بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

دەوڵەتی کوردی و تایپەکانی دەوڵەتی مۆدیرن

د.عرفان مستەفا
د.عرفان مستەفا


د. عرفان مستەفا
(بەشی شەشەم و کۆتایی)
٢/٣) ھەوڵەکانی دروستکردنی دەوڵەتێکی رانەگەیێنراو لە باشور
چارەکە سەدەیەکە کوردی باشور خاوەنی سنورێکی سیاسی جیاکراوەیە لە دەوڵەتی عیراق بەبێ ئەوە جیاکردنەوەی ئەو سنورە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوە بووبێت کە دەوڵەتێکی کوردی لەو سنورەدا دروست بکرێت. بوونی سنورێکی سیاسی پارێزراوی لەو جۆرە لە لایەن کۆمەڵەگای نێودەوڵەتییەوە ھەلی بۆ کوردی باشور رەخساندووە بتوانێت دەوڵەتێکی رانەگێنراو لەو سنورە سیاسیەدا دامەزرێنێ ئیتر بە ھەرناوێکەوە بێت.
بێگومان بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشور لەبەر ئەوەی گەیشتنی بە دروستکردنی دەوڵەت ھەر لەسەرتاوە دواین ئامانجی بووە، ھەوڵی داوە بۆ ئەوەی لەو مەعدەنە فرەتوخم وفرەرەنگە لە رێگەی پرۆسەی بە یەککردنی کو‌لتورییەوە بە یەکێک لەو سێ کولتورەی کە دەوڵەتی پێدادەمەزرێنی ھەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی رانەگەیێنراو بدات. بۆ ئەم مەبەستەش چەند بەرەیەکی جیاواز لە ئارادا بوون و ھەریەک لەوانە ھەوڵی داوە بە یەکێک لەو سێ کولتورەی دامەزراندنی دەوڵەت کە پێشتر باسمانکردن دەست بە پرۆسەی بەیەککردنی کولتوری بکات و تایپێک لە دەوڵەتی مۆدێرن بە یەکێک لەو سێ کولتورە دروست بکات.
ھەر لەسەرتای ئەو چارەکە سەدەیەدا حکومەتێک دادەمەزرێت بەبێ ئەوەی پرۆسەی بەیەککردنی کولتوری ئەنجام درابێت. ئەو حکومەتەی کە دادەمەزرێت پشت بەو دامودەزگایانەی وسیستەمی کارکردنەیان دەبەستێ کە دەوڵەتی عیراقی بۆ راگرتنی پرۆسەی چوونەیەککردنە کو‌لتورییەکەی خۆی لە کوردستاندا وەک دامودەز‌گایەک دای مەزراندبوون. خوێندنگاو زانکۆکان ھەر بەھەمان سیستەمی پەروەردەی و ھەمان زمان وھەمان کولتور و تەنانەت ھەمان ئەو کادیرو فرمانبەرانەی سەردەمی رژێم کارەکانی خۆیان بەرێوە دەبرد. بۆیە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دامودەزاگەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چونەیککردنی کولتوری ھەر لە سەرەتاوە ئامادە نەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سێ ھەوڵی جیاواز بۆ دروستکردنی ھەر سێ تایپەکەی دەوڵەتی مۆدێرن بە ھەرسێ کولتورە جیاوازەکەی بەدیدەکرا.
ھەر لەسەرتاوە ململانێی سیاسی لە نێوان چەند بەرەیەکی جیاوازدا سەرھەڵدەدات، گەر لەسەر بنەمای ئەو سێ کولتورەی دروستکردنی دەوڵەتی مۆدێرن بەرە جیاوازەکان دەستنیشان بکەین ئەوە دەتوانین سێ بەرەی جیاواز لە یەکتر جیا بکەینەوە کە ھەریەکەیان ئامانجی ئەوەبوو یەکێک لەوسێ تایپەی دەوڵەت بە چوونیەککردنە کولتورییەکەی ئەو ‌ تایبەتەکە لە سنورە سیاسیەکەدا دروست بکرێت. بەرەکانیش ئەمانەن:
١. بەرەی ئایدیۆلۆجیستەکان و دامەزراندنی دەوڵەت لە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەیدا:
بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامیەکەی کوردستان کە لە چەند گروپێکی سیاسی جیاوازدا خۆیان نیشاندەدا دەتوانین لە ناو ئەو بزووتنەوانەدا پۆلێنیان بکەین کە ئامانجیان دروستکردنی دەوڵەتێک بوو لە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەیدا، وەک: دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتە سۆشیالیستیەکانی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران.
