بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

کاریگەری کتێب

ئومێد ناسح جیهانی
ئومێد ناسح جیهانی


ئەو شتانەی من دەمەوێت بیانزانم لە کتێبدایە و ھاوڕێی من ئەو کەسەیە کتێبێکم پێدەبەخشێت ، کە نەمخوێندبێتەوە .
" ئابراھام لینکۆڵن "

             کتێب تۆوی ڕۆشنبیرییە ئەم تۆوە دەبێت بچێنرێت ، بەڵام پێویست بەوە ناکات زەوییەکەی چۆن زەوییەک بێت ؟ بەپیت بێ یان بێ بڕست ، جیاواز لە ھەموو زەوییەکانی دیکە ، بەڵکو خودی تۆوەکە بە پێی تێپەڕبوونی ڕۆژگار زەوییەکە دەگۆڕێت بۆ زەوییەکی دێمی یان بەراو ، ئەم تۆوە دەبێت بەردەوام خزمەت بکرێت ئاو بدرێت ، لە کاتە سەرەتاییەکانی چاندنی ئەم تۆوەدا خاوەنەکەی تووشی ھەرزەی دەبێت پێی وایە ڕۆشنبیرێکەی لە لوتکەدایە لەسەر ھەموو بابەتێک گفتوگۆ دەکات ، بە زانینی چەند دەستەواژەیەک ، ڕەخنە لە ھەموو لایەک دەگرێت ، ئەوەی لە ژێری تیشکی ئاوازیدا دەرنەچوو ڕەتیدەکاتەوە ، سەرسەختانە بێ لێکدانەوە و ڕاڤەکردن دەبێتە لایەنگر یا دژبەری ئایدۆلۆژیایەک یا فکرەیەک یا گروپ و نووسەرێک ، بۆ دەوروبەری پلان و فکرەی کاڵوکرچی ھەیە ، بەڵام کاتێک ئەم تۆوە بە بەردەوامی ئاو درا خزمەتکرا ئیدی ھێواش ھێواش نەشوونما دەکات ، لە بوارێکدا خوێندنەوەی نەبوو ، دەبێت بە گوێگرێکی باش ، ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ڕووداوەکان دەکات ، جوانی و ڕاستی ھەموو لایەک دەبینێت گەر لە نەیارەکەشی دا بێت ، توانای ھەڵبژاردنی کتێب و نووسەری دەبێت ، ھەروەکو سولژینتسین دەڵێت : ( دەتوانی ھەر نووسەر و شاعیرێک بە بەرھەمەکانی بناسیتەوە ) . خوێنەر لە قۆناغێکدا دەچێتە سەر سکەی خۆی ، لە ئەنجامی زۆر خوێندنەوە دەبێتە خاوەن بەرھەمی خۆی ، بەمە دەوترێت خوێنەری جدی و شێلگیر و خاوەن دووربین . ببێتە باران بەسەر ھەموو کێڵگەیەکدا ببارێت ، بەو مانایەی مرۆقدۆست بێت ، نەک خود ئەڤینی ، جوانناس و ژیاندۆست بێت نەک ڕەگەزپەرست و فاشیست و توندڕەو ، مرۆڤی لە ھەموو باوەڕییەک لاپیرۆز تر بێت ، ئیدی لە ھەر ڕەنگ و ڕەگەز و ئاین و جوگرافیایەک بێت ، واتا گەر خوێندنەوەی بەم ڕەنگەپڕاکتیزەنەکات لە دنیابینی خۆیدا ، ئەوە ھەروەکو ڕۆزڤێڵت دەڵێت : (خوێندنەوە و پراکتیزە نەکردن وەک جووتکردن و تۆ و نەچاندنە(.

           ھێنری دورنیە دەڵێت : ( ھاوڕێ ڕاستەقینەکانی تۆ کەسانێکن کە کتێب دەنووسن ، بەدبەختانە ھەرچەندە زیاتر کتێب بخوێنیتەوە دوژمنەکانت زیاتر دەبن ) . ئەمە لە دوو لایەنە وە ڕاستە ، یەکەم . تاکو پلەی زانستی و ڕۆشنبیریت و بڕوانامەت بەرزبێتەوە کەسانێک ھەن دەبنە نەیارت و ئاسودە و خۆشحاڵ نین بە سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانت و لە بۆسەدان تاکو کەنارگیر و بێ کاریگەرت بکەن . دووەم . کاتێک زۆرت خوێندەوە و بووی بە خوێنەر و پێشکەوتی و بووی بە پێشەنگ ، دەبێت دوژمنەکانت نادادی و توندوتیژ ودەمارگیری دینی و ڕەگەزپەرستی و خود ئەڤینی بێت .

