بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

داھاتووی دیموکراسی تەوافوقی لە عێراق

بەلێن عزەت مەیکە
بەلێن عزەت مەیکە


مێژووی سەرھەڵدانی دیموکراسی تەوافوقی: ھەندێک پێیان وایە دیموکراسی تەوافوقی لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی فرەییدا سەری ھەڵداوە، کە ‌سیمای ئەو دەوڵەتانە بریتیە لە دابەشبونی سیاسی کۆمەڵایەتی، ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەوا پەیوەندیەکی توند و تۆڵ ھەیە لەنێوان دیموکراسی تەوافوقی و جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەمەش تەنھا لە دەوڵەتێکی دیاریکراودا نەبووە، ئەم جیاوازی و فرەییە بوەتە ھۆکاریک بۆ ئەوەی نەتوانرێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوی بەھێز دابمەزرێت، کە بە سیستەمی دیموکراسی تەنافوسی دەسەڵات دەساودەست بکرێت. ئاراستەیەکی تریش پێی وایە سەرەتای دەرکەوتنی دیموکراسی تەوافوقی بەتایبەتی لە وڵاتانی ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە دەوڵەتی عوسمانی کاری لەسەردەکرد و سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری ھەندێک لە گرۆ ئاینەکانی پاراستبوو. ئاراستەی سێیەم پێی وایە دیموکراسی تەوافوقی لە دەرەنجامی شکستی دیموکراسی تەنافوسی لەھەندێ شوێن سەریھەڵداوە، گەشەکردنی دیموکراسی تەوافوقی ئەنجامی ئەو گرفت و کێشانە بوو کە توشی دیموکراسی بوو لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بەڵگەشیان بۆ ئەم بۆچونە ئەوەیە کە ھەندێک لەو حکومەت و سەرکردانە کە بە دیموکراسی گەشتبونە دەسەڵات گٶڕدران بۆ دکتاتۆری گەورەو دەسیان کرد بە چەوساندنەوە و لەناوبردنی کەمایاتیەکان.
ئەوەی گرنگە بریتیە لەوەی کە دیموکراسی تەوافوقی بە بەراورد بە دیموکراسی تەنافوسی دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە و مێژوویەکی زۆر کۆنی نیە چونکە بەپێی ھەرسێ بۆچونەکەی کە ئاماژەی پێ دراوە لە چەند سەد ساڵێک تێ ناپەڕیت و ئەمەش بە بەراورد بە دیموکراسی تەنافوسی کە مێژوویەکی ھەزاران ساڵەی ھەیە نوێیە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەلێک ڕەخنەی زۆر ئاراستەی دیموکراسی کراوە ھەر لەسەردامی یۆنان و ئەسپارتە و ئەزمونەکانی تریش بەڵام دوای سەردەمێکی مێژوویی دوور و درێژ ئینجا دیموکراسی تەوافوقی توانی ببێتە جێگرەوەی مۆدێلە باوەکەی دیموکراسی و ھێشتاش بە بەراورد بە دیموکراسی تەنافوسی نەیتوانیوە بە تەواوەتی خۆی بچەسپێنێت ئەمەش چەند ھۆکارێکی لە پشتەوەیە و گرنگترینیان نەگونجەنیەتی لەگەڵ ھەموو کۆمەڵگاکاندا و دیموکراسی تەوافوقی لەبەر ئەوەی وەک وەڵامدەرەوە و چارەسەریکە بۆ گرفت و کێشەکان ئەکریت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر شێوە وجۆری جیاواز لەبەرجەستەکردنیدا بەدی بکرێت، چونکە کێشە و گرفتی کۆمەڵگەکان بە پێی جیاوازی پێکھاتەیی و قۆناخی مێژووییان گۆڕانکاریان بەسەردا ھاتووە بۆیە ئەکرێت لە ھەندێ وڵاتدا ئەم ئەزمونە زووتر چەسپیبێت و بوبێتە مایای ئاشتەوایی بە پێچەوانەشەوە لە ھەندێ وڵاتی تر ھێشتا ڕەگ و ڕیشەی دانەکوتیبێت و لە ھەندێکیشدا ئەزمونەکە شکستی ھێنابێ. بە شێوەیەکی گشتی ئەکرێت لە چەند خاڵێکدا سەرەتای سەرھەڵدانی دیموکراسی تەوافوقی بخرێتە ڕوو:
یەکەم/ بونیی کەموو کورتی لە دیموکراسیدا و ڕوبەڕوبونەوەی چەندین ڕەخنە ھەر لە  ئەرستۆوە تا ئێستەش کە بووەتە ھۆی ئەوەی بیر بکرێتەوە لە جێگرەوە بۆ دیموکراسی تەنافوسی.
