بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

دەوڵەتی کوردی و تایپەکانی دەوڵەتی مۆدیرن

د.عرفان مستەفا
د.عرفان مستەفا


د. عرفان مستەفا
(بەشی پێنجەم)
٢/٢) زەمینەو کەرەستەی دروستکردنی دەوڵەت لە باشوری کوردستان
لەدوای کۆڕەوە ملیۆنیەکەی باشوری کوردستان بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکی کوردستان لە دەستی رژێمە سنوربەزێنەکەی عێراق، نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رێگەگرتن لە پاکتاوی رەگەزی کوردەکانی باشور لە عێراق سنورێک جیادەکاتەوە بە ناوی سنوری دژەفڕین. ئەم سنورە لەگەڵ ئەوەشدا سنورێکی جیاکراوەنەبوو بۆ دروستکردنی دەوڵەت بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک ھەر سنورێکی سیاسی دەوڵەتەکان بە کردەییە پارێزگاری لێکردووەو وەک ھێزێکی نێوەدەوڵەتی رەوایەتی ھەبوو رووبەڕووی ھەر دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکانی دەوربەری ئەوسنورە ببێتەوە گەر نیازی بەزاندنیان ھەبێت.
بوونی سنورێکی جیاکراوەی لەوجۆرە زەمینەی بۆ ئەوە روخساندبوو کە بزوتنەوە کوردیەکانی باشوری کوردستان بەبێ بانگھێشتکردن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک لەو سنورەدا بە کولتورێک لەو سێ کولتورەی کە تایپێک لە تایپەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دروست دەکات، دەست بە دامەزراندنی دەوڵەت بکەن. بەڵام ئایا کولتورێک لەو سێ کولتورە بوونی ھەیە تا ئەو بزووتنەوانە بۆ دەستکردن بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی رانەگەێنراو دەستبەکاربن؟ گەر کولتورێکی ئاواش ھەبێت ئایا میکانیزمی چاندنەکەی ئەو کولتورە توانای ئەوەی ھەیە ئەو گروپە ھەمەجۆرە جیاوازانەی کە لەو سنورە سیاسیەدا ھەن لەو کولتورەدا بکرێنەوە بەیەک و ئەو کولتورە ببێت بەو ھێزە یەکخەرەی کە دەوڵەتە دروستکراوەکەی لەسەر دادەمەزرێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرتا باس لەو کەرەستەو مادەیە دەکەین لەبەردەمی ئەوھێزەدایە کە دەیەوێت بە چاندنی کولتورێک لە کولتورەکان لە ناو پێکھاتەکانیدا وەک ھێزێکی یەکخەرە یەکبوونێک لە ناویدا بێنێتەئاراوە.
ھێزێک بە یەکێک لەو سێ جۆرە لە کولتورەوە -واتە کولتوری پیشەیی و کولتوری ئایدۆلۆجی و کولتوری میدیایی- دەیەوێت چونیەککردنی کولتوریی ئەنجام بدات کاتێک دەکەوێتە بەردەم ئەو خەڵکەی کە لەناو ئەو سنورە سیاسییە جیاکراوەیەدا دەژین، ناکەوێتە بەردەم کۆمەڵە خێڵێکی سەرەتای کە نەگەیشتوون بەو پلەیە لە ھوشیاری کە لە پێکھاتە خێڵەکییەکەیان بێنەدەرەوەو کولتورێکی نوسراوی باڵا بھێننە ئاراوە. راستە ئەو خەڵکەی کە لە ناو ئەو سنورەدا دەژین بەشێکی دابەشبووە بەسەر کۆمەڵە خێڵێکی تایبەتدا، بەڵام ئەو خێڵانەش ناتوانین وەک تەنھا خێڵێک پێناسەیان بکەین کە خاوەنی یەک بەرەباب و یەک نەریتی خێڵەکی بن. دەکرێت چەند خێڵێکی کەمی لەو جۆرە لە خێڵی سەرتایمان ھەبێت بەڵام ژمارەی ئەو خیڵانە کەمەو ئەو خەڵکەش کەسەر بە خێڵێکی لەو جۆرەیە ژمارەیەکی کەمن. لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانین بڵین لە ناو خەڵکی ئەو سنورە سیاسییەدا چەند فیدارسیۆنێکی خێڵەکی بوونیان ھەیە کە لە رووی زمان و کولتورو رێبازی ئاینیەوە لە خۆیاندا چوون یەک نین و جیاوازن.
