بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

پارادیمی رەخنە و رەخنەدان و دۆخی باشووری کوردستان

حەسەن جودی
حەسەن جودی


                                                                         بەشی دووەم
حەسەن جودی
(٣)
وەھمی شۆڕش -  شۆڕشگێڕی
لە راستیدا ئەوەی لەسەرەتاوە دەبێ - لە باشووردا بە تایبەت - بەر رەخنەی ھەمەلایەنە بدرێت و سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە؛ چەمکی شۆڕشە. لەو باوەڕەدام کە بەبێ رەخنە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی شۆڕش، ئەوا بەرپاکردنی شۆڕشێکی "زیھنی - کولتووری - کۆمەڵایەتی - سیاسی" زۆر ئەستەمە. چونکە ھیچ چەمکێک و کردەیەک ھێندەی چەمک و کردەی شۆڕش لە باشووردا چەواشە نەکراوە و ئەوەی بەناوی شۆڕشیشەوە بەڕێوەچووە لە بنەڕەتدا دژە شۆڕش بووە، شۆڕشی چەواشە بووە، شۆڕشی ساختە بووە، نەک شۆڕش بە واتا جەوھەرییەکەی. بەناوی شۆڕشەوە؛ ئەگەر و زەمینەکانی چەندین شۆڕشیان زیندەبەچاڵ کردووە و کەسێتی ساختەی شۆڕشگێڕیان وەک شۆڕشگێڕی ھەقیقی دەرخستۆتە پێش. ھەر بەناوی شۆڕشەوە وەھمێکی کوشندە زیھن و خەیاڵی مرۆڤی کوردی تەنیوەتەوە، وەھمێک پێی وایە ھەموو ئەو راپەڕین و یاخیبوون و بزووتنەوە چەکداریانەی بەرپابوونە ئەوا شۆڕش بوونە و بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و بە مەبەستی بەدیھێنانی ئازادی و ئامانجەکانی دیکەی گەل و داخوازییەکانی بووە. ئەمە لەکاتێکدا ھیچ یەکێکیان ئەو ئەنجامە خوازراوانەی لێنەکەوتۆتەوە. بێگومان وەھمی شۆڕش لەگەڵ خۆیدا وەھمی شۆڕشگێڕبوونیشی ھێناوە. لێرەوە دەکرێ ئەوە بپرسین؛ ئەوەی بەناوی شۆڕشەوە روویداوە چی بووە؟ ئەوەی بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە خۆی نمایش کردووە کێ بوو؟
ئەگەر شۆڕش بە پێناسە سادەکەی بریتییە لە کردەی ئافراندنی "باوەڕی، ھیوا، ئیرادە، وزە و ھێزی تێکۆشان بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتری گەل و کۆمەڵگا" ئەوا لە ‌باشووردا؛ لەدوای ھەر جموجۆڵێک کە پێی گووتراوە "شۆڕش" نەک ھەر ئازادی و ئەو ژیانە باشترە گەل و کۆمەڵگا نەھێنراوەتە دی، بەڵکو باوەڕی و ھیوا بە ژیانێکی وەھا، ئیرادە و وزە و ھێزێکی ئەوتۆ بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی وەھاش، تا ھاتووە لە ناو گەل و کۆمەڵگا کزتر و کەمتر بووە. کوشندەیی دۆخەکە لەوە دایە کە باوەڕی و ھیوا و خەون و خەیاڵێکی مەزنی دەیان ساڵەی کۆمەڵگایەک بە وەھمێکەوە ھەڵواسراوە کە رێک کوژەری باوەڕی و ھیوا و خەون و خەیاڵە مەزنەکان بووە، وەھمێک ھەر جارە و بە دەمامکێکی پیرۆزەوە خۆی لە سەر دەپ (سەکۆ)ی جەستە و رۆحی قوربانییەکاندا نمایش کردووە، سەرکێش و سەرانی ئەو وەھمە ئەوەندەی لە ھەوڵی خۆ پیرۆزکردن و خۆ گشتگیرکردن و خۆ ئەبەدیکردن دابوونە،‌ ئەوەندە ھەڵگری ئەو باوەڕی و ھیوا و خەون و خەیاڵە نەبوونە کەوا پێیاندا ھەڵواسراوە. ئەوەندەی مرخیان بۆ دەسەڵات و بەدەستھێنانی بەشە دەسەڵاتی زیاتریان خۆشکردووە، ئەوەندە لەپێناو ئازادی و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی گەلە ستەمدیدەکەیاندا نەبوونە. بۆ مەگەر ئەوانە خاوەن ھزری شۆڕشگێڕی بوون؟ کێ بوون ئەوانەی سەرکیشی ئەو وەھمە بوون؟ ماھییەتی چینایەتییان چی بوو؟.
لێرەدا گرفتی بنچینەیی ئەوەیە؛ کاتێک ھزری شۆڕشگێڕی لە ھەر بزووتنەوە و جموجۆڵێکدا نەبێت ئەوا شۆڕش و کردەی شۆڕشگێڕی و کەسێتی شۆڕشگێڕی و دەسکەوتی شۆڕشگێڕی و کولتووری شۆڕشگێڕی و ئەنجامی شۆڕشگێڕانەش بەدینایەت. بۆیە کە ھزری شۆڕشگێڕی بزربوو، ئەوا ھەرچی بەناوی شۆڕش و شۆڕشگێڕییەوە دەکرێ دژە شۆڕشە و ساختەیە و بۆ لەباربردنی زەمینەی خودی شۆڕشە و بۆ زەبر وەشاندنە لە خودی شۆڕش.
