بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

جینۆسایدی ئێزدییەکان گووندی کۆجۆ وەک نموونە

مناڵانی ئێزیدی
مناڵانی ئێزیدی


تەھا سلێمان
کوردو جینۆساید
کورد لەھەر چوار پارچەی کوردستان”باشوور، باکوور، رۆژئاوا، رۆژھەڵات”ی “نیشتمانەکەی”، بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی پەلامارو شاڵاوی جینۆساید بووەتەوە، لەچوارچێوەی ئەو پەلامارو شاڵاوانەشدا، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئێمە لەبەشداریمان لەکۆڕو کۆنفرانسە ناوخۆیی‌و ھەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەکاندا، ئاماژەمان بەقەبارەو ئاستی زیانەکانی جینۆسایدی گەلی کوردو کوردستان‌و تەواوی پێکھاتەکانی کردووە، کە بەسەدان ھەزار ھاووڵاتی لەو چوارچێوەیەدا بوون بەقوربانی، بەتایبەت قوربانییەکانی پەلامارو شاڵاوەکانی جینۆساید لەھەرێمی کوردستاندا.
بەشێک لەو تاوانانە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣و لەگۆڕنانی رژێمی بەعسی عیراق، بەڕەسمیی لەدادگای باڵای تاوانەکانی عیراق وەک تاوانی جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆیی‌و تاوانی جەنگ بڕیاریان لەبارەوە دراوە، وەک «تاوانی دژ بەکوردی فەیلی، تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکان، تاوانی کیمیاباران‌و جینۆسایدی ھەڵەبجە، تاوانی جینۆسایدو ئەنفالی ١٩٨٨، تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ، تاوانی جینۆسایدی سەیدسادق»، ئەمە سەرەڕای دۆسێی چەندین تاوانی تر، کە ھێشتا بەکراوەیی ماون‌و بڕیاریان لەبارەوە نەدراوە، بۆنموونە تاوانی “ئۆردگای زیوێ، ئەشکەوتی دەکان، گووندی سۆریا، قەزای سمێڵ” و ھتد، ھەروەک وتمان لەچوارچێوەی ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا بەسەدان ھەزار ھاووڵاتی بوون بەقوربانی‌و سەدان ھەزاریش ئاوارەبوون، ھەزاران گوندو چەندین شارو شارۆچکە خاپوور کران، بەسەدان ھەزار دۆنم زەوی‌و رەزو باخ سوتێنراون، ژێرخانی ئابووری تێک‌و پێکدراون‌و تائێستاش کاریگەری جۆراوجۆری نەرێنیان بەڕێژەیەکی بەرچاو ماوە.
ئێزدییەکان گروپێکی ئاینین
لێرەدا دەمانەوێ دەرفەت تەرخان بکەین بۆ باسکردن لەنوێترین تاوانی جینۆسایدو دژی مرۆیی‌و جەنگ، کە لەسنووری بەشێک لەناوچە دابڕاوەکانی کوردستان‌و بەدیاریکراوی لەسنووری دەشتی پارێزگای موسڵ‌و قەزای شنگال‌و شارۆچکەکان‌و گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستیی ئیسلامیی داعشەوە دژ بەکوردی ئێزدی‌و کریستیان‌و شەبەک‌و بەشێک لەکاکەییەکان ئەنجامدرا، لەپێش ٣-٨و دوای ٣-٨-٢٠١٤.
ئێزدییەکان گروپێکی ئایینین لەناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆربەشیان لەنزیک پارێزگای موسڵ‌و ناوەندی قەزای شنگال‌و دەوروبەری لەناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و ھەروەھا سنووری پارێزگای دھۆک بەتایبەت ھەردوو قەزای زاھۆو سمێڵ، واتا سنووری نێوان عیراق‌و کوردستان دەژین، بەشێکی تریشیان لەڕۆژئاوای کوردستان‌و باکووری کوردستان، رۆژھەڵاتی کوردستان‌و جۆرجیاو ئەرمینیاو وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا دەژین.
ئێزدییەکان لەڕووی رەگەزی‌و نەتەوەییەوە کوردن، بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی شوێنی نیشتەجێبوونیان زۆرجار کەوتوونەتە ژێرکاریگەری رۆشنبیری‌و کلتووریی «عەرەبی، ئاشووری، سریانی»و زۆرجاریش جلوبەرگی پیاوەکانیان نزیکە لەجلوبەرگی عەرەبییەوە، بەڵام جلوبەرگی ئافرەتەکانیان لەجلوبەرگی سریانییەوە نزیکە.
ئێزدییەکان بەکوردی‌و شێوەزاری کرمانجی ئاخاوتن دەکەن، لەھەمانکاتدا بەزمانی عەرەبییش قسە دەکەن، بەتایبەت ئێزدییەکانی باشیک‌و نزیک پارێزگای موسڵ، بەڵام نوێژو ئەنجامدانی سرووتی ئایینی‌و کتێبە ئایینیەکانیشیان بەزمانی کوردییە، پیرۆزترین شوێنی ئایینیشیان مەزاری «لالش»ەو لەگەورەترین‌و دیارترین کەسایەتیەکانیشیان «میر تەحسین بەگ»ە لەکوردستان‌و عیراق‌و جیھاندا.
ئێزدییەکان و شوێنی نیشتەجێبونیان
زۆربەی ئێزدییەکان لەعیراق لەڕووی ئایینیەوە پەیوەستن بەخاکی «لالش»، کە وای ئەژماردەکەن پێش ھەموو کەسێک بۆ ئەوان‌و تەواوی ئێزدییەکانی جیھانە. سەرژمێرییەکانی ئێزدی لەعیراق «٧٠٠ بۆ ٨٠٠» ھەزار کەسەو کەوتوونەتە ھەردوو شاری «شێخان» باکووری پارێزگای موسڵ‌و «شنگال» لەسەر سنووری سوریا، بەدرێژی «٨٠» کلیۆمەتر لەدووری پارێزگای موسڵ، کە چەندین شارۆچکەو گوندی گەورەو بچوک‌و ئۆردوگای نیشتەجێبوون لەخۆدەگرن و ھاوکات قەزای زاخۆو سمێڵ لە پارێزگای دھۆک.
بەپێی ئامارەکانی دوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عیراق، ھەلومەرجی ناوچەی شنگال‌و پێکھاتەی دانیشتووانی، پێش پەلامارو شاڵاوە دڕندانەکانی دەوڵەتی تیرۆریستیی ئیسلامیی داعش، بەمشێوەیە بووە: ناوەندی قەزای شنگال‌و دەوروبەری، رێژەی کوردی ئێزدی ٨٤% بووە، ١٢% کوردی موسڵمان، ٤% موسڵمانی عەرەب، ھەروەھا ناوچەی شنگال‌و دەوروبەری لە «گرعوزێر، شنگال، سنون، زوومار» پێکدێت.
بەوردبوونەوە لەھەلومەرجی مێژوویی‌و دیموگرافی شنگال‌و ناوچەی دەشتی نەینەوا، بۆمان دەردەکەوێت ئەو ناوچانە بەردەوام دووچاری شاڵاوی زەوی سوتێنراو، سڕینەوەی ناسنامەو ھەوڵدانی گۆڕانکاری دیموگرافی‌و قەتڵوعامی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بووەتەوە، کە ئاکامەکانی دەرچوونی ھەزارەھا خەڵکی کریستیان بوو لەو ناوچانەو گرتنەبەری رێگای ھەندەران. سەرەڕای شەڕی فەوتان‌و لەناوبردنی کوردی ئێزدی، کە سەدان خێزانی ئێزدی لەشاڵاوی بەدناوی جینۆسایدی ئەنفال فەوتان‌و چارەنووسیان نادیارە.
پوختەیەک لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان
ئاسان نیە لێرەدا ھەموشتێک بخەینە بەرباس، بەڵام دەکرێ وەک بیرھێنانەوەش بێت دیارترین ئەو وێستگانە بیربێنینەوە کە مێژووی کۆمەڵکوژی “جینۆسایدی” ئێزدییەکان لە چەندین وێستگەو قۆناغی جیاوازدا دیاری دەکەن، ئەمەش لە یەک کاتدا یارمەتیدەرێکی باش و ئەرێنی دەبێت بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکە دیکۆمێنتاریانەو تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بگەین.
نووسەرو لێکۆڵەر، “بەکر عەلی ئال ئیبراھیم عیشۆ”، لە لێکۆڵینەوەیەکی وردو بابەتیانەدا، مێژووی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئێزدییەکان پۆلێن دەکات و ھەروەک چەندین سەرچاوەی ترو نووسەرو لێکۆڵەری تریش کاریان لە سەرئەم بابەتە کردوەو پێوەی ماندووبوون.
پوختەی بەردەست تا ئێستا کە پشڕاستکراوەتەوە یان یەکلایی بوەتەوە لە بارەکانی مێژووی شاڵاوو تاوانەکانەکانی جینۆساید دژ بە ئێزدییەکان “فرمانات”، دەتوانرێ بەم شێوەی خوارەوە ئاماژەیان بۆ بکرێ و بخرێنە ڕوو.
