بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

کێ بەرپرسیارە لە جینۆسایدی ھەڵەبجە ؟

ئومێد ناسح جیهانی
ئومێد ناسح جیهانی


کێ بەرپرسیارە لە جینۆسایدی ھەڵەبجە ؟
ڕۆژی ١٦/٣/١٩٨٨ یەکێکی دیکەیە لە ڕۆژە کارەساتبارییەکانی کورد ، و ڕۆژێکی شوومیشە لە مێژووی حیزب و حکومەتی بەعس و ئێران و چوار پارتی کوردی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، سۆسیالیتی کوردستان ، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ) ، و چەند پارتێکی دیکەی عێراقی ، کە لەم جینۆسایدە دا ( ٥٠٠٠) ھەزار کەس بوونە قوربانی سەرەڕای کاریگەرییە خراپەکانی تەندروستی و ژینگەی و ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ، چەند ڕۆژێک پێش شانزەی سێ ، چوار پارتی کوردی لەگەڵ ئێران ڕێکەوتن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ھەڵەبجە دیارە لەم کاتەدا ئێران لە جەنگێکی ھەشت ساڵەدا بوو لەگەڵ عێراق ، و حکومەتی بەعسیش لە مانگی شوباتی( ١٩٨٨ )ەوە دەستی کردبوو بە پیادەکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال دژی گەلی کورد ، کە( ١٨٢ ) ھەزارکەس ئەنفالکران .
دیارە ئێران چەند مەبەستێکی ھەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی ھەڵەبجەدا : لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی دەریاچەی دەربەندیخان تا لە و ڕێگەیەوە فشار بخاتە سەر بەغدادی پایتەخت . ھەروەھا بە ھاوکاری ھێزە کوردییەکان بەرەیەکی دیکەی جەنگ لەگەڵ عێراق دا بکاتەوە تا فشاری زیاتر بخاتە سەر سوپاکەی عێراق . ئەمە جگە لە ھاوسنوری ھەڵەبجە لەگەڵ ئێران دا .
ھێزە کوردییەکانیش دەیانوویست بۆ سووککردنی فشاری سوپای بەعس لە ئەنفال دا بەرەیەکی شەڕ لەگەڵ حکومەتەکەی سەدام دا بکەنەوە و ناوچەیەکی ئازادکراو ھەبێت بۆ چالاکییەکانیان ، بەڵام ئێران کە ھەڵەبجەی داگیرکرد لەو ماوە کەمەدا ، بە پێی بیرەوەی شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە ڕێگەی ھەموو چالاکییەکی لە ھێزە کوردییەکان گرتووە .
ھەمیشە باس لە دڕندەیی سوپاکەی بەعس و گەورەیی قەبارەی کارەساتەکە دەکرێت ، کە ئەمە ڕاستیەکی بەڵگە ھەڵنەگرە ، بەڵام باس لە ھۆکارەکانی ڕووداوە کە ناکرێت ، بۆچی قەبارەی جینۆسایدەکە ئەوەندە گەورە بوو ؟ بۆچی ڕوویدا ؟ بەرپرسیاری ھێزە کوردییەکان چیە لە کارەساتەکەدا ؟ ئایا ئێران ھەڵەبجەی داگیرنەکردایە قەبارەکەی کارەساتەکە بچوکتر دەبوو ؟ ھێزە کوردییەکان ھاوپەیمانی ئێران نەبووونایە کارەساتەکە ڕووی دەدا ؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری جەوھەری دیکە .
ئێمە سەبارەت بە داگیرکردنی ھەڵەبجە لەلایەن ئێران و جینۆسایدی ھەڵەبجە و بەرپرسیاریەتی ھێزە کوردییەکان و دڕندەیی بەعس ، لە دوو ڕووەوە لێکدەدەینەوە :
یەکەم : کوردستان بەشێکە لە عێراق ، واتا بە پێی دەستورەکان و یاساکانی عێراقی ، و یاسا نێودەوڵەتیەکان ، و بەپێی ڕێکەوتنامەی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ ، بەپێ یەکلایکردنەوەی کێشەی موسڵ لەلایەن کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٥ ، بەپێ ڕێکەوتنامەی ساڵی ١٩٢٦ نێوان عێراق - تورکیا ، و بەپێ ھەموو ڕێکەوتننامە سنوریەکانی نێوان ( عێراق - ئێران ، عێراق - سوریا ، عێراق- تورکیا ) کوردستان بەشێکە لە عێراق . لەبەر ئەوە داگیرکردنی ھەڵبجە لە لایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و ڕێکەوتن و یارمەتی ھێزە کوردیەکانیش بۆ ئێران خیانەتکاریە و کارئاسانیە بۆ بڵاوکردنەوەی ھەژمونی شیعەی ئێرانی لە عێراق ، ئەمە لە کاتێکدا عێراق لە جەنگێکی سەخت دایە لەگەڵ ئێران .لەبەرئەوە بەعس توندترین ڕێگە دەگرێتەبەر دژی خیانەتکاران ، لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین گریمان بەپێی واقیع گەر کوردستان بەشێکە لە عێراق ئەوە جیاوازی نەتەوایەتی و پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و جینۆساید و ئتنۆساید و داگیرکاری و وێرانکاری کوردستان لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لەبەرچی ؟