دووەم/ شێوەیەکی سەرەتایی دیموکراسی تەوافوقی لە سەردەمی حوکمی عوسمانیدا دەردەکەوێت بەوەی کە چەندین دین و نەتەوەی جیاواز بەیەکەوە و لە چوارچێوەی یەک سیستەمدا ژیاون و کاری سیاسی ھاوبەشیان کردووە.
سێیەم/ دروستبونی دەوڵەت بە فۆرمی ئێستەی و دەرکەوتنی دەوڵەتی فرەیی و بونی چەندین نەتەوە و ڕەگەزی جیاواز لە سنوری یەک دەوڵەتدا و بەتایبەتیش لە ئەوروپا بوەتە ھۆکاریک بۆ زیاتر گەشەکردنی ئەم مۆدێلە لە دیموکراسی و دەرکەوتنی وەک وەڵامدەرەوەیەک بۆ کێشەی فرەیی.
جوارەم/ لە سەرەتای سەدەی بیستدا چەندین حکومەت و سەرکردە بە شێوازی دیموکراسی لە ئەوروپا گەشتنە دەسەڵات کە دواتر دەسیانکرد بە چەوساندنەوە و لەناوبردنی کەمە نەتەوە و پێکھاتەکانی ژێر دەستیان، ئەمەش رێخۆشکەربوو بۆ ھاتنە پیشەوەی مۆدێلێکی نوێ لە دیموکراسی.
لەبەر ڕۆشنایی ھەموو ئەم بۆچونانەدا پێویستە ئەوە بوترێت کە دیموکراسی تەوافوقی بەم مۆدێل و فۆرمەی کە لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت تا ڕادەیەک جیاوازە لەو ئەزموونە مێژووییەی کە لە ڕابردودا و بە چەند شێوازێکی جیاواز کاری پێکراوە، بەڵام خاڵی ھاوبەشی زۆر ھەیە لەنێوان ئەم ئەزمونەی ئێستە و ئەزمونی وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەتی ئەزمونەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم.
ناسین و تێگەشتن لێی: لەبەر ئەوەی دیموکراسی تەوافوقی دیاردەیەکی نوێیە و مێژوویەکی کۆنی نیە و بە بەراورد بە بابەتە سیاسیەکانی تر زانایان کەمتر قسەیان لەسەری کردووە، وە جیاوازی بەرجەستەکردنی ئەم شێوازە لە سیستمی حوکمکردن لەشوێن و زەمەنێکەوە بۆ شوێن و زەمەنێکی دیکە بوەتە ھۆکارێک کە زانایان نەگەنە پێناسەیەکی دیاریکراوی تایبەت بە دیموکراسی تەوافوقی، بەڵام گرنگترین بناخەی فکری بۆ دیموکراسی تەوافوقی دەگەرێتەوە بۆ نوسین و ڕەخنەکانی جۆن ستیوارت مێل فەیلەسوفی بەریتانی، جۆن ستیوارت میل (١٨٠٦-١٨٧٣) پێی وابوو کە دیموکراسی نزیکە لە مەحاڵەوە لە کۆمەڵگە پەرتبووەکاندا (ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەسەر چەندین ھێڵی ئاینی و مەزھەبی و ئیپنی و نەتەوەیدا دابەشبوون). بۆیە دەبێت بیر لە چارەسەرێکی تر بکرێتەوە. لایپارت ساڵی ١٩٧٧ کتێبێکی نووسی بەناوی '"دیموکراسی لە کۆمەڵگە فرەییەکاندا" کە تێیدا سیستەمی سیاسی ٩ وڵاتی شیکردبووەوە. گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی پەرتبوودا ھەم دیموکراسی و ھەم سەقامگیری ھەبێت، تاکە چارەسەری ڕاستەقینە تەنھا پەیرەوکردنی 'دیموکراسی تەوافوقی'یە. سیمای ھەرە دیاری دیموکراسی تەوافوقی بریتی یە لەوەی کە ھەموو گرووپە ئاینی و مەزھەبی و ئینپنی و نەتەوەییەکان نوێنەریان لە حکومەتێکی بنکەفراواندا ھەبێت و لە بوارە کلتورییەکانی پەیوەست بە زمان و دینیش، ھەر گرووپێک دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆیی ھەبێت و بتوانێت مومارەسەی دین و زمانی خۆی بکات بە ئازادی.