بۆ نموونە خێڵ ھەیە کەسەکانی سەر بەوخێڵە بە دوو شێوەزاری جیاواز دەدوێن کە ھەریەکەیان سەر بە یەکێکە لە دیالێکتە نوسراوەکان. خێڵ ھەیە خەڵکەکەی پەیڕەوی لە دوو ئاینی جیاواز دەکەن وەک ئاینی مەسیحی و ئاینی ئیسلام. خێڵیش ھەیە لە رووی ئاینییەوە دابەشبووە بەسەر دوو تەریقەتی سوفیانەی جیاوازدا. خێڵ ھەیە رەعیەتەکانی چوونەتە ناو کۆنفدارسیۆنێکی خێڵەکییەوە بەڵام چینی ئاغاکانیان نەک ھەر نەچوونەتە ناو ئەو کۆنفدراسیۆنەوە بەڵکو لە بەرامبەریدا وەستاونەتەوە. بۆیە ناتوانین باس لە بوونی کۆمەڵە خێڵێکی لە ناوخۆدا چوون یەک بکەین و واپێناسەی ئەو خەڵکە بکەینەوە کە کۆمەڵە خیڵێکی سروشتی و لە ناوخۆدا چونیەکە وەک ئەو خیڵانەی کە لە سۆماڵ و سودان و شوێنەکانی تردا بوونیان ھەیە.
بە مانایەکی تر ئەو ھێزەی کە دەیەوێت بە یەکێک لەو کولتورانە پرۆسەی چاندن و چوونیەککردنی کولتوری ئەنجام بدات، خۆی لەبەردەم کۆمەڵە خێڵێکی لە ناوەوە چوونیەکی وەک خێڵە بیاباننشینەکاندا نابینێتەوە کە بتوانێت لە رێگەی رازیکردنی سەرۆک خیڵەکانەوە ئیتر بە ھەر وەسیلەیەک بێت رەعیەتەکانیان رازی بکات کە بێنەژیر باری ئەو پرۆسەی چووننەیەککردنە کەلتورییەوە کە دەوڵەتەکەی لەسەر دادەمەزرێت. ئەو ھێزەی وا بیری لە کەرەستەی دروستکردنی دەوڵەتەکە کردووەتەوە ھەر لە بنچینەدا شکستی ھێناوە،‌ چوونکە توانای ناسینی ئەو پێکھاتە سەیرەی نەبووە کە خۆی وەک خێڵ نیشاندەدات. بۆیە ئەو خەڵکەی کە بردوویەتییە ناو پرۆسەی چوونیەککردنەکەوە خەڵکێکی کەمبوون و نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەکی کە پرۆسەی چوونیەککردنەکە سەر بگرێت.
جگە لەوەی کە خێڵە کوردیەکان لە خۆیاندا سروشتێکی ناچوونیەکیان ھەیەو وەک خێڵە بیاباننشینەکانی عەرەب نین کە چونیەک بن، بەڵام بەھۆی بوونی سێ کولتورو زمانی ئەدەبیی باڵاوە کە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن دامەزراون و ھەریەکەیان لە ئاستی ئەدەبیاتی باڵای نەتەوەکانی دوروبەردایەو ھەریەکەشیان مێژووی تایبەتی خۆی ھەیەو بە زمانی تایبەتی خۆی نوسراوە، خەڵکی باشور دابەشبووە بەسەر سێ پێکھاتەی زمانی و کولتوری جیاوازداو ھەریەکەیان بەرگری لە زمان و کولتورە ئەدبییە باڵاکەی خۆی دەکات و دەستبەرداری نابێت بۆ دوو کولتورە باڵاکەی تر. ئەمەش بەربەستێکی گەورەی دروستکردووە لە بەردەم ئەوھێزە یەکخەرەدا کە دەیەوێت پرۆسەی چوونیەکردنی کو‌لتوری ئەنجام بدات.
