بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

ئایا ترامپ دەبێتە سۆپەرمان یان جەنگاوەرێکی دۆڕاو؟

ئارام هادی
ئارام هادی


ڕاپۆرتی شیکاری: ئارام ھادی
* وڵاتانی ئەوروپی لەخۆکۆکردنەوەدان!!.
* دامەزراوەکانی ئەمریکا و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا
* ڕۆڵی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیدا
* ترامپ دەبێتە سوپەرمان یان جەنگاوەرێکی دۆڕاو
* ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئەجێندای ترامپدا
* ئەمریکا لە ترسی چین لە ڕوسیا نزیک دەبێتەوە!!
*ئەمریکا لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات
* چارەنوسی ترامپ
*سەرچاوەکان


*وڵاتانی ئەوروپی لەخۆکۆکردنەوەدان!!.
پێشتر ئەوروپیەکان بەکاڵکردنەوەی سنورەکانیان و پەرەدان بەسیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان لەناو وڵاتەکانیان, زەنگی بەھەشتی سەرزەوی یان بەگوێی جیھاندا دەچپاند, بۆ ئەمەش یەکێتی نەتەوەکانی ئەوروپایان دامەزراند لەگەڵ ئەمەشدا یەک بازاڕی ھاوبەش و یەک دراوی ھاوبەشیان ھەبو(euro) بەڵام ئێستا بەچونەدەرەوەی (ئینگلیزەکان)لەو یەکێتی یە گریمانەی بەھێز ئەوەیە لەداھاتودا چونەدەرەوەی وڵاتەکانیتر نەوەستێت تا لێک ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی یەکە!!, وڵاتی چین لە بازدانی قەبە ناوەستێت تا لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە نەگاتە سەرکەوتنەکانی وەک ڕوە ئابوریەکەی, ھەرچی ڕوسیاشە جەنگی ناوخۆیی سوریا بۆی بوو بەخێر و بەرەکەت و دووبارە بەقورسایی و لێزانیەوە گەڕایەوە ساحە گەرمەکە(ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست), بەجۆرێک ھیچ وڵاتێک بەقەد ڕوسیا لە ڕەوشی نالەباری سوریادا دەستکەوتی نەچنیەوە بە ئەمریکاشەوە!!, داخستنی سیستەمی پەڕلەمانی لەتورکیا و ھەڵپەکانی ئەردۆغان ڕوە و کۆماریەکی تا ئەندازە توند, ئەگەری زۆرە ئەو وڵاتە بەرە و دابەشبونی یەکجاری ببات, بەڵام تاکە شانسی تورکیا کۆماری ئیسلامی ئیرانە کەبۆ ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتیش ئەمریکا, دۆستایەتی تورکیایان بە ھەڵە و کەموکوڕیەکانەوە پێباشترە تا ئیران, ئەم خۆکۆکردنەوەی وڵاتان سەرھەڵدانی بیری ناسیۆنالیستی لەئەڵمانیا و ھاتنە سەرکاری ھاوشێوەکەی( ترامپ) لەفڕەنسا, دەرچونی ئینگلیزەکان لە یەکێتی ئەوروپا و ھاتنە ناوەوەی ڕێژەیەکی بێشوماری کۆچبەر لەئەوروپا بەگشتی, لە ڕەوشی پێش جەنگێکی زۆر ترسناک دەچێت, کە ھەرچی ھەیە تیایدا بەکاربێت!!.

*دامەزراوەکانی ئەمریکا و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا
بەھۆی  باڵا دەستی ئەمریکا  بەسەر جیھاندا, گۆڕانکاریەکانی ئەو وڵاتە گەر پەیوەندیشی بەناوخۆی وڵاتەوە ھەبێت دەبێتە جێگەی باس و خواسی جیھان و زۆرترین جاریش بڕیارە دەرەکیەکانیان کاریگەری زۆر لەسەر وڵاتانی جیھان لەمەڕ گۆڕینی سیستەمەکانی حوکم دادەنێت, کلتوری ئەمریکی  لەبنەچەدا لەچاو ھەر وڵاتێکیتردا  فرە ڕەنگترە, بەجۆرێکە بەئاستەم دەتوانی ڕەنگەکانیان جیاکەیتەوە, سەرباری ئەمەش( سپی و زەرد)پێستە ئەوروپیەکان قۆرخی پایەکانی سیاسەتیان لەو وڵاتە کردوە, تادواجار ناچار بون بۆ خۆدوورگرتن لە ھەژمونی (ئینگلیز. ئیسپانی . فەڕەنسی)یەکان, مۆدێلێکیان بۆخۆیان لە (کاوبۆیی)ەکان(گاوانەکان), داتاشی و ئێستا زیاتر لەسەر ئەو چەمکانە دەڕۆن, وەک فکرێکی خۆماڵی, دیارە کلتوری (کاوبۆیی)ەکانیش زیاتر بە شەڕانگێز و خۆبەزلزان و سەرکردایەتی جیھان ناویان دەرکردوە!!.

