بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

دەوڵەتی کوردی و تایپەکانی دەوڵەتی مۆدیرن

د.عرفان مستەفا
د.عرفان مستەفا


د. عرفان مستەفا
(بەشی یەکەم)
ھەموو بزووتنەوە سیاسیەکانی کورد لە سەدەی بیستدا لە پێناو ئەو ئامانجەدا پەیدابوون کە دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکەن. بەڵام ئەوە سەدەیەک تێدەپەرێت بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە ناوچەکەدا بەڵام بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان نەیانتوانیووە بگەن بە ئامانجەکەی خۆیان.
ئەوەی لە ئێستای گۆرەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت دروستکردنی ئەو دەوڵەتەیە کە ئامانجی دروستبوونی ھەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردییە. ئەوەشی لە ئێستادا لەباشوری کوردستان ناکۆکی ناوەتەوەو بووەتە ھۆکاری ئەوەی دووبەرەی جیاواز درووست ببن وبەرامبەر یەکتری ببنەوە، ئەوە نییە کە بەرەیەکییان دژی دروستکردنی دەوڵەتی کوردییەو بەرەکەی تریان لەگەڵ دروستکردنی ئەو دەوڵەتەدایە. بەڵکو کێشەکە لەسەر ئەوەیە کە بەرەیەکیان دەڵیت کاتی دروستکردنەکەی ھاتووەو بەرەکەی تریان پێێ وایە بەر لەوە دەوڵەتەکە دروستبکرێت دەبێت زەمینەسازی ناوخۆیی بۆ بکرێت جا بیر لە دروستکردنەکەی بکرێتەوە. کێشەی ئەم دووبەرەیە لە راستیدا لە وردبوونەوەیەکی وردو قووڵی کێشەی نەبوونی دەوڵەتێکی کوردییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو سەرچاوەی لەو بۆچوونە رواڵەتیانەوە گرتووە کە لەبارەی دەوڵەتی مۆدێرن و کورد خۆیەوە ھەن.
بەبێ تێگەیشتنێکی وردو قوڵ لە پێکھاتەی دەوڵەتی مۆدێرن و پێکھاتەی کورد خۆی، ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە بۆچی کورد بە درێژای سەدەیەک لەگەڵ ئەوھەموو ئەکتیڤبوونەی کە لە سیاسەتدا ھەیەتی تا ئەم ساتەوەختەش لە ناو دەوڵەتێکی مۆدێرندا فۆرمی نەگرتووە.
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەستکەوێت، لەلایەکەوە دەبێت تێگەیشتنێکی روون و ئاشکرامان بۆ دەوڵەتی مۆدێرن ھەبێت و لەلایەکی تریشەوە دەبێت بەھەمان شێوە تێگەیشتنێکی روون و ئاشکرامان بۆ پێکھاتەی بوونی کورد لە مێژوودا ھەبێت. ئەوەی وا دەکات کە پێویستمان بەو دوو تێگەیشتنە روونە بێت ئەوەیە کە نەک بۆ دروستکردنی دەوڵەت بەڵکو بۆ دروستکردنی ھەرشتێک پێویستمان بەوەیە خاسیەتەکانی ئەو کەرەستەیەی کە لەو دروستکردنەدا بەکاری دەھێنین بزانین و لە ھەمان کاتیشدا دەبێت زانینێکی وردمان لە بارەی ئەو شێوەیەوە ھەبێت کە دەیدەین بەو کەرەستەیە تا لە ناویدا جێگیرببێت وخۆی بگرێت.
بۆ نموونە گەر بمانەوێت پەیکەرێک دروست بکەین، لە لمی دروست ناکەین چوونکە لم لەناو شێوەی پەیکەرەکەدا خۆی ناتوانێت راگرێت، بۆیە دەبێت لە بەردێک یان کانزایەک لە کانزاکان دروستی بکەین کە توانای خۆڕاگرتنی لەناو ئەو شێوەیەدا ھەبێت کە سنورەکانی دیاریدەکات. بۆ درستکردنی دەوڵەتیش بەھەمان شێوە پێویستمان بە کەرەستەو شێوەیەکی لەو جۆرە ھەیە.
کەرەستەی دروستکردنی دەوڵەت سروشتی ئەو خەڵکەو سروشتی کەلتورەکەی و زمانەکەی و سیستەمی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانی ناو ئەوسنورە سیاسییەیە کەدەمانەوێت دەوڵەتەکەی لەسەر دروست بکەین.. خەڵکی ناو سنورێکی سیاسی دیاریکراو کە بە سنوری سیاسی دەوڵەتێکی دیاریکراو دەبینرێت گەر لە کۆمەڵە یەکەیەکی کەلتوری وکۆمەڵایەتی و زمانی و ئاینی تۆکمەی سەربەخۆی دامەزرابێت کە بوار بۆ ئەوە نەمابێتەوە سنورەکانی نێوانیان تێکبشکێنرێن و لە سنورێکدا ھەموویان کۆببنەوەو ببنەخاوەنی یەک شێوە، ئەوە وەک ئەوە وایە بمانەوێت لە لم پەیکەرێک دروست بکەین. لە لم یەیکەرێک دروست نابێت چوونکە دەنکە لمەکان ھەریەکەیان سەربەخۆیی جووڵەی خۆی دەپارێزێت و لەگەڵ ئەوانیتردا لەو شێوەیەدا یەک ناگرن کە شێوەی پەیکەرەکەیە. بۆیە لم بۆ دروستکردنی پەیکەرێک دەست نادات، بەڵام کانزایەکی وەک مس یان ئاسن دەستدەدات چوونکە بوونێکی یەکپارچەو خۆڕاگری ھەیە.