ئەم فرمانانە بە ژمارە “٦” دەست پێدەکان، چونکە وەک نووسەرو لێکۆڵەران و خودی ئێزدییەکان خۆشیان دانی پێدادەنێن، تا ڕادەیەک ئاسان نیەو قورسە بتوانرێ دێکۆمێنتەکانی تایبەت بە فرمانەکانی “١،٢،٣،٤،٥” تایبەت بە تاوانەکان و ئەنجامدانیان و ژمارەی قوربانیەکان بەردەست بکەون. ھەروەک بەشێک لە توێژەران پێیان وایە فرمانی “١” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧ی کۆچی، لە کات و سەردەمی خەلیفەی موسڵمانان “عومەری کوڕی خەتاب”دا، کە لەم ساڵەدا یەکەم کوردی بە زەبری شمشێرو کوشتن کرد بە موسڵمان.
فەرمانی شەشم: دوای فەرمانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان “١،٢،٣،٤،٥″، یەک لە دوای یەک لە فەرمانی “٦ تا فەرمانی ٧٣” دا چیرۆکی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەست پێدەکات، کە بەدیاریکراوی فەرمانی “٦” لە ساڵی ١٥٧٠ی “ز”، لە سەردەستی سوڵتان عوسمانی “سلێمان خان” دەست پێدەکات، ھەروەک لە فەرمانەکەدا ھاتوە “کوشتنیان بە ئاشکرا، فرۆشتنیان لە بازاڕی بەناو شەرعیدا”، واتە فرۆشتنیان بە شەرع و ئەو بنەما ئاینیانەی رێگای پێداون.
فەرمانی حەوتەم: فەرمانی عەلی پاشا جا نیولاد لە ساڵی ١٦٠٧، ئەم فەرمانە دوای کوشتنی “٧٠٠٠” ھەزار سەربازی عوسمانیەکان ھات لە چیای شەنگال، چونکە ئێزدییەکان لە بەرھۆکاری کوشتنی شێخی گەورە یان “ئەمیر”ەکەیان پاڵ پشتی وھاوکارییەکانیان بۆ عوسمانیەکان راگرتبوو، لەم بەر ئەم ھۆکارەش ھێزی سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی شا عەباسی سەفەوی ساڵی “١٥٨٨-١٦٢٩” توانی بۆ جاری دووەم دەست بەسەر بەغداد بگرێت و ھێزی عوسمانیەکان وەدەربنێ، ھەر لەم کاتەدا سەفەوییەکان شاڵاوی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان دەست پێکرد، لەبەر لایەنگیرییان بۆعوسمانیەکان.
بەم شێوەیە ئێزدییەکان جارێک لەلایەن سەفەوییەکان وجارێک لە لایەن عوسمانیەکانەوە روو بە ڕووی شاڵاوی راونان وکۆمەڵکوژی بوونەوە.
بەم شێوەیەو بەدرێژایی مێژوو، ئێزدییەکان لە دەسڵاتی سەفەوییەکان لەلایەک و دەسڵاتی عوسمانیەکان لەلایەکی ترو دەسڵاتدارانی ناوچەکە لە بەردەم تاوانی کوشتن و کۆمەڵکوژی و دەست بەسەرکردنی ئافرەتەکانیان وفرۆشتنیان و تاڵانکردنی سەروماڵیان بونەتەوە، وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەمان پێکرد مێژووی فەرمانەکان بە “٧٣” فەرمان پۆلێن کراون، واتە ئیزدییەکان “٧٣” جار ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی “جینۆساید” بوونەتەوە، لە نوێترینیان کە بەشێک پێی دەڵێن تاوانی جینۆسایدو بەشێکی تریش لە ئێزدییەکان پێی دەڵێن فەرمانی “٧٤”، شاڵاوەکانی (دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستی لەعێراق وشام –داعش)ە کە لەدوای تاوانی ئەنفالەوە بەدڕندانەترین شاڵاوی کوشتن و جینۆساید دێتە ئەژمارکردن، واتە بەکۆنکریتی دەتوانین بڵێین ئێزدییەکان لە ساڵی ١٧ی کۆچیەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ “٧٤” جار بەرپەلاماری کۆمەڵکوژی کەوتوون و جینۆساید کراون یان لە بەردەم شاڵاوەکانی جینۆسایدا بوون.
دیارترین کاراکتەری فرماندەی تاوانی جینۆساید دژی ئێزدییەکان ئەم ئەمیروفەرماندانەی خوارەوە بوون: ” عومەری کوڕی خەتاب، سوڵتان عوسمانی سلێمان خان، فەرمانی عەلی پاشا جا نیولاد، ئەمیر ئەردەڵان خان ئەحمەد خانی سەفەوی، قارجی قای خان سەفەوی، ئەحمەد پاشا والی دیاربکر، والی وان شەمسی پاشا، والی دیاربکر بەکر مستەفا پاشا فیراری بە بریاری پاشای عوسمانیەکان، کابلان پاشای عوسمانیەکان، حەسەن پاشا والی بەغداد، حسەن پاشا والی دووەمی بەغداد، ئەحمەد پاشا والی بەغداد، حەسەن پاشا جەلیلی والی موسڵ، نادر شا پاشای سەفەوییەکان، سلێمان پاشا ئەبی لیلی والی بەغداد، مەحمەد ئەمین پاشا جەلیلی والی موسڵ دووجار لە ماوەی حکومڕانیدا، والی موسڵ پارساڵ عەساکر لەگەڵ کوڕەکەی سلێمان پاش، سلیمان پاشا جەلیلی والی موسڵ، سلێمان پاشا جەلیلی بۆجاری دووەم، والی موسڵ عبدلباقی پاشا جەلیلی، والی موسڵ مەحمەد پاشا جەلیلی، بۆ جاری دووەم مەحمەد پاشا جەلیلی، بۆ جاری سێیەم والی موسڵ مەحمەد پاشا جەلیلی، والی بەغدا سلێمان پاشای گەورە، بۆ جاری دووەم سلێمانی پاشای گەورە، عەبدولعەزیز ال شاری یەکێک لە پیاوەکانی والی بەغداد سلێمان پاشای گەورە، ئەمیری بادینان قوباد بەگ، بۆجاری چەندەمین مەحمەد پاشا ئەل جەلیلی، والی بەغداد عەلی پاشا، عەلی پاشا بۆ جاری دووەم، ئەمیری بادینان بۆ جاری دووەم، والی نەعمان پاشا جەلیلی، بۆ جاری دووەم والی موسڵ نەعمان پاشا جەلیلی کوڕی پاشا سلێمان، والی بەغداد سلێمان پاشای بچوک، ئەحمەد پاشای جەلیلی، والی بەغداد، مەحمەد پاشا ئینجە والی موسڵ، والی دووەمی موسڵ مەحمەد پاشا ئینجە پیر قەردار، بۆ جاری چەندەمین والی موسڵ مەحمەد پاشا ئینجە پیرقەردار، والی موسڵ عومەر شا، حافز شا، مەحمەد رەشید شا وەک کاراکتەری فەرمانەکانی ” ٥٠، ٥١، ٥٢، ٥٣، ٥٤″، فەریق عومەر وەھبی پاشا، بەکر پاشا، والی موسڵ ئەسعەد پاشا دەرزی، قایمقامی شنگال “حاجی ئیبراھیم بگ ناسراو بە “حاجی ئیبراھیم پاشا”، کە سەرپەرشتی و بەشداری ھەبوە لەم فەرمانانە “٥٩، ٦٠، ٦١، ٦٢، ٦٣، ٦٤، ٦٥، ٦٦، ٦٧، ٦٨، ٦٩، ٧٠، ٧١، ٧٢″، لە فەرمانی “٧٣”دا فتوای ئافرەتانی بەناو لادەرو حەڵاڵ کردنی خوێنی ئێزدییەکان لە سەر دەستی توندڕەوە ئیسلامیەکان لە ساڵی ٢٠٠٧، دوایەمین فەرمانیش وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان بۆ کردووە، ٣—٨-٢٠١٤ لە سەردەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام “داعش” بە سەرکردایەتی “ئەبوبەکر بەغدادی”، کە چیرۆکە دیکۆمێنتارییەکانی لێرەوە دەست پێدەکەن، بەشێک لە تاوانەکانی دوو توێی ئەم فەرمانە یان بڕیارە، لە کوشتنی بە کۆمەڵ و رفاندنی کچ و ژنانی ئێزدی و تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانەکانیان، داگیرکردن وبەتاڵانبردنی ماڵەکانیان، فرۆشتنی کچ و ژنەکانیان و ھتد.