ھزری شۆڕشگێڕی چییە؟ بەرھەمی مەتۆدێکی شۆڕشگێڕانەیە و بریتییە لە کۆمەڵێک چەمک و لۆژیک و روانینی شۆڕشگێڕانە بۆ دۆخی مێژوو و ئێستا و داھاتوو. مەتۆدی شۆڕشگێڕانە چییە؟ ئەو رێگا و رێبازەیە کە دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕییەی کەوا؛ گۆڕین و وەرچەرخانی ریشەیی بۆ دۆخی ھەیی، پێویستییەکی ژیانییە و نەبێت نابێت، بۆیە دەبێت دۆخێکی دیکەی ئەلتەرناتیف بخوڵقێنرێت. ئەو مەتۆدەیە کە تیۆری شۆڕش بەرپاکردن دێنێتە کایەوە.
ستووندەکانی تیۆری شۆڕش چیین؟ بەر لەھەموو شتێک ھزری رەخنەیی ستووندێکی بنچینەیی تیۆری شۆڕشە. رەخنە لە چی؟ رەخنە لە مێژوو، رەخنە لە دۆخی ئێستا. ھەروەھا ستووندی دووەمی تیۆری شۆڕشگێڕی ‌خستنەڕوو (تەرحکردن)ی ئەلتەرناتیفی شۆڕشگێڕانەیە، کە ژیانێکی ئازادە و ھەمیشە لە گۆڕین و پێشکەوتن دایە. ستووندی سێیەمی تیۆری شۆڕشگێڕانە بونیادنانی کەسێتییەکی شۆڕشگێڕانەیە کە کەسێتی ئازادە. ستووندی چوارەمی تیۆری شۆڕشگێڕانە خستنەڕووی میکانیزمی وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانەیە، کە رێکخستەبوونە. بەھەر چوار ستووندەیەکەوە کردە (پرۆسە)‌ی شۆڕشگێڕانە دەخوڵقێت و پەرەدەسێنێت. مسۆگەر بەبێ ھزری رەخنەیی، ئەلتەرناتیفی شۆڕشگێڕی، کەسێتی شۆڕشگێڕی و میکانیزمی شۆڕشگێڕی، ئەوا بەرپابوونی شۆڕش کردەیەکی ئەستەمە. بزربوونی یەکێک لەو چوار ستووندە کردەی شۆڕشگێڕی نیوەچڵ و سەقەت و نەزۆک دەبێت.
ئێستا با بپرسین؛ لە سەدەی رابردووەوە تا ئێستا؛ ئایا ئێمە خاوەن ھزری شۆڕشگێڕی و مەتۆدی شۆڕشگێڕانە بووین؟ ئایا تا چەند ئەو چوار ستووندەی تیۆری شۆڕشگێڕی لە جموجۆڵ و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانماندا ھەبووە؟ کوا تیۆری شۆڕشگێڕیمان؟ کوا ھزری رەخنەییمان؟ کوا  پرۆژە و ئەلتەرناتیڤە شۆڕشگێڕییەکانمان؟ کوا کەسێتی شۆڕشگێریمان؟ کوا میکانیزمی شۆڕشگێڕیمان؟.   
ئەگەر لەو ئەدەبیاتە قووڵببینەوە کە بە "ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی" ناسراوە، ئەوا مرۆڤ یەکسەر ئەو راستییەی بۆ رووندەبێتەوە کە چ وێنایەکی بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی ئافراندووە، وێنایەکی پڕ لە ھێزی بازوو و جەستە، بارگاوی بە توندوتیژی، زەبروزەنگی قەبای بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕانی بەرجەستە ‌کردووە. بەڵام ئەو ئەدەبیاتە خۆی نەبۆتە چاوگی ھێزی گۆڕینی زیھنی و بەرپابوونی شۆڕشی زیھنی. مسۆگەر ئەوەی بۆ ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی دەستنیشانم کرد بۆ "ھونەری شۆڕشگێڕی"ش ھەمان راستینە بەرچاو دەکەوێت. لە خۆڕا نییە کە لە ئەدەبیات و ھونەری شۆڕشگێڕیدا ئەوەندەی شۆڕشگێڕ بە ئاژەڵەکانی وەک "شێر و پڵنگ و ئەسپ" چوێندراوە ئەوەندە بە خودی شۆڕشگێڕ خۆی نەناسراوە. تەنانەت کاتێک مرۆڤ بیر لە شۆڕشگێڕ دەکاتەوە یەکسەر ئەو ئاژەڵانەی دێتەوە یاد، کاتێک بیر لە یەکێک لەو ئاژەڵانەش دەکەینەوە ئەوا یەکسەر وێنای شۆڕشگێڕمان دێتەوە یاد!!.
بەڵام لەم وێنایەدا پرۆسەیەک بۆ ھوشیارکردنەوە و وەرچەرخانی زیھنی بەشێوەیەکی زۆر لاواز دەبینین. لە حیکایەت و داستانەکانی نێو شیعر و چیرۆک و رۆمان و تابلۆ و شانۆییەکاندا تۆمارێکی بەرجەستەی ئەو وێنایە دەبینین کە بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕییان کردووە. لەو وێنایەدا تەنیا "پیاوی شۆڕشگێڕ" لەو ئەدەبیات و ھونەرەدا دەبینرێت. بەڵام وێنای "ژنە شۆڕشگێڕ" وەک تارماییەکی دووری لەڕ و قوربانی دەبینرێت. ھەروەھا لە ئەدەبیات و ھونەری شۆڕشگێڕیدا ھەمیشە وێنایەکی خوێناوی بۆ شۆڕش نەخشێنراوە و وا نیشاندراوە کە شۆڕش واتا چەک و خوێن و قوربانی، بێئاگا لەوەی شۆڕش بۆخۆی بەرھەمی ھزری شۆڕشگێڕییە، نەک چەک و خوێن.