دووەم : کوردستان بەشێک نیە لە عێراق ، کە ئەمە ڕاستیەکەیە . کوردستان ووڵاتێکی سەربەخۆیە و کورد خاوەنی کوردستانە و کۆنترین مێژووی ھەیە ، بەڵام بە تێپەڕبوونی ڕۆژگاری و لەسەر دەستی ئیمپریالیزم داگیرکراوە و دابەش و پارچە پارچە و وێرانکراوە و لە لایەن عەرەب و تورک و فارسیشەوە درێژە بەو پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکارییە دراوە . ڕێکەوتنامەی لۆزان لەساڵی ١٩٢٣ دابەشکاری و دوژمنکاری ئیمپریالیزم بوو دژی کوردستان ، لکاندنی وویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە لەساڵی ١٩٢٥ لە ژێر فشاری بەریتانیادا نادادپەروەری ئەو کۆمەڵەیە و ووڵاتە زلھێز و براوەکانی جەنگی یەکەمی جیھان بوو دژی کورد و کوردستان ، ھەروەھا ھەموو ڕێکەوتنامە سنوریەکانی نێوان ( عێراق - ئێران ، عێراق - سوریا ، عێراق - تورکیا ) ھەوڵی دوژمنکاری ئەو ووڵاتانەیە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ، لەبەرئەوە لە ئەنجامی پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و جینۆساید و ئیتنۆسایدی حوکمەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بە تایبەتی لە سەردەمی بەعس و سەدام حوسێن دا کە زوڵم و ستەم و داگیرکاری و وێرانکاری و ئەنفال و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و بە بەعسکردن و کاولکاری دژی کورد و کوردستان گەیشتە لوتکە ، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی و ھێزە کوردییەکان ھەموو ڕێگاکان بە ڕوویاندا داخرابوو ،کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ووڵاتانی ئیسلامی و ناوچەی بەھۆی بەرژەوەندییان لەگەڵ بەعس چاوپۆشیان لە تاوانکاری و جینۆسایدی گەلی کورد دەکرد ، لەبەرئەوە بزوتنەوەی ڕزگاریخواز و پارتە کوردییەکان بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەتی سەدام و بەعس پەنایان بردۆتە بەر ئێران . لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستیە مێژووییە بدەین ئەنجامی پشت بەستنی و وابەستەی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە تورکیا و ئێران ھەمیشە کارەساتی لێکەوتۆتەوە ، چونکە ئەو دوو ووڵاتە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ھاوکاری کورد دەکەن لە کاتی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان یان کاتی بەدیھێنانی بەرژەوەندیەکانیان پشت لە کورد دەکەن و دەستەبەردەری دەبن ، ھەروەکو پشت بەستنی شۆڕشی ئەیلول بە ئێران ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ لێکەوتەوە کە بووە ھۆی ئاژبەتاڵ و ھەرەسی شۆڕش ، پشت بەستنی ھێزە کوردیەکان بە ئێران لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا کیمیا بارانکردنی ھەڵبجەی لێکەوتەوە ، ئەگەر چی سەدام دیکتاتۆر و خوێن ڕێژ بوو . بەڵام داگیرکردنی ھەڵەبجە لە لایەن ئێرانەوە ھۆکارێکی سەرەکی کیمیابارانەکە بوو . پشت بەستنی پارتی بە تورکیا ھەمیشە بۆ دژایەتی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەڕابەرایەتی پەکەکە لە باکوری کوردستان بووە و پارتی بەوەکالەتی تورکیا شەڕی پەکەکە و شەڕی براکوژی و ناوخۆی کردووە ، لەلایەکی دیکەوە ئێستاش وابەستە بوونی ھێزەکانی زۆنی سەوز بە ئێران لە داھاتوودا کارەساتی لێدەکەوێتەوە ، بەگشتیش ئەم بێگانە پەرستی و خیانەتکاری و دابەشبوون بەسەر ئێران و تورکیادا لە خەونی ڕزگاری و سەربەخۆی دوورمان دەخاتەوە ، دەکرێت بە شێوەیەکی دبلۆماسی سیاسەتێکی سەکەوتوو بکرێت نەک ئەم وابەستەی و دابەشبوونە ، بەڵام لەسەر حسابی بەرژەوەندی کوردی ڕۆژھەڵات و باکور و ڕۆژئاوا نەبێت .
لەبەرئەوە تەنیا ئەو کاتە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد سەرکەوتوو دەبێت کە تەنیا پشت بە ھێز و ئیرادەی گەل ببەستێ و کۆمەڵگا بە ڕێکخستن بکات و ھەوڵبدات بۆ نەھێشتنی جیاوازی چینایەتی و خاڵە لاوازەکانی مێژووی کورد ڕەخنە بکات خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگا لە ناوبەرێت و خاڵە بەھێزەکانیش بکاتە بنەمای کاری ڕێکخستن و خەبات و بەرخۆدان و سەرکردایەتی شۆڕشیش خزمەتکاری گەل بێت نەک مافیا و تاڵانچی و بێ ڕەوشت ، ئەو قەدەرەش تێکبشکێنرێت کە کورد ھەر داگیرکراو ژێر دەستە بێت .

ئومید ناسح جیھانی .

03/15/2017 16:52:44 | 1344 | Print Friendly and PDF