          ھەموو فەیلەسوف و زانا و دانا و ڕوناکبیر و گەورە پیاوانی دوونیا بەرھەمی کتێب و خوێندنەوەن ، ھەر وەکو سامۆیل ئادامز دەڵێت : ( خوێندنی دوێنێ تۆوێکە بەیانی بەرھەمەکەی دروێنە دەکەیت( .

         کتێبی دانسقە ئەو کتێبەیە ، جیھانێکی نوێ لە خوێنەردا دروست بکات ، کە پێشتر لە خۆیدا پەیپێنەبردبێت ، بەجۆرێک چێژ ببینێت خوێندنەوە ببێتە خولیا و ئارەزوووی ھەمیشەیی ، ئەگەر چی خوێنەر ناتوانێت ھەمان ئەو کەڵک و چێژە وەرگرێت کە نووسەر لە کتێبەکەی خۆی وەریدەگرێت .

          ڤۆڵتێر دەڵێت : " ماڵی بێ کتێب وەکو جەستەی بێ ڕووح وایە " ئەم ووتەیە بۆ مێژوو و شارستانیەتی ھەر گەلێکیش گونجاو ڕاستە ، کاتێک نەتەوەیەک خاوەن سەرچاوەی کۆن و پاشخانێکی گەورەی فکری نەبێت لە ھەموو بوارەکاندا ئەوە نەوەکانی داھاتوو لە ئاستی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا شێوێنکەوتە دەبێت و ھەنگاوی خاو ھەڵدەنێت .

            ئێمەی کورد گیرۆدەی دەستی ئەم ئاریشە گەورەیەین لەلایەکەوە خوێندنەوە و نوسین و وەرگێڕان و کاری فکری نەبۆتە کلتورمان و لە لایەکی دیکەوە خاوەن سەرچاوەی مێژووی و پاشخانێکی گەورەی فکری نین و خاوەن زمانی زانستی نین . ئەمەش ھۆکاری جیاوازی ھەیە ھەر داگیرکارێک ڕووی لە کوردستان کردبێت جینۆسایدی کلتوری لە کارە پێشینەیەکانی بوو لە سەرەتای ھاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە شارستانیەتی کوردی ڕووبەڕووی ئەم جۆرە جینۆسایدە بوویەوە و کتێب و دەستنووس و سەرچاوەکانی کوردیان سوتاندو زمانی عەرەبی بە بیانووی زمانی قورئان جێگەی زمانی نیشتیمانی و زمانی دایک ، زمانی کوردی پێگیرایەوە ، دواتر لە سەردەمەکانی دواتر دا شوێنەوارە مێژووییەکان بە ھەموو بوارەکانییەوە ڕووبەڕووی لە ناو چوون بوونەوە ، لە سەردەمی داگیرکاری تورک و فارس و عەرەب دا لە کوردستانی گەورە ئەم جینۆسایدا قەبارەکەی زۆر گەورە تر بوو .

          مێژووی فکری ئێمە بەم ڕەنگە بوو بێت چۆن لە ڕابردوو دا دەبووینە خاوەن فەیلەسوف و موفەکیری گەورە ؟ ئەگەرچی ئەو زوڵم وکاولکارییە و پاکتاوی ڕەگەز و کلتوریە مایە پووچی نەکردوین بەڵکو لە سەردەمانێکدا خاوەنی ئەدیب و شاعیری گەورەی وەکو ( مەلای جزیری و حاجی قادری کۆیی و مەحوی و گۆران و نالی وسالم و فەقێ تەیران و بابە تاھیری ھەمەدانی و وەفایی و نالی و سالم و سەدانی دیکەین ) ،لەگەڵ ئەوەشدا لە بوارەکانی دیکەدا دەست کورت و کڵۆڵین ، بەڵام قسەی ئێمە بۆ ڕۆژگارەکانی پێشتری مێژووە کە ئەو کۆسپانەی ئاماژەمان پێکرد ڕێگر بووە لەوەی ئێمە خاوە پاشخانێکی گەورەی فکری بین تا ببێتە ھەوێنی فەلسەف و فکری ڕابردوو و ئێستامان .

         لەگەڵ ئەو جینۆسایدە کلتوریەش ، جوگرافیای کوردستان جوگرافیایەکی داخرا و بووە لە سەردەمانی پێش پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ھۆکارەکانی گواستنەوە و پەیوەندی و گەیاندندا ، ئەمەش ڕێگر بووە لە ئاشان بوون بە شارسانیەتی ڕۆژئاوا و سەر زەمینەکانی دیکە .