ئیمە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە کورد وەک میللەتێکی چل ملیۆن کەسیی ناو میللەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوە دەستدەدات شێوەی دەوڵەتی مۆدێرن وەرگرێت یان دەستنادات و شێوەکەی وەرنا‌گرێت، دەبێت بزانین شێوەی دەوڵەتی مۆدێرن داوای چیدەکات و کوردیش وەک کەرەستەی ئەو دەوڵەتەو کۆبوونەوەی میللەتێک لەوشێوەیەدا چی لەباریەدایە و چی لە باردا نییە.
بۆ تێگەیشتن لە کوردو لە دەوڵەتی مۆدێرن لێرەدا بە کورتی بنەماکان و شێوەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دەخمەڕوو، لە دوای ئەوەش بنەماکانی بوونی ئەو گرووپە ئەتنینیکی و زمانییە جیاوازانەی کە بە کورد ناو دەبنرێن روون دەکمەوە. ئەو کات دەتوانین لەوە تێبگەین کە کورد وەک میللەتێک شیانی ئەوەی تیایە لە شێوەێک لە شێوەکانی دەوڵەتی مۆدێرندا شێوە بگرێت و ببێت بە خاوەنی دەوڵەت یان شیانی ئەوەی تیا نییە لەو شێوانەدا شێوەی دەوڵەت بگرێت و دەبێت بیر لەوە بکرێت کە ئەو شێوەیەی دەوڵەت ئیمکانی ئەوەی ھەیە ئەو ھەموو کۆمەڵگا ئەتنیکی و زمانی و ئاینییەی ناو کورد لەخۆی بگرێت دەبێت چۆن بێت و چ رێگایەکیش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو گروپە جیاوازانە لەو شێوەیەک لە شێوەکانی دەوڵەتدا شیوەی خۆیان وەرگرن.
١/١) دەوڵەتی مۆدێرن و تایپەکانی
بەر لە دەوڵەتی مۆدێرن جۆرێک لە دەوڵەت لە ئارادابووە کە بە ئیمپراتۆریەت ناو براوەو لە رۆژھەڵاتیش بە خەلافەت ناوبراوە. ئەم جۆرە لە دەوڵەت لەسەر بنەمای یەکبوونێکی سوپایی و رەوایەتیەکی ئاینی دامەزرابوو. بۆیە لە ھەمان کاتدا دەوڵەتێکی سوپایی و ئاینی بووە. لە رۆژھەڵاتدا ھەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی ھەبوون کە دوو ناسنامەی مەزھەبی جیاوازیان ھەبوو. لەرۆژئاواش بەھەمان شێوە دوو ئیمپراتۆریەتی ھەبوون بە دوو ناسنامەی مەزھەبی جیاوازەوە.
ئەوەی کە یەکبوونی ناوەکی ناو ئەم جۆرە لە دەوڵەتی رادەگرت سوپا بوو. ئەو ھەموو کۆمەڵگا جیاوازانە کە لەڕووی زمان و ئەتنیک و سیستەمی کۆمەڵایەتیەوە جیاوازبوون، دەبوایە یان لەرێگەی سوپاوە یان لە رێگەی کۆمەککردنی سوپاوە بە باج و خەراج بچنە ناو پێکھاتەی ئەو دەوڵەتەوە. ئەوەی ھەموو رەنگە جیاوازەکانی دەکردەوە بەیەک و لەناو یەک پێکھاتەی چوونیەکدا کۆی دەکردنەوە، سوپای ئەو ئیمپراتۆرییەتەبوو. بۆیە بەبێ بوونی و سوپایەک کە ئەو ھەموو گروپە جیاوازە دورەدەستەی کە لە سنوری ئەو ئیمپراتۆریەتانەدا ھەبوون تیایدا بکرێنەوە بەیەک بوونی ئەو ئیمپراتۆرییەتانە مومکین نەدەبوو.
لەدوای شۆرشی فەرەنسی و سەرھەڵدانی یەکەم دەوڵەتی مۆدێرن و تەکنۆلۆجیای جەنگ، سوپا بۆ بەیککردنی گروپە جیاوازەکانی ناو سنوری سیاسی دەوڵەتێک ئەو ئەرکە سەرەکییەی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە بەشێک لە دامودەزگای حکومەت و لە جیاتی سوپا شتانێکی تر رۆڵی ئەو ھێزە یەکخەرەی ناو دەوڵەت دەبینن و جێگەی دەگرنەوە.