لە ململانێ ئایدیۆلۆجی و سیاسیەکەی بەرە جیاوازەکاندا بەھۆی نەبوونی میکانیزم و کولتورێکی پەروەردەیی و کادیری پێگەیشتوو و بەرگریکردنی گروپە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان،‌ گروپە چەپەکانی باشور ھەر لەسەرتاوە شکست دەھێنێن لەوەی کە لە رێگەی کولتورێکی ئایدیۆلۆجی سوشیالیستییەوە پرۆسەی چوونیەککردنی کولتوری ئەنجام بدەن و تایپێکی ئایدیۆلۆجی لە دەڵەوت بە کولتورێکی سۆشیالیستی بخەنە سەرپێ.
پارتە ئیسلامیەکانیش وەک پارتە چەپەکان چاویان لە دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن بوو لە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەیداو ئەوەی کە ئەوانی جیادەکردەوە لە چەپەکان تەنھا جیاوازی ئایدۆلۆجی بوو. پارتە ئیسلامیەکان بە تایبەتی ئیخوان بەھۆی ئەوەوە کە میکانێزمێکیان بۆ چاندنی ئایدۆلۆجیاکەیان ھەبوو و جگە لەوەش رەوایەتیەکی کۆمەڵایەتیان ھەبوو چونکە ‌سەرەتا بە ناوی سیاسەتەوە کاریان نەدەکردو بە ناوی ئاینەوە کاریان دەکرد. بەھۆیەوە ئەوان بواریان ھەبوو بۆ چاندنی ئەو ئایدیۆلۆجیای کە ھەیانبوو لە رێگەی میکانیزمێکی پەرەوەردەییەوە.
ئەوان لەسەرەتادا سەرکەوتنێکی باشیان بەدەست ھێنا، بەڵام دواتر بەھۆی ئەو بەرگرییەی کە لە بارستە ئاینییە فرە توخمە ئاڵۆزەکەدا ھەبوو، شکستیان ھێنا لەوەی کە ئەو ئایدیۆلۆجیایە لە ناو تاکەکاندا بچێنن و ئەو پرۆسە پەروەردەییە رێکخراوە توندوو تۆڵەی کە وەک میکانیزمی چاندنی ئایدۆلۆجیاکەیان بەکاریان دەھێنا نەیانتوانی پەرەی پێبدەن و پرۆسەی چوونیەککردنە کولتوریەکە بە ئایدۆلۆجیاکەیان بگەینن بە ئامانجی خۆی. لە ئێستاشدا بۆ مانەوەی خۆیان دەستبەرداری ئەوە بوون کە دەوڵەت بە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەی دروست بکرێت و قبووڵی ئەوەیان کردووە کە بچنە ناو ئەو بەریەوە کە بە کولتورە پیشەیەکە دەیەوێت دەوڵەت لە تایپە پیشەییەکەیدا دامەزرینێ. گەر ئەم بزووتنەوە مەزھەبیە لە پرۆسەی چوونیەککردنە کولتوریەکەیدا بە ئایدیۆلۆجیای ئیخوانی، سەرکەوتوو بوایە،‌ ئەوە دەوڵەتێکی رانەگەینراوی لە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەیدا دامەزراندبوو.