لە بەر ئەوەی ئێمە لە کتێبی یەکەم و دووەم و چەندین ووتارو لێکۆڵینەوەی تردا، تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکانمان بە پێوەرەکانی ناسین و سەلماندنی جینۆساید بە پێی رێکەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨ ی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوەو لێرەشدا مکوڕییان لەسەر دەکەینەوە، نامانەوێ جارێکی تر لێرەدا دووبارەیان بکەینەوە، تەنھا ئەوەندە نەبێت کە دەڵێین بۆ ناسینی تاوانی جینۆساید دژ بە ئێزدییەکان باشترین پلەی شارەزایی و زانیاری گەڕانەوەیە بۆ ھەمان ئەو پێوەرانە وەک وتمان لە رێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ھاتوە، کە لەناو بەندو برگە یاساییەکانی ئەو پەیماننامەیەدا دەکەیەنە پێوەر بۆ دەسەلماندنی ئەوەی دژ بە ئێزدییەکان کراوە بە شاڵاوە دڕندانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستی داعشیشەوە تاوانی جینۆسایدن، ھەروەک لە بەشی کۆتایدا ئەمە بە کۆنکریتی روون دەکەینەوە.
داعش و ئێزدییەکان
بەوردبوونەوەو سەرنجدان، وەک بەرەنجامێک دەگەینە ئەو راستیەی لە ٣/٨/٢٠١٤ لەدوای ھێرشی تیرۆریستان بۆسەر قەزای شنگال‌و پێکدادانی نێوان ھێزی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش، ٣٠ ھەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیە روویان لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی کەمپی «باجد کەندالا» لەپارێزگای دھۆک‌و ژمارەیەک شارۆچکەی تر وەک شێخان‌و تلکێف.
نزیکەی لە ٢٥%ی دانیشتووانی شنگال توانیان لە شنگال دەربچن، لەکاتێکدا نزیکەی ٧٥%ی کە دەکاتە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس لەناو قەزای شنگال مابوون، روویان لەچیای شنگال کرد بۆئەوەی لەچەتەکانی داعش رزگاربن، کە زۆرینەیان لەدانیشتووانی قەزای شنگال‌و سنون‌و چەند گوندێکی سەر بەقەزای شنگال بوون، ئەوانەی لەسەر چیای شنگال بوون لە ٩٥%ی لە ئایینی ئێزدی بوون‌و ٥%ی شیعەو کریستیان‌و لە ٤٠%ی منداڵ‌و لە ٢% ی لەتەمەنی سەرووی ٦٠ ساڵەوە بوون.
بەھەزاران شنگالی‌و ئێزدی‌و مەسیحی‌و شەبەک، تا ئەمڕۆ چارەنووسیان نادیارە، ژمارەیەک کە تائێستا ئاماری تەواو لەبەردەست نییە بەکۆمەڵ کوژراون‌و رووفاتەکانیان لەگۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە لەدوای دەستگیرکردنیان لەلایەن داعشەوە کوژراون. بەسەدان ئافرەتی کوردی ئێزدی رفێنراون کە تائێستا ژمارەی تەواوو راست لەبەردەست نییە، ئەوەشی بەردەستە لە بەشێکی تری باسەکەدا روونی دەکەینەوە، بەڵام کۆی گشتی ئەو کەسانەی بێ سەرو شوێنن دەگاتە نزیکەی پێنج ھەزار کەس لە «منداڵ، پیاو، ئافرەت، لەھەموو تەمەنەکان»، بگرە ھەندێ سەرچاوەی تر دەڵێن نزیکەی ٧٠٠٠ کەسن، تائێستاش نزیکەی « ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠» کەس لەوانە رزگارکراون، زۆرینەیان ئافرەتن‌و تەمەنیان لەچەند مانگییەوە تا موالیدی ١٩٢٢ی تێدایەو زۆرینەیان لەدایکبووی ١٩٨٠و ١٩٩٠و ٢٠٠٠-کانن، پیاوەکانیش لەدایکبووی ١٩٥٣ی تێدایە تادەگاتە تەمەنی خوار یەک ساڵ‌و بگرە چەند مانگێک.
داعش و جینۆساید
بێگومان تاوانەکانی داعش چەندین کاریگەری‌و لێکەوتەی جیاجیایان بەدوای خۆیاندا ھێناوەو دەھێنن، کاردانەوەی جیاجیا دروست دەکەن. لەسنووری پارێزگای موسڵ بەگشتی‌و شنگال‌و دەوروبەری بەتایبەت، وەک «باری ئابووری، خاک‌و دەشتە بەپیتەکەی، پەرەسەندنەکانی‌و لایەنە دواکەوتووەکانی، ژیانکردن لەو پانتاییە، باری ئەمنی، ھەژاری‌و لێکەوتەکانی، کاریگەری تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جینۆسایدو لایەنە نەرێنییەکانی، خوێندن‌و خوێندەواری، خزمەتگوزارییەکان، نەخۆشییە دەروونییەکانی پاش تاوانەکان، کاریگەرییە ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکانی پاش تاوانەکان، کاریگەرییە ئایینییەکانی پاش تاوانەکان، کاریگەرییە سیاسییەکانی پاش تاوانەکان، لەسەرووی ھەموویانەوە پرسی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی»و ھتد کە پێویستە بەوریایی لێزانییەوە، بەپشت بەستن بەئامارو داتاکانی بەردەست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
گووندی کۆجۆ وەک نموونە “کۆچۆ، داعش و گفتوگۆ”
سەید بەشار حولوعلو، دەڵێ: رۆژی ٣-٨-٢٠١٤ ھەواڵی ئەوەمان بیست کە لەشەنگال روویدا، بۆیە رۆیشتم بۆ میوانخانەکەی “ئەحمەد جاسۆ”، لە رێگا شێخ “خودێد”ەم بینی و لە میوانخانەکەش ریش سپیەکان کە لەوێ بوون، ئەوانیش “محمود جەلۆ، سەعید جەزاع، حەجا خدێدە، حاجی بەشار، خدر مەتۆ، اوسف مەتۆ”بوون.
ھەموان داوایان لە “ئەحمەد جاسۆ” شێخی گوندەکە کرد، پەیوەندی بکات بە شێخ و سەرۆک تیرە عەرەبیەکانی ناوچەکە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ خەڵکەکە. لەم کاتەدا ھەریەک لە “رفو مکری، داود کجی، محل ئامان” دەیانەویست ھەڵبێن بۆ چیای شەنگال.
دوای ئەوە “مەحمود جلو” رۆشتە بەرزترین خانووی گووندەکەو بانگی خەڵکەکەی کردو وتی”: خۆتان ئامادە بکەن بۆ داکۆکی لە گوندەکەو پارێزگاری لە کەرامەتتان بکەن، رێگە مەدەن دووژمن لە گوندەکەمان نزیک بێتەوە”.
شاھیدحاڵەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکە لە رۆژی ٣-٨-٢٠١٤ لەماڵ دەرچوون و بەرەو چیا رۆشتوون، بەشێکیان گەشتوونەتە چیاو بە پێچەوانەوە بەشێکیان نەیانتوانیوە لە بپەڕنەوەو داعش دەستگیری کردوون و گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو گوندەکە.
نایف جاسۆ، تەمەن ١٩٥٧ برای سەرۆکی عەشیرەتی مەندەکانی “ئەحمەد جاسۆ” و دانیشتووی گوندی کۆجۆ، بەم شێوەیە باسی رووداوەکەی کۆجۆ دەکات و دەڵێ”: خەڵکی کۆجۆ لە ڕۆژی ٣-٨-٢٠١٤ بەرەو چیا لە گوندەکەوە دەرچوون، بەشێکیان گەیشتن و بەشەکەی تر دەستگیرکران و بەشێکی تریش گەڕانەوە نەیانتوانی بپەڕنەوە بۆ چیا.
بۆ ڕۆژی دووەم واتە ٤-٨-٢٠١٤ ئەمیری داعشەکان “ئەبو حمزە خاتوونی” لە گەڵ “خەلیف ئەل عائد” کە عەرەبی گوندی “بەسکی ” لە عەشیرەتی “ئەل مەیتوتە” بوو ھاتن بۆ گوندەکە، داوایان لە دانیشتوانی گوندەکە کرد چەکەکان تەسلیم بکەن، چەکێکی زۆر لە ناو میوانخانەی گوندەکە کۆکرایەوەو ھەمویان بردو پێیان وتین”: ھیچ ترستان لە یەرنیەو سێ ڕۆژ مۆڵەتیان بۆ داناین یان ئیسلامبوون یان کوشتن”.
ڕۆژێک دوای ئەوە پەیوەندیم کرد بە ئەحمەد جاسۆی برامەوەو پێیوتم”: ئەبو حەمزە خاتوونی لە گەڵمان دانیشت، منیش لە رێگای تەلەفۆنەکەوە سڵاوم لێکردو وتم ئێمە عەشیرەتێکی ئاشتیخوازاین و پەیوەندیمان بەھێزە لەگەڵ عەشایەری عەرەبی، بەم شێوەیە وڵامی دامەوەو وتی”: ئەحمەد بۆکاری چاکە ھەموو شتێک دەکات”.
