بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

دەوڵەتی کوردی و تایپەکانی دەوڵەتی مۆدیرن

د.عرفان مستەفا
د.عرفان مستەفا


د. عرفان مستەفا
(بەشی چوارەم)
١/٢) کوردو تایپەکانی دەوڵەتی مۆدێرن
ئەوەی کە لە لێکۆڵینەوە ئەکادمیەکاندا لە بارەی دروستکردنی دەوڵەتی مۆدێرنەوە باوە، ئەو بۆچوونەیە کە ھەردوو تیۆریزەکاری دیاری بواری نەتەوە واتە ئێرنست گێڵنەرو ئەریک ھۆبزباوم پێی لەسەر دادەگرن ئەویش ئەوەیە دەبێت دەوڵەت ھەبێت جا لەلایەن بزووتنەوەی ناسیونالیستی ناو ئەو دەوڵەتەوە ‌پرۆسەی چاندنی کلتور دەست پێدەکات و لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە یەکەی کەلتوری و یەکەی سیاسی جوت دەکرێنەوەوبەمەش دەوڵەت دەبێت بە دەوڵەت نەتەوەیەکی مۆدیرن. ئەوان بیرۆکەکە وا دادەڕێژنەوە: دەوڵەت دەبێت ھەبێت جا ناسیونالیزم دەتوانێت نەتەوە لە ناو ئەو دەوڵەتەدا دروست بکات.
ئەم داڕشتنەوەیەی ئەوان لێڵی وناروونییەکی زۆری تیایەو ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی و (دەوڵەت) و چەمکی (نەتەوە)‌ لە ناو تێزەکەیاندا. مەبەستی ئەوان لەوە دەوڵەت ھەبێت لە راستیدا دەوڵەت نییە بەو شێوەیەی کە بوونی ھەیەو دامەزراوەو لە واقعدا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەوڵەتەکانی تردا. چوونکە دەوڵەت گەر لە سەرتادا بەو تەواوییە بوونی ھەبێت پێویستی بەوە نییە ناسیونالیزم لە رێگەی چاندنی کو‌لتورە پیشەییەکەوە ناوەرۆکی دەوڵەتەکە دامەزرێنێ کە ئەوان بە نەتەوە ناوی دەبەن. مەبەستی ئەوان لەوەی کە دەوڵەت ھەبێت کاتێک لۆجیکییە کە ئەوە بێت سنورێکی سیاسی ھەبێت کە لەلایەن سیستەمە نێودەوڵەتیەکەوە جیاکرابێتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی نوێ لەو سنورەدا دابمەزرێت. واتە دیاریکردنی سنورێکی سیاسی دیاریکراوە لەلایەن ھێزە نێودەوڵەتیەکان و پاراستنیەتی لە پێناو ئەوەدا ئەو بزوتنەوە سیاسییە باڵادەستەی کە لەو سنورەدا ھەیە دەست بکات بە دروستکردنی دەوڵەت لە رێگەی ئەو کولتورە یەکخەرەوە کە دەبێت ھەموو گروپە کولتورو زمان جیاوازەکانی ناو ئەوسنورە سیاسییە دیاریکراوە پێوە پەیوەستببن و یەکبوونی خۆیان لەو کولتورەدا رابگەیێنن.
تەنھا دانان بە سنورێکی سیاسی دیاریکراودا وا ناکات کە دەوڵەت دروست ببێت، ئەمە ھیچ نییە جگە لە دیاریکردنی ئەو خاکەی کە دەبێت دەوڵەتەکەی لەسەر دامەزرێت. دەوڵەتیش لەسەر ئەو خاکە کاتێک دادەمەزرێت کە یەکێک لەو سێ کولتورە یەکخەرە بەکار بھێنرێت بۆ یەکخستنی ھەموو گرووپە کۆمەڵایەتی و ئەتنیکی و زمانییە جیاوازەکانی ناو ئەو سنورە. بەبێ قبوڵکردنی ئەو کولتورە یەکخەرەوە ئیتر - بە ناچاری بێت یان بەر رەزامەندی گروپە جیاوازەکان- و دیاریکردنی تایپی دەوڵەتەکە، بوونی سنورێکی سیاسی دانپیانراو لە لایەن ھێزە نێو دەوڵەتیەکانەوە وا ناکات کە دەوڵەتێکی نوێ دروست ببێت و بێتە ئاراوە.
