بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

جینۆسایدی مسوڵمانەکانی میانمار و پێکەنینەکەی سان سو کی

ئاوارە حسێن
ئاوارە حسێن


ئاوارە حسێن*

نە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نە پێکھێنانی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید، نەیانتوانی ڕێگربن لە ئەنجامدانەوەی جینۆساید و ئومێدێکبن بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی کە جارێکی تر ڕوبەڕوی جینۆساید نابنەوە. جینۆسایدە بەردەوامەکان لە حەفتا ساڵی ڕابردووو تا ھەنوکە، مرۆڤایەتی توشی ڕەشبینیکردووە و ئەو ئومێدەی کاڵکردەوە کە بتوانن وەک مرۆڤ یەکدی لە ئامێز بگرن و ئاشتببنەوە و ئاشتییەکی ڕاستەقینە بچەسپێنن.
لەپاش جینۆسایدکردنی توتسییەکانی ڕواندا لەلایەن ھوتووە دەسەڵاتدارەکانی ئەو دەوڵەتەوە لە ساڵی (١٩٩٤)، بە ئاشکرا ئەو پەیامە بە گوێی مرۆڤایەتیدا درا کە جارێکی تر جینۆساید لە ھیچ دەوڵەت و کیشوەرێکدا ئەنجام نادرێتەوە. پێکھێنانی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە دەستکەوتێکی یاسایی گرنگ ئەژمارکرا، ئەوەش لە کاتێکدابوو کە تا ئەوکاتە ھیچ دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی نەبوو بۆ دادگایکردنی تاوانکارانی جینۆساید و لێکۆڵینەوەکردن لە تاوانەکانیان.
بەڵام ھێشتا پرۆسەی دادبینیکردن لە کەیسی جینۆسایدی توتسییەکان نەچوبووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو پەیامەی بە مرۆڤایەتی درا خنکێنرا و مزگێنییەکەش بە تەنھا دروشمێک بوو نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەر ئەوەبوو لە دەوڵەتانی سیرالیۆن، سودان، سریلانکا، تورکیا، سوریا لەدژی گروپە نەتەوەیی، نەژادیی، ڕەگەزیی و ئاینییەکان جینۆساید ئەنجامدرا. نوێترین جینۆسایدیش بریتی بوون لە جینۆسایدی شەنگال، کۆبانێ، باشووری سودان و مسوڵمانەکانی میانمار.
لە ناو ئەو جینۆسایدانەدا جینۆسایدی مسوڵمانەکانی میانمار کە تا ئێستاش بەردەوامە بووە بە مانشێتی میدیاکانی جیھان و زۆرترین دەنگدانەوەی ھەیە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە چەندین ڕاپۆرتدا جەخت لەسەر ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە.
پێشێلکردنی ترسناکی مافەکانی مرۆڤ، پاکتاوی ڕەگەزی، دەستدرێژیکردنە سەر ناموسی ژنان، سوتاندن و ڕوخاندنی گوندەکان و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی مسوڵمانەکانی میانمار لەو تاوانە دیۆکۆمێنتکراوانەیە کە لەلایەن بودییە دەسەڵاتدارەکانی ئەو دەوڵەتەوە لە دژیان ئەنجامدەدرێت.
لە بەردەوامی ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی ئەو جینۆسایدەوە دەنوسرێن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ھۆکاری جینۆسایدەکە بە تەنھا لەبەر ئەوە نییە کە گروپی قوربانی پەیڕەوی ئاینێکی جیاواز دەکەن لە گروپی تاوانکار. بەڵکو ھۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە مسوڵمانەکانی میانمار لە بنچینەدا ھاووڵاتی بەنگلادیشن و کۆچیان بۆ ئەوێ کردووەو بە ھۆکارێکی سیاسی ئەژماردەکەن. کە ئەگەر ھۆکارەکەشی ئەوە بێت ئەوا دیسان پێچەوانە و پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتییە و بەجێھێشتنی دەوڵەتێک و نیشتەجێبوون لە ھەر دەوڵەت و کیشوەرێکی تر مافێکە یاسای نێودەوڵەتی دەستەبەری کردووە بۆ ھەموو گروپێکی مرۆیی بەبێ جیاوازی نەتەوەیی، نەژادی، ڕەگەزی، ئاینی، ڕێبازی ئاینی، بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئەوەی لەم نێوەندەدا ناوی دەھێنرێت و زۆرترین ڕەخنەی ڕوبەڕو دەکرێتەوە (ئۆنگ سان سو کی) سەرۆک وەزیرانی میانمار و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٩١)ە. کە ئەو ژنە بەرھەڵستکارو مافخوازەی میانمار نەک تا ئێستا ھەڵوێستێکی ماناداری نەبووە بەڵکو بێدەنگییەکەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە ڕەوایدان بەو جینۆسایدە دادەنرێت. ئەو ڕەخنانەش لەدژی ئەو ھەڵگرەی نۆبڵی ئاشتی کاتێک زەقبونەوە کە لە (١/١٢/٢٠١٦) لە سەنگاپورە لەبەردەم ئامادەبوانێکی زۆردا بە پێکەنیەوە ئاماژەی بۆ جینۆسایدی مسوڵمانەکانی دەوڵەتەکەی کرد و بە ھەواڵێکی ھەڵبەستراو پەسنی کرد و وتی دۆخەکە لەژێڕ کۆنترۆڵدایە. ئەو گرتە ڤیدیۆ پێکەنینەی لەلایەن چل ھەزار کەسەوە بڵاوکرایەوە، تەنانەت ئەنجومەنی نێودەوڵەتی بیرمەندانی جینۆساید وەک ڕەخنەیەک لەدژی ئەژماریانکرد. کە کەسێک سیموبڵی ئاشتی و دژە جەنگ بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی جیھان بە تاکە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و بەدەنگی ویژدان و مرۆڤایەتی زانرابێت، کەچی لە ئاست پێشێلکردنی ئاشتی و شکاندنی شکۆی ژنانی دەوڵەتەکەی نەک ناھەژێت بەڵکو پێکەنینی پێیان دێت.
ئەو جینۆسایدەیەی کە ئێستا مسوڵمانەکانی میانمار لەلایەن بودییەکانەوە دووچاری ھاتوون، بودییەکان خۆیان لە دەوڵەتی کەمبۆدیا و لە دەوڵەتی تیبتی داگیرکراودا ھەمان قوربانی جینۆساید بوون.
ھەر ئەوەشە کە ئاراستەی ڕەخنەکان ڕوو لە ئونگ سان سو کی و بودییەکانە، کە نابێت گروپێک لەبەرامبەر ئاین و نەتەوە جیایدا جینۆسایدکرابێت و کەچی مافی ئاین جیایش بۆ گروپێکی تر بە ڕەوا نەبینێت، کە یاسای نێودەوڵەتی دەستەبەریکردووە.
ھەربۆیە پاراستنی مسوڵمانەکانی میانمار لە جینۆساید و چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان مسوڵمانەکان و بودییەکانی ئەو دەوڵەتەدا پێویستی بە بەدەستھێنانەوەی ویژدان و ھەستکردنە بەوەی کە ئەو جینۆسایدە بە تەنھا لەدژی گروپێکی ئاین جیاواز ئەنجامنەدراوە، بەڵکو جینۆسایدێکە لە دژی مرۆڤایەتی و برین و ئازارێکە لە ھەناو ویژدانی گشتیدا.

01/18/2017 20:31:31 | 980 | Print Friendly and PDF