        ڕەخنەیەکی زۆر لە ڕابەران و سەرکردەکانی پێشوو دەگیرێک بۆچی نەیانتوانیەوە ببنە خاوەن دەسکەوتی گەورەی نەتەوەیی کوردی و لە شەمەندەفەری گۆڕانکارییەکان دواکەوتین ؟ ئێمە خاوەن ئەم ڕابردووە بین و شارستانیەتمان وەکو جەستەیەکی بێ گیان بێ بەھۆی نەبوونی پاشخانێکی گەورەی فکری و ڕۆشنبیرییەوە و کۆمەڵگایەکی داگیرکراوی خێڵەکی و کلتور جینۆساید کراوبین ، سەرکردە و ڕابەرانمان نەخوێندەوار و پیاوانی ئاینی کلاسیکی بن ، پشت بەچی ببەستن و کنەو پشکنین و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە چی دا بکەن بۆ دانانی بەرنامە و پلان و ستراتیجیەتی نەتەوەیی ، لەگەڵ ئەوەش دا زۆربەی سەرکردەکانی ئێمە نەک کتێبیان نیە ، بەڵکو یاداشت و سەرگوزەشتەی ژیانیشیان نانوسنەوە ، کە خۆیان کارەکتەرێکی ناو ڕووداوە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکەن ، بوونی یاداشتی کەسایەتیەکان واتای بوونی دیکۆمێنت و بەڵگە و سەرچاوەی ڕەسەنی ڕووداوەکە ، ئیدی نەنووسینەوەی یاداشت بە ھۆی نەخوێندەوارییەوە بێت ، یان ھەر ھۆکارێکی دیکە ، دەبێتە کەلێنێکی گەورە لە مێژوو و فکر کوردیدا ، میللەتانی دنیا خاوەن پاشخانێکی گەورەی فکری و ئەدەبی و مێژووی و فەلسەین بەنموونەی فارس و ووڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا و ھەندێ لە ووڵاتانی ئاسیا ، لەبەرئەوە خاوەنی فەیلەسوف و موفەکیر و سەرکردەی کاریزمان کە بوونەتە داینەمۆی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیش .

       عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت : ( کاتێک دەستمان دایە خەبات ، لێکۆڵینەوەمان لە مێژوو دا کرد ، بینیمان مێژوومان نیە ، لەبەر ئەوە خۆمان مێژوومان دروست کرد  (.
مێژووی ڕۆژنامەگەری کورد لە چەند سەدەیەک تێناپەڕێت ، کلتورمان جینۆساید کراوە ، لە مێژوو دا و ئێستاش زمانی یەکگرتوومان نیە ، شۆڕشێکی سەرتاسەر فکری و نەتەوەی و سەرکردەیەکی نەتەوەیمان نیە وەکو ئەو تیۆرەی دەڵێت : دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات . تا سەرکردە کاریزماکەمان ڕۆڵی یەکلای کەرەوەی لەم بوارە دا ھەبێت ، مێژووی دەزگا ئەکادیمیایەکانمان لە چەند دەیەیەک تێ ناپەڕێت ، مێژووی یەکەم کتێبمان لە چەند سەدەیەک تێناپەڕێت ، ئیدی چۆن دەبینە خاوەن مێژوو ، ئەمانە فاکتەری دروست بوونی مێژوو و پاشخانی فکرین .

           نوسین و کتێب کاریگەریەکی لەسەرخۆ و گەورەی لەسەر ڕەوتی ووشیاری و ڕۆشنبیریەتی کۆمەڵگایە ھەیە ، چۆن ڕووح داینەمۆی جەستەیە ، کتێبیش داینەمۆی کۆمەڵگایە ، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر دەسەڵاتی خۆسەپێن و تۆتالیتار ، ئەم دەسەڵاتانە چەند لە گروپە دژە و ئۆپۆزیسیۆنەکان دەترسن ، چەندجار زیاتر لە کاریگەری فکر و کتێب دەترسن ، لەبەر ئەوە بەدرێژایی مێژوو کتێب و زۆجار نووسەرەکەشی بەر سووتان و فەوتاندن کەوتوون .