ئێرنست گیڵنەر ھەڵەیەکی گەورە دەکات کاتێک خێڵە کوردیەکان و خێڵە سوماڵیەکان وەک یەک دەبینێ و لەوێشەوە ئەو بڕیارە دەدات کە دەوڵەتی کوردی وەک دەوڵەتی سوماڵی وایە و لە دەرەوە خۆی بە نەتەوە نیشاندەدات و لە ناوەوە بە سیستەمی خێڵەکی ئیش دەکات. ئەمەش لەبەر یەک ھۆی بچوک ئەویش ئەوەیە خیڵە سوماڵیەکان تا ئەم ساتەوەختەش خیڵی سەرتایین و ئەوەی لە ناوخۆیاندا کاری پێدەکەن سیستەمێکی بنەماڵەیی خوێنییەو لە ناوخۆیاندا چونیەکن و جگە لەوەش سوماڵیەکان خاوەنی زمان و کلتوری باڵای خۆیان نین و زمانی عەرەبی وکلتورەکەی کە ئەوان بە ھی خۆیانی دەزانن ھیچ بەشدارییەکیان لە بەرھەمھێنان و پەرەپێدانیدا نییە. بەڵام زمانە ئەدەبییە کوردییەکان و کولتورە باڵاکەیان سەرچاوەی لە روحی ئەوان خۆیانەوە گرتووەو لە سەردەمی مۆدێرنیشدا وەک زمان و کولتورێکی باڵا پەرەیان پێداوەو لەگەڵ نەبوونی دەوڵەتیشدا لە پەرەسەندنی خۆیدا شان بە شانی زمان و کولتورو ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی و تورک بەرەوپێش چووە. نەک ھەر ئەوە کوردەکان رۆڵیکی گەورەشیان ھەبوو لە بەرەوپێشبردنی زمان و ئەدەبیات و کولتوری مۆدێرنی عەرەب و فارس و تورکدا.
کاتێک لەسەردەمە مۆدێرنەکەدا لە تازە کردنەوەی کولتورو زمانی کوردی دەڕوانین، ئەوە دەبینین کە ھەمان ئەو پەرەسەندنەی کە بەسەر زمان و کولتوری عەربی و فارسی و تورکیدا لەسەردەمی مۆدیرندا ھاتووە بەسەر ھەردوو دیالیکتی کرمانجی و سۆرانیشدا ھاتووە. گەر بۆ ھەموو عەرەب وھەموو دەوڵەتە عەرەبیەکان (نازک الملائکە) و (بدر شاکر سیاب) تازەکەرەوەی شیعری عەرەبی بن، ئەوە (گۆران) و (شێخ نوری)ش تازە کەرەوەی شیعری کوردین بە دیالێکتی سۆران و (عەبدورحیمی ھەکاری) و(جگەرخوێن)یش تازەکەرەوەی ئەدەبیات و شیعری دیالێکتی کرمانجین. بەڵام لە ناو سۆماڵیەکاندا لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتیان ھەیە شتێکی ئاوا لە ئارادا نییە. بۆیە پۆلێنکردنی کورد لەگەڵ سۆماڵیەکاندا ھەڵەیەکی گەورەیەو باسکردن وبینینی خێڵە کوردیەکان لە لایەن رۆشنبیران وسیاسیەکانی کوردەوە بەو تێروانینە گێلنەرییە دووپاتکردنەوەی ئەو ھەڵەیەیەو حسابنەکردنە بۆ ئەو ھێزە سەروخیڵەکییانەی کە لە ناو کوردا شان بە شانی نەتەوەکانی دەوروبەری بەبێ بوونی دەوڵەت و لەگەڵ ئەو ھەموو رێگرتنەشدا کولتورە مۆدێرنەکەی خۆیان بەرھەم ھێناوە.
ئەوھێزە سیاسییەی کە وا دەبینێت لە باشوری کوردستاندا لەبەردەم کۆمەڵە خێڵێکی سەرتایی وەک ئەو خێڵانەی سۆماڵدایەو دەتوانێت یەکبوونێکی لەو جۆرە لە نێوان ئەو خێڵانەدا دروست بکات کە دەوڵەتی سۆماڵی راگرتووە، ئەوە نەیتوانیووە ئەو کەرەستەی کە لە رێگەی یەکخستنی پارچە جیاوازەکانییەوە دەیەوێت دەوڵەتەکە دروست بکات بناسێت و بیخاتە ناو شێوەی دەوڵەتێکەوە کە توانای راگرتنی ئەو کەرەستەیەی ھەبێت.