ئەوەی ئەوانی بەرەو ئەوە برد کە دەست لەو پرۆسەی چونییەککردنی کولتورییە بە ئایدۆلۆجیا ئیخوانییە مەزھەبیەکە ھەڵگرن، لە راستیدا بەھێزی پارتە دەسەڵاتدارە نادینیەکان نەبوو بەڵکوو بەھۆی ئەوەوە بوو کە ئەوان لەو وەھمەدا دەژیان کە زۆرینەی خەڵکی ئەو سنورە موسڵمانەو دەچێتە مزگەوت و نوێژ دەکات بەڵام بیری لەوە نەکردبوویەوە کە ئەو زۆرینەیە ئاینەکەی ئاینیکی مەزھەبی نییەو ئاینی تەریقەتە و جگە لەمەش ئاینی تەریقەتیش دابەشبووە بەسەر نەقشبەندی وقادریدا ولەلایەکی تریشەوە ھەریەکە لەوانە بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە تەریقەتی نەقشین فۆرمی تایبەت بە خۆیان ھەیەو لە یەکتری جیاوازن. جگە لەوەش ژمارەیەک لەو خەڵکە شیعە مەزھەبەو ژمارەیەکی تریشی مەسیحین و ژمارەیەکی تریشی سەر بە ئایینە کوردیەکان و ئەو گروپە ئاینیانەن کە پێناسەکردنیان ئاسان نییە.
گۆڕینی ئەو ھەموو ئینتما مەزھەبی و ئاینی و تەریقەتییانە بۆ ئینتمایەکی مەزھەبی کە ھەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکی ھاوردەکراوە ‌کارێکی مەحاڵەو گەر لە رێگەی ھێزیشەوە ئەوە بکرێت، پێویستە بە بوونی ھێزێکی سوپایی بەھێزە کە ھەڵگری ئەو ئایدیۆلۆجیایە ‌بێت، ئەمەش ‌ بەھیچ شێوەیەک زەمینە دروستبوونی لە ناو کوردا نییە. ئەوە رێگرە راستەقینەیە لەبەردەم ئەو بەرەیەدا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بە تایپە ئایدیۆلۆجیەکەی ھەیە، بوونی ئەو بارستە ناوچوونیەک و فرەگروپەی ئاینە لە ناو خەڵکی کوردستان و میکانیزمی بەرگریکردنیان لە مانەوەی خۆیان و نەتوانەیە لە ناو فۆرمێکی ئایدیۆلۆجی مەزھەبیدا.
٢. بەرەی رۆشنبیران و دروستکردنی دەوڵەت بە کولتوری میدیایی
بەری دووەم ھەر لەسەرتای نەوەدەکانەوە رۆشنبیرانی دوای راپەڕین رابەرایەتیان دەکرد. ئەوانەی لەبەرەی رۆشنبیران بوون کاریان بۆ ئەوە دەکرد پرۆسەی چونیەککردنی کەلتوری بە رۆشنبیریەکی باڵا و زمانێکی ستاندارد لە کۆمەڵگادا ئەنجام بدەن. میکانیزمی پرۆسەی چونیەککردنەکەیان میدیای بیستراو و بینراو بوو. لای ئەم بەرەیە رۆشنبیران ئەوانەن لە رێگەی ئەو کولتورەی کە بەرھەمی دەھێنن و لە رێگەی بڵاوکراوەکانیانەوە لە ناوخەڵکی خوێندەواردا دەیچینن، دەتوانن پرۆسەی چوونیەککردنی کەلتوری و زمانی سەربخەن و کۆمەڵگایەکی چوونیەکی خەیاڵکردی وەک ئەو کۆمەڵگایە دروست بکەن کە ئەندرسن بە نەتەوە ناوی دەبات.
