بابەتی زیاتر


نیچەو محمد و ژن
10/04/2019 08:30:13
لە ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیدا، خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانەکانی دەوڵەت-نەتەوە و شەڕ
09/22/2019 15:27:19
بڕیاره‌کانی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ له‌ مه‌ڕ پاراستنی به‌رهه‌مى نیشتیمانی چه‌ند کارا ده‌بن؟
09/09/2019 14:37:11
۳۱ی ئاب دوجار خیانەتە
09/01/2019 13:23:59
٣١ ئاب بەردەوامە
09/01/2019 12:35:03

لە ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیدا، خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانەکانی دەوڵەت-نەتەوە و شەڕ

هیوا خۆشناو
هیوا خۆشناو


لە ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیدا، خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانەکانی دەوڵەت-نەتەوە و شەڕ
هیوا خۆشناو
ئەوڕۆ ٢١ی سێبتامبەر ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیە. ئەو ڕۆژەی کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان وەک ڕۆژی ئاشتی ڕێکخراوە، ئەوڕۆ بێچارەیی و قەیرانەکانی دەوڵەت لەهەر سەردەمێکدا زیاتر بەدەردەخا. دوای دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ساڵی ١٩٤٥ لە دایکبو و ٥١ دەوڵەت-نەتەوە دەستیان لە دامەزراندنیدا گێڕا، جیهانێکی نوێ کە بە بەهەشتی دەوڵەت-نەتەوە دەناسرا هاتە ئاراوە. لەو بەهەشتەدا کەمینەکان، نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە گۆڕنران و دەیان جار جینۆساید کران. لە هەندێک شوێنی جیهانیشدا وەک ئەمریکا، ئەوروپا و ئوستورالیا، دەوڵەت-نەتەوە بانگەشەی باوکێکی باش، دادوەر و مژدەبەخش خۆی نمایش کرد. یەکێتی ئەوروپا تەقینەوەی پیشەسازی، ئابووری و زانستی بەخۆیەوە بینی. ئیتر لەوکاتەوە تا ئێستا هەر ڕەخنەیەک لەو باوکە مژدەبەخشە بە گوناح و شێتی دەزاندرا. هەژموونگەرایی خۆرئاوا توانی لە ژێر سێکوچکەی نەتەوە یەکگرتوەکان "ڕێکخستنەکەی"، ناتۆ "‌هێزە سەربازییە تۆقێنەرەکەی" و IMF"سندوقی دراوی نێودەوڵەتی" هەمو جیهان بخاتە ژێر سێبەری خۆی.
٢٠٠٨ بەدەرکەوتنی پیساییەکانی دەوڵەت-نەتەوە؛
ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ قەیرانی بانکەکانی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا کە دوایی جیهانی گرتەوە، نیشانەکانی نەخۆشی دەوڵەت-نەتەوە ئاشکراتر لە پێشو بەدەرکەوتن. ئیتر ئەوکاتە کەم نەبوون ئەو زانایانەی دەیانگووت "سەرمایەداری و پارە، ئابووری نیە". ئەوکاتە ئاشکراتر دەرکەوت کە سەرمایەداری "باوکی دەوڵەت-نەتەوە" ناتوانێ ئابووری ببوژێنێتەوە، بەڵکو سیستەمێکی لەناوبردنی ئابووریە و بەیەک ڕۆژدا ملیۆنان کرێکار، کارمەند، کرێکاری نەخۆش و لاوازی، بێکار و نان کرد. سەرمایەداری کە ئابووری سروشتی مرۆڤی تێکداو بەهۆی شەڕ و گەورەکردنی شار، دێهاتیەکانی بردنە شار و لە شاردا کردیە قەحپەی شارستانی و کۆیلەی سمارت فۆن، خۆی لە قەیرانێکی گەورەتردا بینیەوە بۆیە پێویستی بە شەڕ و وێرانەیەکی دیکەی جیهان بو بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە.
بەهاری عەرەبی؛
ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی، نیشانەیەکی دیکەی نەخۆشیەکانی دەوڵەت-نەتەوە بەدەرکەوت. ملیۆنان هاوڵاتی بێ نان و ئاو هاتنە سەر جادەو دەوڵەتی شمولی و دیکتاتۆرییان ڕوخاند و لە جیاتی ئەوە دەوڵەتێکی دیکەیان دروستکرد کە ئەوڕۆ لە میسڕ بۆ نمونە "عبد الفتاح سعيد حسين خليل السيسی" بەڕێوەی دەبات و دەبینین کە هیچی نەگۆڕیوە.
