بابەتی زیاتر


چاکسازی راستەقینە
05/17/2020 18:25:17
بە روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
05/08/2020 11:27:16
ڕوانینێ له‌سه‌ر ره‌وشی ئابووری ئه مرۆى كوردستان
05/06/2020 16:17:47
بۆ پارتی و یەکێتی
05/01/2020 11:08:16
ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45

خواستی نەتەوایەتی و ویستی ئۆلیگارشی

نەجمەدین فارس حەسەن
نەجمەدین فارس حەسەن

نەجمەدین فارس حەسەن

بەشی چوارەم
شۆڕشی کرێکاری و پرسی نەتەوایەتی
چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , ئەم وەرەمەی سەرمایەداری لەبەردەم خەباتی کرێکاران لە پێناوی ڕزگاری یەکجاری دایناوە , تەنھا بە شۆڕشی کرێکاری نەشتەرگەری دەکرێت , بەھۆی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە ,  سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی لێوە بەرھەم  دێت و , جیاوازی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چینایەتی بنج بڕ دەکات , ڕێگا ڕاستەکە دامەزراندنی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمە, ھەروەکو مارکس و ئەنگلس دەڵێن "دەوڵەت ھەر لە ئەزەلەوە نەبووە".(٢٣)
دەوڵەت بەرھەمی دروستبوونی جیاوازی چینایەتی بوو , لە کۆمەڵگای سەرەتاییدا دەوڵەت بونی نەبووە ،دواتر و لەدروستبوونی چینەکاندا , دەوڵەت بۆ پارێزگاری بەرژەوەندی کۆمەڵێک لە بەرامبەر ھەموو کۆمەڵگادا پێکھاتووە و پێک دێت .
جیاوازی ئابووری سەرچاوەیەکی گەورە و پڕ لە کێشە و مەرارەتی ناو کۆمەڵگایە , ئەمەش وای کردووە لەڕێگەی دەستبەسەراگرتنی ئابووری و ھێزەشەڕکەرەکان و سیاسەتەوە , کۆمەلێک کۆمەڵێکی تر بچەوسێنێتەوە , جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خۆیان و ئەواندا دروست بکەن . ھەروەھا بەھۆی سیاسەت و ئابووری و بەکارھێنانیان بە ناوی ھێزی نەتەوەیی و بیری ئەندامانی خۆوڵاتی , جیاوازییەک لە نێوان جوگرافیا سیاسیەکانی سەر ڕووی زەوی دروست دەکەن , پەرە بە قڵیشتی نێوان ڕەنگە جیاوازەکانی ئەیەن , بەرژەوەندی ئابووری  جیاواز و جوگرافیای ئابوریی بە ناو نەتەوەیی و پارێزگاری کردنیان لە ڕێگەی دڕۆ و دەلەسەی بێبنەما و بێسەر و مل , ھەوڵی نانەوەی دووبەرەکی و ململانێ نەتەوەکان ئەیەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان  , و لە ڕێگەی بەناو پارێزگاری جوگرافیایەک کە کۆمەڵێک خەڵک بە زمانی جیاواز یا جلوبەرگ و ئەدەب و کەلتوری جیاواز بەرامبەر جوگرافیایەکی تر, بەو جۆرە دیدگایە کۆمەڵگاو خەڵکەکەی  حقنە دەکەن , ئەمەش ھەر ھەمووی دیسانەوە لە پێناوی کەڵەکەی سەرمایە و ئابوریدایە , زۆرترین جار سەرمایەداری , بۆ ھێشتنەوەی کێشە و ململانێیەک ,  جیاوازی ئابووری  لە نێوانیاندا دروستدەکات  لە ڕێگەی وەبەرھێنانکردن و کرێی کاری جیاواز و پێدانی پاداشت و سزا , دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ،  دژایەتی بە ناوی نەتەوایەتی و نیشتمانیەوە لە نێوان کرێکاراندا دروست دەکات , و بە بەرگی پارێزگاریکردن لە کرێکارانی نەتەوەکەی , خۆی ئەکاتە دەم ڕاست و دڵسۆزو پارێزەری .