کێشەکە لە دروستکردنی دەوڵەتدا تەنھا لەوەدا نییە کە خاکێکێ دیاریکراو و سنوربۆکیشراوی لەسەر نەخشەی سیاسی جیھان بۆ میللەتێک وەک سنورێکی سیاسی دانپیانراو بوونی نییەو لەلایەن ھێزە نێودەوڵەتیەکانەوە پارێزگاری لێناکرێت، لە راستیدا بوونی سنورێکی سیاسی دانپیانراو تەنھا بوونی پارچە خاکێکە کە رێپێداروە بۆ دروستکردنی باڵەخانەی دەوڵەت. بەڵام ھەتا بزوتنەوەیەکی سیاسی براوەی ناو ئەوسنورە کە جێی رەزامەندی کۆمەڵگا نێوەدەوڵەتییەکە ‌بێت دەست بەچاندنی یەکێک لەو سێ کولتورەی دروستکردنی دەوڵەت لە ناو گروپە کۆمەڵایەتی و ئەتنیکی و ئاینی و سیاسییە جیاوازەکانی خەڵکی ئەو سنورەدا نەکات و میکانیزمێکی سەرکەوتووی بۆ ئەو کارە نەبێت، ئەوە دەوڵەت لەسەر ئەو خاکە دانپیانراوە بوونی نابێت. بەڵام بێگومان بەبێ بوونی پارچە خاکێکی جیاکراوەو دانپیانراو وەک سنوری سیاسی دروستکردنی دەوڵەتێک، دەوڵەتیش دروست ناکرێت. چوونکە لە موڵکی خەڵکێکی تردا ناکرێت باڵەخانەکەی خۆمان دروستبکەین. گەر دروستیشی بکەین ئەوە ھی ئێمە نییەو ھی خاوەن موڵکەکەیە.
کاتێک بەپێی ئەم بنەمای دروستکردنی دەوڵەتە بیر لە کێشەی کورد دەکەینەوە، ئەوە لە ئێستادا سنورێکی دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بە شێوەیەکی ئاشکرا بوونی نییەو کورد لە نیشتمانەکەی خۆیدایە لە ماڵی ئەوانیتردایەو لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی ننیشتمانی خۆیەتی بەڵام ھیچ ماڵێک نییە کە ماڵی ئەو بێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە تا ئەم ساتە وەختەش نیشتمانەکەی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەک سنورێکی سیاسی بۆ دروستکردنی ماڵەکەی خۆی دانی پیا نەنراوە.
لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەوە راستییەکی تاڵە و سنوریکی سیاسی جیاکراوەی لەو جۆرە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بوونی نییە، بەڵام لە باشوری کوردستان چارەکە سەدەیەکە سنورێکی سیاسی پارێزراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ کوردی باشور لە دەوڵەتی عێراق جیاکراوەتەوە. گەر ئەمەش بۆ ئەوە نەکرابێت کە کورد لەو سنورەدا دەوڵەتەکەی خۆی دروست بکات، بەڵام بە کردەیی پشتگیری نێودەوڵەتی لەو سنورە سیاسییە ھەبووەو ھەشەو دەوڵەتی عیراق بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو سنورە ناتوانێت سنورەکە ببرێت و وەک ناوچەکانی تری عێراق ھەڵسسوکەوتی تیا بکات کە بەوشێوەیە جیانەکراوەتەوەو لە ناو پێکھاتەی دەوڵەتەکەدا وەک خۆی ماوەتەوە.
بەھەر شێوەیەک بێت کوردی باشور چارەکە سەدەیەکە سنوری سیاسی تایبەت بە خۆی ھەیە. چۆن سنورێکی سیاسیی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دیاریکراو لە لایان کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لێدەکرێت، ئەو سنورە سیاسییەی باشوریش بە ھەمان شێوە پارێزگاری لێکراوەو لێشی دەکرێت. بەڵام ئایا کوردانی باشور لەگەڵ بوونی سنورێکی سیاسی دانپانراوی وادا چیان کردووە؟ ئایا توانیوویانە ئەوە بکەن کە لە دروستکردنی دەوڵەتێکدا دەبێت بکرێت؟ بەرەبەستەکانی بەردەم کارەکەیان چین ؟ ئایا دەتوانن دەوڵەت دروستبکەن گەر سنورە سیاسییە دانپیانراوەو پارێزراوەکە بە ناوی سنوری سیاسی دەوڵەتیشەوە نەبێت؟ بەمانایەکی تر ئایا گەر رێگەی راگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردییان پێنەدرێت دەتوانن دەوڵەتێکی رانەگەینراو لەسەر ئەوسنورە سیاسییە دانپیانراو وپارێزراوە دروست بکەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕینەوە بۆ ئەو ھێزەیەکخەرە کە بنەمای بوونی ھەموو دەوڵەتێکە بە کۆن و نوێوە.
