بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە(2)

دیمەنێک لە ئەنفالکراوانی کورد
دیمەنێک لە ئەنفالکراوانی کورد


جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە
ئاوارە حسێن*
بەشی (٢)
چەمکی جینۆساید
ھەروەک لە بڕگەکانی (دووەم- سێیەم- چوارەم- پێنجەم) ی ئەو ماددەیەدا ھاتووە ھەریەک لە کردارەکانی: (ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناھەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان) بە مەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکیان بە جینۆساید دادەنرێت.
نادروستی چەمکی کۆمەڵکوژی. گەر بە ووردی سەرنجی ھەر پێنج برگەکەی ماددەی دووەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید بدەین. دەبینین بە تەنھا لە برگەی یەکەمیدا باس لە کوشتنی ڕاستەخۆ دەکات. ھەرچی چوار برگەکەی تری ماددەکەیە باس لە کوشتنی ڕاستەوخۆ ناکات بەڵکو ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناھەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان بە مەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکیان بە تاوانی جینۆسایدی داناوە. ھەروەھا ھەندێک لە بیرمەندانی یاسای نێودەوڵەتی و شارەزایانی بواری جینۆساید ئەوە دەخەنە ڕوو کە تاوانی جینۆساید پێک دێت ئەگەر ھاتو ژمارەی کوژراوان نەگەنە کۆمەڵێکیش. چونکە لە تاوانی جینۆساید مەبەستی ئاراستە کراو گرنگە نەک ژمارەی کوژراوان. گەر ھاتو مەبەستە تاوانکارییەکە ئاراستە کرابێت بەمەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی یان نەژادی یان ڕەگەزی یان ئاینی. و لە ئەنجامدا چەند کەسێکیش بکوژرێن یان کەسیش نەکوژرێت و بەڵکو تەنھا ڕووبەڕووی ئازارێکی ھزری و جەستەی ببنەوە ئەوا تاوانی جینۆساید پێک دەھێنێت. سەرەڕای ئەوەش بە کارھێنانی چەمکی کۆمەڵکوژی ڕاستەوخۆ وەرگێڕانی چەمکە عەرەبیەکەی جینۆسایدە کە عەرەبەکان پێی دەڵێن (الابادە الجماعیە) و ئەو چەمکەش بۆ خۆی ھەڵەیەکە تا ئێستا بە زمانی عەرەبیش دەرخواردی خوێنەر دراوە.
نادروستی چەمکی گەلکوژی. زۆربەی ئەوانەی کە لە بواری جینۆساید دا کار دەکەن و ئەم چەمکە بە کاردەھێنن بە ووردی تێبینی و سەرنجی ئەوەیان نەداوە کە تەنھا لە بڕگەی یەکەمی ماددەی دووەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆسایددا باس لە کوشتن کراوە. لە لایەکی ترەوە ئەوانەی ئەم چەمکە بە کاردەھێنن لە ژێر کاریگەری زمانی ئەسکەندەنافی و ئەڵمانیدان و بۆیە بە ھەڵە بەکاریان ھێناوە. ھەر بۆ نمونە بە زمانی سویدی و نەرویجی و ئەڵمانی بە گەل دەوترێت (Folk) و بە کوشتنیش دەوترێت (Mord). ھەردوو وشەکە بەسەریەکەوە بە مانای گەلکوژی دێت. ھەر بۆیە ئەو چەمکەیان لەو زمانانەوە وەرگرتووە و لە ژێر کاریگەری زمانی ئەو دەوڵەتانەدان و بۆیە لەو ھەڵە یاساییە بەردەوامن.
لە لایەکی ترەوە نادروستی چەمکی گەلکوژی بەرامبەر بە چەمکی جینۆساید، ئەوەیە کە ئەو گروپەی جینۆسایدی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت بە تەنھا لەبەر ئەوە نیە کە گەلێکی جیاوازن. بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە پەیڕەوی ئاینێکی جیاواز دەکەن، لە ڕەگەزێکی جیاوازن یان سەر بە نەژادێکی جیاوازن. ھەروەک ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەنجامدانی تاوانی بەرامبەر بەو چوار گروپە بە جینۆساید داناوە ئەگەر تاوانکار مەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپەکەی ھەبێت. سەرەڕای ئەوەش دەکرێت ئەو گروپەی کە جینۆساید ئەنجامدەدات و ئەوەشی کە جینۆسایدی لە دژ ئەنجامدراوە یەک گەل بن بەڵام ڕەگەزیان جیاواز بێت. وەک جینۆسایدی توتسیەکان لەلایەن ھوتوەکانەوە لە ڕواندا لە ساڵی (١٩٩٤) کە یەک گەلن بەڵام ڕەگەزیان جیاوازە. ھەروەھا جینۆسایدی موسوڵمانەکانی ھەرێمی ڕاخینی میانمار لە ساڵی( ٢٠١٢) کە یەک گەلن بەڵام ئاینیان جیاوازە. ھەربۆیە چەمکی گەلکوژی نا دروستەو واتا ناگەیەنێت.

01/26/2016 19:34:56 | 1728 | Print Friendly and PDF