ئەو ھێزەی کە لەو سنورە سیاسیەدا دەیەوێت بە پرۆسەی چوونیەککردن دەوڵەت دروست بکات ھەر ناکەوێتە بەردەم کۆمەڵە خێڵێکی لە ناوخۆدا ناچوون یەک و جیاواز بەڵکو دەکەوێتە بەردەم سێ زمان و کو‌لتوری باڵاش کە ھەریەکەیان لە رووی توانای زمانی و ئەدەبییەوە لە ئاستی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوە بەھێزەکانی ناوچەکەدایە. ئەم سێ زمان و کولتورە ئەدەبیە باڵایە خەڵکی خوێندەواری ناو ئەو سنورەی کردووە بە سێ گروپی جیاوازەوە، ئەمە ئەگەر کوردە فەیلییە لوڕەکان بخەینە دەرەوەی ئەو سنورە دیاریکراوە. ئەو سێ زمان و کولتورە باڵایەش زمان و کولتوری سۆرانییە کە سۆرانیەکان ئینتمایان بۆی ھەیەو لە بەرامبەر ھەر پرۆسەیەکی چونیەککردندا بەرگری لێدەکەن. لەگەڵ کرمانجی کە بادینیەکانی ئەو سنورە بە زمان و کولتوری باڵای خۆیان سەیری دەکەن و پەرەی پێدەدەن. لە پاڵ ئەمانەشدا زمان وکلتوری گۆرانیی ھەیە کە بە ھێواشی دێتە ناو پرۆسەی بە مۆدیرنبوونەو بەرامبەر دووانەکەی تر دەبێتەوە.‌
زمان و کولتوری کلاسیکی باڵای گۆرانی کە گۆرانەکانی ناو ئەو سنورە وەک روحی خۆیان بەرگری لێدەکەن و ھەوڵی پەرەسەندنی دەدەن، ئەمەش دەبێتە بەربەستێکی تر لەبەردەم ئەوەدا کە ئەو پرۆسەی چونیەککردنە زمانی وکولتوریە کە بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە سەربگرێت. بەھەمان شێوە حساب نەکردن بۆ ئەم زمان و کولتورە باڵایانە وادەکات ئەو پرۆسەی چوونیەککردنە زمانی وکو‌لتورییە شکست بێنێ و دەوڵەتەکە دانەمەزرێت.
کاتێک لێکۆڵەرێکی بواری ئەنترۆپۆلۆجیا و خێڵناسی لە دابەشبوونە ئەتنیکی و خێڵییەکان رادەمێنێ دەکەوێتە بەردەم بارستەیەک لە خیڵ و ئەتنیکی ھەمەرەنگ و جیاوازو جۆراوجۆر کە نەک ھەر شیکرنەوەی ئەو سیستەمەی کە لە ناوەوە رێکیخستوون سەخت و دژوار دەبیت بۆی، بەڵکو ھەر جیاکردنەوەی رەنگ و جۆرەکانیشیان سەخت و دژوارە.
ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە لەبەردەم کەرەستەیەکی سادەو ساکارو ئاساندا نین کە خۆی بۆ پرۆسەی چوونیەککردنی کولتوریی بەدەستەوە بدات. بۆ دامەزراندنی دەوڵەت کاتێک کە ئەم پێکھاتە جیاوازانەی ئەو بارستە ئەتنیکی وخێڵەکییە ئاڵۆزە دەخەینە ناو پرۆسەی چوونیەککردنی کو‌لتورییەوە رووبەروی یەک جۆر لە بەرگری لە ناو مادەی دروستکردنەدا نابینەوە، بەڵکو چەندەھا جۆری جیاواز لە بەرگری لەو خێڵ و ئەتنیکە ھەمە جۆرانەوە پەیدا دەبێت کە ئەوە فەرزدەکات چەندەھا وەسیلەی جۆراو جۆر بۆ سەرکوتکردنی ئەو بەرگریانە لە رێگەی ھێزەوە یان رازیکردنیان بە رێگایەکی دیموکراسی لەبەردەستدا بێت. ئەمەش بەر لە ھەموو شتێک لێکۆڵینەوەیەکی وردبینانەی زۆری دەوێت لە ھەریەک لەو پێکھاتە جیاوازانە کە لەو بارستەیەدا خۆیان لوولداوە.
ئەو بەرگریانەی کە لە خێڵەکان و ئەتنیکە ھەمەجۆرەکانی ئەو بارستە فرەجۆرو فرە رەنگەوە پەیدا دەبێت تاکە بەربەستێک نییە لە بەردەم ئەو دەسەڵاتە سیاسیەدا کە دەیەوێت بەو پرۆسەی چوونیەککردنە تایپێک لە دەوڵەت لە سەر ئەو خاکە دروست بکات، ئەم دەسەڵاتە رووبەڕووی جۆرێکی تر لە بەرگری فرەرەنگ و جیاواز دەبێتەوە کە زۆر بەھێزترە لە بەرگریە ھەمە جۆرەکەی خێڵ و ئەتنیکە ھەمە رەنگەکان، ئەویش بەرگری کردنی ئەو پێکھاتە زمانی و کولتورییە باڵایانەیە بەر لە سەردەمە مۆدێرنەکەیە کە خاونی ئەدەبیات و زمانێکی باڵابوون. واتە زمان و کولتوری سۆرانی و کرمانجی و گۆرانی.