لە فەرنسا لەدوای شۆڕشی فەرنسی ئەو ھێزە یەکخەرە لە سوپاوە دەگۆڕێت بۆ زمان و کەلتوری پەرەوەردەیی فەرمی. لەو سەردەمەدا ئەو زمانەی کە ئێستا بە زمانی فەرەنسی ناودەبرێت لەسەدا نۆزدەی خەڵکی ناو سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتە قسەیان پێدەکرد. بەڵام لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە فێربوون و کارکردن بەم زمانە لە ناو سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا کرا بە بنەمای ھاووڵاتیبوون. لێرەدا لە بری ئەوەی ئینتما بۆ سوپایەک ببێت بە ھێزی یەکخەری گروپە جیاوازەکانی ناو دەوڵەت، فێربوونی زمانێک و کارکردن بەو زمانەو ئینتما بۆ ئەو زمانەو کلتورەکەی دەبێت بە ھێزی یەکخەری ئەو دەوڵەتە.
بەرەوپیشچوونی تەکنۆلۆجیای جەنگ بەھۆی سەرھەڵدانی زانستە ئەورپیەکانەوە وادەکات مرۆڤەکان وەک وەسیلەیەک بۆ جەنگ ئەو گرنگییەی جارانیان نەمێنێ و ئەمەش ببێتە ھۆی ئەوەی کە سوپای بەھێز وەک کۆڵەکەی سەرەکی دەوڵەت بەھای خۆی لە دەستبدات و بوونی ئەو دەوڵەت بە بوونی سوپایەکی بە ھێزەوە بەند نەبێت بەڵکوو بە بوونی دامودەزگای ترەوە بەند بێت کە بۆ ئەم سەردەمە توانای ئەو بەیەککردنەی گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ھەیە. لە دوای ئەمەوە ئیتر دەوڵەتی بەھێز ئەو دەوڵەتە نییە کە سوپاو سەربازێکی زۆری ھەبێت بەڵکو ئەو دەوڵەتەیە کە تەکنۆلۆجیایەکی بەھێزی جەنگ و پسپۆر لە بواری دروستکردن و بەکارھێنانی ئەوتەکنۆلۆجیایەی ھەبێت.
زانستی دروستکردنی تەکنۆلۆجیای جەنگ و بەکارھێنانی دەبێت بە بەشێک لە زانستی تەکنۆلۆجیای دروستکردنی وەسیلەکانی تری ژیان کارکردن لەناو ئەو دامودەزگایانەدا کە بەرھەمھێنەرو بەکارھێنەرەی ئەو وەسیلانەن. لەم سەردەمەدا بە ھۆی سەرھەڵدانی تەکنۆلۆجیای جەنگ و دروستکردنی ئامێری تەکنۆلۆجیی پێشکەوتووەوە جەنگی دوراودور جێگەی جەنگی نزیک دەگرێتەوە کە پێویستی بە سەربازێکی زۆر ھەبوو ‌و ھێزی سوپاکەی لە زۆری سەربازەکانیدابوو نەک لە دروستکردن و بەکارھێنانی ئەو ئامێرانەی کە سەربازەکان جەنگی پێدەکەن.
کەمبوونەوەی ئامادەیی مرۆڤ لە کاروباری جەنگدا بەھۆی جێگەگرتنەوەی بە ئامێرە تەکنۆلۆجییە پێشکەوتووەکان ‌و زۆری ئامادەییی مرۆڤ لە کارەگە نوێیانەی کاردا کە کرێکارەکانی پێویستیان بە راھێنان و فێربوونێکی تایبەت ھەیە، وایکرد کە سوپا وەک ئەو ھێزە یەکخەرەی ناو دەوڵەت بەھای نەمێنێت و زمان و کەلتوری فێربوونی تەکنۆلۆجیای نوێ و کارکردن بەو کەلتورە جێگەی سوپا بگرێتەوەو سوپا ببێتە بەشێک لەو پرۆسە سەراپاگیری فێربوونی ئەو کەلتورە مۆدێرنە کە بە ھۆی تەکنۆلۆجیای نوێوە ھاتووەتە ئاراوە.
ھێزی یەکخەر لە سنورێکی سیاسیدا کە دیاریکراوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بنەمای بوونی ھەر دەوڵەتێکە ئیتر دەوڵەتی بەر لە مۆدێرن بێت واتە ئەو دەوڵەتەی کە ئێرنست گێلنەر بە دەوڵەتی سەردەمی کشتوکاڵی پێناسەی دەکات یان دەوڵەتی مۆدێرن بێت کە بە دەوڵەتی سەردەمی پیشەسازی ناسراوە. گەر دەوڵەتی بەر لەمۆدێرن ئەو ھێزە یەکخەرەی کە بنەمای بوونی بووە، سوپا بووبێت، ئەوە لەسەردەمی پێشەسازی و دەوڵەتی مۆدێرندا ئەوھێزە یەکخەرە سوپا نییەو شتێکی ترە. بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی مۆدێرن و فۆرمە جیاوازەکانی تێبگەین دەبێت لەو ھێزە یەکخەرە تێبگەین کە دەوڵەتی مۆدێرن لە سەری دادەمەزرێت.
ماویەتی............

01/05/2017 20:51:57 | 1646 | Print Friendly and PDF