بابەتی زیاتر


ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45
کاتی بیرکردنەوە
07/04/2019 09:38:58
بۆچون و باوەڕ
06/09/2019 19:35:55
وەرزی هەڵوەرینی حزبەکان
05/17/2019 10:50:16
ماركس- فیورباخ- ڕه‌خنه‌ی ئاین
05/10/2019 12:00:20

ئەرکی ئۆپۆزسیۆن



لە هەر ولاتێکدا دەوڵەت و حکومەت هەببێت،کۆمەڵگا بە سەر دوو پێکهاتەدا دابەشدەبێت،پێکهاتەی حوکمران ( دەسەڵات)و پێکهاتەی حوکمکراو(خەڵک)،هەرچی پێکهاتەی حوکمرانی کەمینەیە،لەپێناو بەژەوەندی خۆیدا، دەست بە چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەیی و سیاسی خەڵک دەکات، خەڵکیش ئەو زوڵمە قبوڵناکات، ئیتر ململانێ لە نێوان دەسەلات و خەڵکدا درووستدەبێت.
دەستەبژێری خەڵک،لە رێگەی چالاکی جەماوەری و سیاسییەوە، هەوڵی سووککردن و لابردنی چەوسانەوە دەدەن، ئەم پێکهاتە چالاکەی ناو خەڵک بە ئۆپۆزسیۆن یان رکەبەری دەسەڵات دەناسرێت، لە چوارچێوەی حزب و رێکخراوی جەماوەری و کەسایەتی سیاسیدا خۆی رێکدەخات و لەسەر بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵک، لەگەڵ دەسەڵاتدا دەست بە ململانێ دەکات، بەرامبەر بە سیاسەتی نادیموکراتی و نادادپەروەری دەسەڵات تاو بە چالاکی دەدات.
لە وڵاتە دیموکراتەکاندا دان بە ئۆپۆزسیۆندا نراوە ، هەر یاسا و بریار و کردارێکی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خەڵکدا نەبێت،ئۆپۆزسیۆن دەنگی لیهەڵدەبرێت و جەماوەر ئاگادار دەکاتەوە، فشار دەخاتە سەر حکومەت تا لە سیاسەتە هەڵەکەی پاشگەزببێتەوە.ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی دوو جۆرە،ئۆپۆزسیۆنی فەرمی ئەو فراکسیۆنانەی پەرلەمانن کە بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا ناکەن،لە ناو پەرلەماندا چاودێری یاساکانی پەرلەمان و بریارەکانی حکومەت دەکەن.ئۆپۆزسیۆنی نافەرمی ئەو حزب و تاک و پێکهاتە سیاسیانەن کە لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەتدا خۆیان رێکخستوە و چاودیری بریار و یاسا و کارەکانی دەسەڵات دەکەن،هەر کە ببینن دەسەڵات زۆڵم لە خەڵک دەکات، هەڵویست نیشاندەدەن.
لە دەولەتە دکتاتۆرەکاندا دەسەڵات دان بە رەوایی ئۆپۆزسیۆندا نانێت،بۆیە لە باتی خەباتی سیاسی و جەماوەری، ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ خەباتی چەکداری و بەکارهێنانی توند و تیژی دەبات و شەر درووستدەبێت.

سیستەمی حوکمرانی هەرێمی کوردستان نە دیموکراتییە نە دکتاتۆرییە،تێکەلەیەکی ئالۆزی حوکمرانی خێلەکی و حزبییە، سیاسەتەکانی هەرێم وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی ئاراستەی دەکەن.
لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ ینک لە سنوری زۆنی زەردا رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی بینیوە،پدک لە سنوری زۆنی سەوزدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بینیوە.ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ بزوتنەوەی گۆران و یەکگرتو کۆمەڵ، ئۆپۆزسیۆنی فەرمی حکومەتی هەریمی کوردستان بوون،دوای ئەوە هەموو حزبەکان بەشداری کابینەی چواری حکومەتیان کرد و ئۆپۆزسیۆن نەما.
لە کابینەی پێنجدا (٢٠١٩) پدک و ینک و گۆران حکومەتیان پێکهێنا،حزبەکانی تر وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەم کابینەیە خۆیان راگەیاند،بەڵام روخساری ئۆپۆزسیۆنی یەکدەنگ و بەهێزیان پێوەدیار نییە و چالاک نین.هەرچی حزبەکانی دەرەوەی پەرلەمان و کەسایەتیە سیاسیەکانن، خۆیان رێکناخەن و پێکەوە چالاکی ناکەن.
ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک رێکنەخرێت،لە سایەی کابینەی پێنجی سێ حزبە بالادەستەکەی هەرێمدا، بارودۆخی ئابوری و سیاسی و دەیموکراتی خەڵکی کوردستان دژوارتر دەبێت، دەستکەوت و مافی نەتەوەییشمان پاشەکشێ دەکات .
گەورەترین هۆکاری لاوازی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان،بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هەرێمی کوردستان دەستوری نییە،حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەستیان بەسەر سوپا و ئابوری و راگەیاندن و کۆمەڵگای کوردستاندا گرتووە،ئەرکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن ئامادەکردنی دەستورێکی دیموکراتیە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و دام و دەزگاکانی هەرێم، لە دەست حزبەکان رزگار بکرێن.
فایق گوڵپی ٢٧-٩-٢٠١٩

09/28/2019 15:50:45 | 92 | Print Friendly and PDF