سیاسەتکردن و دەوڵەت بەڕێوەبردن لە (کۆشکی سپی)یەوە زۆرجیاوازتر و قورسترە لە چاو ھەر کۆشکێکی وڵاتێکیتر جا لەھەرکوێیەکی جیھان بێت, لەبەر ئەم ھۆکارانە( مانەوەی ئەمریکا بە باوکی جیھان. پاراستنی یەکگرتویی  ولایەتەکان, دڵڕاگرتنی کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران, لەھەموشی گرنگتر و مەترسیدارتر دەوڵەتی قوڵ), یان شاراوە, لەھەندێک شوێنیش دەستەواژەی  دەوڵەتی (پشتی پەردە)ی پێدەڵێن, لەناوخودی ئەمریکیەکانیش زیاتر بە کۆمپانیای ئاسایشی نەتەوەیی ناسراوە!!, سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیان جا ئەگەر ستراتیژ بێت یان تاکتیکی, ھێندەی ئەم دامەزراوانە بە ئۆکەی دەوڵەتی شاراوە دایدەڕێژن بایی نیوھێندە گەلی ئەمریکی ئاگاداری نیە, تەنانەت ھەندێک جار ڕۆڵیان لەدەستنیشانکردنی سەرۆکی وڵاتیشداھەیە و قسە و بڕیاریان گەڕانەوەی نیە, ھەمیشە دەوڵەتی پشتی پەردە بڕیارەکان لە ئەمریکا بە قازانجی ئەو سیاسەتەی دایڕوشتوە دەشکێنێتەوە, سیاسەتی ئەمریکی لەمێژە دابەشی سەر دوو بۆچونی جیاواز بوە لە ناوخۆی ئەمریکادا کە لەناو دوو پارتی سەرەکیدا کۆبۆتەوە (دیموکراتەکان, کۆماریەکان), ئەم دوو حزبە بەجۆرێک ڕێککەوتون کە زۆربەی کات ھەر لایەکیان بۆ دووخول لە دەسەڵاتدا بمێننەوە ھەندێک جاریش خولێک بەڵام زیاتریان نیە, جگە لە یەک جار لەسەر و بەندی شەڕی جیھانی دووەمدا (ڕۆزفێلت ) بەھۆکاری تایبەتمەندیەکانی شەڕی  دووەمی جیھانی بۆ سێ خول لەسەر دەسەڵات مایەوە, دەوڵەتی شاراوە کە ئیتر لەئێستابەدواوە لەم شیکاریەدا بە ئاسایشی نەتەوەیی ناویان دەبەم, خۆیان لەسەروی حزب و حکومەت و سەرۆککۆمار و دادگاکانیشەوە دەبینن, بەجۆرێک ئاڕاستەی ڕوداوەکان دەکەن خۆیان نابینرێن و ھەمیشە بزرن, بەداڕێژەری سیاسەتە دەرەکیەکانی ئەمریکاش دەناسرێن, بەپێی ستراتیژی ئەم دەزگایەبێت, کاریان تەنھا پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکیەکانە, لەکاتی پێویستدا بەپێی ھەل و مەرجی زەمەن دوابڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی دەدەن.