ئەحمەد جاسۆ دەستی بە جوڵە کرد لە گەڵ سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان، شاندێکی پێکھێنا لە “١٢” کەس کە ھەریەک لە ” محمود خاتوونی، مەحمەد حەمادی شمری، مالک نوری جاراللە، زەید خەلەف جاسم، حاچم مونیف ئەل حەروش، سالم ملا عەلو، رەئیس فەخز ئەل دۆشان ئەل شەمری، سەرحان ئەل تەحان” و کۆمەڵێکی تر.
شاندەکە بەرێکەوتن بۆ موسڵ و پەیوەندییان بە برای والی موسڵەوە کرد، بەڵام دەرفەتی دیداریی نەدان و داواکەیانی رەتکردەوە بە ھۆکارو پاساوی سەرقاڵبوونی بە جەنگەوە، دوای دوو ڕۆژ پەیوەندییان کردەوەو وتی”یسیر خیر”، “١٠” ڕۆژ مۆڵەتیان دەدەینێ بۆ راگەیاندنی رای خۆیان، مۆڵەتەکە ڕۆژی ١٣-٨-٢٠١٤ کۆتایی ھات و سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان ئاگاداریان کردین و وتیان”: ئەمە دەقی قسەکانی والیە، ئێمە لەم قسانە مورتاح نین”، لەم ماوەیەدا داعشەکان دەھاتن بۆ میوانخانە، من و براکەم ئەحمەد جاسۆ لە پەیوەندیدا بووین لە گەڵ سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان و خێرخوازان، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرەچەیەک بۆ کێشەکە.
ھەندێ خەڵک پەیوەندییان پێمانەوە کردو وتیان”: لە خەڵکی کۆجۆ بوراون نایانکوژن، ھەروەھا پەیوەندییان بە “ئەحمەد جاسۆ” ی برامەوە کردو پێیان وت: ھەواڵێک ھەیە بەڵام زۆر لێی دڵنیا نین”، ھەر لەم کاتەدا پەیوەندیم بە یەکێک لە شێخە عەرەبەکانەوە کرد کە لەناو شاندەکە بوو، وتی”: ئەم داعشانە نە متمانەیان پێدەکرێ ونەڕێزی سەرۆک عەشیرەتەکان و خاوەن تواناکان دەگرن”.
نایف جاسۆ وردتر باسی دەکات و دەڵێ”: خەڵکەکەیان ئاگادارکردەوە دەربچن بۆ سەرئیش و کارەکانیان، لە بەر ئەوەی والی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژی داناوە، ھەروەھا رێگای نێوان قەزای بەعاج و کۆجۆیان کردەوە، منیش ئۆتۆمبێلێکی جۆری “کیا”م بارکرد لە خۆراک بەرەو گوندەکە، ڕۆژی ١٣-٨-٢٠١٤، ئەوان داعشەکان لە ماڵی “ئەحمەد جاسۆ” خاڵێکی پاسەوانیان ھەبوو، مامەڵەشیان خراپ نەبوو لەگەڵ خەڵکی گوندەکە.
ڕۆژی پێنج شمە پەیوەندیم کرد بە ئەحمەد جاسۆی برام و پێم وت ئایا دوای تەواو بوونی مۆڵەتەکە ھاتوون؟ لە وڵامدا وتی “نا..
ترسەکەم زیادی کردو تەئکیدم لێی کردەوەو وتم”: بەیانی ھەینیە، دوای نوێژ چارەنوستان یەکلایی دەبێتەوە؟ بەڵام دڵم ئارام نەدەبوەوەو دڵنیا نەبووم دەموت “خودایە لە ڕۆژی ھەینی بمانپارێزە”، ھەوڵمدا پەیوەندی بە ھەندێ کەسایەتیەوە بکەم، بەڵام “ئەحمەدی برام”بەبێ پێشینە دەیانوت دڵنیابە ھیچ شتێک روونادا، منیش پێموتن مادام ئەوان وەفایان بۆ بەلێنەکەی خۆیان نەبوو، خێر لەم مەسەلەیەدا نیە. ھەروەھا ئەحمەدی برام جەختی کردەوەو وتی”: من بەم شێوەیە قبوڵ ناکەم یان دەرمان بکەن بۆ چیا یان مردن، چونکە لە حاڵەتی مانەوەمان بەم شێوەیە خەڵک پڕو پاگەندە بڵاودەکەنەوەو دەڵێن بوینەتە موسڵمان، ئەمەیە من قبوڵی ناکەم لە خۆم و لە ناوبانگم، شەھید دەبم لەپێناو ئاینەکەم لە جیاتی ئەوەی پڕوپاگەندە بکرێ لێرەو لەوێ.
نایف دەڵێ: ڕۆژی ھەینی ١٥-٨ کاتژمێری نۆو نیوی بەیانی پرسیارم لە ئەحمەدی برام کرد، پێی وتم ھیچی نوێ نیە، دۆخەکە وەک خۆیەتی. پێم وت: ئەمڕۆ من رەش بینم. وڵامی دامەوەو وتی”: مەترسە انشااللە ھیچ نیە.
ھەروەھا دەڵێ”: دوای یەک کاتژمێر پەیوەندیم بە کوڕەکەمەوە کرد؟ پێم وت چی دەکەن؟ ئەو پێیوتم “: خەریکم گاز دەکەمە ناو مولیدەی کارەبایی گوندەکە، ئێمە لە گفتوگۆدا بووین، پێیوتم باوکە ئەوە ھێزێکی زۆری داعش ھاتنە ناوگوندەکەوە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆرن، ترس دایگرتم و پێشووتر ھەستم بەمە کردبوو، دووبارە پەیوەندیم بە ئەحمەدی برامەوە کردەوە، پێیوتم ناتوانم قسەت لەگەڵ بکەم چونکە ئەوان لە میوانخانەکەم دانیشتوون و شەڕ لە دەم و چاویان دەبارێ، خوا خۆی بمانپارێزێ، دوای ئەوە موفیدی کوڕم وتی”: ھەموو خەڵکەکەیان ئاگادارکردوەتەوە لە قوتابخانەکە کۆببنەوە”.
یان موسڵمانبوون یان مەرگی راستەقینە
یەکێک لە گەڕاوەکانی مەرگی راستەقینە، ئەویش “سەفوان عەباس رەشۆ”یە سەفوان لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٨، کە لە کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ رزگاری بووەو گەڕاوەتەوە، دەڵێ”: ھەموومان لە ماڵەوە بوین، کاتێک باپیرم ڕۆیشتە دەرەوە وتی ئێمە دەڕۆین بۆ جەنگ و دەگەڕێینەوە، ئەوکاتە جەنگەکە یان “شەڕ” لە “سیپا شێخ خدرو گرزرگ” بوو، بەشێک لە خەڵکەکە دەرچون بەرەو چیا، بەڵام زۆرینە لە ناو گوندەکە مانەوە، چونکە وتیان ئەوانەی لە گوندەگە دەرچوون “داعش” دەستگیری کردوون، بۆیە خەڵکەکە ترسان لەوەی دەربچن.
سەفوان دەڵێ”: وتیان ئەمیری داعش دێت بۆ گوندەکە، کاتێک ئەمیر “ئەبو حمزە خاتونی” گەیشت، ھەموو خەڵکەکە ئاڵای سپیان ھەڵکرد، ئەمیر داوای کرد ھەموو چەکەکان لای موختاری “ئەحمەد جاسۆ”ی گوند کۆبکرێتەوە، ھەموو ڕۆژێک ئەم ئەمیرە “ئەبو حمزە خاتونی” سەردانی میوانخانەکەی موختاری دەکردو دڵنیای دەکردنەوە لە سەلامەتی و پاراستنیان.
سەفوان وردتر باسی دەکات و دەڵێ”: دوای چوار ڕۆژلە (تسلیم)رادەستکردنی چەکەکان داوایان لێکردین یان بە موسڵمان بوون یان مەرگی راستەقینە، کاتیان دیاریکرد لە ڕۆژی “پێنجشەمە بۆ یەک شمە”، لەماوەی دیاریکراودا شێخ “ئەحمەد جاسۆ” لە گەڵ شێخە عەرەبەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدا بوو بە مەبەستی درێژکردنەوەی ماوەی مۆڵەتدراو پێمان.
سەفوان بەردەوام دەبێت و دەڵێ”: ڕۆژی شەممە ئەمیرەکەی داعش ھات و وتی: مۆڵەتەکەمان بۆ ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو درێژکردەوە، ڕۆژی سێ شەممە کاتژمێر دەی شەو، ھاتن ئاگادارمان بکەن کە وازیان لێھێناوین و لە سەر ئاینی خۆمان بمێنینەوە، ئەمەشیان وەک ئەمری “ئەبوبەکر بەغدادی” خەلیفەکەیان پیڕاگەیاندین.