ئەم رۆشنبیرانە پێیان وابوو ئەو ئەرکە ئەرکی کەسانی سیاسیی ناو پارتە ‌سیاسیەکان نییەو ئەرکی ئەدیبان وشاعیران ونوسەرانە و ئەوە ئەوانن دەتوانن ئەو بارستە ئالۆزە فرەتوخمەی زمان و کولتوری کوردی بگۆڕن بۆ بارستەیەکی چوونیەک و ھەموو پێکاھاتە کولتوری وزمانییەکان لە یەک پێکھاتەی کولتوری و زمانیی سەرتاسەریدا کۆبکەنەوە، ئەوە ئەوانن دەتوانن ئینتمای خەڵکی ناوسنورە سیاسیەکە بۆ زمان وکولتورە جۆراوجۆرەکانی ناو ئەو بارستە زمانیی و کولتورییە بگۆڕن بۆ تاکە کولتور و تاکە زمانێک کە ئەوان لە رێگەی بڵاوکراوەکانیانەوە دایان مەزراندووەو پەرەیان پێداوە.
ئایا رۆشنبیرانی دوای راپەڕین لەم پرۆژەی چوونیەککردنە زمانی و کولتوریەدا سەرکەوتوو بوون؟ بێگومان رۆشنبیرانیش وەک ئایدیۆلۆجستەکان لەم پرۆسەیەدا شکست دەھێنن . ھۆکاری شکستھێنانی رۆشنبیران لە پرۆسەی چونیەککردنی کولتوری دامەزراندنی دەوڵەتە رانەگەینراوەکەدا بەھۆی ئەو ململانییەوە نەبوو کە لە نێوان ئەوان و حزبە دەسەڵاتدارەکاندا ھەبوو، ئەمە لە راستیدا پێچەوانەکەی دروستە.
رۆشنبیران بۆ ئەوەی کتێب ونوسینە بڵاوکراوەکانیان لەلایەن خوێندەوارانی ئەو سنورە سیاسیەوە بخوێنرێنەوەو بەھۆی خوێندنەوەیانەوە ئینتمایان بۆ ئەو جیھانە خەیاڵکردە بۆ دروست ببێت کە لەو کولتورەدا ھەیە، دەبێت بەر لە ھەمووشتێک ھەوڵی ئەوە بدەن ئەو زمانەی پێی دەنوسن بیکەن بە زمانێکی سەرتاسەری خوێندنەوەو نوسین. ئەوان لەم کارەیانەدا رووبەروو دوو زمان و کولتوری باڵای جیاواز دەبنەوە.
ئەو زمانەی رۆشنبیران پێیان دەنوسی ئەو زمانە پەرەسەندووە بوو کە پێشتر کو‌لتوری باڵای سۆرانیی پێی نوسراوەتەوەو لەسەرتاکانی سەدەی بیستەوە بە پرۆسەی بە مۆدیرنکردندا رۆشتووەو بووە بە زمانی ئەدەبیات و نوسینی مۆدێرن. بەڵام ئەو زمانەی ئەوان پێیان دەنوسی رووبەڕوو دەبوویەوە لەگەڵ دوو زمانی تردا کە زمانی دوو کو‌لتوری باڵابوون. یەکییان ئەو زمانەیە کە ئەدەبیات و کولتوری باڵای کرمانجی پێ نوسراوەتەوەو لە سەرتای سەدەی بیستدا لەلایەن رۆشنبیرانەوە وەک زمانی کولتورە سۆرانیەکە بە پرۆسەی بە مۆدیرنکردندا براوەو بووە بە زمانی ئەدەبیات وکولتورێکی نوسراوی مۆدیرن. لەگەڵ ئەو زمانەدا کە ئەدبیات و کولتوری باڵای گۆرانی پێ نوسراوەتەوەو ھێشتا لەلایەن رۆشنبیرانییەوە ‌لەسەرتای پرۆسەی بە مۆدێرنکردندایە.
رۆشنبیران ھوشیاربوون بەوەی کە پرۆسەی چونیەککردنە کولتوریەکەیان سەرناگرێت ئەگەر ھاتوو نەتوانن لە رێگەی چونیەککردنی زمانییەوە زاڵبن بەسەر ئەو بەربەستە زمانیانەدا کە ھەریەک لەو دوو زمانەی باڵایە ھێنابوویە بەردەم خوێندنەوەی نوسین وبڵاوکراوەکانیان لەلایان خوێندەوارانی سەر بەو دوو زمان وکولتورە باڵاییە.
بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە رۆشنبیران بە بیانووی ئەوەی کە زمانێکی ستاندارد بۆ حکومەت دروست دەکەن، کاریان لەسەر ئەوە کرد کە ئەو زمانەی خۆیان پێی دەنوسن لە رێگەی دەسەڵاتی سیاسییەوە کە بە دەستی دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە بوو لە قوتابخانەو زانکۆکان و دامودەزگاکاندا بسەپینرێت. دەسەڵاتی سیاسیش بوونی زمانێکی ستانداردی بە پێویست دەزانی و لەمەشدا کۆمەکی رۆشنبیران وکەسانی ئەکادیمی کرد تا ئەو پرۆسەی چونییەککردنە زمانییە ئەنجام بدەن و ئینتمای خەڵکی ناو سنورەکە بۆ سێ زمانی سێ کلتوروئەدەبیاتی باڵا بگۆڕن بۆ ئەو زمانەی کە ئەوان پێیان دەنوسی، تا نوسین بڵاوکراوەکانیان لە لایەن خوێنەوارانی سەرانسەری ئەوسنورە سیاسیەدا بخوێنرێنەوەو جیھانێکی ھاوبەش بۆ ھەموویان دروست بکات وبەمەش پرۆسەی چوونیەککردنە کولتورییەکەیان بگات بە ئەنجامی خۆی و دەوڵەتە رانەگەینراوە لە سەر ئەو سنورە سیاسییە دامەزرێت و چاوەڕێی ھەلێک بکرێت بۆ راگەیاندن و رەوایەتی وەرگرتن بۆ بوونی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە.
ئەوەی کە بەرگری لەم چوونیەککردنە زمانی و کولتوریەی رۆشنبیرانی دوای راپەڕین کرد، لە راستیدا دەسەڵاتی سیاسیی نەبوو، بەڵکو ئەو بەرگرییە توندەبوو کە لەلایەن رۆشنبیران و خوێنەرانی سەر بەو دوو زمان وکولتورە باڵایە کرا کە رۆشنبیران دەیانویست بە پرۆسەی چوونیەککردنی زمانی وکولتوریدا بیانبەن و ئینتما بۆ ئەو زمان و کولتورە بکەن کە خۆیان بەرھەمی دەھێنن. ئەم پرۆسەی چونییەکردنە زمانییە نەک چوونیەککردنی زمانی لێنەکەوتەوە بەڵکوو ئەنجامەکەی تەواو پێچەوانەبوو. ئەمە وایکرد رۆشنبیران و خوێنەران و کەسانی ئەکادیمی سەر بە دوو زمانەکەی تر زیاتر ئینتمای خۆیان بۆ زمان و کولتورەکەیان بەھێز بکەن و زیاتر پەرەی پێ بدەن.
لە بادینان کرمانجیەکە دەکرێت بە زمانی نوسینی نامەی ماستەرو دکتورا لە بوارە جیاجیاکانداو لە ھەورامانیش رۆژنامە بە ھەورامی دەردەچێت و رۆشنبیرانی ئەو ناوچەیە دەست بەدانانی فەرھەنگ و نوسینەوەی رێزمان و دەنکسازی و دانانی رینوسێکی مۆدێرن دەکەن و بەمەش ئەو پرۆسەی چونیەککردنە زمانییەی رۆشنبیران کۆتایی پێدێت و لەگەڵ خۆیشیدا کۆتایی بە پرۆسەی چونیەککرنە کولتوریەکەشیان دێت و ناتوانن ئەو دەوڵەتە لەوتایپەدا دروستبکەن کە ئەندرسۆن باسی دەکات وپێی وایە لە ئەمریکای لاتینی دەوڵەتی پێدروست کراوە.
شکستی ئەو پرۆسەیە بە ھۆی بێ ئاگایی تەواوی رۆشنبیران بوو لە ناسینی ئەو بارستە زمانی وکولتورییە فرەتوخمەی کە ئەوان وەک کەرەستەی دروستکردنی ئەو تایپە لە دەوڵەت دەیانبینی و کە شێوەکەی لەلای خۆیانبوو.
