پێکرد بۆیە سەرایەکی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد بەڵام تەمەنی فەرمانڕەوایەتیەکەی ڕێگای پێ نەداولەساڵی (١٧٨٣) کە ئیبراھیم پاشا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ دەستی کرد بەدروستکردنی سلێمانی و لە بەرواری ٤/١١/١٧٨٤ز سلێمانی تەواو بوو وەپایتەختی میرنیشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە سلێمانی, دروستکردنی ئەم شارە بە دەستکەوتێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بابانیەکان چونکە حوکمی بابانیەکان گەیشتە (خانەقین و قەسری شیرین و زەھاو) , وە لە ھەمان کاتدا بویە مەڵبەندی ڕۆشنبیری و بازرگانی لە ناوچەکە و ئاوەدانی ڕووی لەخەڵک کرد لە ڕوی ئابوری و ھەم لە ڕوی سیاسی وە ڕۆشنبیریش زۆر بەرەو پێش چوو کە جوڵانەوەیەکی ئەدەبیات و شعر ھاتەکایەوە و ھەر سێ ئەدەبیاتی ( نالی ,سالم,کوردی) بە دیار کەوتن. کۆمەڵی ھۆکار ھەبوو وای لە ئیبراھیم پاشا کرد بیر لە دروستکردنی سلیمانی بکاتەوە ئەوانیش:
١.    ھۆکاری کارگێڕی ,فراوانی ناوچەی سلێمانی لە چاو قەڵاچواندا چونکە پایتەخت پێویستە فراوان بێت تا تەواوی دام و دەزگا حکومیەکانی تێدا جێ بێتەوە . قەڵاچوالان لە ناوچەیەکی تەنگەبەردا بووە ڕووبەرێکی بچوکی ھەبوو کەوتبویە نێوان زنجیرە چیایەک .
٢.    ئیبراھیم پاشا ویستی بە بنیادناتنی سلێمانی میرنیشینەکە بکاتە دەوڵەتێکی بەھێز و سەربەخۆ .
٣.    ھۆکاری ئابوری , سلێمانی ناوچەیەکی فراوان ودەشتی بەرینی وەک شارەزوور و بازیانی ھەیە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەربارە.
٤.    بۆ دورخستنەوەی مەترسی ھێرشی فارسەکان و عوسمانیەکان کەقەلاچوالان شوێنێک بو کەوتبویە نزیک ئێران .
٥.    قەڵاچوالان لە ناوچەیەکی تەنگەبەردا بووە ڕووبەرێکی بچوکی ھەبوو کەوتبویە نێوان زنجیرە چیایەک .
٦.    لاوازبونی دەوڵەتی مەمالیک لە عێراق ھۆکارێک بو بۆ دروست بونی سلێمانی چونکە توانای پەلاماردانیان نەمابوو.
٧.    ھۆی کۆمەڵایەتیەتیش بەوەی کە ئیبراھیم پاشا دەیویست لە ( مە لەک ) خاتوون نزیک بێتەوە کە کوێخای دێی مەڵکەندی بوە .


لەسەر ناوی سلێمانی زۆر بۆچوون ھەیە ,کە دەڵێن بە ناوی بابەسلێمانی باپیریەوە ناونراوە ,بۆچونیکی تر بە ناوی سلێمان پاشای کوڕیەوە ناونراوە ,بۆچونێکی دیکە دەڵێت سەردەمی ئیبراھیم پاشا ھاوسەردەمی سلێمان پاشا والی بەغدا بوە نزیکی خۆشەویستی وای کردوە ئەم ناوە ھەڵبژێرێت.بۆچونێکی کە دەڵێت ناوی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ (سلێۆنا) شارێکی کۆنی مێژوویی بوە لە شوێنی ئێستای سلێمانی دا,زۆر بۆچونی تریش ھەیە لەسەر ناوی سلێمانی.کە گوایە لەکاتی ھەڵکەندنی بناغەی شارەکە موستیلەیەکیان دۆزیوەتەوە کە بە بڕوای ئەوان ھی حەزرەتی (سلێمان ) بوە بۆیە شارەکەیان ناوناوە سلێمانی ,وە بۆچونێکی تر دەڵێت سەردەمی محمود پاشای مامی ئیبراھیم پاشا (شا فاتح علی شا) حوکمی ووڵاتی فارسی کردوە وکوڕێکی ھەبوە ناوی سلێمان بوە پێ دەچێت محمود پاشا کوشکەکەی نزیک مەڵکەندیشی بەو ھۆیەوە ناو نابێت.ھەڵبژاردنی شوێنی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئیبراھیم پاشا خۆی ڕۆژێک بە ڕێکەوت دەچێت بۆ ڕاوکردن لەسەر چیای ئەزمەڕ دەڕوانێتە دەشتەپان و فراوانەکەی بەر چیاکە زۆر بە جوانی دێتە بەرچاوی وبۆیە ڕودەکاتە ئەوانەی لەگەڵی دان دەڵێت ئێمە بەناڕەوالەو ناوچە تەنگەی قەڵاچوالان داین ,سلێمانی شوێنێکی ستراتیجی بوەچونکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئە و زنجیرە چیایانەی کە بە ووڵاتی ئێرانەوەی دەبەستێتەوە , وە دوو جار لە مێژوودا پایتەخت بووە لە سەردەمی بابان و لەسەردەمی مەلیک مەحمود دوای جەنگی جیھانی یەکەم. وە ھەردەم مەڵبەندی  ھەڵگیرساندنی شۆڕش و ڕاپیڕین بووە وە لانکەی ڕۆشنبیرو تێکۆشەرو نووسەر و شاعیران بووە, وە ئیبراھیم پاشا بە دروستکردنی سلێمانی توانی ناوی خۆی وەک یەکەم کەسی بابان تۆمار بکات.وەکاتێک سلێمانی بنیاد دەنرێت خەڵکی قەڵاچوالان ھەموویان لەگەڵ ئیبراھیم پاشا بەڕێدەکەون بەرەو پایتەختی نوێ و پێدەچێت لەم لاو لەو لاشەوە خەڵکی بۆ ھاتبێت,ئەم شارە لەسەرو گوندی مەڵکەندیەوە بنیاد نرا, وەپاش دروست بوونە سلێمانی ئاوەدانیەکی ئێکجار زۆر ڕووی تێکردوە و بۆتە مەرکەز بۆ خوێندەواری و ئەدەب و شعر, ھەروەھا لە ڕووی ھێمنی وئاسایشەوە زۆر پێشکەوتوو بوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بە پلەی یەکەم بۆ لاوازی و خراپی بارودۆخی فەرمانڕەوایی ئێران لەوکاتەدا کە توانای دەست درێژی سەرھاوسێکانی نەمابوو.


