بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا

تەلاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا
تەلاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ( European court of human rights  )  ECHR 

Cour europeenne des droits de l’homme 

المحکمە الاوروپیە لحقوق الانسان    ------ دادگاە حقوق بشر اوروپا

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا  یان دادگای ئەورپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دادگایەکی نێودەوڵەتیە ، دامەزراوە  بەپێ پەیمان نامەی مافەکانی مرۆڤی  ئەوروپا، ئەم پەیمانە ئەنجومەنی ئەوروپا لە ساڵی 1950 دا لەنێوان دەوڵەتانی ئەوروپادا مۆر کراوە،دواتر جەند پرۆتۆکۆڵیکیان بۆ زیاد کردەوە  کە گرنگرتینیان باس لە پاراستنی مافی مرۆڤ ( مافی مەدەنی و سیاسی ) و  بەتایبەت لەو ولاتانەی کە جەند گەلێک دەژین و نابێت نەتەوەی سەردەس  کەمینەکان  بچەوسێنێتەوە، لەو مافانەی کە  ئاماژەیان پێ کراوە ( ئازادی رادەربڕین،ئازادی بیروباوەر،ئازادی ئاین،گردبونەوەی ئاشتیانە، دروستکردنی  ڕیکخراوی مەدەنی،سەندیکا،یەکێتی..هتد مافی ژن هینان  و نیشتەجێ بون، هەر جۆرە جیاوازی و ڕەگەز پەرستیەک، مافی موڵکداری و مافی هەڵبژاردن و خۆ پالاوتن.هتد)، کوشتنی خەڵک و ئەشکەنجەو بەکۆیلە کردن  ڕەفتاری نامرۆڤانە  ئەو حالەتانەن کە دادگا زۆر بەتوندی سزایان لەسەر ئەدات.

دادگا گرنگی ئەدات بە سکالاکانی  کەسان یان خەڵکی  کە مافیان پێ شیلکراوە  لەلایەن  ئەودەوڵەتانەی کە پەیماننامەکەیان واژۆ کردوە  یان سکالای دەوڵەتانی ئەندام، لەگەڵ پێشکەشکردنی  ئامۆژگاری وڕێنمای نوێ،ژمارەی ئەندامانی  ئەم دادگا  47 دەوڵەتە، دەوڵەتانی ئەندام پابەندی  ڕێنمایی و بڕیارو ڕێساکانی ئەم دادگایە ن،ئەم دادگایە  بەشیک نیە لە یەکێتی ئەوروپا.

لەساڵی 1959 وە بەپێ پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دامەزراوە  دواتر لەساڵی 1968  بە تەواوی دەس بەکار بوە، ژمارەی  دادوەرەکانی 47  ە ،بۆ هەرولاتێک دادوەرێک  وەک ئەندام بەشدارە، بارەگای سەرەکی لە ستراسبۆرگ/فەرەنسایە

باڵەخانەی دادگای مافی مرۆڤ لەساڵی 1994 دەسکراوە بەدروست کردنی و لە 1995 تەواو بوە ،،هەروەها لە ساڵی 2010  مەدالیای ئازادی دراوە بە دادگا

  سەرۆکی دادگا  قازی  (گیدۆ ڕیمۆندی  کە لەساڵی 2010 -2015 )

پێکهاتە  و  مێژوی دامەزراندنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا:

لە ڕۆژی 21/1/1959 دا  بە پێی  مادەی 19 پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا  بۆ یەکەمجار دادگای مافی مرۆڤ هاتە دیاری کردن لەلایەن لیژنەی ڕاویژکاری ئەنجومەنی ئەوروپاوە، لەپەیمان نامەکدا هاتوە کە پیوستە لەسەر وڵاتانی ئەندام  پابەند  بن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە، دواتر هەموو وڵاتانی ئەندام  کە ژمارەیان 47 وڵاتە ئەو پەیماننامەیان واژۆ کردوە  پابەندی خۆیان راگەیندوە ،ئینجا کۆمسیۆنیک دامەزراوە بۆ بەڕێ کردنی  کارەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤەوە  بەناوی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ی ئەوروپا(لیژنەی مافی مرۆڤی ئەوروپا).

