بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

١٨ ساڵ!

عەبدوڵا ئۆجەلان
عەبدوڵا ئۆجەلان


نەجیبە قەرەداغی
١٨ ساڵە شتێک نەماوە لەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نەگوترێت بەڵام زۆر شت ماوە کە دەبێ لە دژی ئەو پیلانگێڕیە بکرێت. پیلانگێڕی لە کەسی بەرێز ئۆجالان دا لەبەرامبەر گەلی کورد و ھەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز کرا. زیندانی ئیمرالی و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری شەرمەزاریەکە بۆ مرۆڤایەتی و ڕووڕەشیەکی سەدەی ٢٠ و مرۆڤایەتی بەو ڕووڕەشییە پێی نایە سەدەی ٢١مین.
ھەموو ساڵێک لەم رۆژە ڕەشەدا چەند پرسیارێک ھەیە کە گەلی کورد و ئازادیخوازان دەیکاتەوە و بە دوای وەڵامەکەی دا دەگەڕێن، داخۆ پیلانگێڕی بەردەوامە؟ پوچەڵکراوەتەوە؟ ئەگەر بەردەوامە چۆن بەرێوەدەچێت و ئاماژەکانی چیە؟. ئەوانەی بە دوای حەقیقەتەوەن و بۆ ئازادی تێدەکۆشن، بە دوای وەڵامەکانی ئەو پرسیارانەوەن و کار بۆ پێویستیەکانیشی دەکەن. ئەو پرسیارانە پرسیارگەلێکی کلاسیک نین کە بە رێبازی کلاسیک وەڵام بدرێنەوە.
ئەو پیلانگێڕیە بۆ دیزاین کردنەوەی رۆژھەڵاتی ناوین و درێژەدان بە پرس، قەیران و گێژاو بوو کە ھێزی نێونەتەوەیی حسابی خۆیانی تێدا یەکلابکەنەوە، مەگەر رۆژھەڵاتێکی ناوینی دیموکراتی و بێ کێشە چ جێیەکی بۆ ئەو ھێزە نێودەولەتیانە تیدا دەمێنێتەوە جگە لەوەی ناچار بکرێن رێز لە ئیرادەی گەلان بگرن؟.
بەرێز ئۆجالان ھەم لە بەرگرینامەکانی ئیمرالی دا کە ١٠ ھەزار لاپەڕەی دەنوسی تێپەڕاندووە و لە دوو توێی زیاتر لە ١٠ کتێب دا بڵاو بۆتەوە و زۆربەیان یان وەک خۆی یان وەک نامیلکە بۆ زیاتر لە ٢٠ زمانی جیھان وەرگێڕدراوە، بە فراوانی ھەموو تان  و پۆ، ڕەھەند و دەرھاویشتەکانی ئەو پیلانگێڕیە یەکاڵا دەکاتەوە. زۆر شت وتراوە بەڵام کەس وەک ئۆجالان بە وردی و قوڵی باسی پیلانگێڕی، ھۆکار و سەرچاوەکەی نەکردووە.
ئۆجالان خاوەن دونیابینی و پرۆژەی دیموکراتیزەکردن و کۆتایی ھێنان بە گەمەکانی سەر رۆژھەڵاتی ناوین، تێپەڕاندنی دۆگماتیزم و چەقبەستوویی و بونیادنانی مۆدێلێکی تایبەت بە پێکەوە ژیانی گەلانی ھەرێمەکە بووە و زەمینەی بۆ ژن کردەوە لە ناوەندی ئەو پرۆژەیەی دا کە پرۆژەیەکی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەلایەتیە و بە پارادایمەکەی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئازادی ژێندەری و ئەکۆلۆژیە جاڕی سەرەتای کۆتاھێنانی لاسەنگی ژێندەری ٥ ھەزار ساڵە ڕاگەیاند. بۆ ئەوەش ئۆجالان کرایە ئامانج و خوازرا بەر لە دایک بوونی ئەو دونیابینی و کردەیی کردنی ئەو پرۆژەیە، کۆتایی پێبھێنرێت.
ئەم دونیابینیەی ئۆجالان وەک مەترسی و ھەڕەشەیەکی گەورە بینرا، چونکە پەردەی لەسەر مێژووی نوسراو و ھێلکارەکانی ئەو مێژووە ھەڵماڵی. ئەو دەڵێ " ھەر کە پەردەم لەڕووی شارستانی دەسەڵاتداری دادەماڵی، ھێندەش ھەنگاوم بۆ ئازادی دەنا"، چ وتەیەک ھەیە بە ھێندەی ئەوە ڕاستی شەڕی حەقیقەت نیشان بدات لەبەرامبەر ئەو مێژوو نوسراوەی کە ژنی تێدا پەراوێزکراوە؟. بۆ ئەوەش ئۆجالان دەلێ" مێژووی کۆیلایەتی نەنوسراوە و مێژووی ئازادی چاوەرێی نوسینەوەیە" یە.