ئەم پێکھاتە کولتورییە باڵاو بەھێزانەی ناو ئەو سنورە سیاسییەی باشور لە خۆیاندا چوونیەک نین و ئەوانیش بارستەیەکن لە کۆمەڵە گروپێکی جیاواز کە ھەریەکەیان لەگەڵ ئەوەشدا کە سەر بەو کولتورە باڵا جیاوازانەی ناو سنورەکەیە خۆیشی خاوەنی زمانی و کولتورێکی میللی تایبەت بە خۆیەتی.
بۆ نموونە ئەوانەی کە سەر بە کولتورە باڵا سۆرانیەکەن بەلایەنی کەمەوە لە ناوخۆیاندا دابەشبوون بەسەر سێ گرووپی جیاوازدا کە لە ناو خۆیاندا ململانێی ھەیەو ئەمەش لە کولتورە باڵا مۆدێرنەکەیاندا کە لە سەردەمە مۆدێرنەکەدا پەرەیان پێداوە رەنگی داوەتەوە. ناوچەی ھەڵەبجە و گەرمیان جگە لەوەی کە شێوەزارێکی تایبەتی قسەکردنی خۆیان ھەیە کە بە شێوەزاری جافی ناسراوە لە ئەدەبیات وھونەری مۆدێرنی سۆرانیدا بە ئاسانی وەک رەنگێکی تایبەتی ئەو کو‌لتورە دەناسڕێتەوە. ناوچەی سلێمانیش بەھەمان شێوە رەنگی تایبەتی خۆی لە ناو ئەو کو‌لتورە باڵایەدا دروست کردووە و ناوچەی ھەوڵێریش بەھەمان شێوە رەنگێکی تایبەت بەخۆی ھەیەو ئەمەش لە مێژووی ئەدەبیاتە مۆدێرنە سۆرانیەکەدا لە فۆرمی جەنگە ئەدەبیەکانی سەدەی بیستدا خۆی نیشانداوە.
گەر ‌ بە وردی لەو خەڵکانەش بکۆڵینەوە کە سەر بە کولتورو ئەدەبیاتە باڵاکەی گۆرانن، دەبینین ئەوانیش لە ناوخۆیاندا چوونیەک نین و کۆمەڵە جیاوازییەکی ریشەیی لە نێوانیاندا ھەیە. بۆ نموونە گۆرانەکانی ناوچەی ھەورامان پێکھاتەکەیان بنەمایەکی ناوچەیی و زمانی و کولتوری ھەیەو بنەمایەکی خێڵەکی نییە. ماچۆزمانەکانی گەرمیان کە سەر بەھەمان کولتورو زمانی باڵان، پێکھاتەکەیان بنەمایەکی خێڵەکی ھەیەو لە ناوخۆیاندا دابەشبوون بۆ چەند خیڵێکی جیاواز، لەوانە:‌ باجەڵان و زەنگەنە. کاکەییەکانی کەرکوک ناوچەکانی تریش سەر بەھەمان زمان و کولتوری باڵای گۆرانن بەڵام پێکھاتەکەیان بنەمایەکی ئاینی ھەیەو جیاوازە لە ھەردوو بنەما جیاوازەکەی دوو پێکھاتەکەی تر. شەبەکەکانیش بۆ خۆیان گروپێکی ئاینی جیاوازن و سەر بە کولتورە باڵاکەی گۆرانیشن.
بێگومان ئەوخەڵکەش کە سەر بە زمان وکولتورە باڵا کرمانجیەکەن ئەوانیش بەھەمان شێوە دابەشبوون بەسەر کۆمەڵە پێکھاتەیەکی جیاوازدا کە ھەریەکەیان بنەمایەکی جیاوازی بۆ کۆبوونەوە ھەیە. بۆ نموونە بەرزانییەکان کە سەر بەو زمان و کولتورە باڵایەن بنەمای پێکھاتەکەیان ئاینییەو خاوەنی بیروباوڕێکی تایبەت بە خۆیانن. بەڵام خەڵکی بادینان و دھۆک پێکھاتەکەیان بنەمایەکی خێڵەکی ھەیە نەک ئاینی. بوونی ئەو جیاوازی و ھەمەجۆرییە بنەماییانەی ناو ئەو پێکھاتە زمانی و کولتورییە باڵایانە وادەکات بەھەمان شێوە پرۆسەی چوونیەککردنی زمانی و کو‌لتوری کە کۆڵەکەی دروستکردنی دەوڵەتە، بکەوێتە بەردەم بەرگرییەکی ھەمەجۆری سەختەی ئاواوە کە سەرکەوتنی لە مەحاڵەوە نزیک بێت.