ھەربۆیە چارەسەرییەکە , لە سەرچاوەی ئابوورییەوە دەست پێ دەکات چونکە دەست ڕاگەشتن بە مافی ئابووری یەکسان و ئازادی پێکەوە ژیان , خاڵێکی گەورەی وەرچەرخێنەری چارەسەری کێشە و ململانێی نەتەوایەتی یە . ھەروەھا مافی یەکسانی نەتەوەکان , ئەتوانێت بە ڕۆشنبیرییەکی زۆر پێشکەوتوو , دوور لە ڕۆشنبیری نەتەوایەتی , لە نێوانیاندا پرۆسیس بکات , ئەمەش ھۆکارێکە , بۆ ئەوەی جێگە و ڕێگەی یەکسانیان ھەبێت , دەوریان  لە دەستنیشان کردنی بەھای ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیان ھەبێت , لەمەیدانی خەبات دژی نایەکسانیەکانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئەوقەید و بەندانەی بەناوی ناسیونالیزمەوە , بیر و گیانی شۆڤێنیانە لە نێوان کرێکاراندا دروست دەکات ,  سەرەتای دروست بوونی , چینی سەرمایەدار و کرێکار , سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت نەتەوەیە , لەگەڵیدا بیری نەتەوایەتیش دروست دەبێت , ئەمەش سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە , دەوڵەت نەتەوە لە ساڵی (١٦٤٨ز) , کە پەیماننامەی ویستفالیای لێوە دروست بوو ,  دەست پێ دەکات , ئەویش دوای ئەوەی کۆتای ھێنا بە زنجیرەیەک لە جەنگ کە (٣٠) ساڵ درێژەی کێشا , بەھۆی ململانێی نێوان نەمسای کاسۆلیک و وولایەتەکانی ئەڵمانیای پرۆتستانتەوە بە دیاری کراوی ,و ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی , ئەمەش کۆمەڵێک کێشەی چارەسەر کرد , کە لە بەردەم گۆڕانی ئەوروپادا بوو , وەکو لایەنی ئایینی , سیاسی , کێشەی کەمایەتیەکان , ئاڵوو گۆڕ و پەیوەندی دبلوماسی ...........(٢٤)
لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا لەسەر پاشەڕۆو بۆگەناوی فیودالیزم ، دەوڵەتی نەتەوە دروست ئەبێت  , ھیچ شتێکی ئەوتۆ لە ژیانی زەحمەتکێش و ھەژاران ناگۆڕێت , لەگەڵ ئەوەی لە سیستەمی پێشوودا , چەوسانەوە ھەبوو , برسێتی و ھەژاری , سیما ی دەرەبەگایەتی بوو بەڵام لەنێوان جووتیاراندا کێشەی نەتەوایەتی برەوی نەبوو , سیما و خەسڵەتی سەرمایەداری بە نەتەوەیی کردنی کێشەکان بوو لەپاڵ کێشە ئابوورییەکاندا , ھەر بۆیە سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت , لە ململانێ ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەکان و لە جەنجاڵی بازاڕی جیھاندا , کێشەی نەتەوایەتی و پرسی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری ، ھەموو ئەو ئەرکانەی پرسە مرۆفایەتیەکان کە ھەن چارەسەریان بکات , چونکە ئەوانە ھەموویان بەشێکن لە پێویستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا , بەڵکو بە ھۆکاری جیاواز و لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا , توندڕەوی نەنەوایەتی لە نێوان کرێکاراندا دروست دەکات , و ئەیکاتە بەشێک لە ژیان و ھەوڵ و تێکۆشانیان , لەبەر ئەوە چارەسەرکردن لە لای دەوڵەتی سەرمایەداری , دیاریکراو و سنووردارە و ھیچی بۆ خەڵک لێ سەوز نابێت .
ئەگەر سەیری ووتە و ڕستەکانی چەپ و ڕاست و ئیسلامیەکان بکەیت , دوو فاقی و جیاوازی تێڕوانین لەسەر پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرییەکان ئەبنیێت , ھەموویان خۆیان بە دەمڕاست و کوێخای چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانن , بەڵام بۆ بازرگانی کردن بەکاری دەھێنن و پرسەکە لە چوارچێوەیەکی تەسکی بیر و بۆچۆنەکانیان دەھێڵنەوە و جەماوەری خەڵکی تووشی دوو دڵی و دڵەڕاوکێ دەکەن , چونکە ((ئەوەی سەردەمی یەکەم جیا دەکاتەوە , بە ئاگا ھاتنەوەی بزووتنەوە نەتەوایەتیەکان , کە چینی جووتیاران زۆرترین ژمارەی دانیشتوان پێک دێنێت , ئەگرێتە خۆی , کە چینێکە زۆر زەحمەتە