ژمارەی ماڵەکان لەسەردەمی بابانیەکان (٢١٤٤) ماڵ بوە وە  ژمارەی دانیشتوانی لە (١٠) ھەزار کەس زیاتر بوە و لە(٦) گەڕەکی سەرەکی  پێکھاتبوو ئەوانیش (کانی ئاسکان ,گۆیژە,سەرشەقام,مەڵکەندی,چوارباخ, دەرگەزێن) وە سلێمانی ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە کاروپیشەسازی تیا دامەزراوە و گرنگی پێدراوە وەک سابون و ڕستن و چنین و جۆڵایی چەخماخسازی و مسگەری و شیرگەری و خومچێتی و خەڕەک و موتاب چێتی و زین و کۆپان و ئاسنگەری و وەتراق چێتی و چەرخە موو ڕستن....ھتد وەک زانراوە سلێمانی ھەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە خەڵکەکەی خولیایی خوێندن و خوێندەواری ھەبوە مێژووش ئەم ڕاستیەی سەلماندوە سەرەتا لەسەردەمی بابانیەکان دا لە حوجرەکان دا خەڵکی فێری خوێندن بوون پاشان مزگەوتەکان بونەتە جێگای خوێندن وبەردەوام بوە ئەو مەلاو زانا و شاعیرو نووسەرانەی کەڕۆڵی بەرچاویان ھەبوە لە دروستکردنی قوتابخانەی شیعری بابان و بەدوای خۆیدا چەندین خوێندنگای ھێنا  ئەوانیش (نالی و سالم و کوردی وساڵح ئاغای پۆشاک و مستەفا زیھنی پاشا و مەحوی) وە شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندنی دا کۆمەڵێک نوسەرو شاعیری بۆ مێژوو داناوە ئەوانیش (شێخ مارفی نۆدێ و مەولانەخالید و حاجی مەلا ئەحمەدی دێ لێژە و شێخ حسێنی قازی و وەلی دێوانەو عەلی بەردەشانی و زێوەر و ساڵح ئەفەندی و جەمیل سدقی زەھاوی و محمد فەیزی زەھاوی و مەلا عبداللە و مەلا ساڵحی حەریق و عبداللە بێتوشی و ساڵح ئەفەندی ئاھی و ئەحمەد موختار جاف و تایەر بەگی جاف و مەلا عەزیزی موفتی و پیرەێرد و بێخود و ...............ھتد وە مێژووی دروستبونی خوێندنگاکانی سلێمانی ئەمانەن:

١.    یەکەمین قوتابخانە ناوی (کلدانی سەرەتایی ) بوو لەساڵی (١٨١٥ز) وە ژمارەی خوێندکارەکانی (١٣) بوون .
٢.    دووەمین قوتابخانە (اعدادیە ملکیە) بوو لەساڵی ( ١٨٦٨ز) ژمارەی خوێندکارەکانی (٧٠) بوو وە مامۆستاکانیشی (٧) مامۆستا بوون
٣.    قوتابخانەی ڕوشدیەی عەسکەری  ساڵی  (١٨٩٢ز) ژمارەی خوێندکاریکانی (١٠٦) بوو وە (١٣) مامۆستای ھەبوو
٤.    یەکەمین قوتابخانەی کچانیش بە ناوی (زەھرا) ساڵی (١٩١٥ز) بۆماوەی (٣)ساڵ بەردەوام بوو دواتر داخرا و پاشان لەساڵی (١٩٢٦ز) سەرلەنوێ کرایەوە
 


سەرچاوەکان :
١.میراتی بابان لەنێوان بەرداشی ڕۆم وعەجەم (نوشیروان مستەفا)
٢. کتێبی سلێمانی
٣. کتیبی مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ
٤.گۆڤاری مێژوو
٥. ئینترنێت

08/16/2017 21:48:55 | 3220 | Print Friendly and PDF