لە ڕوواڵەت دا پرسی کورد دەبینرێت بەڵام بۆ ئۆجالان بە پرسی کوردەوە و لەوەش واوەتر تێپەڕاندنی قەیران و گێژاوی کەڵەکەبووی مێژوو بووە کە گەورەترین کاریگەری لە گەلی کورد کردووە. ئۆجالان پێناسەی سەرچاوەی قەیران و گێژاوەکانی کرد و لەو پێناسەیەدا کۆتایی بە دووبارە بونەوەی مێژووی نوسراو ھێنا کە لە سەر پشتی گەلی کورد رۆژھەڵاتی ناوین خۆی دووبارە دەکردەوە، لە ئاین دا بیانوەکانی دواکەوتویی پێھەڵدەواسرا و لە ژن دا کۆڵەکەکانی کۆیلایەتی توندتر دەکرا. ئەو ھەموو پاساوەکانی پوچەڵکردەوە و بەڕەی لە ژێر پێی دەولەت و دەسەڵاتداری دەرھێنا. بۆیە دەلێ " سەرچاوەی قەیران و گێژاوەکان لە سەرەتای مێژوودا –واتە مێژووی نوسراو کە مێژووی دەسەڵاتداری و پلەداری- شاراوەیە " لەوێ دا کۆتایی بە گەمەی چاوەڕوانی بەردەوامی کۆمەڵگە لە دەوڵەت، ژن لە پیاو دێنێت.دەروازەیەکی فراوانی لەسەر تێکۆشانی ئازادی کردەوە و سەرلەنوێ پێناسەی چەمکی حەقیقەت دەکاتەوە. ئۆجالان دەلێ " حەقیقەت ئەشقە ، ئەشق ژیانی ئازادە". ئازادی کۆمەڵگەشی بە ئازادی ژنەوە بەستەوە. ئۆجالان لە ماوەی ١٨ ساڵ دا ھەموو دەمامکەکانی سیستەمی داماڵی و رێی تێکۆشانی ڕاستەقینە، ڕێبازەکانی نیشان دا و بزوتنەوەی کوردی لە سەد ساڵ خۆدووبارەکردنەوە دەرھێنا. ڕۆحێکی نوێی بە بەر مرۆڤی رۆژھەڵاتی ناوین دا کردەوە و ئەوەی پارێزنامەکانی ئۆجالانی نەخوێندبێتەوە درک بە ڕاستیەکانی ئەم دێڕانە ناکات کە  دوای ھەزاران ساڵ رۆژھەڵاتی ناوین چ ھەنگاوێک بۆ ڕێنسانس و رۆشنگەری خۆی دەنێت.
ئەگەر سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی و گۆشەگیرکردنی ئۆجالان تا ئێستا بەرێوەدەبرێت ئەوە ڕوویەکیان ڕادەستنەبوون، بەرخودانی و بەردەوامی قۆناغی بونیادنانە لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی. ڕوویەکی تریشی کێشمەکێشی پاشماوەی ئەو سیستەمەیە کە ھەر رۆژ دادەخورێ و نایەوێ ھەڵوەشێت، ئەردۆغان لوتکەی ئەو کۆنەپەرستیەیە کە دەیەوێ فۆرمی خێزان و پەیوەندیەکانیی و ، سیستەمی حوکمڕانی سەدەکانی ناوین بەرھەم بێنێتەوە. ئۆجالان لە نەورۆزی ٢٠١٤ دا دەلێ " ململانێی من و ئەردۆغان ململانێی دوو زھنیەتەتە".