پێشتر باسمان لەوەکرد کە دەوڵەت وەک ھەرشتێکی دروستکراو دەبێت کەرەستەیەک بۆ دروستکردنەکەی ھەبێت لەگەڵ شێوەیەک. دەبێت ئەو شێوەیەش بەپێی ئەو کەرەستەو مادەیە دیاری بکرێت و مادەکە شیانی ئەوەی تیا بیت لەو فۆرمەدا خۆی رابگرێت. جگە لەوەش دەبێت رێگە درابێت بەوەی کە ئەو شێوەیە بدرێت بەو کەرەستەیەو ھێزێکیش ھەبێت کە ئەم کارە بکات.
دوای ئەوەی رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەوە ھەبوو سنورێکی سیاسی جیا بکرێتەوەو بەرگری لێبکرێت لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتەدا کە ئەو سنورەی سیاسییەی لێ جیاکراوەتەوە ئیتر بەھەر ناوێکەوە بێت ئەوە گەر ھێزێک بوونی ھەبێت شێوەی دەوڵەتێک بدات بە خەڵکی ناو ئەو سنورە سیاسییە جیاکراوەیە، ئەوھێزە دەتوانێت دەوڵەت لە ناو ئەو سنورە سیاسیەدا دروست بکات ئەگەرچی ئەو سنورە سیاسییەش وەک سنوری دەوڵەتێکی نوێ دانی پیانەنرابێت. چوونکە بوونی دەوڵەت شتێکەو دانپیانانی ئەوانی تر بە بوونی ئەو دەوڵەتەدا شتێکی ترە.
کوردی باشور خاوەنی سنورێکی سیاسی سەربەخۆیە بەڵام ئەو سنورە سیاسییە بە ناوی دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێوە لە دەوڵەتی عێراق جیا نەکراوەتەوە، بەڵکو بەناوی ئەوە جیاکراوەتەوە کە رێگە بگیرێ لەوەی خەڵکی ناو ئەو سنورە پاکتاوی رەگەزی بکرێن ولە ناوببرێن. مادام سنورێکی سیاسی جیاکراوەی ئاوا لە باشوری کوردستان ھەیە، ئەوە ئەو بزووتنەوە کوردیانەی باشور کە بۆ گەیشتن بە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ھەر لەسەرتاوە دروستبوون زەمینەیەکییان لەبەردەستدایە کە رێگەپێدراوە دەوڵەتێکی رانەگەینراوی تیا دروست بکەن. بەڵام ئایا بزوتنەوەی کوردی لە باشوری کوردستان توانیوویەتی ئەم کارە بکات؟.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت باس لەوە بکرێت، ئەو ھێزە سیاسییانەی کە ویستوویانە ئەم کارە بکەن بە کام لەوسێ کلتورە یەکخەرەی کە تایپی دەوڵەتەکە دیاری دەکەن کاریان بۆ ئەوە کردووە دەوڵەتەکە لەو سنورە سیاسیەدا بەبێ راگەیاندنی دروستی بکەن و لە کاتی دروستکردنیشیدا چ بەربەستێک ھاتووەتە بەردەمیان و نەیانتوانیووە بەسەریدا زاڵ ببن. بۆ ئەمەش دەبێت ململانێی ئەو ھێزانەو ھەوڵەکانیان بۆ شێوەگیرکردنی تایپێک لە تایپەکانی دەوڵەت لە ناو ئەو خەڵەکەدا کە کوردی باشورەو لە کۆمەڵە پێکھاتەیەکی زمان و ئیتنیکی و کو‌لتوری مۆدێرنی جیاواز پێکھاتووە روون بکەینەوەو شکست و سەرکەوتنەکانی ئەوھێزانە دیاری بکەین و ھۆکارەکانیان بخەینەروو.
ماویەتی..........

01/08/2017 16:57:28 | 1332 | Print Friendly and PDF