یەکێکی تر لە پێناسە باوەکان ئەوەیە کە دیموکراسی تەوافوقی ئەو دۆخەیە کە دانیشتوانی دەوڵەتێک پێکھاتون لە کەمایەتی ڕەگەزی و نەتەوەیی و دینی و زمانی کە بەیەکەوە نەگونجاون ھیچکام لەوانیش توانای بەدەستھێنانی زۆرینەی نیە، وە کۆمەڵێ ڕابەر و سەرکردە دەردەکەون کە کاریگەریان ھەیە لەسەر شوێن کەوتوانیان، بەم شێوەیەش کارکردنی پەرلەمان و دەزگا فەرمییەکانیتر دوردەکەوێتەوە لە بنەمای زۆرینە و پشت دەبەستێ بە نوێنەرایەتی رێژەیی و بەشداریکردنی ھەموو کامایەتی و پێکھاتەکان. بەڵام نزیکترین پێناسە لە ڕاستی بابەتەکەوە ئەوەیە کە "دیموکراسی تەوافوقی ئەماژەیە بەسیستەمێکی سیاسی کە ھەوڵدەدات لە پێناو دابینکردنی ئارامیی لەو کۆمەڵگەیانەدا کە بەھۆی فرەییەوە ئارامی کەوتۆتە مەترسیەوە،ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە لە نێوان ئاراستەیەک کە ھەوڵی یەکپارچەیی دەوڵەت دەدات و ئاراستەیەکیش کە ھەوڵی جیاکاری و پارچە پارچەیی دەوڵەت دەدات لە ناو کۆمەڵگە فرەییەکاندا، ئەم وەرچەرخانەش لەڕێگەی تسوییات و یەکسانی و بەڕێوەبردنی ململانێی ئاشتی دەبێت لەچوارچێوەی دیموکراسیدا.
دەتوانین لە کۆی ھەموو ئەم پیناسە و تێگەشتنە جیاوازانە لەسەر دیموکراسی تەوافوقی ئەوە وەدەس بخەین کە دیموکراسی تەوافوقی سیستەمێکی سیاسییە کە تایبەتە بە کۆمەڵگە فرە ڕەنگەکان و کاردەکات لەپێناو بەشداری پێ کردنی سەرجەم پێکھاتەکانی ناو کۆمەڵگە بەبێ گوێدانە زۆرینە و کەمینە، بەم شێوەیەش پێکھاتە جیاوازەکان دەتوانن کاری پێکەوەیی سیاسی وەڕێ بخەن و خۆیان بپارێزن لە پەراوێزخستن و لەناوچون، لەم ڕوانگەیەشەوە دەتوانین بە پشتبەستن بە پێناسەکان چەند ڕەگەزێک دیاریبکەین بۆ دیموکراسی تەوافوقی لەوانەش: دیموکراسی تەوافوقی وەڵام دەرەوە و چارەسەرە بۆ کێشەی پێکەوە نەگونجان و ململانێیی پێکھاتە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان ، دیموکراسی تەوافوقی ھەوڵدەدات بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ململانێ و ھێنانە ئاراوەی مۆدێلێکی حوکمکردن کە ھەمووان بە جیاوازی کلتوری و نەتەوەیی و دینیەوە بەشداربن لە دەسەڵاتدا و ھاوکار و ھەماھەنگی یەکدی بکەن ، خۆبەرێوەبەری و دەسەڵاتی خۆبەخۆی پێکھاتەکان لەچوارچێوەی سنورێکی سیاسیدا دەبێتە زامنی پاراستنی تایبەتمەندیی پێکھاتەکان..  ئەمانەو چەند ڕەگەزێکی دیکە دەبنە پێکھێنەری دیموکراسی تەوافوقی لەو وڵاتانەدا کە کار بەم سیستەمە دەکەن و بەرجەستەی دەکەن.

بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی و بەرجەستەکردنیان لە عێراق: بۆ بەرجەستەکردنی دیموکراسی تەوافوقی وەک سیستەمێکی سیاسی لە کۆمەڵگا فراییەکاندا پێویستە ئەو بنەمایانە دابمەزرێن کە دەبنە بناخە و بنەرەتێک بۆ بەردەوامی و بەھێزبونی دیموکراسی تەوافوقی، ھەرچەندە کۆمەلێ بۆچونی زۆر ھەیە لەسەر بنەماکانی و ھەندێ لە بیرمەندان پێیان وایە کە بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی دژی واتا ڕاستەقینەکەی دیموکراسین، لە بەرامبەر ئەمەشدا ئەو بیرمەندانەی کە بەرگری لەم سیستەمە دەکەن سورن لەسەر پشتگیریکردن لە مۆدێلی دیموکراسی تەوافوقی و کۆمەڵی بنەمایەن دیاریکردووە وەک بنەڕەتی بەرجەستەکردنی دیموکراسی تەوافوقی، ئارنت لیبھارت لە کتێبەکەیدا بە ناوی "دیموکراسی تەوافوقی لە کۆمەڵگە فرەییەکاندا" چوار بنەمای سەرەکی  دەستنیشانکردووە بەم شێوەی: ھاوپەیمانییەتی فراوان ، مافی ڤیتۆ بۆ پێکھاتەکان ، ڕێژەیی لە بەشداری و سەربەخۆیی ھەرێمیھەروەھا دکتۆر سەردار قادر لە کتێبەکەیدا بە ناوی "دیموکراسی تەوافوقی لە دەوڵەتە تازە گەشەسەندوەکاندا" بەم شێوەیە بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی دیاریکردووە: دەسەجەمعی لە حوکم ، نوێنەرایەتی رێژەیی ، مافی ڕەتکردنەوە و خۆبەرێوەبەری، بەڵام نوسەر عسام شیحە بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریدەکات:
یەکەم/ حکومەت لە ھاوپەیمانیەتێکی فراوان پێکدێت،کە پارتە بچوکەکانیش لەخۆ دەگرێت شانبەشانی ئەو پارتەی کە زۆرینەی بەدەست ھێناوە.
دووەم/ نوێنەرایەتی ڕێژەیی جیاواز بۆ پارتە بەشدارەکانی ناو ھاوپەیمانیەتیەکە بە پێدانی پلە وەزاریەکان و پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت.
سێیەم/ مافی ڤیتۆ بۆ زۆرینە و کەمینەکان بە ئامانجی ڕێگرتن لە دەسبەسەراگرتنی دەسەڵات لەلایەن زۆرینەوە.
چوارەم/ خۆبەرێوەبەرێتی پێکھاتەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی خۆیان.
 بەم شێوەیە دەتوانین چوار بنەمای سەرەکی بۆ دیموکراسی تەوافوقی دیاریکەین: ھاوپەیمانێتی فراوان ، مافی ڕەتکردنەوە بۆ پێکھاتەکان ، بەشداریکردن لەدەسەڵات بە پێی ڕێژەی دەنگدانەکان ، خۆبەڕێوەبەری بۆ پێکھاتەکان. بەڵام کاتێک کە دیراسەی ئەزمونی دیموکراسی تەوافوقی دەکەین لە عراق دەبینین کە لە بەرجەستەکردنی ئەم مۆدێلە لە سیستەمی سیاسی کۆمەڵێ کەموکورتی و ناچونیەکی ھاتۆتە ئاراوە بە شێوەیەک کە ھەریەکێک لە بنەما سەرەکیەکان کۆمەڵێ کەموکەرتی و لادانی تێدایە بەم شێوەیەی خوارەوە:
