بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە (1)

ئاوارە حسێن
ئاوارە حسێن


جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە
ئاوارە حسێن*
بەشی (١)
چەمکی جینۆساید
(Genocide) : چەمکێکی لێکدراوەو لە دوو دەستە وشە پێک دێت. ئەوانیش (Genos) وشەیەکی گریکیە بە مانای وەچە یان نەوە یان ڕەگەز دێت و ((Cide وشەیەکی لاتینییەو بە مانای کوشتن یان لە ناوبردن دێت. ھەردوو دەستە ووشەکەش بەیەکەوەو بە کوردی بە مانای نەوە کوژی یان وەچە کوژی یان ڕەگەز کوژی دێت. بە ھەریەک لە زمانەکانی فارسی و ئوردو چەمکی (نسل کشی) بەکاردەھێنن کە ئەم چەمکەش بە کوردی بە مانای نەوە، وەچە، یان ڕەگەز کوژی دێت.
جینۆساید چەمکێکی نوێیە بۆ تاوانێکی کۆن. واتە جینۆساید وەک تاوانێک بە شێوازی جیاواز لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا لە دژی گروپە جیاوازەکان ئەنجام دراوە. بەڵام ئەم چەمکە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (١٩٤٤) لە لایەن (ڕافایل لێمکن/ ٢٤/٦/١٩٠٠- ٢٨/٨/١٩٥٩) کە یاسا ناسێکی جولەکەی پۆڵەندی بە ڕەگەز ئەمریکی بوو. لە کتێبە بە ناوبانگە شەش سەدو حەفتا لاپەڕەییەکەیدا (یاسای میحوەری لە داگیرکردنی ئەوروپادا)، تاوانی جینۆسایدی جێگیرو تۆمار کردوو ناوی لێنا کە تا ئەو کاتە جینۆساید، تاوانێک بوو بە بێناو.
ڕافایل لێمکن لە کێڵگەیەک لە دایک بووە بە ناوی ئۆزێریسکۆ لە نزیک گوندی بێزودن لە باوکێکی جوتیار بە ناوی جۆزێف، و دایکێکی نیگار کێش و مامۆستا بە ناوی بێلا نی پۆمێرانز. دوو برای ھەبووە، گەورەکەیان ناوی ئیلیاس بووە و یچوکەکەشیان ناوی سامۆیل بووە.١ ئەوەی وای کردووە لەو بواری جینۆساید دا قوڵ ببێتەوەو ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە، ئەوەبوو کە سەرەڕای ئەوەی دەرچووی بەشی یاسا بووە، ھەروەھا (٤٩) چل و نۆ کەسی ئەندامانی خێزانەکەی لە جینۆسایدی جولەکەکان لە لایەن ڕژێمی ئەڵمانیای نازیەوە کە لە مێژووی جینۆساید دا بە ھۆلۆکۆست ناسراوە دەکوژرێن. بە تەنھا خۆی و برا گەورەکەی (ئیلیاس) و براژنی (لیسا) و دوو برازای (ساول و سامۆیل) ڕزگاریان دەبێت، کە لە کاتی جینۆسایدەکەدا نێردرابوون بۆ کامپەکانی زۆرە ملێی کرێکاران لە سۆڤیەت.
بەرامبەر بە چەمکی جینۆساید زۆر جار لە ناو دنیای نوسینی کوردی و بەناو شارەزایانی بواری جینۆساید و میدیای کوردی، چەمکەکانی: کۆمەڵکوژی گەلکوژی یان ڕەشەکوژی دادەنرێت. کە ھەریەک لەو چەمکانە مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە جینۆساید بە کوردی بە مانای وەچە کوژی، نەوە کوژی یان ڕەگەز کوژی دێت. گەرچی ئەم چەمکانەش مانای تەواوەتی جینۆساید نادەن بەدەستەوە چونکە دەکرێت لە جینۆسایددا ڕاستەوخۆ ھیچ کەسێک نەکوژرێت بۆیە باشتر وایە تەنھا چەمکی جینۆساید بەکار بھێنرێت.