ھاندانی بۆ بزووتنەوەکە , لە نێوان چینەکانی تری دانیشتواندا , لە پێناوی تێکۆشان بۆ ئازادی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی , مافی نەتەوایەتی بە شێوەیەکی تایبەت , بەڵام ئەوەی سەردەمی دووەم جیا دەکاتەوە , نەبوونی بزووتنەوەکانی بۆرجوازی دیموکراتی و جەماوەرییەکانە , سەرمایەداری پێشکەوتوو , ھەوڵی نزیککردنەوە و تێکەڵا بوونی زیاتر و زیاتری نەتەوەکان ئەدات , دوای ئەوەی ئەو نەتەوانە سەرجەمیانی بەرەو بزوتنەوەی (جموجۆڵی)  ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕۆشتن , بۆ بارودۆخی ململانێیەک  لە نێوان سەرمایەداری ھەیە کە تێکەڵا بوون لەسەر ئاستی جیھانی , وە لە نێوان بزووتنەوەی کرێکاری جیھانی , کە پلەیەکی گرنگ و لە پێشینەی ھەیە , بێگومان , ھیچ دیوارێک نیە بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو سەردەمە , بەڵکو بە چەند زنجیرەیەک گۆرانکاریی زۆر پێکەوە بەستراون , چەند ھۆکارێکی تر ھەن کە دەوڵەتەکان لێک جیادەکاتەوە: وەکو گەشەی خێرای نیشتمانی , وە پێکھاتەی نەتەوەی دانیشتوان , وە دابەشبوونی دانیشتوانەکەی , ھتد ...... لەبەر ئەوە ھەرگیز ناتوانرێت دەست بکرێت بە دانانی بەرنامەیەکی نەتەوەیی بۆ مارکسیەکان , لەھەر وولاتێک لە ووڵاتەکاندا , بەبێ ڕەچاوکردنی ھەموو ئەو ھەلومەرجە گشتی و مێژوویی و ھەموو ئەو بارودۆخە بەرجەستانەی کە لەو دەوڵەتەدا ھەیە))(٢٥)
کاتێک کێشەی نەتەوایەتی نەبێت , باسکردن لێی زۆر بێمانایە , ئەگەر کێشەکەش ھەبێت , ئەوا پێویستی بە چارەسەرکردن ھەیە , مێژووی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و چۆنێتی ھەڵسوکەوت و بەرخوردیان لەگەڵ یەکتری , دەستنیشانی جیابوونەوەی نەتەوەکان , تا ئاستی دروستکردنی دەوڵەتیش دەکات , یا جیانەبوونەوە . لە پێش ھەمووانەوە , کۆمۆنیستە زانستییەکان , بە پێی ئەو ھەلومەرجە مێژوویییە و پەیوەندییەکان بڕیارێکی دروست دەدەن , لەبەر ئەوەی ھەر کاتێک ئەو ناوچەیەی جێگەی ھەڵسووڕان و پراکتیکی حیزبێکی کۆمۆنیست بێت , پرسی نەتەوایەتی پرسێکی مێژوویی و ڕێگر بێت لەبەردەم بزووتنەوەی چینایەتی چینی کرێکار ,ئەگەر ئامانج و ستراتیژی بزووتنەوەکەی خستبووە ژێر پرسیارەوە , دەبێت ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە و چارەسەری بنج بڕی بۆ بکرێت, تا ھەنگاوێکی زیاتر و پڕ لە سوود بێت بۆ بزووتنەوەشۆڕشی کرێکاران .
شۆرشی کرێکاری وەڵامی یەکەم و کۆتاییە . بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , لە ھەر ووڵاتێکدا بێت . بەڵام لە ڕابردوودا , لە لای بەشێک لە بزووتنەوەی چەپ ,بۆ پرسی نەتەوایەتی بڕوای ناڕاستی , نا زانستیان ئەوەبوو , کە نابێت نەتەوەکان جیاببنەوە لە چوارچێوەی حکومەتی کرێکاریدا . ھەروەھا لەلای پارتە ڕاست و ئیسلامیەکان بە شێوەیەکی بێ بەھایانەو , شەرمنانە , تا ئاستی باس نەکردن بوو, یان بۆ راکێشانی سۆز و ھەستی کۆمەڵگای کوردی لێرە و لەوێ قسەیەکی کورت و بێ ناوەڕۆکیان لەسەر دەکرد , چونکە (("لە سیستەمی سەرمایەداریدا , کارێکی چاوەڕوان نەکراوە , لابردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی (چەوسانەوەی سیاسی بە گشتی) لەسەر نەتەوەکان , لەبەر ئەوە پێویستی بە لەناوبردنی چینەکان , و دامەزراندنی سوسیالیزمە"))(٢٦)
ھەڵوێستی دژ بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە , و ڕاگەیاندنی لە لایەن چەپی کوردستانەوە لە ڕابردوو ئێستاشدا , سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە لایان دووەمین ڕێگای ھەڵبژاردنیان نییە , ئەوە نەبێت حیزبەکانی تریش ھەڵویستیان لە ڕابردوو ئێستاشدا زۆر جیاواز بێت , ھەرچەندە بەسەر زارەکی بەیانی بکەن .