ھەروەھا لە ئەدەبیاتی سیاسیشدا وا پێناسەی شۆڕش کراوە کە بریتییە لە تێکۆشانی چەکداری و بەکارھێنانی زەبروزەنگ لەبەرامبەر بە دووژمن و داگیرکاران. چڕکردنەوەی شۆڕش ھەر تەنیا لە تێکۆشانی چەکداری و قەتیس ھێشتنەوەی تەنیا لە زەبروزەنگدا وایکردووە گۆڕینی زیھنی و مەتۆدی شۆڕشگێڕانە بۆ بیرکردنەوە و رەفتارکردن، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازەکانی دیکەی تێکۆشانی ئازادی بە پێویست نەبینێت.‌ ئەمە لەکاتێکدا؛ لەدەرەوەی مافی بەرگری رەوادا بەکارھێنانی چەک و زەبروزەنگ، شۆڕش بە ئاقاری چەواشەکاری و دژبوونەوەی جەوھەری خۆی دەبات. چەک و زەبروزەنگ بەتەنیا ناتوانن پێویستییەکان و ئامانجەکانی شۆڕش بێننەدی. بەتەنیا ناتوانن دۆخی شۆڕشگێڕی، کولتووری شۆڕشگێڕی، رێکخستنی شۆڕشگێڕ، کەسێتی شۆڕشگێڕ، گۆڕین و وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە بخوڵقێنن.
وەکو دیارە؛ سادەکردنەوە و چڕکردنەوەی شۆڕش تەنیا لە بزووتنەوە و جموجۆڵی چەکداری و تێکۆشانی توندوتیژخوازیدا؛ لەلایەک ئەمە بۆخۆی دەرفەتی وەرچەرخانی زیھنی و ھوشیاری کۆمەڵایەتی لاواز و بێبایەخ کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە دەر‌فەتی چالاکی و تێکۆشانی مەدەنی و جەماوەریانە، بەھەر سێ جۆرەکانییەوە (چالاکی پاسیف، چالاکی بەکاریگەر، چالاکی یاخیبوونی مەدەنی) تا دواڕادە بەرتەسک کردۆتەوە. لەم دوو خاڵەش کوشندەتر ئەوەیە کە شۆڕش و توندوتیژی وەک دوو ناوی یەک شت بینراون.
بۆ ئەوەی لەم ڕووەوە ھەڵە تێگەیشتنێک دروست نەبێ، پێویستە ئەو خاڵە بخەینەڕوو کە گرتنەبەری شێوازی توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک لە شۆڕشەکاندا بۆتە سیمایەکی گشتی ھەموو شۆڕشەکان، بەڵام ئەمە چەندە زوو دەستکەوتەکانی بەدیھێنابێت، ئەوەندەش زوو بە ئاراستەی دیکتاتۆری و ستەمکاری بردووە. ھەر کاتێک گرتنەبەری شێوازی زەبروزەنگ و بەکارھێنانی چەک تا ئەو کاتە رەوایە کە لەچوارچێوەیەکی لۆژیکی بەرگریکاری و بەرەنگاربوونەوەدا بێت. ئەگەرنا زەبروزەنگ و بەکارھێنانی چەک ببێتە تاکە رێگای شۆڕش بەرپاکردن و ھەموو شۆڕشگێڕێتی لە زەبروزەنگ و چەکدا گوزارشتی لێبکرێت، ئەوا بەلارێدابردنی خودی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتییە. چونکە بنەمای ھەموو شۆڕشێکی ھەقیقی لە بنچینەدا گۆڕینی تاک و کۆمەڵگایە لەڕووی زیھنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە.
بێگومان بەرگری رەواش بە ھەر سێ قۆناخ و ئاستییەوە لە کات و شوێنی پێویست و گونجاودا پەیڕەو دەکرێت کە بریتیین لە "بەرگری رەوای ناکاریگەر (پاسیڤ)، بەرگری رەوای چالاک، بەرگری رەوای سەرتاپاگیر (شەڕی شۆڕشگێڕی گەل)" ھەر یەکەیان پێداویستی و ئەرک و رۆڵی خۆیان ھەیە و لەیەکتر جیاوازن و لە دۆخی جیاوازدا دەچنە بواری پێکھێنانەوە.‌
زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە؛ ئەوەی سەرکێشی ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵە یاخیگەری و چەکداریانەی کردووە و یەکسەر، بەبێ ھزری شۆڕشگێڕی، پەنای بۆ چەک بردووە چینی باڵادەستی کوردستان و زۆر بە دیاریکراویش چینی باڵادەستی کورد بووە. چونکە تەوەر و بیانوو و ئامانجی جموجۆڵەکانی ئەو چینە گەیشتن بە دەسەڵات و دەسەڵاتخوازی زیاتر بووە. ئەم چینە بە سروشت و ماھییەتی خۆی چینێکی مشەخۆر، ستەمکار، وابەستە بەدەرەوە، گەندەڵ، کۆنەپەرست و توندوتیژخواز بووە. کاتێکیش گەلی ستەمدیدە (چینە ژێردەستەکان)‌ بە ئامانجی گەیشتن بە ئازادی و مافەکانی دیکەیان وەھمداربوونە و بە لێشاو چوونەتە ریزی ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵەکانیانەوە، ئەوا کەمێک رەنگ و قەبارەی ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵانەیان گۆڕیوە، بەڵام ھیچ کات ناوەرۆک و ماھییەتەکەیان نەگۆڕیوە و دواجار ئاکامی ھەموو ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵانە ھەر پابەند بە بەرژەوەندییەکانی چینە باڵادەستەکەی کوردستان شکاوەتەوە و ئاوی لە ئاشی ئەوان کردووە.
