بابەتی زیاتر


کۆڕۆناو مرۆڤی باڵا
03/29/2020 10:18:32
ئه‌رێ كۆرۆنا بەئایدز و كه‌ره‌نتینه‌ بەمەساج تێگه‌یشتون؟
03/24/2020 18:07:15
بیرکردنەوە لەسەردەمی کۆڕۆنادا
03/13/2020 10:11:48
دیموکراسی راسته‌وخۆ له‌شه‌قامه‌وه‌
03/11/2020 20:34:27
ئێمه‌ پێویستمان به‌ به‌ربه‌ستی ته‌ندروستی (كه‌ره‌نتینه‌) هه‌یه‌؟
03/11/2020 11:19:08

هەڵوێستمان سەبارەت بە پڕۆژەی بەناو چاكسازی


هەڵوێستمان  سەبارەت بە پڕۆژەی بەناو چاكسازی


لە زیاتر دە ساڵی رابردوودا كاتێك دەستپێشخەریمان كرد لە دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاكان تا هەنووكە كۆی گشتی 31 گردبونەوەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان و كەمكردنەوەی موچەی بنەڕەتیان ئەنجامداوە,  بەشی زۆریشی لێرە لەبەردەم پارلەمانی كوردستان و  ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە چوونە, زۆرجار بەڵێنمان وەرگرت, هەمووی راست نەبوون, زۆر جار بە دوای چالاكیەكانماندا لە لیستە جیاجیاكانی پەرلەمان پڕۆژە یاسا پێشكەشكراوە بۆ هەمان مەبەست بێ ناوهێنانی ئێمەو هەوڵەكانمان, زۆر جار كەسی وا هەبوو واژۆی دەخستە سەر چەندین پڕۆژە یاسا, مخابن زۆربەی هەوڵەكانیان بۆ خۆ دەرخستن و دەنگ كۆكردنەوە بووە, تا هەنووكە یەك پەرلەمانتار و پلە باڵا لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچوون كە لە خۆیانەوە دەستپێبكەن, تەنانەت ئەوانەشی دەوڵەمەند بوون یان لە پارتە دەسەڵاتدارەكان بوون هیچ پێویستییەكیان بەو موچەیە نەبووە, لە بەرامبەردا لە خولی پێشووی پەرلەمان بە یاسا بودجەی زەبلاحی بێ نموونە لە جیهانیان بۆ پارتەكانیان دیاریكرد, تا ئێستا نەیانتوانی پڕۆژە یاسایەكی دادپەروەرانە بۆ چاكسازی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پێشكەش بكەن كە رەچاوی موچەی كەمی خانەنشین و كەمئەندامان و كارمەندو كرێكارانی كوردستان بكات, ئێمە كە حیزبەكانمان لە ساڵی 1991 لە ئاوارەیی هێنایەوە كوردستان و كردمانن بە فەرمانڕەوای ئەم هەرێمەو سەركردەكانیشیانمان لە نەداری و كرێكارییەوە كردە ملیاردێر, ئەمڕۆ هیچ مافێك بە ئێمە بە رەوا نابینن, نانمان لێ زەوتە كەن و ئازادییەكانمان پێشێل دەكەن, تەنانەت لە هۆڵە داخراوەكانیش چالاكییان لێ قەدەغە كردوین, دەبوایا بەرامبەر بەو هەموو قوربانیەی پێشكەشمان كرد ونەزانانە كوردستانمان وەك هێلكەی پاككراو دوای ئازادكردنی خستە بەردەستیان وەفادار بونایا بەرامبەرمان, ئێستا ئەوان و نەوە لە دوای نەوەیان لێی دەخۆن, لیرەدا كۆمەڵێك داواكاری بۆ 31یەمین جار دەخەینە بەردەم كابینەی نۆێی حكومەت و پەرلەمانتارانی خولی تازەی پەرلەمان لە لیستە جیاجیاكان  هیودارین پشتیوانی بن  لە پڕۆژەی چاكسازییەكەیان جێگای بكەنەوەو و بێئومێدمان نەكەن وەك جارانی پێشوو :
1-پێمان وایە دەبێت چاكسازی لە لوتكەوە لە خانووە ملیۆن مەترییەكانتانەوە دەست پێبكات, ناكرێت ئێوە لە خانووی ملیۆن مەتریدا بژێن و خەڵكانیش مەترێك زەویان نەبێت, پارێزگاری لە هەرێمی كوردستانیش بەوان بسپێردرێت, لە بارودۆخی وادا باسكردنی چاكسازی و وتنەوەی عەدالەت شەرمە.
2- موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان.
3- یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان, ئەوەشی كاری نەبووە, بە پێی بڕوانامەو پسپۆرییەكەی دابمەزرێت, هاوكات وردبینی  لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و رۆژنامەنووسیان بكرێت, چونكە بەشێك لەوانە  پێشتر خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە بوونە, كەچی رۆژێك پێش راپەڕین بەشداری خەباتی چەكدارییان نەكردووە, ئەمەش سوكایەتییە بە خودی پێشمەگەی دێرین, كە خاوەندی سەروەری مەعنەوین.