سەرەتا جینۆساید دەناسێنین و پاشتر ڕوونیدەکەینەوەو دەیسەلمێنین کە ھەریەک لە چەمکەکانی کۆمەڵکوژی و گەلکوژی و ڕەشەکوژی ھەڵەو نادروستن و بە مانای جینۆساید نایەن و گوزارە نین لە چەمکی جینۆساید.
جینۆساید تا ساڵی(١٩٤٤) تاوانیک بوو بە بێناو، ھەر بۆیە جینۆساید چەمکێکی نوێیە بۆ تاوانێکی کۆن. بۆ یەکەمین جار کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژی(١١/١٢/١٩٤٦) بڕیاری ژمارە(٩٦) (١) دەرکردو جینۆسایدی بە تاوانێک دانا لە یاسای نێودەوڵەتیدا. وە لە بریارەکەدا ھاتووە کە جینۆساید نکوڵی کردنە لە مافەکانی تاک و کۆمەڵ و دژی ڕەوشتی یاسا و ئامانج و گیانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تاوانێکی ھزر و ویژدان ھەژێنەو دەبێتە ھۆی لەدەستدانێکی گەورەی مرۆڤایەتی و جیھانی شارستانی سەرزەنشتی دەکات. دوو ساڵ پاش تێپەڕبوونی ئەم بڕیارە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی (٩/١٢/١٩٤٨) بە بڕیاری ژمارە (٢٦٠) ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدو سزا خستنە سەر تاوانکارانی لە شاری پاریس دەرکرد و بۆ یەکەمین جار جینۆساید بوو بە یاسا. ئەو ڕێکەوتننامەیە لە (١٩) نۆزدە ماددە پێک ھاتووەو لە (١٢/١/١٩٥١) وە کاریپێدەکرێت. تا ئێستا (١٤٧) دەوڵەت لەو ڕێککەوتننامەیەدا ئەندامن.
ئەو ڕێککەوتننامەیە کە بەڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید ناسراوە، لە ماددەی (٢) دا پێانسەی جینۆسایدی کردووە و دەڵێت:
(جینۆساید ھەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوەیە بەمەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی- یان ڕەگەزی- یان نەژادی- یان ئاینی).
ئەو کردەوانەش:
١/ کوشتنی ئەندامانی گروپەکە.
٢/ زیانپێگەیاندنی جەستەی و ھزری بە ئەندامانی گروپەکە.
٣/ دانانی گروپەکە لە بارودۆخێکی سەختدا بە مەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکیان.
٤/ ڕێگریکردن لە منداڵ بوون لە ناو ئەندامانی گروپەکەدا.
٥/ ڕاگواستنی منداڵ لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر بەزۆر.
لەم پێناسەوە بۆمان ڕوندەبێتەوە کە تاوانی جینۆساید دەکرێت بە پێنج شێواز ئەنجامبدرێت. ھەروەک لە ماددەی (٢) ی ڕێککەوتننامەکەدا پێناسە کراوە. ئەوانیش:( کوشتن، ئەشکەنجەدان، ناچارکردنی قوربانیان بۆ ژیانێکی ناھەموار، نەزۆک کردنی قوربانیان و ڕاگواستنی منداڵان). واتە لە تاوانی جینۆسایددا دەکرێت کەسیش ڕاستەوخۆ نەکوژرێت. ئەمەش بۆ خۆی وەڵامدانەوەی ھەموو ئەوانەیە کە تا ھەنوکە بە ھەڵە لە بری چەمکی جینۆساید چەمکەکانی کۆمەڵکوژی و گەلکوژی ڕەشەکوژی بەکاردەھێنن

01/26/2016 19:31:10 | 1508 | Print Friendly and PDF