مسۆگەر چینی باڵادەست ھەرچییەک بکات تەنیا لەپێناو مانەوە یان زیاترکردنی ھەژموون و باڵادەستێتی خۆی دەیکات، جا چ لە دەسەڵاتدا بێت یان لە دۆخی ئۆپۆزسیۆنی و دژبەری دەسەڵاتدا بێت. چینی باڵادەستی کوردیش ھەمان سروشتی ھەیە و زیاتریش. بۆیە ئەو چینە نەک ھەر شۆڕشی نەکردووە و نایکات، بەڵکو ھەرچی زەمینە و دەرەفەتی شۆڕشگێڕیش ھەبووە لەباریبردووە، ھەرچی مەیل و ھەست و ھوشیاری شۆڕشگێڕی ھەبووە ھەوڵی لاوازکردن و سڕینەوەی داوە، تەنانەت ھەرچی کەسێتییەک یان رێکخستنێک، کە ھەندێک تایبەتمەندێتی شۆڕشگێڕێتیان ھەبووبێ، ‌ھەوڵی لەناوبردنی داون.
لەمەش کوشندەتر ئەو چینە لە شستەکانەوە ئیدی تەنیا وەک چینێکی ناڕازی لەوەی لە دەسەڵاتدارێتی ئێراقدا پەراوێزخراوە یان کەمی بەرکەوتووە، دەرچووە و بۆتە ئامراز و دەسکەلای دەستی داگیرکەرانی کوردستان و زلھێزانی جیھان و لەوکاتەوە تا ئێستا ئەو چینە ھیچ نییە جگە لە بازرگانانی دۆزی گەلەکەی خۆیان و تاڵانکاری وڵاتەکەیان.

(٤)
پەتاکانی شۆڕش –  دۆگماتیزم و لومپەنیزم
دەکرێ کەمێک باس لە کرۆکی ئەقڵییەتی ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵانە بکەین کەوا بانگەشەی ھەڵگیرساندنی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتیان کردووە و تا چەندە گیرۆدەی پەتاکانی دۆگماتیزم و لومپەنیزم بوونەتەوە. بێگومان لە دۆگماتیزم و لومپەنیزمدا ھزری شۆڕشێگێڕی نییە، بەڵکو دژە شۆڕشی ھەیە. کوشندەیی ھەر بزووتنەوەیەکی بانگەشەکاری شۆڕش لەوەدا دەستپێدەکات کە پەتاکانی دۆگماتیزم و لومپەنیزمی تیدا گەرا بکات. ئەمە دەبێتە مەرگی ھەر بزووتنەوەیەک.‌ ئەم راستینەیە بۆ کەسێتییەکیش ھەر راستە. کەسێتی دۆگمایی و کەسێتی لومپەنیست بەو ئەقڵییەتەی ھەیانە، نەک ھەر ناتوانن ببنە شۆڕشگێڕێکی سەرکەوتوو، بەڵکو دەبنە بەڵای مەزنی ناو شۆڕشەکانیش.
وەکو دیارە دۆگماتیزم خۆی خزاندۆتە ناو ھەموو کونج و کەلەبەرکانی زیھنییەتی ئەو بزووتنەوانەی بانگەشەی بەرپاکردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتیان کردووە، بزووتنەوەکانی نەتەوەپەرستی سەرەتایی، چەپەکان، ئێستاش ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان ھەموو جموجۆڵێکیان غەرقی دۆگماتیزم بووە. کەسێتی دۆگمایی جموجۆڵە شۆڕشگێڕییەکان وشک دەکات.
دۆگماتیزم (چەقبەستوویی) چییە؟ ئەقڵییەتێکی حەتمەتییەتگەرایە و رەتکردنەوەی رەھا و پەسندکردنی رەھا و خۆناوەندیتن بە بنەما وەردەگرێت و دژی رێساکانی دیالیکتیکە. لە گەوھەری دۆگماتیزمدا؛ دەمارگیری، خۆسەپاندن، قەدەرگەرایی، پۆلینی دوانەیی (یان رەش یان سپی)، رەھاگەرایی، قاڵبگەرایی ھەیە و کۆڵەگە سەرەکییەکانی پێکدێنن. لەناواخنی ھەر کەسێتی و رێکخستن و کۆمەڵگایەکی دۆگماییدا، جا ئەو کەسێتی و رێکخستن و کۆمەڵگا دۆگماکراوە، ئاییندار بێت یان نەبێت، مەتۆدی ئوسوڵگەرایی و سەلەفییەتگەرایی و گەڕانەوە بۆ "شکۆدارییەکان"ی رابردوو ھەیە. کەسێتی دۆگمایی کەسێتییەکی ناسروشتییە و دەردەدار و گرفتارە. چونکە پێشکەوتن و گەشەسەندن پەسند ناکات و لەھەوڵی کوشتن یان بڵێین راوەستاندنی ئەو دوو رێسا دیالیکتیکیە دەدات. ئەو ھەوڵە کوشندەیەی کەسێتی دۆگمایی ھەر تەنیا لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ‌ناخی خۆیدا نییە، بەڵکو ھەوڵدەدات بەسەر دەوروبەر و کۆمەڵگاکەیشیدا بیسەپێنێ و تەنانەت ژیان رابوەستێنێت یان بیگەڕێنێتەوە دواوە و بۆ رابردووی دوور پەلکێشی بکات.