4- بودجەی پارتەكان كە زیاتر لە 1%ی بودجەی كوردستانە, كەمبكرێتەوە بە راستەوانە لە گەڵ بڕەكەی, واتا ئەو پارتانەی بەرزترین بودجەیان هەیە بەرزترین رێژەیان لێ كەمبكرێتەوە, بە ئاستێك كەمبكرێتەوە لە ملیارێك دینار بۆ مانگێك تێ نەپەڕێت بۆ هەر پارتێك, وەمافی سیاسی هاووڵاتیانی كوردستان پارێزراو بێت.
5- موچەی بنەڕەتی لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی كوردستان ببڕدرێتەوە كە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە, لە داهاتوودا هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بگرێتەوە, بڕەكەی لە لایەن دەستەیەكی ئابووریزانەوە دیاریبكرێت, ریالیستی بێت لە گەڵ داهاتەكانی هەرێمی كوردستان, لە دابین كردنی ژیانێكی شەرافەتمەندانە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان, هاوكات لە داهاتوودا دامەزراندن تەنها بۆ تاكەكانی ئەو خێزانانە بێت هیچ سودمەند نەبوونە لە كەرتی حكومەت و سەرچاوەی داهاتیان نییە.
6-لانی كەمی موچەی خانەنشینی فەرمانبەران وەك عێراقی لێبكرێت و  هیچ  موچەیەك لە كوردسان  بە چاودێری خێزانی ئەوانەی سەرچاوەی داهاتی تریان نییە لە 500  هەزار دینار كەمتر نەبێت.
7- دەست لە  ئیمتیازاتی قوربانیانی جینۆساید  و  شەهید و زیندانی سیاسی  بە هیچ شێوەیەك نەدرێت, ئیمتیازاتە  بڕاوەكانیان بۆ بگەڕێننەوە , وە لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی جینۆساید و پێشمەرگەی دێرین  بۆ رایكشتی بڵاو بكرێتەوە.
8- وێرانكردن و تاڵانكردنی كەرتی گشتی بۆتە تایبەتمەندی حكومەتی هەرێم, بۆ راگرتنیان داواكارین:
أ-جیا کردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت لە ناوەندە تەندروستیەکان و گرنگی دان بە کەرتی گشتی لە دابینكردنی دەرمان و خزمەتگوزاری, بەرز کردنەوەی ئاستی گشتی ھۆشیاری تەندروستی خەڵک, بازرگانی نەکردن بە تەندروستی خەڵک, نەھێشتنی دیاردەی حیزب لەو سێکتەرە گرنگە,چارەسەركردنی بەرپرسانی حیزبی و حكومی و خێزانەكانیان لە نەخۆشخانەی گشتی وەك رێزلێنان لەو كەرتە نەك چوون بۆ هاندەران بۆ بچوكترین نەخۆشی.
ب- لە كەرتی پەروەردە پۆستی کارگێڕی بەکەسی لێهاتو بدرێت نەک بە کادیری حزب, چیتر حزب دەست لە کاروباری پەروەردە وەرنەدات, هەمواركردنەوەی وانەكانی خوێندن لە گەڵ روحیەتی زانست و گەشەی زانست بە تایبەت شۆڕی چواری پیشەسازی بگونجێت, گەڕاندنەوەی منداڵانی بەرپرسانی حیزبی و حكومی و پەرلەمانتاران بۆ خوێندنگا گشتیەكان وەك رێزلێنانێك لە حكومەت و دەزگاكانی و كۆتاییهێنان بە سستەمی پارالێڵ كە هەنگاوێكە بۆ بە پارە كردنی خوێندن لە زانكۆكان لە ئایندەدا.
ج- كۆتاییهێنان بە پارە كردنی كەرتی ئاو و مانەوەی لە چوارچێوەی كەرتی گشتی.
د- دەستنەدان لە كەرتی كارەبا.
ی-ئەو پڕۆژانەی كەرتی گشتی كە پێشتر خۆیان بە خۆیان فرۆشتووە, یاخود  زەوی, مەلەفەكانیان بۆ رایگشتی بڵاو بكرێتەوەو لێكۆڵینەوەیان لێبكرێت.
ن_باج  بخرێتە سەر دەوڵەمەندان  پڕۆژەی بەرپرسان.
ت_بەهیچ  جۆرێك رێگا نەدرێت بەرپرسانی حیزبی و حكومی , بە تایبەت پارتە دەسەڵاتدارەكان, بە كەسانی پلە یەك و دویانەوە, چالاكی ئابوورییان هەبێت.
م_ لانی زۆری موچەو لانی كەمی موچە لە كەرتی گشتی , لە گەڵ لانی كەمی كرێ و لانی زۆری كرێ لە كەرتی تایبەت  بە یاسا دیاریبكرێت.
ن_ بودجە بۆ پشتیوانی بەرهەمی خۆماڵی, كشتوكاڵی و پیشەسازی دیاریبكرێت لە پێناو بوژاندنەوەی,.

هیوادارین  پەرلەمانتارانی كوردستان  لە گفتوگۆی پڕۆژە  یاساكە وەك جاری پێشوو  بیر لە ئیمتیازاتی خۆیان  نەكەنەوە, تەنها بیریان لای ئەوە بێت  جیاوازی موچەی لە هەرێمی كوردستان  لە زیاتر 300 جارەوە  كەم بكەنەوە بۆ چەندین جار, ئاگایان لە سكی برسییەكان بێت نەك ئیمتیازاتە زەبلاحەكانی خۆیان, با شەرمەزاری خوێنی شەهیدان و ئێسك و پروسكی ئەنفالكراوان نەبن بەوەی موچەكانیان دەیان جاری ئەوان بێت.

هەڵمەتی دادپەروەری
16-12-2019

12/16/2019 18:04:06 | 182 | Print Friendly and PDF