بۆنموونە گەر ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە دەیەوێت لەو سنورەدا دەست بە دامەزراندنی دەوڵەت لە رێگە پرۆسەی چوونیەککردنی کولتوری و چاندنی لە ناو تاکەکانی سەرانسەری ئەوسنورەدا بکات و زمان و کولتوری کرمانجی ئامادە بکات وەک ئەو کولتورەی کە پرۆسەی چوونیەککردنەکەی پێ ئەنجام دەدات، دەبێت ئەو بەرگرییانەی کە لەو پێکھاتە جیاوازانەی سەر بەو زمان وکو‌لتورەن و ئەوانەش سەر بە دوو زمان و کولتورە باڵاکەی ترن چۆن بن؟! بێگومان پێشبینی کردنی ئەو ھەموو بەرگرییە جیاوازانەی ناو ئەو پێکھاتە ھەمە جۆرانە بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وردی ھەریەک لە پێکھاتەکان و تێگەیشتن لە بنەمای پێکھاتەکانیان مەحاڵە.
جگە لە جیاوازییە ئەتنیکی و زمانی وکولتوریەکانی ناو ئەو خەڵکەی کە لەوسنورەدا دەژین ئێمە لەبەردەم جۆرێکی تریش لە جیاوازین کە ئەویش بەھەمان شێوە رێگرە لەبەردەم ئەو پرۆسەی چوونییەککردنە کو‌لتوریەی کە دەوڵەتەکەی پێدروستدەکرێت. ئەویش جیاوازی بیروباوڕی ئاینی نێوان پێکھاتە ئاینییەکانی ناو خەڵکی ئەو سنورەییە کە ئەویش بەرگرییەکی بەھێزی ھەمە رەنگە لە بەردەم پرۆسەکەداو بەھەمان شێوەی بەرگریەکانی تر پێشبینی کردنی لە داھاتوودا ئاسان نییە.
با بزانین گەر دەسەڵاتی سیاسی لە باشوری کوردستاندا لەسەر ئەو سنورە سیاسییە جیاکراوەیە لە دەوڵەتی عێراقی بیەوێت پشت بە کولتورێکی ئایدیۆلۆجی مەزھەبی ببەستێ و دەوڵەتێک بە تایپێکی ئایدیۆلۆجی ومەزھەبی وەک دەوڵەتی ئیران دروست بکات و دەست بە پرۆسەی چوونیەککردن بکات،‌ لەلایەن بارستە ئاینی و مەزھەبیەکەی ناو ئەو سنورە سیاسییەی کە پرۆسەی چوونەیککردنە کو‌لتورییەکەی بەسەردا دەسەپێنێ رووبەڕووی چی دەبێتەوە؟
لەو سنورەدا گەر رەچاوی ئەوەش نەکرێت کە پێکھاتەیەکی مەسیحیی مەزھەبی ھەیە بزانین بارستە ئاینیی و مەزھەبیەکەی خەڵکی ناو ئەوسنورە چۆنەو چەند شیاوە بۆ ئەوە لە رێگەی پرۆسەی چونیەککردنی مەزھەبییەوە دەوڵەت ئایدۆلۆجیەکەی دروست بکات؟. خەڵکی ناو ئەو سنورە لە بارستەیەکی ئاینی ومەزھەبی پێکھاتووە کە بە ھەمان شێوەی بارستە خیڵەکی- ئەتنیکییەکەو بارستە زمانی و کولتوریەکە لە خۆیدا ھەڵگری زۆرێک لە پێکھاتەی ئاینی جیاوازو ھەمەچەشنە.