نە بڕوایان بە حکمی زاتی و نە بە فیدراڵی و نە بە جیابوونەوەش ھەیە , پرسی نەتەوایەتی گرێی خستوۆەو دەخاتە بەردەم چوونە پێشەوەی ئامانج و ستراتیژی کۆمۆنیستە زانستیەکان , ھەروەھا چەپیش ھەوڵیان لە پێناوی چوونە پێشەوەی بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازی و بەکارھێنانی پرسی نەتەوایەتی یە ,لەو پێناوەدا چونکە دەڵێن (("سەربەخۆیی کوردستانی عێراق دووەمین ڕێگاش نی یە کە ھەڵبژێرین"))(٢٧) , کاڵفامیان , یان نەتەوە پەرستیان ئەم جۆرە ھەڵوێستانەیان , بەرامبەر بە پرسێکی لەو جۆرە بۆ دروستکردوون , لەبەر ئەوەی کێشەی کورد لە ھەر چوار ووڵاتانی عێراق , ئێران , تورکیا و سوریا , مێژوویەکی دوور و  درێژی لە بێ مافی سیاسی و ئابووری و تا کەلتوریش ھەبووە , باشوری کوردستان کەوتەبەر شاڵاوی ئەنفال و کیمیا باران و , وێران کردنی گوند و سەرچاوە ئابوورییەکانی , ژیانی ھاووڵاتیەکانی لەسەر زەوییەکەی وەکو ژیانی بەندییەک بووە لە گرتووخانەیەکدا , لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و , باکوریش شتێکی ئەوتۆ نەبووە , کە پێناسی ناسنامەکانیان بێت , لەو ووڵاتانەدا ھاووڵاتی کورد بە پلە دوو ھەژمار دەکراو و دەکرێت , ھەموو ئەو ھەڵوێستی دەوڵەتانەی کە کوردی تێدا ئەژێت , وای کردووە ئەو نەتەوەیە  دامەزراندن و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە کەم و کۆتا چارە دەیبینێت , بەڵام "(لەبەر ئەوەی بۆرژوازی نەتەوەی چەوساوە , دروشمی ڕزگاری نیشتمانی , بە بەردەوامی دەگۆڕێت بە دروشمی فێڵا کردن لە کرێکاران , لە کێڵگەی سیاسەتی ناوخۆدا , ئەم دروشمانە ئەقۆزێتەوە , بۆ بەستنی ڕێکەوتننامە کۆنەپەرستانەکانیان: لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی کە لە دەسەڵاتدایە , وە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا , ھەوڵئەدات بۆ بەستن و جێبەجێ کردنی سەفەقات لەگەڵ دەوڵەتێک لە دەوڵەتە ئیمپریالیستیە ڕکابەرییەکانیان , تا ئامانجەکانی لە تاڵان و بڕۆدا بە دەست بھێنێت.)"(٢٨)لەگەڵ  ئەوەی ئەمە سیاسەتی بۆرژوازی نەتەوەو مەزھەب چیەکانی عەرەبیە لە عێراقدا, ھەروەھا لە ووڵاتەکانی وەک و ئێران وتورکیا و سوریاش ھەر ھەمان شتیان ئەنجام داوە , بەڵام ئەو سیاسەتانە بەشێک نین لە ئامانج و خواستی سیاسی و ئابووری کرێکارانی نەتەوەی ووڵاتەکانیان , ھەموو ئەوانە فرت و فێڵی بۆرژوازی نەتەوە و ئاین و مەزھەبچیەکانە لە کرێکارانی نەتەوەکانی خۆیان , پەنا بە خاتری زیاتر کردن و گەشەی کەڵەکەبوونی سەرمایەکانیانە و بردنە پێشەوەی ئامانجی سیاسی و ئابوورییانە , لەسەر شان و ئێسک و پروسکی کرێکارانی نەتەوەکانیان و کۆیلەکردنیان بە سیاسەت و ئامانجە نزیک و دوورەکانیان , چونکە "(ھەر گەلێک , گەلێکی تر کۆیلە بکات بە دەستی خۆی کۆت وبەندی خۆی دروست دەکات)"(٢٩).
ھەموو ئەو کردارانەیان زیاتر لە پێناوی ململانێی و کێبرکێی سەرمایەکانیانە لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەی ژێر دەست و , ئەمەش لەسەر شان و بەرژەوەندییەکانی کرێکارانی ناوخۆی ووڵاتدا ئەنجام ئەدرێت , بەڵام لە ھەموو کاتێکدا بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەستە , لە دژی کرێکارانی ھەردوو نەتەوەکە , تا ڕێگای ھاوخەباتی چینی کرێکاری نەتەوەکان و , بزووتنەوەچینایەتیەکەیان  ڕووبەڕووی شکست ولەناوچوون بکات , ھەروەکو لە ڕابردو و ئێساشدا ئەو شکستەیان دیار و ڕوونە , بۆ ئەم ھەلومەرجەش دەبێت کۆمۆنیستە زانستیەکان چ ھەڵوێستێک لە بەرامبەر ئەو ناتەبایی و دژیەکییەی کرێکاران , لەبەردەم کار و کرداریان دابنێن؟! بە پێی ھەموو ئەو ھەلومەرجە ئابووری , سیاسی , کۆمەڵایەتی و مێژووییانەی کە نەتەوەی کورد ھەیەتی لە ناوچەکەدا , جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بە کارێکی زۆر شیاو و باشتری دەزانم لەوەی کە ببێتە ھۆکاری زیاتر قڵشتی جیاوازی و دژایەتی لە نێوان نەتەوەکاندا , لەبەر ئەوەی "(داننان بە مافی جیابوونەوە مەترسی (پارچەبوونی دەوڵەت) کەم دەکاتەوە)"(٣٠) کاتێک کێشەی نەتەوایەتی بەر بینی چینی کرێکار نەگرێت , بە خەباتی چینایەتی و داخوازییە ڕۆژانەییەکان و خواستی مێژوییەوە خەریک دەکەن , کەواتە دەبێت جیابوونەوە بە خاتری یەکگرتنەوەی خەبات و بزووتنەوەی کرێکاران بێت . ھەروەھا دەبێت جەخت لەسەر ئەو ڕێگایە بکەن و ھەڵوێستی دوولایەنە و بێئامانجیان نەبێت , و ڕاستەوخۆ ڕێگا چارەکانی , لە تێڕوانینی و لێکدانەوەکانی کۆمۆنیستە زانستییەکان ھەبێت .