           لەبەرامبەری ئەمە دا دەسەڵات ھەوڵی داوە ئاین و بیروباوەڕێک بەکاربھێنێت ، تاکو لەو ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی تەواوی کایەکانی کۆمەڵگا بکات ھەر وەکو ماکیافیلی دەڵێت : (دەسەڵاتدار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات و کۆمەڵگا دەبێت پەیڕەوی لە ئاینێک بکات . ) ، مارکسیش دەڵێت : ( دین تلیاکی گەلانە .) ، ئیدی لێرەوە دین دەبێتە فاکتەرێکی دواکەوتووی و دەستەمۆی دەسەڵات و تیلیاکی خەڵکی ، دەسەڵاتدار فتوا و شەرعیەت لە پیاوانی ئاینەوە وەردەگرێت بۆ درێژەدان بە حوکمی سیاسی و تاڵانچییە ئابورییەکانی ، واتا ئەمانە بۆ دەسەڵات دەنووسن و کۆڕ و سمیناراتی بۆ دەبەستن ، بانگەشەی وەلی ئەمری سوڵتان دەکەن ، لەڕێگەی کتێب و نووسراوەکانیانەوە ، کۆمەڵگاش سەرقاڵی نوشتە و سیحر و خورافیات و پیرۆزکردنی شێخ و سەید و مەلا و پیاوی ئاینییە . دین لە جەوھەری جوانی و ئیمان و دادپەروەری و پێکەوە ژیان بەتاڵدەکرێتەوە .

         گروپ و مەزھەب و تەوژمە دینیەکان سەرقاڵی کافرکردنی یەکتری و جەدەل و گفتوگۆی ئەوەی کێ لەسەر حەقە و کێ ناحەقە ؟ بڕۆ ھەڵگرتن حەرامە یان حەڵاڵ ، خواردنی پەیڕەوانی دیکە حەرامە یان حەڵاڵ ، ئەمانە و ھەزاران بابەتی بێ سوود بە گێلکردن و گەمژەکردنی کۆمەڵگا و لێرەوە دین دەبێتە تلیاکی گەلان . لە ھەموو سەردەم و قۆناغێکی دەسەڵاتی دینیشدا کەسانێکی چاکساز دەرکەوتوون ، بۆ دژایەتکی دەسەڵاتدار و ڕیفۆرمی ئاینی ، یان سەرکەوتوون یا تێچوون لەو ڕێگەیە کە ئەمە باسی ئێمە نیە .

           لەگەڵ ھەموو ئەمانەش کە باسمانکرد سەبارەت بەگرنگی کتێب و کاریگەری لە سەر دروست بوونی تاکی خاوەن ڕۆشنبیر و کۆمەڵگای ووشیار ، بەڵام کەسانێکی ئەھلی کتێبیش ھەیە ، کە بۆ ئەوە دەخوێننەوە تاکو فێری ڕیزکردنی ڕستە و یاریکردن بە ووشە بن ، کە دەرباری و زمانحاڵ و واعیز و قەڵەم بەدەست و دەمڕەنگینی ڕژێمە تۆتالیتار و دیکتاتۆر و پارت و خێڵن ، لە ڕووپەڕی کتێب و بڵاوکراوە و تیڤیەکانەوە ھێرش دەکەن سەر دژەکانیان ، واتا گەلێک لە نووسراوەکانی دنیا بەرھەمی ئەمانەن بە درێژایی مێژوو ، بەڵام ئێمە نامانەوێت زۆر لە سەر ئەمانە بدوێین تاکو کتێب ھەر بە موقەدەسی بمێنێتەوە .

           لەلایەکی دیکەوە بەدرێژایی مێژوو کتێب ھەبووە و ھەیە لە سەر بنەمای ڕەگەزپەرستی نەتەوەیی و دەمارگیری و توندڕەوی ئاینی و فاشیستی حیزب و گروپ و ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیستی و مەرگدۆستی نووسراون ، کە تاقەتپڕوکێن و ماندووکار و بێزاو و بێزارکەرە . کتێبیش ھەیە تەنھا مرەکەبی سەرکاغەزە ، چەندێک بەناو پەڕەکانیدا گوزەر دەکەیت نازانیت بۆچی ؟ نووسراوە و نووسەر مەبەستی چیە ؟ بێ سوودە و کات بەفیڕۆدانە ھیچ چێژێکی لێنابینی .

       لە کۆتایی دا دەڵێن : گرنگی کتێب بە جۆرێکە خوداش پێنج کتێبی ھەیە ، کە ھەریەکەیان بە پێی سەردەم و قۆناغەکانی پێشکەوتنی عەقڵی مرۆڤ ، لە جەوھەر و ناوەڕک و ڕواڵەت و ناویشدا جیاوازن .

ئومید ناسیح جیھانی .


02/06/2017 20:00:50 | 5386 | Print Friendly and PDF