بابەتی زیاتر


خۆراکی هاوسەنگ
02/07/2020 16:50:42
سیاسه‌تی ئاسایشی خۆراک و ته‌ندرو‌ستی حکومه‌ت چیه‌؟
11/07/2019 21:49:14
چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشی ریخۆڵەکوێرە
04/20/2019 13:16:48
نەشتەرگەری فتق بە ئامێری هەناوبینی بکە
04/01/2019 15:46:25
چۆن نەخۆشی قەڵەوی چارەسەر بکەین؟
02/08/2019 17:44:04

دیسانەوە لە بارەی جەستەوە

کاوە یار
کاوە یار

دیسانەوە لە بارەی جەستەوە  (بەشی چوارەم)
لە کاتی مەحەلەبی خواردنەکەدا بەخۆمم گوت، لەوانەیە بەھۆی ئەم رەخنەگرتنە توندانەمەوە لە کۆمەڵگەی شارستانی، ئیدی وەکو  سەلەفیەکی کەلەرەق دەربکەوم و بەو شێوەیە خەلک سڵ بکەنەوە لە بۆچوونەکانم، بە تایبەتی ئەوروپیەکان. بەڵام لە سەرێکیشەوە ھەموومان دەزانین، کە ئێمە گشتمان گیرۆدەی گرفتێکین، کە پێی دەلێین خودی شارستانی. ھەروەکو چۆن وودی ئالێن دەلێت “ژیانی ھاوسەرگیری بریتیە لەو ھەولانەی، دووکەس دەیدەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی، کە مرۆڤ خۆی بەتەنھا نایبێت” ھەر بەو شێوەیەش ژیانی شارستانیی پێکھاتووە لە کۆی ئەو ھەوڵانەی، کە دەدرێن بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی، کە کۆمەڵگەی شارستانی خۆی بەرھەمیان دەھێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دروست بوونی کۆمەڵگەی شارستانی کارێکی حەتمیە و کەس ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە. ئەمە راستیەکە، کە مرۆڤ لە کۆنەوە ھەستی پێ کردووە و لە زووەوە پێشبینیی کردووە. ئەم راستیە ھەر لە سەردەمی ئەنتیکدا و لە پێش زایین و ھاتنە کایەوەی سێ ئاینەکانی خۆرھەڵاتی ناوەراستەوە لە داستانەکانی گریکیەکاندا رەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە لە داستانی سیزیفدا.  
واتە زۆربەی نەھامەتیەکانی ئێمە ئەوانەن، کە بەدەستی خۆمان دەیانخولقێنین ئیدی بە خۆئاگاییەوە بێت یان بەبێ خۆئاگایی. ئەمرۆ زانستی دەرمانسازی زۆر پێشکەوتووە و دکتۆریش زۆر و زەبەنە، ئایا نەخۆشی و دەردی مرۆڤ کەمیان کردووە؟ نەخێر..جا  لە سەر ئەم نەزمە دەتوانین ھەزاران نموونە بھێنینەوە. لەبەر ئەوە با واز لەو بابەتە بھێنین و لەخۆمان بپرسین: باشە چارەسەر چیە؟
لە پرێکدا نازە لەبەردەممدا قوت بووەوە و سەری ئەمەنەدە ھێنایە پێشەوە، کە ئیدی نەمتوانی کەوچکە مەحەلەبیەکە ببەم بۆ دەمم، ئەوجا پرسی: خۆشە وانیە توخوا؟ منیش بە ترسەوە سەرێکم لەقاند و ئەو بەدەنگێکی بەرز گوتی: ئەی بۆ نایەیت بلێیت، دەست خۆش خوشکەکەم. منیش گوتم: بۆ تۆ مەجالت پێداین ھەناسەیەک بدەین. یاپراخ، چای،شەکرلەمە، شوتی، مەحەلەبی... ئەویش بەلاقرتێوە گوتی: نەخێر وا نیە ئەفەنی.. پیاوی کورد، کە ژنێکی ئەڵمان ئەبینێت ئیدی ئەژنۆی شل ئەبێت. یەکسەر گوتم: جا تۆش وەکو ئەو ببە. چیت لەو کەمترە؟ تۆش دتتوانی خۆت جوان بکەیت و دەتوانیت بە میوانەکانت بڵێیت، دەی فڵان تۆ مەحەلەبی بکە فڵان تۆش ئەوە بکە و بەو شێوەیە. نیوەی کارەکان بە میوانە ئازیزەکانت بکە. نازە چاوەکانی بریسکانەوە و گوتی: خۆزگە ئەوەندە ئازا بوومایە براکەم. منیش گوتم: ئێ لە ئێستاوە دەست پێبکە. دەی فێربە. خۆ دابەشکردنی کار شتێکی نوێ نیە. تەنانەت ئاژەڵەکانیش دەیزانن. ئەویش بەدەم چاوگیڕانەوە بەناو میوانەکاندا گوتی: تۆ جارێ با ئەو مێردە پەڕپووتەم بدۆزمەوە. پاشان ھاواری کرد: عارف.. ئا وەرە ھەر فیشکەی جگەرەتە. تا تاریک نەبووە قاپەکان کۆ بکەرەوە و بیانشۆ و ھەموویان بخەنەرەوە جێی خۆیان. من لێرە لەگەڵ کاوە موناقەشە ئەکەم. ئەوجا رووی کردە من و گوتی: باشە ئاوا؟ دە ئەوجا فەرموو کاوە فەنی.. پێم بڵێ، من چی بکەم بۆ ئەوەی ئەم ورگە دانێم. منیش گوتم: تۆ جارێ واز لە مەسەلەی ورگەکە بھێنە. تۆ دەبێ راگریی جەستەییت راست بکەیتەوە، چونکە تۆزێ بە پێشدا چەماویتەتەوە و بەو شێوەیە ھاوسەنگیی جەستەییت تێکچووە. جا بۆ راستکردنەوەی راگریی جەستەییت پێویستیت بە راھێنانێک ھەیە بۆ بەھێز کردنی خۆئاگایی جەستەیی خۆت. نازە ھاواری کرد: کورە من جارێ لە جەستەھۆشی تێنەگەیشتووم و تۆ ھاتووی باسی راگریی جەستەیی و خۆئاگایی جەستەییم بۆ ئەکەیت. دەی نموونەم بۆ بھێنەرەوە بە جوانی، وەکو چۆن بۆ ئەو کچە ئەلمانەت ئەھێنایەوانێ. باشە دادە گیان. یەک نموونەی زۆر ئاسان: تۆ قەت دیقەتی بزنت داوە، چەندێ وریا و چاپوکە؟ کەچی مەڕ گێژ و تەپۆ... وەڵا برا من ئەم شتانە نازانم. من بزن و مەڕم ھەر لە تەلەفیزۆنا بینیوە. تۆ جارێ پێم بڵێ جەستەھۆشی چۆن پەیدا بکەم؟ جەستەھۆشی شتێک نیە پەیدا بکرێت، ھەر مرۆڤی ئاسایی ھەیەتی و ئێمە لەمنداڵیەوە لەگەڵ پەروەردە بووندا جەستەھۆشیمان گەشە دەکات  ئەگەر بیرت مابێت، کە  لە ئامادەیی بازرگانی وەرگیرایت، ئەوکات گەنج بوویت. کە بانتۆڵە کاوبۆیەکەت بۆ لەبەر ئەکرد. ھەرچی کوڕی گەڕەک ھەیە تەماشایان دەکردیت تۆش پۆزت لێدەدا. ئاوووا.. کوڕانی گەڕەک تەماشایان ئەکردم.  ئەرێ وەڵا حەیرانت بووبوون. جا ھۆی ئەو جوانیەی کە بەگەنجی ھەمانە،  جەستەھۆشیە ئەویش ئەوەی خراپە، ئەگەر ئاگات لێی نەبێت، زوو لەدەستی دەدەیت. بەھۆی شپرزەیی بەردەوام و خواردنی خراپ و دانیشتنی زۆری بەر تەلەفزیۆن و منداڵ بوون و بەدبەختی و خەفەتەوە لەناو دەچێت. ئەڵبەتە پیر بوون و فەوت کردن سونەتی ژیانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ھەوڵ بدەین، تا بتوانین بە گەنجی و جوانی بمێنینەوە. ئەویش بە وەرزش و راھێنانی بەردەوام دەبێت. دەبێ بەردەوام ئاگامان لە خۆمان بێت ئەگینا وەختێ دەزانین، وەکو مریشکی پەلەوەرگە ھەڵکفاوین و نۆرەی سەربڕینمان ھاتووە. بەو خوایە راست ئەکەیت. لە سبەینێ زووتر نیە ئەچم لە گرانترین فیتنس خۆم ناونووس ئەکەم. ئاھا ئەوەتا یەکسەر دەچیت بۆ یانەی وەرزشی و ئەرکەکەی سەر شانی خۆت دەسپێری بە دەزگایەک. تۆ دەبێ خۆت لە خۆت بپرسیت “ئایا من ئەمرۆ چەندە کاتم داناوە بۆ جەستەی خۆم و بیرم لە خۆم کردۆتەوە؟” کەوەڵامی ئەو پرسیارەت بە ئەرێنی دایەوە، ئەوکات دەکەویتە سەر خەت و تۆزە تۆزە ھەموو سیستەمی ژیانت سەرلەبەر دەگۆرێت. ئەرێ ئەم قسانە چیە؟ وتتان ئیشی باخ باشە، ئەوەتا باخم کڕی. ئەلێی ئاگات لە جەستەی خۆت بێت، ئەوەتا ئامادەم بچم بۆ فیتنێس.. ئیتر چی بکەم تۆش.   گوێ بگرە نازە من سبەینێ فێری راھێنانێکت دەکەم و تۆ بەلێن بدە ھەموو رۆژێ بیانیان و ئێواران تەنھا دە خولەک بیکەیت. ئەوجا بزانین چی روو دەدات. جا قابیلە چی روو ئەیات. ئێباشە تۆ ئەم ڕاھێنانە تاقی بکەرەوە. ئادەی بزانم چیە؟