بە پێی لێکدانەوەکانی ڕابردووی چەپ , سەربەخۆیی کوردستانی عێراق ڕێگای دووەمیش نییە , ئەو تێڕوانینانەیان , کار و فرمانەکان و نووسنەکانیان ,و ھەوڵەکانیان , لە پێناوی چوونە پێشەوەی ڕەووتی بزووتنەوەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی , بەھای بۆچوونێکی نازانستییە , ئەو تێڕوانینەیان ھەڵقوڵاوی دیدگا و بەرژەوەندی ووردە بۆرژوازییە , ئەم توێژەی کۆمەڵگا , بە پێی شوێن و ڕێگای لە سیستەمی سەرمایەداریدا , ھەڵووێستیان بە قازانجی بەرژەوەندی خۆیان ھەیە  و خەڵکانی تر لە پێناودا بەکاردەھێنن.
تێڕوانینی ناڕاست, و نازانستی چەپ لە ڕابردوو , لە زۆرترین کاتدا, ھاوجووت دەبوون لەگەڵ سەرمایەداران و بۆرژوازی لە دەسەڵاتدا, ئەیان ووت "(لە حاڵەتێکی لەمەش پێشڕەوتر لەم دەورانەی ئێستا بەوجود بێت کە پێش جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق چینی کرێکار توانییبێتی ئامادە بێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و جەماوەری زەحمەتکێش بە دەوری خۆیدا کۆکردبێتەوە و حکومەتی کرێکاری لە عێراقدا جێگای جکومەتی بەعس و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی بگرێتەوە لەھەریەک لەم دوو حاڵەتەدا ئێمە دژ بە جیابوونەوە و دیفاع لە مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەکەین)"(٣١)
ئەم ھەڵوێست و تێڕوانینانە , چی  جیاوازە , لە بیروبۆچون و کرداری سیستەمی دواکەوتووی سەرمایەداری عێراق , سەرمایەداری لە عێراقدا لەبەر سیاسەتی چاوچنۆکی ئابووری و بازرگانی , بە بڕوبیانوی جیاوازەوە , بڕیار لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کورد نادات , ئەمەش بەھۆی بەرژەوەندییانەوە , یەکسانی نەتەوەکان , دەخاتە چوارچێوەی بیری تەسکی شۆڤێنیزم و بە ئاگر و ئاسن و جینۆساید وەڵامی ئەداتەوە , لە ئێستاشدا وەکو ڕابردوو ڕێگای جیاوازی گرتووەتەبەر , تا بتوانێت بە پێ بەرژەوەندییەکانی , مانۆڕی سیاسی و ئابووری خۆی تاو بدات , ئەگەر حکومەتی کرێکاری , زامنی مافی یەکسانی نەتەوەکان نەبێت , بە جیابوونەوەش , ئەوا چ جیاوازییەکی لەگەڵ حکومەتی سەرمایەداران ھەیە ؟!.
"(لە تێڕوانینی مێژوویی ئابوورییەوە , لە بەرنامەی مارکسیەکاندا , (ئازادی نەتەوەکان لە بڕیاری چارەنووسدا) ناکرێت جگە لە واتایەکی ھەبێت , ئەویش ئازادی بڕیاری چارەنووسی سیاسی , واتا دەوڵەتێکی سەربەخۆ , و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی , بەڵام مەرجەکان لە ڕوانگەی مارکسییەوە , واتا لە ڕووانگەی چینایەتی پرۆلیتاریاوە , پشتیوانی کردن , لە داواکاری بۆرژوازی دیموکراتی کە ئەڵێت "دەوڵەتی نەتەوەیی" و لە دواتردا بڕیار لە ووتەکان ئەدەین , ئێستا باسەکەمان کورت ئەبێتەوە لەسەر پێناسەی ماناو ناوەڕۆکی "ئازادی بڕیاری چارەنووس")"(٣٢) حکومەت و سیستەمی دیموکراسی بۆرژوازی , ھیچ نییە جگە لە دەسەڵاتی چینێکی کەمی مشەخۆر بەسەر تەواوی دەسەڵات و ئامانجی زۆرینەی کۆمەڵگا , بێگومان ناوەکانی وەکو حکومەتی ریفاھی بۆرژوازی , لیبرالیزمی مۆدێرن , و کلاسیک , دیموکراسی و دیکتاتۆرەکان , ھەموو حیزبەکانی تری کوردستان و کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی جاران و ماوییەکان , ناتوانن وەڵام بە تەواوی داخوازی زۆرینەی خەڵک بدەنەوە , جیابوونەوە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیەتی , لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسی دیاریکراو سەربەخۆدا , ئەو جۆرە دیدگا و تێڕوانینانەیان لە دنیادا , جیھانبینییەکانیان , بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد , بێژانەکانیان , خۆشباوەڕی و ناوەڕۆکی بۆچوون و کردارێکی دژە