ھەروەک سەفوان دەڵێ”: دوای کۆتایی ھاتنی مۆڵەکەمان، “ئەحمەد جاسۆ” دیسان کەوتە نێوەند گیری و ئەوەی خستە ڕوو کە وەک برا مەسیحیەکان مامەڵەمان لە گەڵ بکەن، لە گوندەکە دەردەچین بەبێ ھیچ شتێک لە زێڕو پارە، دوای دوو ڕۆژ ئەمیر ئەمەی قبوڵکرد، ئێمە لە چاوەڕوانی ئاگادارکردنەوە بووین بۆ دەرکردنمان، دوای یەک ڕۆژ یەک رەتڵ کە “١٥” ئۆتۆمبێل بوون لە داعش ھاتن، داوایان لێمان کرد لە ناوەندی کۆجۆی کوڕان کۆبینەوە، ھەموان لەوێ کۆبوینەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان لە تەنیشت قوتابخانەکە راگرت، لە دەرگای قوتابخانەکە یەکێک دەیپشکنین و مۆبایلەکانی دەبردین، لە ڕاڕەوەکاندا راوەستاین و ھەریەکەو یەک دەبە ئاویان پێدەداین، پاشان داوایان لە ئافرەتەکان کرد بۆ نھۆمی دووەم سەرکەون و پیاوەکانیش لە نھۆمی خوارەوە بمێننەوە.
سەفوان بەردەوامەو دەڵێ”: کاتێک ئەبو حمزە خاتوونی ھات بۆ قوتابخانەکە، داوای کرد “ئەحمەد جاسۆ” بچێت بۆ لای، ئەوکاتە لە ئیدارەی قوتابخانەکە دانیشتبوو، داوای لە ھەموان کرد ھەرچی زێڕو پارە ھەیە بیکەنە ناو جانتایەکی رەشەوە، ھەمووان داواکەیمان جێبەجێکرد، دواتر “خاتوونی” قسەی کردو وتی”: پێتانمان وت واز لە جاھلیەت بێنن وببنە موسڵمان، بەڵام بە دەنگ ئەمرەکانەوە نەھاتن، ئێستا کێ دەیەوێ واز لە بیرو باوەڕی بێنێ لە سەرماڵ وموڵک وگوندەکەی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوانی تردەریان دەکەین بۆچیا، داعشێکی تر ھات وقسەکانی “خاتوونی” وەرگێڕا بۆسەرزمانی کوردی”.
پاشان موختاری گوند “ئەحمەد جاسۆ” وتی”: ئەی خەڵکی گوند، من لە گوندەکە دەردەچم بۆ چیا، کێ لەگەڵم دێ بابێت، کێش دەیەوێ بمێنێتەوە رێگری لێناکەین”، ھەمووان بە یەک دەنگ وتیان “لە گەڵت دەردەچین بۆچیا”.
سەفوان بەردەوام دەبێت و دەڵێ”: ئەمیر “ئەبو حمزە خاتونی” داوای کرد وەجبە وەجبە سەربکەوینە سەرئۆتۆمبیلەکان گوایە لە گوندەکە دەرمان دەکەن بەرەو چیا، یەکەم وەجبە “٣٠ بۆ ٤٠” کەس دەبووین بە دوو ئۆتۆمبێل بران، لە دووری “٥٠٠م” لە باشووری گوندەکەو نزیک تاوەری گوندەکەوە گوللە بارانیان کردن، بەڵام ئێمە ھەستمان بە دەنگی تەقە نەکرد ئەوەش لە بەرقەرەباڵغی ناوەوە، لە وەجبەی دووەمدا من لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی پیکاب “فاو” سەرکەوتم، لە رێگا ھەستمان کرد لایدایەوە لە شەقامەکە بەرەو شارۆچکەی “قیروان-بلیج”، یەکێک لە داعشەکان وتی”: بۆچی لە سەرجاھلیەتی خۆتان مانەوە لە بەر ئەوە موستەحقن بەمردن.
یان دەمانکوژن یان دەمانخەنە زیندان
لەم کاتەدا بوو، “عەفدۆھمۆ” وتی: ئەی خودا یان دەمانکوژن یان دەمانخەنە زیندان”، ئۆتۆمبێلێکی پیکابیبی “دێر” لە پێشمانەوە بوو کە پیاوەکانی سەرخستبوو، گەیشتە نزیک تانکی ئاوەکان، لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی “ئەل مەیتوتە” ریزیان کردن، ئۆتۆمبیلەکەی ئێمە بە دووری “١٠٠م” وەستا، یەکسەر دەستڕێژیان لێکردین و وتیان” بگەنە ئەوانەی ریزیان بەستوە”؟
چیرۆکەکەی سەفوان قورسترو سەختر دەبێتەوەو دەڵێ”: کاتێک گەیشتینە لایان، “ساڵەح موکری” کە خەڵکی گوندەکەمان بوو، ریز بن ھەموومان دەکوژن، کاتێک بوین بە دوو ریز، من لە ریزی پێشەوە بووم و ئێمە لە سەر ئەژنۆ دانیشتبوین و من ئەمانەم لە گەڵ بوون “رافع سەعید، نافع سەعید، سەعید عمۆ، عەفدۆ عەمۆ، غالب ئەلیاس، خدر حسن، ئدریش بەشار، سەعد حەجی، ئەمین بەشار، سالم خدر، سالەح موکری، رەفو موکری، خەلیل بەشار، فراس فەیسل، جەلال شڤان، خدر خەلەف، تەلال نایف جاسۆ، نوزاد سالەح، شیرزاد سالەح، حاونج خەلەف” و سێ کەسی تر کە دوانیان لە توێژی شێخەکان بوون لە “دۆمیز” ڕۆژئاوای باشووری شنگال کە میوان بوون لە ماڵی “حەسەن گالۆ” و کەسێکی تریش.
سەفوان دەڵێ”: ھەستم کرد ریزی دواوەمان دەکوژن، لەلای چەپمەوە “رافد سەعید” بوو، خۆی دا بە زەویداو منیشی لە گەڵ خۆی دا بە زەویدا، من بە سێ فیشەک بەرکەوتم و “رافد” بە چوار فیشەک بەرکەوت، کاتێک دەستڕێژی گولەیان لە ھەموان دەکرد دەیانوت “یاخودێ یا تاوس مەلەک”.
چیرۆکەکەی سەفوان تادێ سەخت و قورستر دەبێت بەردەوام دەبێ و دەڵێ”: گوێمان لێیان بوو، دەیانوت پێش ئەوەی فڕۆکەکان بێن با وەجبەی تربێنین، بۆماوەی یەک چارەکە کاتژمێر خۆم بێدەنگ کرد، بینیم لە سەر راگری لێواری شەقامەکە دەست ڕێژ لە وەجبەی سێیەم دەکەن کە “٥٠٠م” مەتر لە ڕۆژھەڵاتی گوندەکەوەیەو لە نزیک وەجبەی یەکەم تەنیشت تاوەرەکە بوو”.
سەفوان راستیەکی تر ئاشکرا دەکات و دەڵێ”: بکوژەکان لە عەرەبی مەیتوتەو خاتوونی و کیجلاو عەگیدات بوون و ئێمە بەشێکیانمان دەناسیەوە”، ھەروەھا دەڵێ”: وەجبەی چوارەمیان لە نزیک بیرێکی ئیتروازی لە ڕۆژئاوای گوندەکەوە گوللە بارنکرد، من بۆخۆم دەنگی دەستڕێژەکانم گوێ لێبوو، لەم کاتەدا سەید “کجی عمو”م بینی لە نێوانماندا ھەستایەوە، بە چاوی خۆم بینیم ھەمووان بەرکەوتبوون، دواتر بە سەر راگرەکەدا ھەڵھات و منیش بە ھەمان ئاراستە ھەڵھاتم، دوایی “فارس شەھاب” ھات بۆلامان، لە ناو ڕەزێکدا گەیشتینە ژوورێک کە ھی “عەباس قاسم مەتۆ” بوو، تێبینیمان کرد کەسێک بە ناوی “سەعد حەجی” لەوێیە، ئەو بریندار بوو نەیدەتوانی رێبکات لەگەڵمان بۆیە لەوێ بەجێما، ھەروەھا “ئدریس بەشار سەلۆ”مان بینی کە بەچوار فیشەک بەرکەتبوو، خوێنی لە بەردەڕۆشت و نەیدەتوانی رێبکات .
کوژراوەکانی وەجبەکانی پێشووترم بینی
“سامح بەسی موراد” یەکێکە لەو ١٧ کەسەی لە کۆمەڵکوژی گوندی “کۆجۆ”وە رزگاریان بوە، خوێندکاری پۆلی سێیەمی ناوەندی بوە، ئەو بەشێک لە کۆمەڵکوژییەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەو شێوەی کە خۆی بینیویەتی و یەکێکە لە شاھێد حاڵەکان.