٣- بەرەی پیشەییەکان و دروستکردنی دەوڵەت بە کولتوری پیشەیی
کولتوری پیشەیەش یەکێک لەو سێ کولتورە کە بەھۆی پرۆسەی چوونیەککردنی زمان و کولتوریی پیشەییە وە لە رێگەی پەرەوەردە وخوێندنی پیشەیی مۆدیرنەوە لە ناو ئەو تاکانەی ناو سنورێکی سیاسی دانپیانراودا دەچێنرێت کە ئینتمایان بۆ چەند کولتورێکی ئەتنیکی و ئاینی و خیڵەکی جیاواز ھەیەو لە ئەنجامدا ئەو تاکانە ئینتما بۆ جیھانە پیشەییەکەیان دەکەن و لەو جیھانەدا وەک کەسانی سەر بە پێکھاتەیەکی کولتوریی و زمانیی تازەی چونییەک کۆدەبنەوە. ‌سەرگرتنی ئەم پرۆسەی چونیەککردنە، دەوڵەتێکی پیشەیی لەو سنورەدا دادەمەزرێت.
زۆربەی ئەو دەوڵەتە ئەورپیانەی کە بە ناوی دەوڵەتی نەتەوە ناودەبرێن دەوڵەتی پیشەیین و ئەوەی کە ئەو دەوڵەتانەی راگرتووە کولتورە پیشەییەکەو زمانی ئەو کولتورەیە نەک کولتورە نەتەوەییەکەی ئەو میللەتانەی کە لەو سنورە سیاسییەدا بوونیان ھەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە لە دەوڵەتی پیشەیی بووەتە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە زمان و کولتورە نەتەوەییەکانی ئەو نەتەوانەی کە کەوتوونەتە ناو سنوری ئەو دەوڵەتەوە و بوونەتە نەتەوەی بن دەست بەرەوپوکانەوەو نەمان بچن. سوکتلەندیەکان و ویلزیەکانی بەریتانیا و چەرکەسەکانی تورکیاو ئازەریەکانی ئێران نموونەی ئەو نەتەوانەن کە کولتورە نەتەوەییەکەیان بەھۆی کولتورە و زمانە پیشەییەکەی ئەو دەوڵەتانەوە بەرەو پوکانەوە چووە. ئەو نەتەوەیەی کە وەک کورد بەرگری لە زمان و کولتورە نەتەوەییەکەی خۆی کردووە لە بەرامبەر ھەیمەنەی زمان و کولتورە پیشەییەکەی دەوڵەتدا، ئەوە لەلایەن دەوڵەتەوە تووشی کارەساتی گەورە بووە.
ئایا ئەو بەرەیەی کە لە سەریەتی لەو سنورە سیاسییەی باشوردا کە لە دوای راپەڕین لە دەوڵەتی عێراق جیاکراوەتەوە بە پرۆسەیی چوونەیەککردنی زمانی و کولتوری کولتورە پیشەییەکە بەسەر جیاوازییە زمانی وکولتوریەکانی ناو ئەو سنورەدا سەرکەوێت و دەوڵەتە رانەگەینراوەکە دامەزرێنێ کامەیە؟ ئایا توانیویەتی کارەکەی خۆی بکات؟ گەر شکستی ھێناوە ھۆکاری شکت ھێنانەکەی چییە؟
بەھێزترین دەسەڵاتدارترین بەرە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی رانەگەینراو لە باشوری کوردستان، ئەو بەریەیە کە ئیمکانیەتی ئەوە لەبەردەستیایەتی بە چوونیەککردنی زمان و کولتوری پیشەیی کۆتایی بەو جیاوازی و فرەییە بھێنێ کە لە بارستە کولتوری وزمانیەکەدا ھەیەو ئەو یەکبوونە دروست بکات کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێرن پێویستی پێیەتی.