یەکێک لە بەرھەمەکانی ئەو دۆگماتیزمەی ھەژموونی خۆی بەسەر بزووتنەوەکاندا کێشاوە؛‌ ئەو وەھمە شۆڕشگێڕییە خوڵقێنراوەیە کە لە لوتکەدا لە "وەھمی پیرۆزییەکان"دا خۆی بەرجەستە کردووە، وەھمی پیرۆزییەکان یەکێک لە کوشندەترین وەھمەکانی دەرھاویشتەی وەھمی شۆڕش- شۆڕشگێڕیین. لەو وەھمەدا؛ پیرۆزیی بە باڵای حزب و رێکخراوەکانی، سەرکردە و دارودەستەکانی، بنەماڵە و موڵکەکانیدا کراوە. ئەو بزووتنەوانە خۆیان بە ناوەندی ھەموو ھەقیقەتەکان زانیوە و وەک ئەوەی رەوایەتی تێکۆشان و شۆڕش و شۆڕشگێڕی ھەر تەنیا لای ئەوانە. ئەم لۆژیکە دۆگماییە ملھورییەکی ئەوتۆی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە کە شەڕی دەیان ساڵەی نێوان رەوتەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسی – چەکداری لێبکەوێتەوە، دەیان ئینشیقاق و پارچەبوونی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە.
ھەروەھا یەکێک لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی دۆگماتیزم دەسەڵاتخوازێتییە. دەسەڵاتخوازێتی لە رۆحی گشت بزووتنەوە سیاسییە - چەکدارییەکاندا ھەیە. لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵاتدارێتی و لە ئانی گەیشتنیشیاندا لەپێناو مانەوە و قۆرخکاری زیاتردا ھەرچییەکیان ھاتبێتە پێش بێباکانە کردوویانە و ئیدی سڵیان لە ھیچ نەکردۆتەوە.  
لومپەنیزمیش وەک پەتایەکی دیکەی ناو بزووتنەوە سیاسییە چەکداریییەکان، تا ھاتووە، لە بیرکردنەوە و رەفتار و ھەڵوێست چەکەرەی ‌کردووە. لومپەنیزم چییە؟ لومپەنیزم ئەقڵییەتێکی نھێلیستی تاکگەرای رەمەکبازی دابڕاو لە پرۆسەی جڤاکبوونە. لومپەنیزم بە سروشتی خۆی بایەخ بۆ ھیچ بەھایەکی مرۆیی – جڤاکی دانانێت و ئازادی لە بەڕەڵڵایی تاکڕەویدا دەبینێت و گاڵتەی بە ھەموو بەھایەکی مرۆیی دێت. لە بنچینەدا لومپەنیزم کارەکتەر و ڤیریسۆنێکی زیھنی لیبرالیزمە.‌ لومپەنەکانیش سەرەتا لە ‌سێبەری دەسەڵاتدا خۆ دەنوێنن و ھەر کاتێک گەیشتنە دەسەڵاتیش ھەر چی بەھای کۆمەڵگا ھەیە بێباکانە دەیخەنە بەر رەشەبای تاڵانکارییەوە.
کاتێک لومپەنیزم وەک چەمک و لۆژیک و کولتوور و کەسێتی لە ناو بزووتنەوەیەکدا باڵادەست دەبێ، ئیدی ئەو بزووتنەوەیە لە راستەڕێی خۆی لادەدات و بەرەو زەڵکاوی پووچگەرایی و گەندەڵێتی و بێبەھایی دەڕوات. بزووتنەوە سیاسییەکانی باشوور، بەھۆی ھەژارییان لە ھزری شۆڕشگێڕی و نەبوونی دیسپلین و رێکخستەبووندا، لە ماوەیەکی کورتدا پەتای لومپەنیزم لەناویاندا تەشەنەی کردووە. ئیدی کولتووری لومپنێتی بەسەریاندا زالبووە و کەسێتی لومپەن بەئاسانی باڵادەستێتی خۆی بەسەر ئەو بزووتنەوە و رێکخستنەدا دەسەپێنێ و ھیچ شتیک رێگیری لێناکات. ئیدی لەو رێکخستن و بزووتنەوەیەدا کەسێتی لومپەن لە ھەموو بوارەکاندا دەبێتە نموونە (نموژج)ی چاولێکراو و پەیڕەوکراو.
ئەگەر دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگا و تاکی باشوور بە گشتی و دۆخی حزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەش کە لە سێبەری دەسەڵاتدا بازرگانی بە سیاسەت و گەل و وڵاتەوە دەکەن بەتایبەتی، ھەڵسەنگێنین، ئەوا بە روونی باڵادەستی و ھەژموونی ئەقڵییەت و کولتووری لومپەنیزم لە پاڵ ئەقڵییەت و کولتووری دۆگماتیزمدا دەبینین. لەبنچینەدا سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باشوور ئاوێتەیەکی سیاسەتی دۆگمایی و لومپەنێتییە و بەرھەمی دۆگماتیزم و لومپەنیزمە.       