*ڕۆڵی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیدا
ڕێکەوتنێکی ستراتیژی قوڵ لە  نێوان ھەردووحزب ھەیە بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکان, بەجۆرێک دیموکراتەکان زیاتر سەرقاڵن بە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەوە و ھەرکاتێکیش دەستوەردانی دەرەکیان کردبێت, کەمتر ڕاستەوخۆ خۆیان پێی ھەستاون لەڕێگەی دۆستەکانیانەوە دەست وەردانیان کردوە لەو شوێنانەی کەمەبەستیان بوە, نمونە ڕێوی بیابانی سەردەمی کلنتۆن و شۆڕشەکانی بەھاری عربی سەردەمی ئۆباما, بەڵام کۆماریەکان ئارەزومەندن لەو گۆڕانکاریانەی کە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆیان دەستی پێدەکەن ڕاستەوخۆ بە وجودی خۆیان بیکەن, لەنمونەی  شەڕی کەنداوی دووەم بۆ پارێزگاریکردن لە وڵاتی کوەیت, ڕوخاندنی ھەردوو دەسەڵاتی ئەفغانستان و عیراق لە دوای یانزدەی سێپتەمبەر, لەگەڵ ئەمانەشدا ڕەچاوی ھەلومەرجی جیھان دەکەن لەو پەڕی توڕەیی جیھاندا بەرامبەر بە سیاسەتی ئەمریکی, کەسێکی وەک ئۆبامای لەسیاسەتدا نەرم و لەلایەک موسڵمان دەھێننە کۆشکی سپی, لەدوای ئەویش وەک نوێترین تاقی کردنەوە (ترامپ)کە کەسایەتیەکی جێگیری نیە, وە خاوەن پاشخانێکی سیاسیش نیە, ئێستا لەکۆشکی سپی یە, وشەی یەکەم و کۆتایی ئەم پیاوە دروستکردنەوەی (ئەمریکای بەھێز و مەزن)ە کە بەردەوام  بەزاریدا دێت!!.
*ترامپ دەبێتە سوپەرمان یان جەنگاوەرێکی دۆڕاو
کۆشکی سپی لەلایەن کۆمەڵێک لەنوخبەی سیاسیەوە قۆرخکراوە, بەردەوام وەک تۆپێک وایە لەناو یانزدە یاریزانی دیاریکراودا ھەرجارە و کەسێک شەقی تێھەڵدا, بەھاتنی (ترامپ), کەھیچ پاشخانێکی سیاسی نیە و تەنانەت پێشتریش ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبوە لەبەڕێوەبردنی سیاسەتدا, جگە لەبەشداریکردنی لەچەند فلمێک و گۆرانی و پێشکەشکاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی, ئایا سیاسەتی نەرمی (ئۆباما بەرامبەر ئیران و ڕوسیا و چین), ترامپی بەھێزی باوەڕبو بەخۆی و گەلەکەی ھێنایە پێشەوە؟, یان ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی, بەشێوەیەکی نھێنی کاریان بۆکردوە و کەسێکی توند و ڕەقیان لەسیاسەتدا بەمەبەست ھێناوەتە پێشەوە؟, لەھەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت ترامپ زۆر لەوە بەھێزتربێت کە تا ئێستا  دەرکەوتوە, چونکە سیستەمی حوکمڕانی ئەمریکی لەو وەرەقەی ھەر  ڕۆژ جارێک دەدرێتە دەست سەرۆک بازی بەسەردابدات, کوشتنی سەرۆکی بەدوادا دێت, جا بەتیرۆرکردن بێت, وەک (جۆنیف کەنەدی) یان ژەھر خواردکردن بێت, لەگەڵ ئەمانەشدا ئەرکی سەرۆکی نوێ قورسە, سیاسەتەکانی ترامپ ھانی ھاتنە سەردەسەڵاتی ھاوشێوەکانی دەدات لە وڵاتانی ئەوروپیدا, کە لەئێستادا مەیلێکی زۆری ئەو سیاسەتە ھەیە لە فڕەنسا و ئەڵمانیا, بۆھاتنە سەرکاری پارتە ڕاستڕەوەکان, پێشتر باسی خۆکۆکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپیمانکرد, ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێت, بەھاتنە سەرکاری ڕاستڕەوەکان, بازاڕی ھاوبەش و دراوی یەکگرتوو, دواجار لێکھەڵوەشانەوەی یەکێتی یەکە و تۆخکردنەوە و توندکردنی سنورەکانی لێدەکرێت, ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێش جەنگی دووەمی جیھانی باڵ بەسەر ئەوروپیەکان و جیھاندا دەکێشێت!!.



*ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئەجێندای ترامپدا
ترامپ لە بەرنامەیەکی کۆنی( ئۆپرا)ساڵی١٩٨٨زدا, دەڵێ ئەمریکا دەبێت لەبەرامبەر پاراستنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا, بەتایبەت( سعودیە و کوەیت و ئیمارات و قەتەر), وەک مانگا بیان دۆشێت و ھەرچی سەروەت و سامانیان ھەیە لێیان وەربگرێت, ئەم تێڕوانینانەی ترامپ ئێستاش لەناخیدا پەنگی خواردۆتەوە و ھەر لەسەر ھەمان بیر و باوەڕە بەرامبەر بەو وڵاتانە بەڵام ئێستا سیاسیانە دەری دەبڕێت و پەیڕەوی دەکات, گریمانەی ھەرە بەھێزیش بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەردوو وڵاتی (ئیران. تورکیا)ن, لە نوێترین کۆبونەوەی (ماردین ئۆڵبرایت)ی وەزیری پێشوتری ئەمریکا, لەگەڵ کۆمەڵێک لە باڵیۆز و دیپلۆماتکار و کەسانی ئەکادیمی وڵاتەکەی سێ خەتەری جدیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا باسکردوە, دانەیەکیان ھەنگاوەقەبەکانی ئەردۆغانە بەرە و دیکتاکتۆریەتی مەترسیدار, لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریکا باش ئاگادارە تورکیای ئەردۆغان چۆن ھەموو ھێزی خۆی لەھاوکاری گروپە تیرۆریستیەکانی ناو سوریا و عیراقدا سەرف دەکات و بۆتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەکانی سەرۆکی نوێ, کەواتە دەبێت گۆڕانکاری لە حوکمی تورکیادا بکات, جا بە کودەتایەکی بەھێزبێت, یان تەداخولی ڕاستەوخۆی ئەمریکیەکان!!, یان دابەشکاری وڵاتەکە بۆچەند وڵاتێکی بچوکتر!!, بەڵام وەک پێشتر باسمکردوە تاقە کارتی بەھێزی تورکیا ئیرانە لە١٩٧٩وە ھیچ کات نێوانی ئیران و ئەمریکا خۆش نەبوە, ترامپ لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردندا بەئاشکرا باسی لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە٥+١ی دەکرد و بەمەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەزانێت, بەڵام گۆڕانکاری لەتورکیا گەر دواشبکەوێت دواجار تورکیا مەحاڵەلێی دەربازبێت, بەڵام بۆ وڵاتانی عربی ھەروەک خۆی وتەنی ڕۆڵی مانگاکە دەبینن لەدابینکردنی شیر بۆ ئەمریکا.

