بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

KNK ئەو کۆنگرەیەی کەبەستنی مەحاڵەکە!!

ئارام هادی
ئارام هادی


ڕاپۆرتی شیکاری: ئارام ھادی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساڵی١٩٩٩ لەسەر پێشنیاری بەڕێز(عبداڵڵا ئۆجلان) و بەئەندامێتی بەڕێزان خوالێخۆشبو (مامۆستا ابراھیم ئەحمد, عیسمەت شەریف وانلی. زوبێرئایدار. د. نوری تاڵبانی. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ)لە وڵاتی بەلجیکا دامەزرا, مەبەست لەدامەزراندنەکەشی کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەسیاسیەکانی ھەر چوارپارچەی کوردستان بو لەبەرەیەکی دیموکراتی و یەکڕەنگی و یەک دەنگی کوردان لەسەر پرسە چارەنوس سازەکانی تایبەت بە نەتەوەی کورد, مەبەستی سەرەکی دروستبونی کۆنگرەکەش ھاوشێوەی پەڕلەمانی کوردان بو لەسەرئاستی باڵا کەتیایدا لایەنەسیاسیەکان دەردەشەی گرفتەکانی تێدابکەن و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ پێشھاتەکانی بەردەم پڕۆسەی نەتەوەیی و دیموکراتی کوردان بدۆزنەوە.
کۆنگرەکە تا ئێستا نزیکەی ١٧کۆنگرەی خۆی بەستوە و لەھاوینی ڕابردوشدا کۆنفڕانسێکی لەھەرسێ شاری (کەرکوک. ھەولێر. سلێمانی)باشوری کوردستان بەست بۆ پرسی چارەسەری قەیرانەکانی باشوری کوردستان, ئەمە لەکاتێکدا کۆنگرەکە ھەرچەند لەژێرناوی کۆنگرەی کوردیدایە بەڵام نوێنەری مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و تورکمان و ئەرمەنی و ئاشوری تێدایە, واتە بەجۆرێک کۆنگرەکە بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی بەرنامە و پلانی خۆی ھەیە بۆ سەرجەم پێکھاتە جیاوازەکان.
سەرباری ڕێگریەکانی بەردەم کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان, سەرئەنجام بەدەستپێشەخەری پەکەکە و بەھەوڵ و کۆششی ھەندێک حزبی کوردی و کەسانی سەربەخۆ ساڵی٢٠١٣لەھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان لیژنەکانی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەستی بەکارەکانیکرد, بەڵام بەداخەوە پێش تەواو بونی لیژنەی ئامادەکار سەرنج و ڕەخنە و تێبینیەکانی نێوان پەکەکە و پارتی ھەرەسی بە کۆنگرەکە ھێنا.
ھۆکارەکانی ھەرەسھێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی ساڵی٢٠١٣ی ھەولێر.
یەکەم/ دوای وەستان و کۆتایی ھاتنی کاری لیژنەکانی پێش کۆنگرە, ھەر زوو پارتی پەکەکەی بەوەتۆمەتبارکرد کە نیەتی سەربەخۆیی نیە و دەیەوێت ڕێگربێت لەگەیشتنی کورد بەمافی سەربەخۆیی کەتیایدا دەوڵەتی کوردی لەدایک بێت.
دووەم/ لەگەڵ ئەوەشدا پارتی تۆمەتێکیتری ئاڕاستەی پەکەکە کرد و وتی بیروبۆچونی پەکەکە لەگەڵ داخوازی کوردان نایەتەوە و دوورن لە زھنیەتی نەتەوەیی و کار بۆ پەرتەوازەکردنی یەکێتی نەتەوەیی و ئاشتی دەکەن, دەشیانەوێت زھنیەتی دابەشکاری و مامەڵەی کوردان بۆھەرپارچەیەکی کوردستان لەگەڵ ناوەندی بەھێزی داگیرکەران بێت کەمەبەست لێی (بغداد. ئەنقەرە. تاران. دیمەشق)ە.
سێ یەم/ سیستەمی ھاوسەرۆکی و تاک سەرۆکی گرفتێکیتری بەردەم پارتی بو کە پەکەکە پێشنیاری کردبوو کۆنگرەکە بەڕەچاوکردنی ھاوسەنگی ڕەگەزی بەھاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبچێت, بەڵام پارتی ئەم پێشنیارەی پەکەکەی ڕەتکردەوە.
لەبەرانبەریشدا پەکەکە بەتەنھا پارتی بە شکستپێھێنانی کۆنگرەکە دەناسێنێت و دەڵێن, ئێمە لەزۆربەی داخوازیەکانی خۆمان ھاتینەخوارەوە بەمەبەستی سەرکەوتنی کۆنگرەکە و پێشنیارەکانی خۆمان بۆسیستەمی ھاوسەرۆکی کشاندەوە و ڕازیش بوین بارزانی بکرێتە سەرۆکی کۆنگرەکە بەڵام بەداخەوە پارتی لەسەر داواکاری تورکەکان شکستیان بە کۆنگرەکە ھێنا، لەبەشێکیتری ڕەخنەکانی پەکەکە بۆپارتی ھاتوە کە باس لەوەدەکەن پارتی ڕازی نەبون بە ھاوسەرۆکایەتی  و تەنانەت جێگریی لەلایلازانا کەسەرباری ئەوەی نزیکایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ بارزانی ھەیە!!.