لەدوای ڕوخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 دا  پەیوەندی کردنی وڵاتانی نوێ،سکالاکان بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا زۆر زیادیان کرد ،بەچەشنێک دادگایان زۆر سەرقال و ماندو کرد، لەساڵی 1999  توانیان 8400 کەیس  چاولێ بکەن،لەساڵی 2003 دا  چارەسەری 27200 حالەتیان کرد،وە  65000 کەیسیان  بە هە هڵگیراوی مایەوە، بەردەوام بون لەساڵی 2005 دا زیاتر لە 45500 حالەتیان بینی، لەساڵی 2009 دا 57200 داوایان بینی، ژمارەی داوای سەیرنەکراو  و هەڵگیراو  گەیشتە 119300 دانە. بڕیاردان لەسەر ئەو هەموو دۆسیەیە تایبەت بەمافی مرۆڤ  کە زۆر بەیان بە  ٪90 پەسەند بوون  لای داواکارەکان  ،وە نیوەی  دۆسیەکان دوبارە  بون.. بوە هۆ ی ماندو بونی دادگا و  بەسەر بردنی کاتێکی ئێجگار زۆر  بۆیە پرۆتۆکۆڵیکیان بەژمارە11  واژۆ کرد  تایبەت بە پیداجونەوەی ئەو دۆسیانە کە هێشتا سەیر نەکراون ،ئەمەش وای کرد کە بەردەوام بێ پشوو دەوام هەبێ و ستافی زیاتری بۆ تەرخان بکرێ.

ئەم ماندو بونە و وای کرد کە پرۆتۆکۆڵی ژمارە 14 واژۆ بکرێ  تا  کاری گران لەسەر دادگا لابچی و  لیژنەی وەزاری لە ئەنجومەنی ئەورپایان بەشدار کرد لە جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارانەی کە لە دادگاوە دەرئەچێ.

پرۆتۆکۆڵی ژمارە 14 لە دوای سێ مانگ لە واژۆکردنی هەموو  دەولەتانی ئەندام  لە 1/7/2010 چوە بواری جێ بەجێ کردنەوە ،بەلام روسیا لەسەرەتادا دژبوو دواتر واژوی کرد  بەمەرجی  ئەوەی  دادوەرە ڕوسیەکە  تەماشای ئەو سکاڵایانە بکات  کە دژ بە روسیا  تۆمار ئەکرێن ،لە پرۆتۆکۆڵی ژمارە چواردەدا  سێ چاکسازی بەدی هاتن  لەوانە( بەخشینی توانا  بە دادگا و دادوەر  بۆئەو سکالایانەی کە رێگە پێ دراون  +دانانی بنچینەی  یاسایی نوێ   بۆ هەندێ سکالا تا ڕێگای پێ بدرێ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە  +دانانی پێودانگی نوێ تا لەگەل سکالا  دوبارە و چونیەکەکان بگونجێ )

هەروەها چەند هەموار کردنەوەیکیشی گرتە خۆ لەوانە

  • ( قازی دادگا بۆی هەیە بۆماوەی نۆسال لەسەر کارەکەی بێت لەدوای هەڵبژاردنی و  بۆی نوێ نەکرێتەوە، بەلام پێشتر بۆ ماوەی شەش ساڵ بوو  لەگەڵ نوێکرنەوە )
  • ·           تەنها یەک قازی بۆی هەیە کە  سکالایەکی  ڕێ پێ نەدراو  بە روونی  ڕەت بکاتەوە بەلام پێشتر ئەم بڕیارە لەلایەن سێ قازی وە  پەسەند ئەکرا.
  • لەکاتی گوماندا لە بڕیارەکان، یەک قازی دەتوانێ  داوا لە لیژنەی دادوەری بکات بۆ پێدا چونەوە
  • ئەو قازیەی کە نوێنەری ولاتەکەیەتی ناتوانێ تەماشای سکالای ولاتەکەی خۆی بکات،
  • لیژنەیەک لە سێ قازی پێک هاتوە  بۆ وەرگرتن و پەسەندکردنی سکاڵاکان،یان رەت کردنەوەیان
  • کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەوروپا  دەتوانێ بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بکات  ووەک لایەنی سێەم بۆ  گفتوگۆ و رونکردنەوە و گوێ گرتن.
  • هاندانی هەردو لایەنی  کەیسەکە  بۆ ئەووەی لە سەرەتای دادگایی کردنەکەدا بگەنە چارەسەر،بەتایبەت ئەو کەیسانەی کە  دوبارەن،جون یەکن
  • لیژنەی وەزاری  بۆی هەیە دوای تەفسیرو رونکردنەوە بدات لە بڕیاری کۆتایی دادگا
  • بەپێ مادەی حەڤدەی پرۆتۆکۆڵی 14  یەکێتی ئەوروپا  دەبێتە لایەنێک  لە پەیماننا مەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، بەڵام تائیستا  نەبوە  بە ئەندامی دادگا
  • لیژنەی وەزاری  هەلسەنگاندن دەکات بۆ  دادگا، وە پێشنیاری چاکسازی  و هەموارکردن دەکات لە ساڵی 2019

دادگای گشتی و کارگێڕی:

ئەم بەشە پێک دێت لە هەموو  قازیەکان، کاری بریتیە بە بەریوەبردن (ئیدارە) و کاری دادگایی ناکات. سەرۆکی دادگا و جێگرەکەی ، سەرۆک و جیگری  تومارگە  هەڵدەبژێرن، کارو باری بەڕیوەبردن،  چاودێری و شیوازی کار کردن، چاکسازی و دامەزراندنی فەرمانگەی پیوست، گرنگترین کارەکانیەتی.