“سامح” دەڵێ”: من لە وەجبەی سێیەم بووم، کاتێک تەرمی کوژراوەکانی وەجبەکانی پێشووترم بینی، لە گەڵ یەکێکی تر لە خەڵکی گوندەکە، خۆمان بە دوای ئۆتۆمبێلەکەدا ھەڵواسی، داعشەکانیش دەستڕێژیان لێکردین و یەکێک لە قاچەکانی برادەرکەم فیشەکی بەرکەوت، بۆیە ناچاریان کردین بەرەو گوندەکە ھەڵبێین بە مەبەستی خۆحەشاردان، لەم کاتەدا لەھەموو لایەکەوە دەستڕێژی گولەمان لێدەکرا، گەیشتینە ناو گوندەکەو ئەوانیش ماڵ بە ماڵ بە دوامانەوە بوون، ھاوڕێکەشم لەبەرئەوەی پێکرابوو ئازاری زۆر بوو، یەک کاتژمێری تەواو بە دوامانەوە بوون، ئێمەش لە گەوڕی ئاژەڵی یەکێک لە ماڵەکاندا خۆمان شاردەوە.
ئەوەی تەعەدای کردە سەرژیان و شەرەفم
“زەھورە سیدۆ کسر” تەمەن ١٩٩٢، دانیشتوی گوندی کۆجۆ، لەھێرشی داعش بۆ سەر شەنگال ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە دەستداوەو خۆشی بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی گوندەکەی وشەھیدکرا، یەکێک لە مامەکانی “زەھورە” بەناوی “خەلەف حمد ” تەمەن ١٩٥٠ کە ئێستا لە یەکێک لە چادرگەکانی زاخۆ دەژی، بەم شێوەیە چیرۆکی “زەھورە”ی بۆ گێڕاینەوەو وتی”: کاتێک زەھورە لە نەخۆشخانە بوو، بەم شێوەیە باسی بۆکردم وتی”: کاتێک گەیشتینە شاری “رەقە”ی سوریا، کۆمەڵێک ئافرەتی شنگالی زۆرمان لە گەڵدا بوو، بەسەر ماڵی چەکدارەکانی داعشدا دابەشیان کردین، من کەوتمە لای پیاوێکی دڕندە “ئەبو ئوسامە” ئەو دڕندەیە خەڵکی سعودیە و تەمەنی چل ساڵ بوو، ھەڵگری ناسنامەی وڵاتی سوعدیە بوو، من زۆر دژی بووم تا پلەی حەقدو کراھیەت، ھەوڵمدا لە دەستی ھەڵبێم بە ھەر شێوەیەک ئیمکان ھەبێت، بەڵام ھەوڵەکانم سەریان نەگرت وشکستم ھێنا، بۆیە پێش چەند ڕۆژێک کەش ساردبوو، منیش لە جیاتی ئەوەی سۆپاکە پڕ نەوت بکەم پڕم کرد لە بانزین، دوای داگیرساندنی ئاگرێکی گەورە کەوتەوەو ئەم تاوانبارە “ئەبو ئوسامە” سوتاو لەو شوێنە کۆژرا، خۆشم بە سەختی سووتام و خۆم بە بەتانیەکەوە پێچا.
بەدەم ئازارەوە، بەردەوام دەبێت لە گیڕانەوەی چیرۆکەکە بۆ مامە “خەڵەف”ی و دەڵێ”: لە ماڵەکە دەرچووم بەڵام لەناو شەقامی گشتی کەوتم، دوای ئەوەی داعشەکان زانیان چەکدارەکەیان مردوەو منیش لە دۆخێکی ترسناکدام، لە دەشتەکە فڕێیان دام بۆ ئەوەی ھەر لەوێ بمرم، بەڵام دوای گەڕانەوەیان ھەوڵمدا بگەڕێمەوە سەر جادەی گشتی، ئازارم زۆربوو، بە سەختی دەمتوانی رێبکەم، چونکە سووتابووم و کەش وھەواش زۆر ساردبوو، ئەگەر بەتانیەکە نەبوایە لە سەرەتاوە لە خۆمم پێچا دەمردم، کاتێک گەیشتمە سەرجادەی گشتی شۆفێری تاکسییەک وەستاو پێم وت”: من بە ئاگر سووتاوم تکا دەکەم بمگەیەنیتە نەخۆشخانە لە سەر سنوور، پارچەیەک ئاڵتونم پێدا کە لە پەنجەم کردبوو لە بەرامبەر کرێدا، کاتێک گەیشتە نەخۆشخانەی “ملاتیا” ی تورکیا لە سەر سنوری نێوان عێراق – تورکیا بە دووری “٧٠٠”کیلۆمەتر، پەیوەندیم کرد بە کۆڕی مامەکەم “رەعد” و ھەرچۆنیک بوو چیرۆکی خۆم بۆگیڕایەوەو بە ھەوڵی ئەو ئەبو شەجاع و کەسوکارەکەم گەیشتمە نەخۆشخانە.
بەڵام بە پێی راپۆرتی پزیشکی ڕێژەی سووتاندنەکەی ٨٠% بوەو دوای یەک ھەفتە مانەوەی لە نەخۆشخانە، “زەھورە” رستەی کۆتایی وت و ماڵئاوایی یەکجاری لە ژیان کرد” ئەوەتا من ماڵئاویتان لێدەکەم.. ئەوەی تەعەدای کردە سەرژیانم و شەرەفم، بە دەستی خۆم کوشتم وتۆڵەم لێکردەوە”.
ئەبو وەلید، سێ مناڵ بە سەم دەکوژێ
“م ر ع” تەمەن ١٩٨٧ یەکێکی ترە لە دەربازبوەکانی کۆجۆ، ئەو بەم شێوەیە ئەوەی بەسەر خێزانەکەیاندا ھات دەگێڕێتەوەو دەڵێ: لە عێراقەوە رەوانەی سوریایان کردین، کچە گەورەکەم کە تەمەنی ١٣ ساڵ بوو لە موسڵ بردیان، لە سوریا “رەقە” کردمانیانە زیندانێکەوە لە ژێر عەرز، ھیچ پێداویستی تێدا نەبوو بەتایبەت بۆ مناڵ. بۆڕی بچوکی ئاوخواردنەوەی لێبوو زۆر گەرم بوو، چوار رۆژماینەوەو رۆژی یەک وەجبە نانیان بۆ دەھێناین ئەویش کەمێک خەیارو تەماتەو سەموون بوو. ئێمە پێنج ئافرەت بووین لەگەڵ دوانزە مناڵ. دوای ئەو چوار رۆژە رەوانەی شاری “ئەل باب”یان کردین.
ھەمووانیان فرۆشت، شۆفێری یەکێک لە والیەکان بە ناوی “ئەبو سەعید ئەل جەزراوی” کە سعودی بوو، پیاوێکی کەڵەگەت و پرچ و ریشێکی درێژی ھەبوو منی برد، ئەم والیە دوو کەسی لەگەڵ بوو لە کاری شۆفێری ئەوانیش “ئەبو عەبدل عەزیزو ئەبو عیماد” بوون.
ماڵەکە کە تێی چووین سێ نھۆم بوو ئێمە لە نھۆمی سێیەم لە ژوورێک بوون، من سکم پڕبوو ھاوکات لە مانگی کۆتایی مناڵ بوون بووم، لای والیەکەیان سکاڵام لێکرد لەسەر مامەڵەکردنی بە خراپ لە گەڵماو تەعداکردنی لێم و دابین نەکردنی خواردن و پێویستی بۆم. بەڵام “ئەبو سەعید” سوکایەتی پێکردم و لێی دام لەسەر سکاڵاکردن لێی لای والی و بە والیەکەی وت: بۆتانی دەگەڕێنمەوە لەبەر ئەوەی ناتوانم پێداویستیەکانی دابین بکەم.
زانیاری پێویستی لە راپۆرتێکدا بۆ والی لەسەرم نووسی و وەک دیاری رەوانەی لای ئەمیری مەنبج “ئەبو وەلید ئەل مەنبەجی- خالد مەحمەد” کە تەمەنی چل ساڵ بوو کردم. ئەوان دەیان وت مناڵەکان موڵکی خەلافەی ئیسلامین، کاتێک گەورە دەبن، کچەکان مارە دەکەین و کوڕەکان دەنێرین بۆ سەربازگە. نزیکەی دوومانگ لەوێ مامەوە. دووجار لەگەڵ مناڵەکانم ھەڵھاتم، بەڵام نەمتوانی دەربازبم و دەستگیریان دەکردمەوە، سەرباری ئەوەی لەژێر ئۆتۆمبیل و خانووی کۆندا خۆم دەشاردەوە.
لە رۆژی ٢١-٣-٢٠١٥ سیان لە مناڵەکەنیان لێ سەندم “مەنار تەمەنی ٥ ساڵ، قەیسەر ٢ ساڵ و نیو، ئەسیر ٣٦ شەش رۆژ”، دوای یەک کاتژمێر گەڕاندیانەوە، سەیرم کرد دەڕشێنەوەو بەحاڵ ھەناسە دەدەن. پێم وتن چیتان لێیان کردوە؟ وتیان ھیچمان لێیان نەکردوە.