لەسەرو ئەمانەشەوە لایەنگران و دۆستانی پەکەکە دەڵێن ھەر زوو تورکیا بە پارتی و بارزانی وت واز لە کۆنگرەی نەتەوەیی بھێنن و لەبری سەرۆکێکی ڕەمزی وەرن بۆ تورکیا و پەیوەندی خۆتان لەگەڵ لایەنەعیراقیەکان بەتایبەت شیعە بچرَێنن و نەوت  و غازی سروشتیمان بدەنێ و لەسەر سینیەک دەوڵەتی کوردیتان دەدەینێ و ھەر بارزانیش دەبێتە سەرۆکی دەوڵەتەکە!!, تاکە ھۆکاری زەق بۆ تێکدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەبڕوای ئەم نوخبە نزیکەی پەکەکە داواکاریەکەی تورکیایە و بەس, لەگەڵ ئەمەشدا پەکەکە چەندین جار ڕایانگەیاندوە لەکاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئامادەن بەھەرنرخێک بێت دەوڵەتەکە بپارێزن لەمەترسیەکانی کە ڕوبەڕوی دەبێتەوە نەک ببن بە دوژمنی.
ڕای چاودێرانی سیاسی لەسەر کۆنگرەکە
گەر کەمێک لە حزبەکانیش دوورکەوینەوە بەڕای زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی و کەسانی سەربەخۆ و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوس و نوسەران بێت, دەڵێن تورکیا نەک لەھەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نیە, بەڵکو تەنھا چاوچنۆکە بەرامبەر بەو ژێرخانە ئابوریەی کەلەھەرێمی کوردستان ھەیە و لەبری دەوڵەتی کوردی شەڕی براکوژی لەسەر سینیەک بۆخستوینەتە بەردەممان!!, بۆیە نابێت پارتی و ھیچ لایەنێکیتر بچنە ژێرباری داواکانی تورکیا و لێی بێنە دەرەوە, چونکە تورکیا ھیچ کاتێک دۆستایەتی کوردی نەویستوە و نایەوێت, سەرباری ئەمەش لە ئێستادا لەئاستی نێودەوڵەتی تورکیا شکستی ھێناوە و دۆستەکانی دوێنێی ئەمڕۆ لێی بەگلەیین و لەئایندەشدا ئەگەرھەیە ببنە دوژمنی!!.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە دەستپێکی دروستبونی یەوە, بەردەوام ھەوڵی یەکڕیزی و یەک گوتاری دەدات, بەڵام تا ئێستا بەھۆی ناکۆکیە قوڵەکانی لایەنەکان و دژایەتی وڵاتانی ناوچەکە خەونەکەی نەھاتۆتەدی, سەرباری ناکۆکیەکان کۆنگرەکە ھەنگاوی باشی بڕیوە لەنزیککردنەوەی بۆچون و ئایدیا جیاوازەکان, گەر لە سەرەتاوە ناکۆکی فرەلایەن ھەبوبێت لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا ئەوا ئێستا, ناکۆکیەکە کورت بۆتەوە لەنێوان ھەردوو لایەنی (پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی کرێکارانی کوردستان), ھەرچی تایبەت بێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حزبێکی کاریگەر, ھەوڵی ئەو یەکگرتن و یەکگوتاریەی داوە, بەپێی لێدوانەکانی پەکەکە و نزیکەکانیشی بێت ئێستا, تۆپەکە لەساحەی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە و نەک یاری پێناکات بەڵکو بەبێ ئەنجام کۆتایی بە یاریەکە ھێناوە و ڕێگرێکی سەرەکی یە لەبەردەم نەبەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNKدا.
پرسیارێکی جددی لێرەدا ئەوەیە, دەبێت ڕۆژێک لەڕۆژان کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەئامادەبونی لایەنەناکۆکەکان ببەسترێت, کە ئەمە دەبێتە سەرەتای یەکێتی یەکی نەتەوەیی و لەئاستی ناوچەکە و جیھانیش پێگەی کورد بەھێزتر و تۆکمەتردەکات؟.
سەرچاوەکان
یەکەم/ ئەرشیفی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
دووەم/ لێدوانی بەرپرسانی پارتی لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەییەوە
سێ یەم/ لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە لەو بارەیەوە
چوارەم/ ڕای شارەزایان و چاودێرانی سیاسی


03/13/2017 19:18:13 | 1382 | Print Friendly and PDF