بێگومان لە رووکاردا کەسێتی لومپەن وەک یاخیبووێک لە نەریتی کۆمەڵگا خۆی نمایش دەکات، بەڵام لە بنچینەدا  یاخییە لە بەھا کۆمەڵایەتییە جوانەکانی کۆمەڵگا، زیاتر رەمەکبازیی تاکڕەوییانەی خۆی و پابەند نەبوونی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەو ئاقارە ئاراستەگیری دەکات. لێرەوە پێویست دەکات پەیوەندی و جیاوازی نێوان یاخیبوون و شۆڕشگێڕێتی ببینین. مسۆگەر یاخیبوون یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشگێڕێتییە، چونکە لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و کۆمەڵگای باو یاخی دەبێت، بەڵام شۆڕشگێڕێتی تەنیا لە یاخیبووندا چڕ نا‌بێتەوە و ‌ھەموو یاخیبوونێکیش شۆڕشگێڕێتی نییە.
کەواتە لکاندنی شۆڕشگێڕێتی بە یاخیبوونەوە وێنای چ کەسێتییەکی ئافراندووە؟ ئەوەی دەبینرێت لەپشت ئەو وێناکردنەی شۆڕشگێڕییدا، کە تەنیا یاخیگیرە و بەس، کەسێتییەکی لومپەن دەبینرێت. لومپەنیزم لە گەوھەردا بەرجەستەی کەسێتییەکی زەبروزەنگخوازە و ئەوەندەی ھێزی ماسولکەکانی دەجوڵێت ئەوەندە خانەکانی مێشکی ناجوڵێت. پێم وایە کوشندەترین دۆخی شۆڕشگێڕێتی ساختە ئەو دۆخەیە کە کەسێتی لومپەن بەرجەستەی کردووە و لومپەنیزمیش دەبێتە ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێڕییەکەی!!.

(٥)
رەوتەکانی دژە شۆڕش –  ئاشبەتاڵ و تاڵانی
مسۆگەر لەپێناو قەڵەمبازێکی شۆڕشگێڕانەدا پێویستە ئەو مێژووەی بەناوی شۆڕشەوە تۆمارکراوە بەر رەخنەی ھەمەلایەنە بدرێت و ئەو سەرابەی بەناوی شۆڕشەوە خۆی نمایش کردووە بڕەوێنرێتەوە، ئەو سیحرەی لە خۆی ئاڵاندبوو لێی داماڵرێت و رووت و رەجاڵ بکرێت. بۆیە لێرەدا زۆر بە پووختی ئەو کردەی رەواندنەوە و داماڵێنەی "مێژووی شۆڕش" دەخەینەڕوو.
ئەگەر بزووتنەوە چەکداری و سیاسییەکانی باشوور، لە سەدەی بیستەمەوە تا رۆژی ئەمڕۆ، پۆلین بکەین، ئەوا دەتوانین لە رووکاردا وەھا پۆلینیان بکەین: "میللیگەرایی سەرەتایی، چەپی کلاسیک، ئیسلامی سیاسی، لیبرالیزمی پاوانخواز" ئەو پۆلینە پۆلینکردنی رەوتەکانی ناو بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری باشوورە. بەڵام کامەیان نغرۆ نەبوونە لە دۆگماتیزم؟! ئەوەی ئەوانەی خوڵقاندووە و لەسەرپێی راگرتوون و گەیاندوونی بە دەسەڵات خودی دۆگماتیزمە. ئەو رەوتانە نەک ھەر بانگەشەکانیان بۆ شۆڕش بەرپاکردن و شۆڕشگێڕێتی خەڵەتاندنێکی گەورە بوون، بەڵکو خۆشیان بوونەتە رەوتی دژەشۆڕشی و شۆڕشی چەواشە. بە ئەقڵییەتی دۆگمایی و بە تایبەتمەندێتی قەڵمڕەوێتی و دەسەڵاتخوازێتی چینی باڵادەستی کورد چۆن شۆڕش بەرپا دەکرێ و چۆن دەتوانن ببن بە شۆڕشگێڕ؟!
میللیگەرای سەرەتایی(یان نەتەوەپەرستی سەرەتایی) خاوەن ئەقڵییەتێکی دۆگمایی نەتەوەپەرستیی بەرتەسک و دەمارگیری دژە شۆڕشە (کە بە کوردایەتی ناسراوە) و لەبنچینەدا ئایدیۆلۆژیای چینی باڵادەستی کوردە (باڵە دەرەبەگ و کۆمپرادۆرەکەی). ھەر کاتێک لەسەر بەشە دەسەڵات ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ناوەندی ئێراقدا ھەبووبێت، یان ھەر کاتێک ھێزە دەرەکییەکان لەھەوڵی پیلاندا بن دژ بە گەلانی ئێراق ئەوا ئەو ھێزە میللیگەرا سەرەتاییەیان خستۆتە گەڕ و بەکاریھێناون. ئیدی ئەوەی پێیدەگوترێ "شۆڕشی ئەیلول" جگە لە تێکەڵبوونی خواستی پاوانخوازی دەرەبەگی کورد لەگەڵ پیلانی ھێزە دەرەکییەکان (ئەمریکا، بریتانیا، ئیسرائیل، ئێران) دژ بە گەلانی ئێراق ھیچی دیکە نەبووە. باڵی میللیگەرای سەرەتایی راستڕەو (مەلایی)، کە ئەمڕۆ لە پارتی و ھاوسەنگەرەکانیدا بەرجەستەیە، ھەوڵدەدات لەیەککاتدا لە سایەی ھەم سیستەمی قەوارەپارێزی داگیرکەر‌انی کوردستان و ھەمیش سیستەمی لیبرالیزمی سەرمایەی جیھانیدا درێژە بە تەمەنی خۆی بدات. بێئاگا لەوەی سیستەمی سەرمایەی جیھانی لەپێناو پاوانخوازی خۆیدا ئەمڕۆ خەریکی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمە قەوارەپارێزەکەی خۆرھەڵاتی ناوینە، بە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانیشەوە!!.