گوێ بگرە نازە: ھەوڵ بدە دە خولەک تەنھا بیر لە جەستەی خۆت بکەیتەوە و ھیچی تر. تەنھا جەستەی خۆت لە نینۆکی  پێتەوە تا دەگاتە تەوقەسەرت. بەبێ ئەوەی مێشکت بچێت بەولا و ئەولادا. یەعنی لەشی خۆم؟ بەڵێ ھەر جەستەی خۆت و ئەندێشەی تەزوویەک بکە، کە بە ھەموو جەستەی تۆدا دەگەرێت. ھەروەھا وێنای ھەموو بەشێکی جەستەی خۆت بکە بەبێ ترس. وێنا؟ یەعنی تەێەوری لەشی خۆم؟ بەڵێ ھەموو لەشی خۆت. پەنجەکانی پێت، ژێر پێت، پووزەکانت، ڕانەکانت، ناوگەڵت، سمتت، مەمکەکانت. ھەمووی ھەمووی. ششش وسبە بێ تەربیەت. ئێ دەبلێم چی چەتیو؟ ژنی کورد ئەمەندە ترسێندراوە تەنانەت ناوێرێت لە خەیاڵی خۆشیدا بیر لە جەستەی خۆی بکاتەوە. باشە باشە بیبڕێنەرەوە با قسەی سەقەتتر نەکەیت. ئێستە خۆ لە راھێنانەکە تێگەیشتی خۆت ھەوڵ بدە بیکەیت. ئەگەر سەری نەگرت ئەوجا خۆم پێت دەکەم، بەڵام دەبێ شەرم نەکەیت. بەخوا ھەمووی ھەر قسەیە.. ئەوەتا لەسەر قسەی تۆ لە پارەوە لە سەرخۆ نان ئەخۆم، بەخوا ھەر خاوەخاومە لەسەر سفرە، کەچی ھیچ فەرقم نەکرد. ئاخر رۆڵە تۆ چیت کردووە، تۆ ھەر ملچە مڵچەکەت ھێواش کردۆتەوە و ھیچی تر. بەڵام من گوتم دەبێ شێوازی خوارن سەرلەبەر بگۆڕیت. نموونە. نموونە بھێنەرەوە ئەفەنی. ئێ باشە گوێ بگرە نازە. ئێمە بە درێژایی رۆژ ئەڵبەتە شەویش تا خەو دەمانباتەوە، بەردەوام بیر دەکەینەوە و ناتوانین ئەو جەنجاڵەی مێشکمان بوەستێنین، تەنانەت لە کاتی نانخواردنیشدا ھەر بیر دەکەینەوە لە شتی سەقەت. راستە تۆ ھەر وەکو خۆت دەلێیت خاوەخاو دەکەیت، بەڵام ھۆشت لە جێیەکی ترە. کوڕە وتم نموونە بھێنەرەوە. جا تۆش بەردەوام، بۆ نموونە کە نان دەخۆیت، شارە زەردەواڵەکەی مێشکت ئاوا دەکات: مڵچ مڵچ مڵچ.. بەراست سوعاد خان دووجار تەلەفۆنی کرد، عەیبە دەبێ تەلەفۆنێکی بۆ بکەم.. مڵچ مڵچ.. وەڵا خۆ ھەواڵێکی شیرینیش بپرسم، بزانم نەھاتۆتەوە، مڵچ مڵچ. خۆزگە منیش بمتوانیایە سەرێکی کوردستانم بدایەتەوە. مڵچ مڵچ، کوردستان ..مڵچ. ئەو سەگبابانە چۆن وێرانیان کرد.. مڵچ مڵچ ..ئەک رەبیی.. مڵچ مڵچ.. چۆن ئەو ھەموو کوڕە جوانە بەکوشت ئەیەن.. مڵچ مڵچ.. سەرمامە.. مڵچ مڵچ.. ئەرێ عارف ئەو درگایە داخە رەق بووینەوە ..مڵچ مڵچ.. جگەرەی تۆ نەبڕایەوە. مڵچ مڵچ .. بەخوا وابزانم زۆرم خوارد.. مڵچ مڵچ.. کورە دەچی بکەم مڵچ مڵچ، ھەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە. مڵچ مڵچ... ئیدی بەم شێوەیە دبینیت بەشی دوو نەفەرت خواردووە و ھەر بە خۆشت نەزانیوە. ئەیەڕۆ.. وەڵا باشت زانی. ئەڵێی لە ژڵمای.  
جا منیش دەمەوێت تۆ رۆژی تەنھا دە خولەک مێشکت راگریت و تەنھا بیر لە ئێستای جەستەی خۆت بکەیتەوە، نە رابردوو نە داھاتوو.باشە.

کاوە یار

08/13/2017 18:08:30 | 1360 | Print Friendly and PDF