ئەم بەرەیەش خۆی لە دوو حزبە دەسەڵاتدارەدا دەبینێتەوە کە بە (پارتی دیمکراتی کوردستان) و (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) ناسراون. ھەردوو حزبەکە بەھۆی ئەوەی بە درێژای ئەومێژووە حزبی دەسەڵاتداری ناوحکومەت بوون، دامودەزگای پەرەوەردەیی وپیشەیی ھەمووی لە بەردەست خۆیاندا بووە. پرۆسەی چونیەککردنی کولتوریش بە کولتورە پیشەییەکە لە رێگەی خوینگاکان و زانکۆو پەیمانگاکانەوە ئەنجامدەدرێت و ئەو کولتورە لە ناو تاکانی سەر بە گروپە ئیتنیکی و زمانی و ئاینیی و خیڵەکییە جیاوازەکان ھەر لە رێگەی ئەو دامودەزگایانەوە دەچێنرێت و ئینتما لەلایان بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەیی و زمانەکەی دروستدەکرێت و وەک کەسانێکی پیشەیی پێدەگەینرێن و کاروبارەکانیان رادەست دەکرێت.
ئایا ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی کە ھەردووحزبەکە تیایدا بەشداربوون، ھوشیاری بەوە ھەبووە کە دروستکردنی دەوڵەتێکی رانەگەینراوی پیشەیی لە ئەستۆی ئەوانەو دەبێت پرۆسەی پەروەردەی پیشەیی وفێرکردن لە خوێندنگاو پەیمانگاو زانکۆکاندا پەرە پێبدەن و کۆمەڵگایەکی پیشەیی بەھێز دروست بکەن کە بتوانێت دەوڵەتەکە رابگرێت؟ بێگومان واقعی ئێستامان پێمان دەڵێت ئەو بەرپرسیاریەتییە لەلایەن ئەوانەوە تەواو پشتگوێ خرا، ئەوانەش کە لە زانکۆکان دەردەچوون بەھۆی ئەوەوە کە گرنگی بە پەروەردەکردنیان نەدرابوو و تەنھا لە رێگەی ئەو بڕوانامەیەی پێیان بەخشرابوو وانیشاندراون کەسا‌نێکی پیشەیین و لە کاتێکدا ئەوان ھیچ پیشەیەکیش لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنەکەیاندا فێرنەبوون و لە کۆمەڵگایەکی پییشەییدا پێکەوە بۆ کارکردن کۆنەبوونەتەوە.
ستراتیجی زانکۆکانی کوردستان دروستکردنی بەتاڵەیەکی دھمامکداربوو بە ناسنامەیەکی پیشەیی. ئەم راستییە لە کۆبوونەوەیەکی مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین لەلایەن وەزیری پێشوتری وەزارەتی خوێندنی باڵاوە راگەینراو و مامۆستایان ئاگادارکرانەوە کە دەبێت قوتابیەکان بە ھەر شێوەیەک بێت دەرچێنن و بڕوانامەیان پێ بدرێت، چوونکە ئامانجی زانکۆکانی کوردستان و وەزارتی خوێندنی باڵا دروستکردنی بەتاڵەی دەمامکراوە بە دەموچاوی کەسانێکی پیشەیی و کاری مامۆستایانی زانکۆ پێگەیاندنی کادری پیشەیی و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی نییە. کاتێک ستراتیجی خوێندنی باڵا ئەمە بێت ئەوە بێگومان ئەو بەرەیەش شکست دەھێنێ لە پرۆسەی چونیەککردنی کولتوری و زمانی لە رێگەی کولتورە پیشەیەکەوە. شکست ھێنانی ئەم پرۆسەیەش شکست ھێنانی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە رانەگەینراوە پیشەییەیە کە چاوەڕێدەکرێت.