دواتر بە پەلە رەوانەی نەخۆشخانەیان کردین “نەخۆشخانەی عائیشە” پێشووتر ناوی ئەمەل بوو، دکتۆرەکان پێیان وتم کە کەسێک خواردنی سەمکراوی پێداون و دۆخیان زۆر مەترسیدارە. جەستەیان شین بوەوە لە گەڵ رشانەوەی بەردەوام، ھەروەھا پەڵەی رەش لەسەر جەستەیان دەرکەوت، یەک کاتژمێری نەبرد “ئەسیر” ٣٦ شەش رۆژ تەمەنی بوو لە باوشما گیانی لەدەستدا، پێوەی سەرقاڵ بووم و دەست بەگریان کرد، دواتر کچە گەورەکەم “چنار” ھات و وتی: مەناریش گیانی لەدەستدا، لاشەی مناڵە شیرە خۆرەکەم داناو بەرەو نھۆمی سێیەمی نەخۆشخانەکە رام کرد، لەسەر لاشەی مەنار زۆر گریام و ھاوارم کرد، یەک کاتژمێری تری پێنەچوو، بینیم “چنار” ھاوار دەکات و پرچی خۆی دەڕنێ، تێگەیشتم “قەیسەر”یش گیانی لەدەستدا.
دوای ئەم جگەر سووتان و برینە گەورەیە بزان ئەم ئافرەتە چی تری بەسەردێ؟ دەڵێ: ئەبو وەلید بڕیاریدا لە نەخۆشخانە بەندم بکەن، ھەڵمدا خۆم بکوژم بەڵام رێگرییان لێکردم، داوام لێکردن لاشەی مناڵەکانم بشۆم بەڵام وتیان ئافرەتەکانی نەخۆشخانە خۆیان دەیشۆن، دوای چەند کاتژمێرێک لاشەی مناڵەکانیان بە کفن کراوی ھێنایە بەردەستم، زۆر ماچیانم کرد، زۆر گریام، زۆر ھاوارم کرد، بەڵکو ئاسمان گوێی لەدەنگم بێت و وڵامی زوڵم لێکراوان بداتەوە.
داوام لە ئەبو وەلید کرد، ھۆکاری ئەنجامدانی ئەم تاوانەم بۆ روون بکاتەوە؟ لە وڵامدا وتی: لە رۆژی جەنی نەورۆزدا ویستم پیرۆزباییان بەم دیارییە لێبکەم، ئەویش کوشتنی سێ مناڵیان بۆ ئەوەی دەست بەرداری ئەم ئاھەنگەبن، چونکە ئەمە لە ئیسلامدا حەرامە، و نابێت ھیچ جەژنێک ھەبێت جگە لە جەژنی “رەمەزان و قوربان”، ھەروەھا وتی: وێنەی لاشەکانمان گرتوەو لە ئەنتەرنێت بڵاومان کردوەتەوە.
ئایا دوای کوشتنی مناڵەکانم کورد دەستبەرداری جەژنی نەورۆز دەبێت؟ ئەمە ئاگادار کردنەوەو ناردنی پەیامە، بۆ ئەوەی دەسبەرداری ئاھەنگ بن لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام، نامەی تریشیان بۆ دەنێرین.
پاشان دەڵێ: سکاڵام لەدژی لای قازی بەرز کردەوە، وڵامی دامەوەو وتی: لە دەسڵاتی ئێمەدا نیە، لێپرسینەوە لە گەڵ ئەمیرێک بکەین، کە دەجەنگێ لەپێناوی بەھێزکردنی رووکنەکانی خەلافەتی ئیسلامی، لەبەر مردنی سێ مناڵی کافر لەدۆخێکی تەم و مژاویدا. سکاڵام لای خوایە، رۆحی مناڵەکانم لەبیرنەکات و سزای جەلادو تاوانبارەکان بدات.
من و چناری کچم، لە شوقەیەک نزیک نەخۆشخانە ماینەوە، کاتێک ئەبو وەلید دەرۆشتە دەرەوە، دەرگاکانی قفڵ دەکرد، کە بە دەرگای ئاسنینی دادگاکەوە گرێدرابوو. دوای شەش مانگ، رۆژێک چنار داوای لێکردم خواردنی نانی بۆ ئامادەبکەم، پێم وت: غازمان نیە، چونکە ئەبو وەلید عەسر لای ئێمە دەبوو، دواتر دەرۆشتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، چونکە ژنەکەی تری نەیدەزانی ژنێکی ئێزدی ھاوردوە بۆ لای خۆی، بۆیە قەت بە شەو لای ئێمە نەدەمایەوە. داواکەی چناری کچی دەبێتە خێرو دەڵێ: تەماشایەکی دەرگام کرد، بینیم دەرگاکە کراوەیە، دیارە بیری چووبوو دەرگای سەرەکی شوقەکە قفڵ بکات، بەچنارم وت با بەپەلە دەربچین، بۆیە دەرگای دارینی ژوورەکەم شکان، و دەرچوین ھەرچۆنێک بوو پەیوەندیمان بە کەس و کارمانەوە کرد لە کوردستان، دوای ماندووبونێکی زۆر گەشتینەوە کوردستان.
گۆڕی بەکۆمەڵ
کۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵکوژی، بەم شێوەیە پشت راستکراونەتەوە، کە بەدووری “١٦” کیلۆمەتر، دەکەونە باشووری قەزای شەنگال و ژمارەیان “٧” گۆڕە، قوربانیەکانی نێو ئەم گۆڕانەش “٤٦٥” قوربانیەو “١٩” کەس لەم گۆڕانەوە رزگاریان بوەو ناوەکانیانی قوربانیەکان و رزگاربوەکانیش لە لیست و ئامارەکانی خوارەوە بە وردی تۆمارکراون و خراونەتە ڕوو.
یەکەم: گۆڕی بەکۆمەڵی باخی ئیبراھیم ئەحمەد کارس، باکووری “کۆچۆ”، بە دووری “٥٦٠” مەتر.
دووەم: گۆڕی بە کۆمەڵی باخی ئەحمەد جاسۆ، دەکەوێتە بەشی باشووری “کۆچۆ” بە دووری “١٥٠” مەتر.
سێیەم: گۆڕی بەکۆمەڵی باخی عەباس قاسم، رۆژھەڵاتی “کۆچۆ” بە دووری “٥٠٠” مەتر.
چوارەم: گۆڕی بە کۆمەڵی قوتابخانەی کۆجۆ، باکوری کۆچۆ.
پێنحەم: گۆڕی بە کۆمەڵی باکوری رۆژھەڵاتی کۆچۆ، بە دووری “١٠٠” مەتر.
شەشەم: گۆڕی بەکۆمەڵی نزیک تەل ئەسەری، بەدووری “١٥٠” مەتر لە کۆچۆ.
حەوتەم: گۆڕی بە کۆمەڵی پەیمانگای پیشەیی لە “سۆلاغ” کە خەڵکی گوندی کۆچۆ بوون.
دەرەنجام
ھەموو ئیشێک دەرەنجامێکی ھەیە، بۆیە لێرەوە ھەوڵدەدەین ئەوە سەلمێنین کە ئایا ئەوەی داعش دژی ئێزدییەکان ئەنجامیدا تاوانی جینۆسایدە؟ دەوڵەتی تیرۆریستیی ئیسلامیی داعش لەدوای داگیرکردنی شنگال‌و شارۆچکەو گوندەکانی دەوروبەری، چەندین تاوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا تاوانی کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ.
١- ژمارەمانی خانوەکانی کۆچۆ پێش داگیرکردن و کاولکردن “١٩٧ ” سەدو نەوت و حەوت خانوو بوەو “٢٤٤” خێزانی تێدا ژایاوە، کە ژمارەیان “١٧٣٨” کەس بوە بە ژن و مناڵ و پیرو پیاو گەنج.
٢- ژمارەی شەھیدو قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی کۆچۆ کە لە ١٥-٨-٢٠١٤ لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی داعشەوە کراوەتە سەریان ” ٤٩٢ ” کەسن لە ژن و مناڵ و پیاوو گەنج، کۆی رووفاتی شەھیدو قوربانیەکانیش لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سۆلاغ و ناو گووندی کۆجۆن.
٣- لە کۆی دانیشتوانی گووندەکە، “٧٥٤” کەس لە ژن و مناڵ و پیرو گەنج رفێنراون، “١٢٨” ئافرەت خاوەن مێردو “٩٤” کچ و “١٢٨” مناڵی کوڕو “٨٤” مناڵی کچ و “٣٧” پیاو لەکۆی سەرجەم رفێنراوەکان گەڕاونەتەوەو رزگاریان بوە.
٤-تا ئێستا “٣٥” مناڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون و لە سەربازگەی تایبەتا راھێنانیان لەسەر چەک پێدەکرێ و ھاوکات “٩” ئافرەت لەناو زیندانەکانی داعش خۆیان کوشتوە.