ھاوپەیمانێتی فراوان/ لە عراقدا و لەدوای پرۆسەی ئازادی و بنیادنانەوەی عراقی نوێ کارکرا بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانیەتیەکی فراوان و گشتگیر کە تێیدا سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان بەشداربن و کاری ھاوبەش وەڕێخەن لە چوارچێوەی ئەو ھاوۆەیمانیەتیەدا، ئەمە تاڕادەیەک لەسەرەتادا توانی ببێتە ھۆکارێک بۆ پێکەوە گونجانی پێکھاتەکان و ھاوھەڵوێستبونی لایەنەکان لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسیی دەوڵەت، بەڵام بە تێپەڕبونی کات و ڕودانی چەندین گۆڕانکاری ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی سات بە سات لایەنەکان لەیەک دوردەکەونەوە و کاریی ھاوبەشی پێکەوەیی ڕو لە کزبون دەکات، بەشیوەیەک کە لە ئێستەدا ئەم ھاوپەیمانیەتیە فراوانە تەنھا لە دوایی ھەڵبژاردنەکانەوە دەبینرێت و لە دوای پێکھێنانی حکومەتەکان شتێک نامێنێت بە ناوی ھاوپەیمانی و سەرجەم لایەنەکان کاری خۆبەخۆ دەکەن لەپێناو پاراستنی بەرژەندیەکانیان، لەم دۆخەشدا ئەوەی سودمەند دەبێت پێکھاتەی شیعەیە چونکە بەردەوام زۆرینەیی پەرلامانی بەدەست دێنێت و گرنگترین پۆستەکانی دەوڵەتیش لەژێر دەستی ئەودا دەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لە ئێستادا بونی ھاوپەیمانێتی فراوانی نێوان پێکھاتەکان تەنھا لەپێناو پێکھێنانی کابینە حکومیەکاندایە و ھەوڵێکە بۆ بەدەست ھێنانی پلە و پۆست بۆ نوخبەی سیاسی پێکھاتە جیاوازەکان.
مافی ڕەتکردنەوە بۆ پێکھاتەکان/ فەلسەفەی بەکار‌ھێنانی ڤیتۆ لە دیموکراسی تەوافوقیدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ھەر بڕیارێک دەردەچێت و لە دژی یەکێکە لە پێکھاتەکان ئەو پێکھاتەیە مافی ئەوەی ھەبێت کە بەرگری لە خۆی بکات و ئەو بڕیارە ڕەت بکاتەوە و ڕێگربێ لە دەرکدرنی بڕیارێک کە دەبێتە ھۆکار بۆ زەرەر گەیاندن بەو پێکھاتەیە، بەپێی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ی عراق مافی ڤیتۆ بەخشراوە بە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کۆمار کە پێویستە ھەر یاسا و بڕیارێک کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەچێت بچێتە بەردەم ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کۆمار و موسادەقەی لەسەر بکرێت، بەڵام کۆمەڵێک ڕەخنە لە بنەمای مافی ڤیتۆ گیراوە لە ئەزمونی عراقدا کە گرنگترینیان بریتیە لەمانە: کۆتکردنی مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کۆماردا کە مەحکومە بە ماوەی کاتیی دیاریکراو چونکە کارەکانی ئەم ئەنجومەنە کۆتایی پێ دێت لەگەڵ کۆتایی ھاتنی خولی نوێنەرایەتی بەمەش تا کاتی ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی کە مافی ڤیتۆیان ھەیە ئەم ڕوکنەی دیموکراسی تەوافوقی لە عراق لەکار دەکەوێت ، ھەروەھا ئەنجومەنی سەرۆکایەتی کۆمار پێکھاتووە لە سێ پێکھاتەی سەرەکی کە کورد و سوننە و شیعەن بەمەش پێکھاتە بچوکەکانی دیکە بێ بەشکراون لەم مافە.