تایبەتمەندی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا :

 دابەش کراوە بۆ ( 1-  کێشەکانی نێوان ولاتان   2- سکالای  تاک یان کۆمەڵێ خەڵک لە دژی ولاتانی ئەندام  3- ئامۆژگاری و ڕێنمایی و بۆچون )

داواکاری و سکالای تاکە  کەسەکان  زۆرینەی  دۆسیەکان  پێک دەهێنی ،سەرەتا لەلایەن لیژنەی A  دەبینرێ کە پێکهاتوە لە   3 قازی ،ئینجا دەچێتە  ژووری  7 قازی پاشان دەبرێتە ژوورە گەورە کە  لە 17 قازی پێک هاتوە.

حوکمی دادگا بەسەر کەیسەکاندا  بە شیوەی ڕیژەیی زۆرینە دەبێت ،هەر قازیەکیش دەتوانێ  ڕاو بۆچونی خۆی ئەگەر دژ یان لەگەڵ حوکمەکە بێت هاوپێچ بکات.

سکاڵاکاران:

دەرکەوتوە زۆرینەی سکاڵاکان  یان داواکان کە ئاراستەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کراون و دەکرێن  لەلایەن تاکە کەس یان کۆمەڵێک خەڵک یان ڕیکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دژ بە دەوڵەتەکەیانە  کە مافەکانیان پێشیل دەکات.

داواکاریەکە دەبێ بە یەکێ لە  دوو  زمانە فەرمیەکەی دادگا بێت (ئینگلیزی یان فەرەنسی) ،لەلایەن خاوەنەکەیەوە  واژوو بکڕی و ئامادە بێت یان  لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پێش کەش بکرێ، داواکە   پێشکەش بە قازی دەکرێ،پاشان ڕاوێژ و بۆچونی ئەو دەولەتە وەردەگرن کە سکالای لێ کراوە  واتە دەبێ ولاتی شکات لێکراو رونکردنەوە بدات،پاشان  سکالاکە  دەبرێتە ژووری 7 قازی و ئینجا ژووری 17 قازی وەک پێشتر باسمان کردوە  تا لەکۆتایدا بڕیار وەردەگیرێت.

کێشەی نیوان وڵاتانی ئەندام:

هەرجەند ئەم کێشانە زۆر کەمن بەلام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا  لە کیشەکانی نێوان ولاتانی ئەندام دەکۆڵێتەوە جارەسەریان دەکات

ئامۆژگاری و ڕێنمایی: دەکرێ لێژنەی وەزاری بەزۆرینەی دەنگ  ڕێنمایی و ئامۆژگاری نوێ لەبارەی ناوەرۆکی  پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ لەئەوروپا  بلاو بکاتەوە بۆ ولاتانی ئەندام.

ئەومافانەی کە دادگا دەیان پارێزی:

 یان ئەومافانەی کەدادگا دژی پێشێلکاریەتی   گرنگترینیان ئەمانەن:

  1. مافی ژیان
  2. قەدەغەکردنی ئەشکەنجە
  3. قەدغەکردنی  کۆیلایەتی و  بێ گاری( بەززۆر کار پێکردن)
  4. ئازادی تاکە کەس
  5. ئازادی بەدس هێنانی دادگایەکی بێ لایەن
  6. سزا دانی خەڵک بەبێ یاسا
  7. ڕیز لە ژیانی خانەوادەو  تاکەکە سەکان بگیرێت
  8. ئازادی بیرو را،ئاین
  9. ئازادی  گردبونەوە و پێکهینانی ڕیکخراو سەندیکا ،،،هتد
  10. مافی   بژاردن  لەکاتی زیانمەند بوندا
  11. قەدەغەکردنی هەر جۆرە ڕەگەز پەرسستیەک