گەر بمانەوێت دەوڵەتی شەریعەت دروست بکەین مەزھەب بکەینە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت ئەوە جگە لەوەی کە دەکەوێنە بەردەم ھەردوو مەزھەبی شیعی و سوننی کە ھەر دووکیان لە بارستەکەدا ھەن و ھەڵبژاردنی یەکێکیان بەرگریەک لەوی تریاندا دروست دەکات و گەر شکستیش بێنێ ئەوە بە ئاسانی بۆ پارێزگاری لە مانەوەی خۆی ناسنامە نەتەوەییەکەی دەگۆڕێت و خۆی بە کورد نازانێ، وەک ئەو حاڵەتەی کە کوردە فەیلییە شیعە مەزھەبەکانی ناوچەکە ھەیانە. لە ھەمان کاتدا دەکەوێتە بەردەم ئیسلامی تەریقەت کە ئیسلامێکی بەھێزترو دەسەڵاتدارترە لە سنورەکەداو ئەویش لە ناوخۆیدا دابەشبووە بەسەر ھەردوو تەریقەتی قادری ونەقشبەندی کە ئەوانیش لە ناوخۆیاندا لە پێکھاتەی جیاواز جیاواز پێکھاتووەن و ھەریەک لەو پێکھاتانەش خاوەنی توانای بەرگریکردنی تایبەت بە خۆیەتی.
جگە لەو بەرگرییەی کە لە پێکھاتە جیاوازەکانی تەریقەتدا دروست دەبێت و ئەم پرۆسەیە رووبەرووی چەندەھا بەرگری ھەمەجۆری تر دەبێتەوە. لە لایەکی ترەوە پێکھاتەی ئاینی تر ھەر لەوسنورەدا ھەیە کە نە بنەماکەیان مەزھەبە نە تەریقەتە. ئەویش ھەردوو ئاینە کوردییەکەن، واتە ئاینی ئیزدی و ئاینی یارسان.
ئاینە کوردییەکان جگە لەوەی کە لەبەرامبەر ئاینی مەزھەبیدا رەوایەتیەکی کولتوری ونەتەوەییان ھەیە، مێژوویەکی خوێناوی ونەخوازراویشیان لەگەڵ ئاینی مەزھەبی ھەم شیعی وھەم سونیدا ھەیە، بۆیە کاتێک ئاینی مەزھەبی لەم سنورەدا دەکرێت بە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت و لە پرۆسەی چوونییەککردنەکە داوای قبولکردنی دەکرێت وەک کۆڵەکەی دروستکردنی دەوڵەتەکە، خەڵکی سەر بەم دوو ئاینە کوردییە لە سنورەکەدا مەترسی گەورە لەسەریان دروست دەبێت و بۆ ئەمەش دەکەونە بەگریکردن لەو پرۆسەی چوونیەککردنەو کێشەی گەورە بۆ ئەو دەسەڵاتە سیاسییە چوونیەککەرە دروست دەکەن کە دەیەوێت دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆجی دامەزرینێ.
جگە لەو دوو ئایینە پێکھاتەی ئایینی ترمان ھەیە کە بنەمایەکی روونیان نییەو ئاسان نییە لە ناو ئایینە مەزھەبیەکەدا ریزبکرێت و بە شیعە یان سوننە بزانرێن، ناشکرێت لە ناو ئایینی تەریقەتدا رێزبکرێن و بە قادری یان نەقشی دابنرێن و ناشکرێت لە ناو ئایینە کوردیەکاندا پۆلێن بکرێن و بە یەزیدی یان یارسان دانرێن. ئەم پێکھاتە ئاینیانە دەکرێت بە پێکھاتەی ئاینی پێناسە نەکراو ناویان بەرین، وەک: شەبەکەکان کە بە ھەڵە بە شیعە یان عەلەوی ناسراون، وەک حەققەکان و بارزانییەکان و خۆرشیدیەکان کە لە بنچینەدا سەر بە ئاینی تەریقەتبوون و لەسەدەی بیستدا فۆرمێکی تری ئاینی جیاوازیان وەرگرتووەو لە پێناسەکردن وپۆلێنکردنیاندا بە ئاسانی ناتوانرێت بوترێت سەر بە تەریقەتن یان سەر بە ئایینە کوردیەکانن. بێگومان لەم پێکھاتانەشەوە ئەو پرۆسەی چوونیەککردنە ئایدیۆلۆجییە مەزھەبییە کە ئەو دەسەڵاتە چوونیەککەر لە سنورەکەدا ئەنجامی دەدات توشی بەرگریکی توند دەبێتەوە.
کاتێک ئەو بارستە ئاین ومەزھەبییەی ناو ئەو سنورە بە وردبینیەکی زۆرەوە لێی رادەمێنین، ئەو بۆچوونە بە ئاسانی پوچەڵ دەبێتەوە کە بەبێ ھیچ حسابکردنێک بۆ ئەو پێکھاتە ئاینییە بنەما جیاوازانەی ناو سنورەکە وای دەبینێ کە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە سوننە مەزھەبەو رێژەیەکی کەم شیعە مەزھەبی تیایە کە دەکرێت بەئاسانی لە پرۆسەی چوونیەککردنەکەدا فەرامۆشبکرێن.