٥-پێش کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆجۆ، “٥٤٤” کەس لە ژن و مناڵ و پیرو پیاوو گەنج، دەربازبوون و رزگاریان بوەو نەکەوتوونەتە بەردەستی داعش.
٦- پێنج “٥” کەس لە بن دەستی داعش و “٢١” کەس لە شوێنی لەیەکتر جیاواز گیانیان لە دەست داوەو بەھۆکاری جیاجیا بوون بە قوربانی.
٧-لە کۆی گشتی کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ “٤٢” مناڵ بێباوک بوون و “٦٣” شەست و سێ خێزان بەتەواوی تیاچوون، ھەروەھا “٤٧” خێزان تەنھا یەک کەسیان دەرچوەو “١٧” خێزان تەنھا “٢” کەسیان دەرچوەو “٢٥” خێزان بەتەواوی دەربازبوون.
٨-تا ئێستاش “٢٨٤” کەس لەلای داعش بە زیندانیکراوی ماونەتەوە یان چارەنووسیان نادیارەو ھەر جارەی ھەواڵێک لە بارەی چارەنووسیانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
سەلماندن
واتە ئەگەر بەوردی سەرنجی ئەو ژمارەو ئامارو داتایانەی سەرەوە بدەین، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەوەی لەلایەن داعش دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامدراوە، بە ھەموو پێوەرو پیوانەو یاساو ریسا نێودەوڵەتیەکان بە پێی رێکەوتنامەی ساڵی ١٩٤٨و یاساو رێکارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، تاوانی جینۆسایدە، بۆنموونە:
لە ماددەی (٢)ی پەیماننامەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەم شێوەیە باس لە جینۆساید دەکات.
ڕ- جینۆساید ئەو کردەوانەی خوارەوە دەگرێتەوە، کە بەمەبەستی لەناوبردنی تەواو یان بەشێک لە گروپێکی (نەتەوەیی، ئاینی، رەگەزی، ئەتنیکی) ئەنجام بدرێت.
١- کوشتنی ئەندامانی گروپەکە ” لەھێرش بۆ سەر گوندی کۆجۆ بەھەموو شێوەیەک ھەوڵدراوە لە بەر ھۆکاری ئاینی ئێزدی بوون و تەسلیم نەبوونیان بە داواکانی داعش، ئەندامانی گروپەکە پاکتاوبکرێن و بکوژرێن”.
٢- گەیاندنی زیانی گیانی بە ئەندامانی گروپەکە. “لە ھێرشەکەی داعش بۆ سەر گووندەکە ھەموو زەرەرو زیانێکی مرۆیی و مادی و مەعنەوییان پێگەیەنراوە”.
٣- دانانی ئەندامانی گروپەکە لەژێر بارودۆخێکی وادا کە ببێتە ھۆی فەوتانی بەشێک یان ھەموو ئەندامانی گروپەکە. “ئەم کردارەش لە پەلامارەکەی داعش بۆ سەرگوندەکە دیارو روونە لە کوشتن و گرتن و زیندانی کردن و ھتد”
٤- رێگریکردن لە (منداڵ بوون) لەنێو گروپەکەدا. “ئەمەش لە ١٠٠% جێبەجێکراوەو ژن و مێردیان بە ھەموو شێوەیەک لەیەک دابڕیوە”.
٥- دابڕاندنی منداڵ و گواستنەوەیان لە گروپی خۆیانەوە بۆ گروپێکی تر جیاکردنەوەیان لە خێزانەکانیان. “دیسان ئەم کردارەش لە ١٠٠% ئەنجام دراوەو جێبەجێکراوەو لە سەرەوەش نموونەکانیمان باس کرد”.
چی بکەین؟
١- تەواوکردنی ھەنگاوەکانی بڕیاردان لەسەر دۆسێی جینۆسایدی شنگال، لەلایەن پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤـ ، گووندی کۆجۆ وەک یەکێک لە نموونەو بەڵگە زیندوەکان.
٢- کاری جدی‌و تەواوکاری ھەنگاوەکانی کارکردن بۆئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی دۆسێی تاوانی جینۆسایدی شنگال‌و دەوروبەری وەربگرێ‌و کاری لەسەربکات‌و بەڕەسمیی وەک تاوانی «جینۆساید، دژی مرۆیی، جەنگ» بەپشتبەستن بەڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨ بیان ناسێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت حکومەتی عێراق ئیلزام بکرێ داوایەک ئاراستەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات کە دۆسیەکە وەربگرێ و بجوڵێنێ، یان ھەریم بەڵگەی پێویست بەردەست بێنێ ” بۆ نموونە”
٣- پاراستنی شاھێدحاڵەکانی دۆسێی جینۆسایدی شنگال‌و دەوروبەری لە «پیاو، ژن، کچ، منداڵ»، کە لەبەڵگەنامە گرنگ‌و سەرمایە گەورەکانی ئەم دۆسییەیەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بەھاوکاری‌و یارمەتی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپاو خۆرئاوا، بەڕێکخراوەکانی تایبەت بەجینۆسایدو مافی مرۆڤ ھەیە لەسەرئاستی ئەوروپا.
٤- پێویستە ئەوروپاو وڵاتەکانیان، تەواوی تاوانەکانی داعش ئیدانەو ریسوا بکەن، ھاوکارمانبن لەپێناو دووبارەنەبوونەوەو رێگریکردن لەبەرفراوانبوونەوەی مەودای تاوانەکان، بەشی زۆری ئەم کارکردنەو جوڵاندنی دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان.
٥- کارکردن‌و دانانی پلان‌و بەرنامە بۆ پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان‌و ھەڵدانەوەیان لەڕێگای تیمی شارەزاو بەئەزموونی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە، دوور لە کاری ناپرۆفیشناڵانەو خوڕسکیانە.
٦- رۆڵی ئەوروپاو کارکردنی بۆ ناساندن‌و بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی شنگال‌و دەوروبەری، لەڕێگای لینک‌و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە جیھانی‌و نێودەوڵەتییەکان، لەگرنگترین ھەنگاوەکانن، کە پێویستە بەردەوام چاویان لەسەربێت.
٧- پڕۆژەی کۆکردنەوەی وێنەی سەرجەم قوربانییەکانی تاوانەکە لە «پیاو، ژن، کچ، منداڵ، پیر» بۆئەوەی لەدوو توێی دۆسیەکە بەلێزانی بەکاربھێنرێ، وەک یەکێک لەبەڵگەنامە گرنگ‌و پڕ بایەخەکان.
٨: بڕیاردان لەسەر ئەو ٣ پڕۆژە بڕیارەی لەپەرلەمانی کوردستانەو تێپەڕاندنی بەربەستەکان‌و ھۆکارەکانی دواخستنی پڕۆسەی بڕیاردانەکە، چونکە ئەوە یەکێکە لە بەرپرسیارێتیە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەرکە ئەنجام بدات و ھیچ پاساوێکیش نیە بۆ دواخستنی.
تێبینی: ئەم لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونە تەواو ببوو، لە رۆژی ٤-٢-٢٠١٦ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا کە ئەوەی لەلایەن داعش بەرامبەر ئێزدی و مەسیحی و شەبەک و گروپە ئتنیکیەکان کراوە، تاوانی جینۆسایدە. ھەروەک وڵاتانی ئەندام و ئەوانەی واژۆیان کردوە، پەیوست دەکات بە پابەندێتی یاسایی و ئەخلاقی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەکە، و چی پێوستە دەبێ بیکەن. لەگەڵ ئەم بڕیارە، زەمینەیەکی بابەتی و گونجاو، دەرەخسێ کە نەتەوە یەکگرتوەکان تاوانەکە وەک جینۆساید بناسێنێ و بڕیاری لە بارەوە بدات.
ئەو سەرچاوانەی بۆ چاپی دووەم بەکارھێنراون:
– دەقی رێککەوتننامەی جینۆساید ی نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵی ١٩٤٨
– جینۆسایدی ئێزدییەکان «نووسین‌و دۆکیومێنت»، تەھا سلێمان، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، سلێمانی، ٢٠١٥
– ماڵپەڕی جینۆساید کورد، داود موراد خەتاری، زنجیرەی چاوپێکەوتنی دەربازبووانی ئێزدییەکان لەلای داعش
– بەڵگەنامەکانی کۆنفرانسی لالش، ٢٠١٥، قەزای شێخان
– جینۆسایدی ئێزدییەکان «گوندی کۆجۆ» ئامادەکردنی تەھا سلێمان، دەزگای لێکۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، ھەولێر، ٢٠١٥
-ئەرشیفی تایبەتی نووسەرو رۆژنامەنووس داود موراد خەتاری “دۆسیەی جینۆسایدی کۆچۆ”.
-سەردانی مەیدانی نووسەر بۆ ئۆردگای خانکێ و چاوپێکەوتن لە گەڵ دەربازبوانی تاوانەکانی داعش.
 

02/15/2016 10:27:39 | 3856 | Print Friendly and PDF