بە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا و سۆسیالیزمە و ھیچی تریان لێوە سەوز نابێت . دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری , ناتوانێت مافی یەکسانی نەتەوەکان دابین بکات , نموونەش زۆرن , وەک جێبەجێ کردن و پێدانی مافی نەتەوەکانی , وەک چیچانی , و سۆدانیەکانی خوارو , و ..... لە لایەن ووڵاتەکانی کە لەگەڵیاندا ئەژییان , دەوڵەتی ڕوسیا و سۆدان , ئەگەر مافیشیان دابێت , ئەوا ئاوێزانی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییان کردوون , ئەمەش لەسەر دەستی ئەو ووڵاتانە بووبێت یان لە لایەن سەرمایەداران و بۆرژوازی نەتەوەکانی خۆیان بووبێت , کێشەی بۆسنی و سربیەکان , لەساڵانی پێش (١٨٠٠ز)وە,کێشەیەکی مزمن و بێکۆتایی بوو, ھەتا لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووە , ئاخر جەنگی خوێناوی و بە پشتگیری سیاسەتی ڕووسیا لە سربەکانی ئەرسۆدۆکس و , ھەروەھا پاڵپشتی و ھاندانی بۆسنییە موسڵمانەکان لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە , بەرداشی ئەم دوو ھێزە خەڵکێکی زۆری لەلایەن ئەرسۆدۆکس و موسڵمانەکان ھاڕی , ئەمانەش ھەر ھەمووییان , پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی زلھێزەکانەوە ھەبووە و کراونەتە قوربانی سیاسەتەکانی ئەوان . واتە ئەگەر کێشەی نەتەوایەتی ھەبوو ، ئەوا کاریگەری سیاسەتی دەرەکی ووڵاتانی تر ، لەسەر ناوخۆیان دەبێت . ھەردوولای ناوخۆو ھێزی دەرەکی ، لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان ئاگری دژایەتی نەتەوایەتی بە بڵێسە و خامۆش دەکەن .
"(بونی تێکۆشان لە پێناوی ئازادی نیشتمانی , دژی دەوڵەتێکی ئیمپریالی , لەوانەیە لەھەموومەرجێکی دیاریکراودا لەلایەن دەوڵەتێکی تری (گەورە) بۆ مەبەستە ئیمپریالیەکانی ئیستغلال بکرێت)"(٣٣),ھەروەکو لەو ووڵاتانەی کە ئاماژەمان پێکردن , کێشەی دەوڵەتی سووریا و دانیشتوانەکەی , و ھێزە گەورە ئابوری و سەربازییەکانی دنیا, لە پێناوی بەرژەوەندییان و ململانێیان لەسەر باڵادەستی لە ناوچەکە و , ڕێڕەوی ھەناردەی نەوت و غازی سروشتی , بۆ ئەوروپا و بەشێکی زۆری جیھان , بە گیانی سەدان ھەزار کەس لە خەڵکی سوریا و ئاوارەبوونی چەند ملوێنێک لە دانیشتوانەکەی , تەسفیە حساب دەکەن لەگەڵ یەکتریدا . ئەوە خۆشباوەڕییە , کە پێت وا بێت , سەرمایەداری و بۆرژوازی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەکەن , بەڵام ئەگەر لە ھەر شوێنێک , ھەوڵێکیان بۆ ھێنانە دی بەشێک لە خواستی نەتەوایەتی دابێت , یان بیدەن , ئەوا ناکرێت ڕەتی بکەینەوە , ئەزانین , بۆرژوازی و سەرمایەداران کێشەکان بە تەواوەتی چارەسەر ناکەن , بەڵام بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەلاتیان لێرە و لەوێ ووردە ڕیفۆرمێک دەکەن , ئەویش بە پێی ھەلوومەرجی ئەو کات و توندی و شلی گرتنی کێشەکان لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە , لەبەر ئەوە دەبێت کۆمۆنیستە زانستیەکان , بەرنامە و پرنسیپ و ستراتیژی ئامانج دووری ھەبێت , ئەمەش دەبێت تایبەتمەندی ناوچەی کارکردنی خۆی لەبەرچاو بێت, ھەنگاوێکی بە بزووتنەوەی ڕزگاری چینایەتی پێھەڵگرتبێت . لە ناوچەکەی ئێمەدا چەند نەتەوە و ئاین و ئاینزای لە یەکتر جیاواز ھەیە , ھەر ھەمووییان کێشە و ئاریشەی سیاسی , و کۆمەڵایەتی , ئابووورییان لەگەڵ یەکتر ھەیە, ھەر پارت و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی , دەبێت ئامانج و تاکتیکی بە پێی ھەلوومەرجی شوێنی کار و چالاکییەکانی دابڕێژێت . بەرنامەی دیمۆکراتیکی , لە فەلەکی خواستە دیموکراتیەکانی کرێکاران و  کۆمەڵگادا بسوڕێتەوە , و بەرنامەی چارەسەری ھەبێت , چونکە "( دەوڵەت جۆرێکی تایبەتە لە ڕێکخستنی ھێز , ڕێکخستنی تووند و تیژانەی سەرکوتکردنی چینێکە لە چینەکان , چی چینێک کە پێویست بێت پرۆلیتاریا سەرکوت بکات ؟ بێگومان تەنھا پێویستە چینە وەبەرھێنەکانی (چەوسێنەرەکان) سەرکوت بکات , واتە بۆرژوازی , کرێگرتەکان پێویستیان بە دەوڵەت نییە , بێجگە لەو کاتەی کە سەرکوتی بەرگرییەکانی وەبەرھێنەرانی (چەوسێنەرانی) پێدەکەن , وە ناتوانرێ سەرکردایەتی ئەو سەرکوتکارییە بکات ,جگە لەوەی تا کۆتایی بە تاکە چینی شۆرشگێر ناوزەند دەکرێت , ئەویش کە چینی پرۆلیتاریایە لە ژیانیدا جێبەجێ دەکات . وە تاکە چینە کە شایستەی یەکخستنی ھەموو کرێگرتە و  چەوساوەکانە بۆ تێکۆشان , لە پێناوی دژایەتی کردنی بۆرژوازییەت و ڕوخان و لە ناوبردنی بە تەواوەتی)"(٣٤) چارەسەر تەواوەتی لە بەرنامە و دەستوریی پرۆلیتاریای شۆرشگێڕدایە . لەبەر ئەوەی لە سەردەمی سرمایەداریدا بێجگە لەو چینە ئیتر چینی شۆرشگێڕ نییە , ھەروەکو چۆن لە مێژوودا, چینی شۆرشگێری  لە کۆیلەداریدا , جووتیاران و خاوەن زەوییەکان بون , بۆ دەرەبەگایەتیش , بۆرژوازی و سەرمایەداران بوو بوونە چینی شۆرشگێر و سەردەمێکی کۆنیان گۆڕی بە نوێ , بۆ ئێستای سەرمایەداریش بێجگە لە پرۆلیتار ھیچ چینێکی ترو توێژەکانی ئەو ئەرک و دەورە ناگێڕن , بە "(بێ شۆرشێکی توندو تیژ و بە زەبرو زەنگ ناتوانرێت , لە جێگای دەوڵەتی بۆرژوازی دەوڵەتی پرۆلیتاریا بخرێتە جێگای , بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی پرۆلیتاریا,و ھەموو جۆر دەوڵەتێکی تر, ھیچ ڕێگایەک نییە جگە لە (ھەڵوەشانەوەی ))"(٣٥) , ئەمەش ھیچ فرت و فێڵێک ناھێلێتەوە , ئەو ئەرکە بە ئەنجام دەگەیەنێت کە مێژوو پێداوە و , بووە بە زەرورەتێک و حەتمیەتێکی مێژووییە, چارەسەری پرسی نەتەوایەتی , یەکێک لە ئەرک و کارە تاکتیکیەکانی ئەو چینەیە , ئەگینا "( بەو شێوەیەی پرسی ھەڵوێستی شۆرشی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا, بەرامبەر بە دەوڵەت , تەنھا گرنکیەکی ڕامیاری نییە , بەڵکو لەھەمان کاتدا یەکێکە لە بابەتە پێویستیەکانی ڕۆژگار, ئەوەیە کە پێویستە جەماوەر لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕوونکردنەوە و ئەوە دیاری بکات , ڕزگاربوون لە زۆرداری سەرمایەداری)"(٣٦) , کاتێک کردەیەکی تاکتیکی لەبەر چاو دەگیرێت , لە پێناوی خزمەتی ستراتیژی چینایەتیە,واتە دەبێت لە ئێستا ھەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر, بیر لەوە بکەنەوە کە نەیەڵن بۆرژوازی و سەرمایەدارانی نەتەوەکانیان بەکارییان بھێنن و لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتیان بیانکەن بە گژ یەکتریدا.
چارەسەری پرسی نەتەوایەتی بەشێکە لە وەڵامی سیستەمی سەرمایەداری کە ھەموو کات  ویستوویەتی , لە رێگەی دروستکردنی , دژایەتی نەتەوایەتی و بیری تووند و تیژییەوە چینی کرێکار ناکۆک و دژبەیەک بن لەناوخۆیاندا , واتە دەیانەوێت پرسی سەردەمی ئێستا و کێشەی کرێکار و پرۆلیتاریا لەگەڵ سەرمایەداری و سیستەمەکەیدا بگۆڕن , بە کێشە و ململانێی نەتەوایەتی , کاتێک مێژووی ململانێکان لە نێوان نەتەوەکاندا پێیان ووتین جیابوونەوە  چارەسەرە , ئیتر دەبێت کورد و عەرەب بەوە ڕازی بن و ھەوڵی ئەوە بدەن لە دواتردا , لە یەک ھێزدا خۆیان کۆبکەنەوە و , دژ بە سیستەمی سەرمایەداری ھەرچی ھێز و توانایانە لە پێناو لەناوبردنیدا خەرج بکەن . ئەمەش لە رێگەی ھاوکاری و ھاوپشتی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکانەوە دەبێت , ھێز و توانایان ئەداتێ بۆ لەناوبردنی جیاوازی نەتەوایەتی و چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی .
"(ھەروەھا دەوڵەت لە ئەزەلەوە نەبووە , کاتێک کۆمەڵگاکان دروستبوون , پێویستیان بە دەوڵەت نەبوو , ھەروەھا ھیچ ئایدیایەکیان لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتی  دەوڵەتی نەبوو , کاتێک بەزەرورەت کۆمەڵگا دابەش بوو , بۆ چینەکان , پەیوەندی بە پلەیەکی دیاریکراوی گەشەی ئابوورییەوە ھەبوو , وە بە پێی ئەو دابەشبوونە دەوڵەت بووە پێویستیەکی گرنگ . ئێمە لە پلەو ژمارەی ئەو ھەنگاوە خێراییانەی گەشەی بەرھەمھێنانەوە نزیکین کە ھەروەھا بەس نییە  پێویستی بوونی ئەو چینانە , بەڵکو بوونەتە لەمپەرێکی ڕاستەوخۆی بەردەم بەرھەمھێنان , بە پێویستی و زەرورەت چینەکانی لەناو دەچن , ھەر وەکو لە ڕابردوودا بە زەرورەت دروست بوون , وە لەگەڵ  لەناوچوون و ھەڵوەشاندنەوەی چینەکان دەوڵەتیش بە زەرورەت لەناو دەچێت , کۆمەڵ بەرھەمھێنانێکی نوێ ڕێکدەخات , بە ڕێکخستنێکی نوێ , لەسەر بناغەی ئازدی و یەکسانی و یەکێتیە بەرھەمھێنەکان , ھەموو ئەداتی دەوڵەت ھەروەکو ھەبووە بە تەواوەتی دەنێرێت بۆ مۆزەخانە عادییەکان لە پاڵا جۆڵاکاری سەرەتایی و داسی برۆنزی)"(٣٧) .

سەرچاوەکان:
٢٣- مارکس،‌انجلس، مختارات فی اربعە اجزاء(الجزءالپالپ)،‌اێل العائلە الملکیە الخاێە والدولە ، دارالتقدم ، موسکو ، ێ٤١٢.
٢٤- الدکتور محمدالسیدسلیم ،تگورالسیاسەالدولیە فی القرنین التاسع عشروالعشرین ، دارالفجرالجدید للنشروالتوزیع ، جمھوریەمێرالعربیە، الگبعەالپانیە ، ٢٠٠٤م ،ێ٣٩.
٢٥ – لینین ، مسائل السیاسەالقومیە والاممیە البرولیتاریە ، دارالتقدم ، موسکو ، ١٩٦٩م ،ێ٧٥-٧٦.
٢٦- ھەمان سەرچاوەی پێشوو ،{خلاێەالمناقشە حول حق الامم فی تقریرمێیرھا} ،ێ١٩٧.
٢٧- مەنێوری حیکمەت ، لەبەرگریکردندالە داخوازی سەربەخۆی کوردستان ، گۆفاری بۆپێشەوە ، ژمارە ٢١ ، ٢٧ی ئابی ١٩٩٥ ،ل٥ .
٢٨- لینین ، مسائل السیاسەالقومیە والاممیە البرولیتاریە ، دارالتقدم ، موسکو ، ١٩٦٩م ،ێ١٧٦ .
٢٩- مارکس،انجلس ، بێددالپورەالاشتراکیە ، مجموعە من المقالات {من مقال "بلا‌غ سری" کتب نحو ٢٨‌ڕزار[مارس] ١٨٧٠ } ، ترجمە الیاس شاھین، دارالتقدم ، گبع فی الاتحادالسوفیتی ، ١٩٨٣ ،ێ١٥٣ .
٣٠- لینین ، مسائل السیاسەالقومیە والاممیە البرولیتاریە ، دارالتقدم ، موسکو ، ١٩٦٩م،ێ١٠٧ .
٣١- ئاسۆکمال ، جێگای جیابوونەوەی کوردستان لە خەباتی چینایەتی لە عێراقدا ، ل١٠ .
٣٢- - لینین ، مسائل السیاسەالقومیە والاممیە البرولیتاریە ، دارالتقدم ، موسکو ، ١٩٦٩م ،ێ٧٣-٧٤ .
٣٣- ھەمان سەرچاوەی پێشوو ،ێ١٧٦ .
٣٤- لینین ، الدولە والپورە ، دارالتقدم ، موسکو ،گبع فی الاتحاد السوفیتی ، ێ٣٠ .
٣٥- ھەمان سەرچاوەی پێشوو ، ێ٢٧ .
٣٦- ھەمان سەرچاوەی پێشوو ، ێ٥ .
٣٧- مارکس،‌انجلس، مختارات فی اربعە اجزاء(الجزءالپالپ)،‌اێل العائلە الملکیە الخاێە والدولە ، دارالتقدم ، موسکو ، ێ٤١٢ .

01/03/2017 19:04:39 | 1028 | Print Friendly and PDF