بێگومان کاتێک ئێمە بە شێوەیەکی واقعبینانەو زانستیانە بیر لەو بارستە ئاینییەکەی ناوچەکە دەکەینەوەو بە وردبینەوە لەبارستە ئاینیەکە دەڕوانین ئەوە دەبینین کە ئەو بارستە ھەڵگری چەندھا جۆر پێکھاتەی جیاوازەو ھەریەکەشیان سیستەمی بەرگری تایبەت بە خۆی ھەیە لەبەرامبەر ئەوھێزە چوونیەککەرە کە دەیەوێت بە مەزھەبێک لە مەزھەبە ئیسلامییەکان یان بە ھەر پێکھاتەیەکی تری مەزھەبی و ئاینی پرۆسەی چوونییەککردنەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە ئایدیۆلۆجیەکە ئەنجام بدات.
ئەو خەڵکەی کە لەو سنورە پارێزراوەی ھەرێمدا دەژین لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەکی زۆر کەمە لەو چل ملیۆن کەسەی کە خۆیان بە کورد دەزانن، بەڵام لە رووی پێکھاتەی گروپەکانیەوە لە بەردەم بارستەیەکی ئاڵۆزی فرە توخمی بەیەکداچوویداین کە ھێڵەکانی ئەو بەیەکداچوونانەمان بە ئاسانی بۆ دیارناکرێت. ئەمەش ئەوە دەگەینێ بۆ دروستکردنی پەیکەری دەوڵەتێک بە یەکێک لەوسێ کولتورەی چوونیەککەرەی کە تایپەکانی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەریان دادەمەزرێت، لە بەردەم مەعدەنێکی سادەو چوونیەکی وەک ئاسن یان مس یان ھەرمەعدەنێکی یەک توخمی سادەی لەوجۆرەدا نین بەڵکو لەبەردەم مەعدەنێکین کە بارستیەکە لە کۆبوونەوەی چەندەھا توخمی جیاواز کە ھەریەکەیان خاوەنی خاسیەت و تایبەنمەندی خۆیانن و کاتێک دەمانەوێت بیانتوێنینەوەو پەیکەری دەوڵەتەکەیان لێدروست بکەین ھەریەکەیان بەشێوەیەک بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکات ودەبێتە رێگر لەبەردەم توانەوەو بەخشینی ئەو شێوە ھاوبەشەدا کە دەبێت ھەموویان لە ناوخۆیدا کۆبکاتەوەو شێوەی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێ.
کاتێک ئێمە دەمانەوێت ئەوپرسیارە بکەین کە بۆ کورد ناتوانێت دەوڵەتی خۆی دامەزرێنێ؟ ئەوە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارەمان دابێتەوە کە ئەو مەعدەنە فرە توخمە ناچوون یەک و ئاڵۆزە بە کام لەو سێ کولتورە یەکخەرەی کە دەوڵەتی مۆدیرنی پێدادەمەزرێت، دەتوانین بەسەر ئەو فرە توخمییەی ئەو مەعدەنە ئاڵۆزو فرەرەنگ وخاسیەتەدا زاڵ ببین و شێوەی دەوڵەتەکەی پێبدەین و دڵنیاببینەوە لەوەی کە لەو شێوەیەدا ئەو ھەموو پێکھاتەیە لە بەرگری کردن دەکەون و ئەوەی کە دامان مەزراندووەو لەو مەعدنەو شێوەی دەوڵەتەکە دروستمان کردووە ھەڵناوەشێتەوە ناکەوێت.
لە دوای دیاریکردنی مەعدەنی دروستکردنی دەوڵەتەکە دەتوانین لەوە بکۆڵینەوە کە لەم چارەکە سەدەیەدا کە باشوری کوردستان لە دەوڵەتی عیراق جیابووەتەوەو بووەتە خاوەنی سنورێکی سیاسی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەری رێککەوتوون پارێزگاری لێدەکەن، چ ھەوڵێک ھەبووە بۆ ئەوەی بە پشت بەستن بە یەکێک لەو سێ کولتورە چوونیەککەری دەوڵەت پرۆسەی چوونیەککردن لە لایەن دەسەڵاتێکەوە ئەنجامبدرێت و دەوڵەتێکی رانەگەینراو لە تایپێک لە سێ تایپەکەی دەوڵەتی مۆدێرندا دامەزرێنێ؟..
ماویەتی..........

01/09/2017 15:28:56 | 1822 | Print Friendly and PDF