ئەوەی کە بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە باشوری کوردستاندا ماوەتەوە ئەوەیە کە بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ساختەی پیشەیی لە رێگەی بەتاڵە دەمامکراوەکانەوە دروست بکات لە چەشنی ئەو دەوڵەتە عەرەبیانەی کە بە ھۆی ئابووری نەتەوە وەک دەوڵەتی پیشەسازی خۆیان نیشاندەدەن، لە کاتێکدا تەنھا دەوڵەتێکی بازرگانین و ئەوەی کە دەوڵەتەکەی راگرتووە بازرگانی نەوت و ئەو کەلوپەلانەیە کە دێنە ناو بازاڕەکانیانەوە. بەڵام ئایا ئەم بەرە پیشەییە دەمامکراوە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی وەک ئەو دەوڵەتە عەرەبیە پیشەییە دەمامکراوانە بە دەوڵەتی پیشەیی سەرکەوتوو دەبێت؟ بێگومان سەرکەوتوو نابێت. ھۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو مەعدەنەی کە شێوەی ئەو جۆرە لە دەوڵەتی پێدراوەو دەوڵەتەکەی لێدروستکراوە،‌ ھەمان ئەو مەعدەنە نییە کە لە باشوری کوردستاندا دەبێت لە رێگەی پرۆسەی چوونیەککردنی کولتوریی و زمانییەوە شێوەی دەوڵەتی پێبدرێت و دەوڵەتەکە راگرێت. بۆیە ئەوشێوە خەلیجییەی دەوڵەت گەر بدرێت بەو مەعدەنە کوردییە بۆ دروستکردنی پەیکەری دەوڵەت ئەوە بە ھۆی ئەو بەرگرییەی کە لە مەعدەنە کوردییەکەدا ھەیەو لە مەعدەنە خەلیجیەکەدا نەبووە شێوەکە وەرناگرێت و پەیکەرەکەش دروست نابێت.
ئەو بارستەیەی کە لە سنوری سیاسی و دەوڵەتێکی وەک ئیمارتدا ھەبووە، پێکھاتەیەک بووە لە کۆمەڵە خێڵێکی سادەی لە خۆدا چوونیەک کە ئینتمایان بۆ زمان و کولتورێکی پیشەیی مۆدیرن ھەیە بە ھیچ شێوەیەک خۆیان بەشداریان لە بەرھەمھینانیدا نەکردووە و بە ژیانێکی دوور لە ژیانی مۆدێرن ژیاون و ئەوەی لەلایان گرنگ بووە تەنھا بەخوێکردنی حوشترەکانیان و پەیداکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان بووە. ئەم خێڵانە ھیچ کیشەیەکی زمانی و کولتوری و ئەتنیکی ومەزھەبیان نەبووە و ھەموویان ئینتمایان بۆیەک زمان و کولتورو مەزھەب ھەبوو، ئەویش ئەو زمان و کولتورو مەزھەبەیە کە زۆرینەی عەرەب ئینتمای بۆی ھەیە. گەر خەڵکی باشوری کوردستانیش وەک ئەوان دابەشبوایە بەسەر چەند خێڵیکی سەرەتایی لەو جۆرەدا کە ھەمان ئینتمایی زمانی و مەزھەبی و کولتوریان ھەبێت، ئەو کاتە مەعدەنەکەی مەعدەنێکی سادە و یەک توخم دەبوو و پێویستی بە توانەوەو چونیەککردنی ئەوھەموو گروپە جیاوانە نەدەبوو و بە ئاسانی شێوەی دەوڵەتەکەی وەردەگرت. ئەوەی وا دەکات دروستکردنی دەوڵەتێکی رانەگەینراو لەو چەشنە لە باشوردا مومکین نەبێت ھۆکارەکەی ھیچ نییە جگە لە جۆری ئەو مەعدەنەی کە دەوڵەتەکە لێدروست دەکرێت. ئەمەش ئەوە دەگەینێ کە مەعدەنی کورد ئەو شێوەیە لە دەوڵەتیش قبوڵناکات کە لە خەلیجی عەربیدا ھەن. ئەی کەواتە دەبێت ئەو مەعدەنە چ شێوەیەک لە شێوەکانی دەوڵەت قبوڵ بکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، وەڵامدانەوەی ئەو رێگایەمان بۆ دەدۆزێتەوە کە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەمانبات.

01/10/2017 15:30:12 | 1252 | Print Friendly and PDF