ئۆجالان چیدیکە تەنیا ڕێبەرێکی کورد نیە، بەڵکو رێبەرێکی ڕۆژھەڵاتی ناوین و تەنانەت ئینتەرناسیۆناڵە، کاریگەریەکانی سنوری کوردستان و ھەرێمەکەی تێپەراندووە. وەک چۆن لە ئاستی نیونەتەوەیی دا ١٠ ملیۆن ئیمزا بۆ ئازادکردنی کۆکرایەوە و ڕادەست بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرا. ئەم ڕاستیە ئەمرۆ لەڕۆحی ئەو عەرەب، تورکمان و ئەرمەنی و ئاسوریانەی لەسەروبەندی شۆرشی رۆژئاڤای کوردستان دا دەبینرێت و ھەنگاوی کاریگەری نێونەتەوەییشی ھەیە. لە قۆناغی رابردوودا کورد لە بەرەنگاربونەوەی پیلانگێڕان دا بە تەنیا بوو و مۆدێلی چارەسەری پرسەکەی لە سنورێکی تەنگی زھنی دا بوو، ئەمرۆ دۆستانی گەلی کورد و تێکۆشەرانی ئازادی لە دەوری ئەو پارادایمەی ئۆجالان گەیشتۆتە ئاستێکی ئەنتەرناسیۆناڵ.
لە رێپێوانی درێژی ستراسبۆرگ کەبەشدارانیان لە  ١٩ گەلی جیاوازی جیھانەوە بەشداریان کرد و زیاتر لە ١٠ رۆژ بۆ ئازادی ئۆجالان بەردەوام بوو لەگەڵ ڕێپێوان  و چالاکیەکانی ئەم ساڵی ئەو یادە ڕەشەدا دەبینرێت، یەکەم بەشداری نیوە زیاتری ڕێپێوانی ستراسبۆرگ لە گەنجانی نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵان بوو و ئەوەی دیکەیان زۆریی ژمارەی بیانی لەو ڕێپێوانانەدا کە مۆرکێکی ئینتەرناسیۆناڵیان بەو چالاکیانەدا. ئەوانە لە پێناوی گەلی کورد نەھاتوون بەڵکو لە تێز و پارادایمی ئۆجالان دا جیھانێکی نوێ و ژیانێکی نوێ دەبینن. نەک تەنیا لە ستراسبۆرگ بەڵکو ھەمان تابلۆ لە رۆژئاڤا، لە باکور، باشور دەبینرێت ھەم ژنان و ھەم گەنجان پێشەنگی چالاکی و بڵاوکردنەوەی ھزرێکن کە ئیتر زیندانی ناکرێت و ئاماژەیەکی گرنگە کە سیستەم لە ململانێ و زیندانی کردنی ئۆجالان دا بن کەوتووە.
پەرەدان بە پرۆسەی بونیادنانی خۆسەری دیموکراتی و دیموکراتیزەکردنی خێزان، پەرەدان بە دەزگاکانی ئەلتەرناتیڤ باشترین رێبازن بۆ گەیشتن بە قۆناغی ئازادی جەستەیی ئۆجالان. گەر کورد ھێز نەبێ لە مۆدێلی خۆی دا کەس حسابی بۆ ناکات. ئەوە خۆی لە خۆی دا کرۆکی پارادایم و ئامانجی تیکۆشانەکەی ئۆجالان و بزوتنەوەکەیەتی. چاوەڕوانی کردن لە دەوڵەت زنجیری زیندانی ئیمرالی توندتر دەکات و پچراندنی تەنیا بە سەرخستنی مۆدێلی خۆسەری دیموکراتی دەبێت. لە نێو ئەو مۆدێلەدا پەرەدان بە چەمکی ئازادی و سنوردارنەکردنی ئەو تێکۆشانە لە ژن دا، ئەوەش بە ھەرچی زووتر پەرەدان بە خەباتی زانستی و ئاکادیمیانە و پراتیکیانەی زانستی ژنۆلۆژی دەبێت.
٦٥٧٥ ڕۆژ،  ڕێک ١٨ ساڵە ئۆجالان لە زیندانێکی تاکەکەسی دورگەیەکی شێداردا دیلکراوە، بەھۆی پێشکەوتنی تەکنیک و تەکنەلۆژیاوە کە ئۆجالان لێی بێبەشە، ھەموو کەسێک بەسەر پەنجەیەک و بە ئاسانی دەتوانێ کلک لەسەر گۆگل ماپ بکات و ئەو وەحشیگەراییەی کە لە ئاست ئۆجالان دا پەیڕەو دەکرێت ببینێ ، ھەستی پێ بکات و ویژدانی بۆ ئازاد کردنی بجولێت. ئەگەر سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرکردن لە ئیمرالی بۆ مرۆڤایەتی شەرمەزاریە ئەوە تاک بە تاکی ئێمەش بەشێکی ئەو شەرمەزاریەمان بەردەکەوێت، ئازادی ئۆجالان تەنیا ئازادی مرۆڤێک نیە ئازادی گەلی کورد و مرۆڤە.

02/15/2017 09:20:11 | 2540 | Print Friendly and PDF