 هەروەها لە پرۆتۆکۆڵە نوێ کاندا گەلێ  مافی  تر بەرجەستە کراوە کە گرنگترینیان  ( مافی بەدەسهێنانی خوێندن، مافی هەڵبژاردن و خۆ پالاوتن، ئازادی هاتوچۆ،نیشتە جێ بوون، بەجێ هێشتنی  شووێنی ژیانت، یەکسانی ژنو پیاو لەمافەکانیاندا، نەهێشتنی حوکمی ئیعدام )  هەروەها  باس لەمافەکانی پەنابەری دەکات وەک ( قەدغەکردنی  دەرکردن یان ناردنەوەی  بەکۆمەڵی پەنابەران ،  وچەندین بڕیارو ڕێسا دەربارەی وەرگرتنی پەنابەرو  دابین کردنی ماف بۆیان )

  ولاتانی ئەندام:

(ئازربایجان،سلۆفاکیا،سلۆڤینیا،ئیسپانیا،ئەرمەنستان، ئەندورا،ئەلبانایا،ئەڵمانیا ،ئیتالیا،ئۆکرانیا،بەلجیکا،بۆسنە و هەرزەگۆڤین، بولگاریا،تورکیا، چیک،دانیمارک، ئەسیتۆنیا، گورجستان،فەرەنسا،فینلەندا، لیتونی،لیتوانیا،سربستان،مۆنتی نیگرۆ، سویسرا،سوید، مەکدۆنیا،بەریتانیا، سان مارینۆ، ئایسلەندا،موڵداڤی،ماڵتە، هۆڵاند،نەرویج،ڕوسیا،پورتوگال، پۆلەندا،لیختن ئەشتاین، یۆنان ،قبرس، ئوتریش (نەمسا)، کرواتیا،مەجەرستان،لوکزامبورک، ڕۆمانیا )

 بڕیارەکانی دادگا و جێ بەجێکردنیان:

پاش وەرگرتنی سکاڵەکە و وەرگرتنی قسەی هەردوو لا ئیتر دادگا  دەس بەلێکۆڵێنەوە دەکات ،دەتوانێ هاوکاری وزانیاری وەدەس بخات لەو شوێنانەی کە پێوستە، دانیشتنی دادگا  ئاشکرایەو نهێنی نیە، مەگەر لەحالەتی زۆر پیوست دانیشتنەکان بکەنە نهێنی، هەموو دانیشتنەکان  بەکۆنوس دەنوسرێتەوە  هەڵدەگیرێ، لەدرێژەی دادگاییدا هەوڵ ئەدرێ لایەن ناکۆکەکان ڕێک بخەن، لەدوای دەرجونی حوکمی کۆتایی لە فەرمانگەی گەورە،ئیتر گوێ ناگیرێ  لە سکالاکاران، بڕیارەکانی  دادگا  دوای سێ مانگ لە  دەرچونیان بە  پلەی کۆتا دەگەن و دەبێ جێ بەجێ بکرێن.  مەگەر لە فەرمانگەی گەورەوە  بڕیاری پێداچونەوە و تەمیز بدرێ  .

دەوڵەتانی ئەندام بەپێی مادی 46  کە واژۆیان کردوە دەبێت پابەندی بڕیارەکانی دادگا بن،لیژنەی ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسە لە چاودێڕی و جی بەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگا، هەروەها لێژنەی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی گۆرانکاریەکانی یاساکانی ولاتانی ئەندام دەکات  تاکو گونجاو بێت لەگەڵ یاساو ڕێساکانی دادگادا.

پەیوەندی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەگەڵ دادگاکانی تردا:

1-      دادگای عەدل ی ئەوروپا(European court of justice  )  ECJ   :   ئەم دادگا هیچ پەیوەندیەکی بەدادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە نیە،بەڵکو دادگایەکی تایبەتەو سەر بە  یەکێتی ئەوروپایە European Union  ، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا  ئەندامی دادگا و واژۆی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایان کردوە،  هەرجەند لە پرۆتۆکۆڵەکانی دادگا هاتوە کە  دەبێت یەکێتی ئەوروپا   ببێت بەئەندام لە دادگای مافی مرۆڤ  بەلام تائیستا  نەبوە  و لە  مانگی دیسەمبەری 2014 دادگای عەدلی ئەوروپی دژ بە ئەندامبونی یەکێطی ئەوروپا بوو  لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

2-      دادگا نیشتمانیەکان:  پەیوەندی هەیە لەنێوان دادگای نیوخویی  ووڵاتانی ئەندام  لەگەڵ  دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەویش لەڕیگای گونجاندنی یاساکانی نێوخۆیی وڵاتانی ئەندام لەگەڵ یاساو پرۆتۆکۆڵەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

د.ناجح گوڵپی

01/04/2016 17:37:25 | 2210 | Print Friendly and PDF