بەشداریکردنی ڕێژەیی/ بریتیە لەو ئامرازەی کە لە ڕێگەیەوە پێکھاتەکان بەپێیی قەبارە و قورسایی خۆیان بەشداری دەکەن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بە پێیی ڕێژەیی دەنگەکانیان پۆستی سیاسی دەدرێت بە پێکھاتەکان ئەمەش جێگرەوەی ئەو مۆدێلەی دیموکراسیە کە زۆرینەکان سەرجەم پۆست و دەزگا سیاسیەکانی دەوڵەت دەگرنە دەست و کەمینکانیش دەبنە ئۆپۆزسیۆن، ئامانج لە بەشداریکردنی ڕێژەیی پێکھاتەکان ئەوەیە کە ھەر پێکھاتەیەک بەپێی قەبارەی خۆی بەشداربێت لە دەسەڵات و ئەمەش ببێتە زامنی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی پێکھاتەکان و پاراستنی کەمایەتیەکان. بەشداری ڕێژەیی لە عێراق پرسیاری زۆری لەسەرە و لە ئێستادا پێکھاتەی شیعە بە شێوەیەکی توند دەستیگرتووە بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتی ناوەنددا و پێکھاتەکانی تری وەک کورد و سوننە وەلا نراون، ئەمەش زیاتر ڕەنگی داوەتەوە لە کاتێکدا کە زۆرێک لە پۆستە سیادی و ھەستیارەکانی دەوڵەت بە وەکالەت لەلایەن سەرۆک وەزیران یان کەسانێکی نزیک لەوەوە بەڕێوە دەبرێن و ئەمەش بووەتە ھۆکاری زیادبونی ھەژمونی پێکھاتەی شیعە بەسەر دەزگا دەوڵەتیەکندا، لەلایەکی تریشەوە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە ھەوڵێکی زۆر ھەبووە بۆ لێ سەندنەوەی متمانە لەچەندین وەزیر کە زۆربەیان لە پێکھاتەکانی سوننە و کورد بوون و پرۆسەکەش زیاتر مەرامی سیاسی لە پشتەوەبوو زیاتر لەوەی کە ئامانج لێی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕاستەقینەبێت، بەم شێوەیەش شیعە بووەتە ھۆکار بۆ تێکدانی بەشداری ڕێژەیی و پەراوێز خستنی پێکھاتەکانی تر لە دەسەڵات.
 خۆبەڕێوەبەری پێکھاتەکان/ بەشێکی گرنگی دیموکراسی تەوافوقی بریتیە لە خۆبەڕێوەبەری پێکھاتەکان کە تێیدا ھەموو پێکھاتەکان لەو ناوچانەی کە زۆرینەن خۆیان دەبنە خاوەن دەسەڵاتی خۆیان و کار و باری سیاسی خۆیان وەڕێدەخەن، ئەمەش بە شێوەیەک دەبێت کە تایبەتمەندی شێوازەکانی خۆبەڕێوەبەرێتیەکە لەلایەن دەسەڵاتە ناوەندیەکانەوە و بە پێی دەستورێک کە لەلایەن گەلەوە پەسەند کرابێ سنوری دەسەڵاتەکانیان و سنوری جوگرافی و توانای سەربازی و سەرجەم وردەکاریەکانی تر دیاریکرابێ. لە عێراقدا مافی خۆبەرێوەبەرێتی تەنھا بە پێکھاتەی کورد دراوە و پێکھاتەکانی تری وەک سوننە و شیعە بێ بێبەش کراون لەو مافە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆبەڕێوەبەرێتی کورد کۆمەڵێ کٶشەی سیاسی و دەستوری و سەربازی تێدایە، چونکە تا ئێستا سنوری ھەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە و دەسەڵاتی سیاسی ھەرێم بەردەوام لەکێشەدایە لەگەڵ ناوەند لەسەر سنورت دەسەڵاتەکان و کێشەی ھێزە سەربازیەکان و یەکخستنی لەگەڵ ھێزەکانی ناوەند و پێدانی شایستە داراییەکانیان. ئەمانەش بونەتە ھۆکار بۆ لاوازی ئەم ڕەگەزەی دیموکراسی تەوافوقی لە عێراق.
بە سەرنج دان لە کۆی ئەم وردەکاریانە لە پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی تەوافوقی لە عێراق ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دیموکراسی تەوافوقی لە عێراق لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و ئەگەری شکست ھێنانی زیاترە لە سەورکەوتنی ئەگەر دەستێوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کاریگەریان لەسەر بەردەوامبوونی نەبێت.

                                                                                          بەڵێن عزەت میکە
_________________________________________________________
سەرچاوەکان:
شەماڵ ئەحمەد ئیبراھیم/ آشکالیات دیمقراگیە التوافوقیە فی عراق
ئارنت لیبھارت/ دیموکراسی تەوافوقی لە کۆمەڵگە فرەییەکاندا
سەردار قادر/ دیموکراسی تەوافوقی لە دەوڵەتە تازە گەشەسەندوەکاندا
عسام شیحە/دیموکراسی تەوافوقی تێگەشتن و گەشەکردن و گرفتەکانی جێبەجێکردنی

03/02/2017 16:52:48 | 1782 | Print Friendly and PDF