 کاتێک رەوتی نەتەوەپەرستی وردەبۆرژوا (جەلالی) ھەوڵیدا لەبازنەی قەڵمڕەوێتی رەوتی دەرەبەگی کورد دەربچێ و بەڕەکە لەژێر پێی دەرەبەگی کورددا رابکێشێ و چیدی لەو نەچێت، کەچی دوای کێشمەکێشێکی خوێناوی دەیان ساڵە، نەک ھەر نەیتوانی خۆ لەژێر ھەژموونی میللیگەرای سەرەتایی دەرەبەگخوازی رابسکێنێ و لێی رزگار ببێت، بەڵکو سەرەتا بووە باڵێکی چەپڕەوی ئەو میللیگەرا سەرەتاییەی ھەوڵیدا لەو نەچێ و پاشان گەڕایەوە مەداری راستڕەوانەی ئەو و ئیدی لەڕووی ئەقڵییەتەوە ھیچ جیاوازییەکیان لەنێواندا نەما. ئەوەی پێی دەگووترێ "شۆڕشی نوێی گەلەکەمان" جگە لە بەردەوامیدان بە رەوتی میللیگەرای سەرەتایی بە نەفەسە چەپڕەوییەکەی میللیگەرایی سەرەتایی ھیچی دیکە نەبوو.  
چەپی کلاسیکیش کاتێک وەک رەوتێکی ھزری سیاسی – چەکداری خزایە ناو بزووتنەوەی سیاسی – چەکداری کوردەوە، بە ئەقڵییەتێکی ھێجگار دۆگماوە خۆی نمایش کرد، زیاتر لەوەی رەوتێکی دیالیکتیک پارێز بێت، زیاتر وەک ئایینێک، ئایینزایەک خۆی خستەڕوو. ھزری چەپ لە گەوھەری خۆیدا ھەڵگری تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەیە، ئەگەر گیرۆدەی پەتای دۆگماتیزم و لومپەنیزم نەکرایە ئەوا توانستی ھەڵگیرساندنی شۆڕشێکی مەزن و کاریگەری ھەبوو. بۆیە لەئاکامی تووشبوونی بەو پەتایانەوە؛ نەک ھەر نەیتوانی ببێتە رەوتێکی دۆگماشکێن، بەڵکو خۆی بووە رەوتێکی دۆگماداری داخراوی قاڵبداری موحافەزەکار. بەدیوێکی تریشیدا توخمە لومپەنەکانیشی بە ھەڵگەڕانەوەیان لە ھزری چەپ و چوونیان بۆ سەر رەوتی میللیگەرای سەرەتایی بەڵادار، ئیدی جگە لە کۆمەڵێک لیبۆک (موھەڕیج)ی ئەو رەوتە ھیچی دیکەیان لێ دەرنەچوو.
ئەو رەوتە؛ ھەرچەندە بەھۆی ئەوەی خەڵکی رەنجدەر و ھەژاری رێکخستەکردبوو و کەمێک لەو بوارشەوە ھەوڵی بەرچاوی دا، بەمەش توانستی بەرپاکردنی شۆڕشی لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتبوو، بەڵام ئەویش بەھۆی پەتاکانی سۆسیال شۆڤێنی گەلی سەردەست و مەیلە لومپنەییە بۆرژوازییەکانی سەرانیان، ئەو توانستە شۆڕشگێڕییەی ھەیبوو بە فیڕۆی دا و لەئاکامدا ئاوی لە ئاشی میللیگەرای سەرەتایی و سۆسیال شۆڤێنی گەلی سەردەستە کرد و لە پێگەی شۆڕشگێڕییەوە بەرەو پێگەی دژەشۆڕشی ھەڵخلیسکا.