*ئەمریکا لە ترسی چین لە ڕوسیا نزیک دەبێتەوە!!
سەرکەوتنەکانی چین لەبواری ئابوریدا دەمێکە تەنگی بە ئەمریکا و ئەوروپا ھەڵچنیوە, بەڵام چین نایەوێت تەنھا لەبواری ئابوریدا سەرکەوتوبێت و ھەمیشە وەک ئۆقیانوسێک شەپۆلی سەرکەوتن لە ڕووی سەربازی و سیاسیشەوە دەدات, کە ئەمە بۆئەمریکا زۆرمەترسیدارە و سەرکەوتنی چین واتای مردنی ئەمریکا!!, ھەر لەبەر ئەمەش ھەست بەپەیوەندیەکی تەندروست دەکرێت لەنێوان (ترامپ و پۆتین)دا, دەکرێ ئەم دوو سەرکردەیە بەئاگاداری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکانیان ڕێککەتبن, ئەمریکا ھاوکاربێت لەھێنانە پێشەوەی ڕوسیا بۆ ناو ململانێی جیھانی وەک ڕابردوو, لەبەرامبەردا ڕوسیا پشت لە چین بکات!!, بۆ ئەمریکاش تا دەرفەتی ھەبێت, لەگەڵ ڕوسیادا دەکەوێتەوە ناو ململانێ چونکە بۆھەردوو وڵات باش لە تاکتیک و ستراتیژی یەکتر تێگەیشتون و دەست و پەنجەیان لەگەڵ یەکتر ڕاھاتوە, بەڵام بۆ ھەر یەکێکیان چین وڵاتێکە تا لە سیاسەت و چاوتێبڕینەکانی تێدەگەن زەحمەتە, لەسەر و ھەموشیانەوە سەرباری ململانێی دژواری قۆناغی جەنگی سارد ھەمیشە لە دوالوتکەدا بەپەیوەندیەکی تەلەفونی نێوان(کرملین و کۆشکی سپی)دۆخەکە ئاسایی بۆتەوە, بەڵام مەرج نیە چین لە دواخاڵدا بە یاریەکی نەرم گرژیەکان خاوبکاتەوە, ترسناکترین وڵات بەلای ئەمریکاوە چینە!!, چونکە گەر تورکیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتێکیتر لەجێگەیەکیتر ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەی ئەمریکیدا, ئەوا تەنھا لەناوچەیەکی دیاری کراوی جوگرافیدا ڕێگە لەئەمریکا دەگرن, بەڵام چین باڵادەست بێت لەسەرانسەری جیھاندا دەبێتە ژانەسەرێکی جدی بۆ ئەمریکیەکان.
*ئەمریکا لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات
بەھۆی دۆخی ناجێگیری جیھان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی, سەرەتای کۆتایی ھێنانی نکوڵیکردنی کورد ھاتۆتە پێش, بەتایبەت لەڕووبەڕووبونەوەی شەڕی داعشدا, لە باشوری کوردستان سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنەکانی شەڕڤان, بەھاوکاری ھاوپەیمانان کوردی بەرە و سەرکەوتن برد, دەتوانین بڵێین سەرکەوتنەکانی (پێشمەرگە و شەڕڤان), وڵاتانی ناچار بەھاوکاری زیاترکرد, پێشتریش لە وتارێکدا بەناونیشانی (ئایا ئەمریکا دەبێتە دۆستی ڕاستەقینەی کورد)لەو بارەوە بۆچونەکانم خستۆتە ڕوو, گرفتەکە لەوەدایە,لەلایەک  ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەناوخۆیان و لەلایەکیتر بنبەستبونی سیاسەتی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوادا, ڕێگرە لەبەردەم دیاریکردنی چارەنوسماندا, گەر کورد یەکھەڵوێست و یەکڕەنگ بێت ھەلێکی مێژویی بۆ ڕەخساوە و ھاتۆتە سەر ئەوەی کە لەدەستی  نەدات, چونکە لەھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا ترامپ بە ئاشکراوتی کوردەکان لە ڕوبەڕوبونەوەی جەنگ لەگەڵ تیرۆریستان سەرکەوتوبون و پێویستە لەسەرمان ھاوکاری زیاتریان بکەین, گەر ناوماڵی کورد یەکگرتووبوایە گومانی تیانەبوو, ترامپ قسەگەلێکی زۆرتری لەمەڕ مافی سیاسی و دیاریکردنی چارەنوسی کوردان دەکرد لەناوچەکە, لەبەر ئەوەی ئیدی کوردان سەلماندیان کە توانای بەڕێوەبردنیان ھەیە و ھێزێکیشن کە بەبێ بونی کورد دۆخی ناوچەکە وەک ڕابردوو ھەمیشە جەنگە و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت, لەھەموشی گرنگتر سیاسەتی کورد یارمەتیدەرنیە بۆ بیری توندڕەوی.

*چارەنوسی ترامپ
ترامپ بەدەر لە ھاوکاری ئاسایشی نەتەوەیی, پنتاگۆن و ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران, گەر ئەم دامەزراوانەش ھاوکاریبن, ئەوا سەرکەوتنی ئاسانترە, بەڵام گەر ئەم دامەزراوانە ھاوکاری نەبن, تەنھا ئاسایشی نەتەوەیی(دەوڵەتی شاراوە)ھاوکاری بن, ھەر سەردەکەوێت بەڵام زەحمەتیەکانی زیاتردەبن و سەرکەوتنی قورستردەبێت, گەر پیاوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نەبێت ئەوا گریمانەی ئەوەدەکرێت پێش خولی دووەمی ئەگەرێک لەم ئەگەرانە ڕووبەری خودی ترامپ بێتەوە(دەستلەکارکێشانەوەی بەبێ ویستی خۆی. دەرنەچون لەھەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەی لەکاتێکدا خۆشی کاندیدبکاتەوە. یاخود تیرۆرکردنی), ئایندە وەڵامدەرەوەیەکی دروستتردەبێت تا ئێمە ئێستا قسەی لەبارەوەبکەین, بەسەرکەوتنەکانی دەبێتە سوپەرمان, بە شکستەکانی دەبێتە جەنگاوەرێکی بەھێز بەڵام بێ ھاوکاری چارەنوسی جەنگاوەرێکی دۆڕاوی لەپێشە.
*سەرچاوەکان.
*دائیرەالمعاریف/ بەرگی یەکەم
*فەرھەنگی سیاسی زاراوەکان
*زانیاری گشتی

02/08/2017 18:58:26 | 1224 | Print Friendly and PDF