ئیسلامی دەسەڵاتخوازیش (کە ھەڵەیە پێی بگووترێ ئیسلامی سیاسی!!)‌ لەسەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە،‌ وەک رەوتێکی ئایینی سیاسی باڵێکی وابەستەداری ئیخوانی موسلیمین دەرکەوت و دواتریش لە ھەشتاکاندا وەک رێکخستنێکی سیاسی و چەکداری گەشەی بەخۆیدا، نەک ھەر رەوتێکی دۆگمایی بوو، بەڵکو ھۆکار و بیانوو و پاڵنەری دەرکەوتنی ئەو رەوتە خەونە دۆگماییەکانی بوو، کە لە سەپاندنی دەسەڵاتێکی ئایینی (تیۆکراتی) رەھادا بەرجەستە دەبوو. بەڵام سەرەڕای ئەو وابەستەییەی بە رەوتە دەرەکییەکانی ئیسلامی دەسەڵاخوازەوە، زۆر براگماتیکیانە ھەڵسوکەوتی کردووە. ئەمڕۆ ئەو رەوتە باڵەکانی دیکەی رەوتە ئایینییەکانی تری وەک "سەلەفییەتگەرایی"شی تێوە خزاوە و بوونەتە چەندین گروپ و ھەر گرووپە، بە گوریسێکی ئەستوورەوە وابەستەن بە رەوتە ئایینییەکانی ناوچەکە و جیھانەوە.‌ ئەم رەوتەش جگە لە ئامرازبوون و مقاشبوون بۆ رەوت و ھێزە دەرەکییەکان و رۆڵگیر لە ھێشتنەوەی ھەژموونی دۆگمایی دەمارگیر ھیچ دیکە نیین. ‌  ‌
رەوتی لیبرالیزمی پاوانخوازیش کە لە ھەناوی ئەو رەوتانەی پێشووی خۆیەوە سەریھەڵداوە و ھێشتا لە ناو ئەو رەوتانەدا جموجۆڵ دەکات، لە دوای راپەڕینی ١٩٩١وە لەناو ئەو رەوتانەی تردا خەریکی گەرادانان و بنکۆڵکردنە. ئەگەرچی بە رووکار خۆی لە دەرەوەی دەسەڵات دەبینێت، بەڵام لە کردەییدا باڵێکی بەھێزی نێو ئەو دەسەڵاتە تاڵانکارییەی باشوورە و تادێت باشوور تەسلیمی سەرمایەی جیھانی دەکەن، تا لە سایەی داگیرکاریی لیبرالیزمی جیھانیدا ئەویش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لەم پانزە ساڵەی رابردوودا زۆرترین ھەوڵە تاڵانکارییەکانی سەرمایەی جیھانی لە رێگەی ئەو رەوتە وابەستەیەدا بووە. تەنانەت دوای رەوتی میللیگەرای سەرەتایی، سەرچاوەیەکی سەرەکی ئەو گێژاو و قەیرانەی ئێستای باشوور ئەو رەوتە تاڵانچییە بووە. مرۆڤ دەتوانێ بەروونی ئەوە بخاتەڕوو کە رەوتی لیبرالیزمی پاوانخواز لە باشووردا ھەڵگری ھزری لومپەنیزمە. لەڕێی ئەو رەوتەوە بۆیەکەمجارە لومپەنیزم بە ئەقڵییەت و کولتوور و کەسێتی لومپەنیستانەی خۆیەوە لە باشووردا خۆی رێکخستە و بەیان دەکات.‌    
لێرەوە دەتوانین ئەوە بخەینەڕوو کە؛ ئەو شەڕ و ململانێ و ناکۆکیانەی ئەمڕۆ لەنێوان رەوت و حزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکاندا ھەیە لە بنچینەدا شەڕی جیاوازییەکانیان نییە، چونکە جیاوازی زیھنی و ھزری و کولتورییان لەنێواندا نییە، ئەوەی ھەیە شەڕی پاوان و قەڵەمڕەوی و دەسەڵاتدارێتییە، بێگومان لە پشت ھەر یەکێکیان کۆمەڵێک دەوڵەت و کۆمپانیا و رایەڵ و تۆڕی ھەواڵگری ناوچەکە و جیھانی ھەن و چەندە بە گوێرەی خواستە پاوانخوازییەکانی خۆیان ھەڵسوکەوت دەکەن، دە ئەوەندەش بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندییەکانی ئەوان ھەڵسوکەوت دەکەن.
ئیدی ئەوە روونە کە؛ ئەو رەوتانەی ئێستا لە دەسەڵاتدارێتی دان، ئەوانەش کە مرخیان بۆ دەسەڵات خۆش کردووە،‌ لەرووی زیھنی و کولتووری و کارەکتەرەوە بەرھەمی دۆگماتیزم و لومپەنیزمن. ئیدی نەک ھەر توانستی گۆڕین و وەرچەرخانی ئەو دۆخەیان بەرەو دۆخێکی پۆزەتیڤ و لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادا نییە، بەڵکو تەواو چوونەتە بەرەی دژە گەل و کۆمەڵگاوە. وەھمێکی کوشندە و خەڵەتێنەرانەیە کە دەگووترێ؛ زۆنی زەرد و زۆنی سەوز و مۆر، زۆنی فڵان و زۆنی فیسار... لەبنچینەدا یەک زۆن ھەیە ئەویش زۆنی دەسەڵاتدارانە و ھەموو رەوت و حزب و لایەنە دەسەڵاتخوازەکان لەو زۆنە دان، بە کەم و زۆری قەبارە و توانستیانەوە. کۆی گەل و کۆمەڵگاش لە دەرەوەی ئەو زۆنەی دەسەڵاتدا مەمرە و مەژییە ژیان دەگوزەرێنێت و خەریکی سووکە بەرگری و بەرەنگاربوونەوەیەکی ناکاریگەرە.
بۆیە ئەم دۆخە دەبێ لە رەگەوە بگۆڕدرێت و چیدی ھەوڵە ریفۆرمیست و پینەوپەڕۆیەکان دادی ئەم دۆخە نادەن. مسۆگەر ئەمەش بە دەرکەوتنی ئەلتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕی ئەو گۆڕین و وەرچەرخاندنە ئەنجام دەدرێت. مسۆگەر ئەمەش بە بەرپاکردنی شۆڕشێکی زیھنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دێتەدی. بۆ بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە ھەمەلایەنەش ھزری شۆڕشگێڕی و پارادیمی شۆڕشگێڕی پێویستە، کارەکتەری شۆڕشگێڕی و رێکخستنی شۆڕشگێڕی پێویستە...
ھەوڵدەدەم لە بەشی داھاتوو و کۆتاییدا کەمێک تاوتوێی بابەتی ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگێڕی و پێداویستییە زیھنی و پارادیمی و کەسێتی و رێکخستنییەکانی بکەم.  
ماویەتی...

01/23/2017 19:55:23 | 1750 | Print Friendly and PDF