شەڕکردن لەسەر زبڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە عێراق، یەمەن، سوریا، لیبیا و سۆماڵ؛
ئەگەرچی بەهاری عەرەبی، بەهاری ئازایەتی و مەردایەتی بو دژ بە دکتاتۆرەکان، بەڵام لە بواری فکرییەوە، خوێڕیترین بەهاری ئەو سەدەیە دەرچو. بەهار، جگە لەوەی لە هەندێک ووڵاتدا حوسنی موبارەکێکی ڕوخاند و یەکێکی دیکەی هێنا شوێنی، هاوکات لە هەمو کات زیاتر طائیفیەت و مەزهەبیەتی زیندوکردەوە کە لە سەردەمی دڕندەیی بیابانی خەلیفەکانی ڕاشیدەینیشدا نمونەی نەبوە.
چەقی قەیران لە کوێ دایە؟
نەتەوە یەکگرتوەکان کە پیرۆزترین ڕێخراوی دەوڵەت-نەتەوەیە و بانگەشەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی جیهان و کێشەکانی نێوان دەوڵەتانی دەکرد، ئەوڕۆ ناتوانێ لە دێیەکی ئیدلیب ئاشتی و ئارامی بێنێتە ئاراوە. نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانی ماوە بە ئارەزووی خۆی جیهان وێران بکات و چاکی کاتەوە، نە ڕوسیا و ئەوروپا. قەیرانەکانی بریکسیت دەبینین کە چۆن باس لە بێکاریگەرکردنی پارلمان و دیموکراسیەتی بریتانیا دەکرێ. گەمژەییەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین ئەو قەیرانە، بەتەنیا قەیرانی دەوڵەت-نەتەوەی دکتاتۆر، گەندەڵ و پاشکەوتوە. نەخێر قەرانەکە سەرەتا قەیرانی دەوڵەت-نەتەوەی پێشکەوتوە وەک ئەمریکا، ئەوروپا و...هتد، ئینجا قسەیەک بۆ دەوڵەت-نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوین نامێنێتەوە. هیچ جیاوازیەک لە نێوان دەوڵەت-نەتەوەکانی پێشکەوتو و پاشکەوتو نیە. ئەسەد و سیسی بە قامچی خەڵکەکەیان ناچاری سەرشۆڕی دەکەن، لە ئەوروپا و ئەمریکاش بە ئابووری، بەرزکردنەوەی تەمەنی کارکردن تا دەگاتە ٧٠ ساڵ، کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی و مافەکانی دیکە، هێنانی ملیۆنان پەنابەر و خستنەکاریان لە فابریکە/کارگەکان لە هەڵومەرجێکی ناچێگیری کۆمەڵایەتی/کولتوری و ئابووری. بەرزبوونەوە و گەورەبوونی پارتە نەژادپەرستەکان و هاتنیان بۆسەر دەستەڵات، بەڵگەی پێویستن کە دەوڵەت لە بنچینەوە نەخۆشە بە پێشکەوتو و پاشکەوتوویەوە.
هەر ئەوەیە بۆتە هۆی نە نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەتەنیا نوێنەری دەوڵەت-نەتەوە دەکات، نە وڵاتانی زلهێز ناتوانن گۆڕانکاری و ئاشتی بێننە ئاراوە، چونکە خۆیان سەرچاوەی کێشەن. کێشەکانی دەوڵەت-نەتەوە بەتەنیا شەڕیش نیە، بەڵکو پیسکردنی ژینگە و بڵاوبونەوەی پلاستیکە بە هەموو جیهان. کێشەگەلێکن کە ڕزگاربوون لێیان ئاسان نیە، ئەگەر مرۆڤایەتی دەستبەرداری کۆیلایەتی بۆ دەوڵەت نەبێ.
ئەنجام؛
تەواوی کایەکانی دەوڵەت-نەتەوە و میکانیزمەکانی ئەوڕۆ لەکارکەوتوون. باسمان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، باسمان لە ناتۆ کرد کە بۆتە دڕندەترین ڕێخراوی جیهان و باوکی شەڕ. باسمان لە قەیرانی دەوڵەت-نەتەوە کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمووی گرینگتر باسمان لەو ئەقڵیەتە خوێڕییە کرد کە پێیوابو دوای ڕوخانی دەوڵەتێک و ئاواکردنی دەوڵەتێکی دیکە، دنیا دەبێتە شامی شەریف، کە لە ئەنجامدا دەیان ڕێکخراوی داعشی لێ کەوتەوە. ئێستا لە هەموویان خراپتر ئەوانەی درێژە بە ئەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوە دەدەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستیان کردۆتە کارگەی "درۆنەکان" فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و نەوەک بەتەنیا دەوڵەت، بەڵکو زۆربەی زۆری ڕێخراوەکانیش خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو چەکە وێرانکەرەن.
لە کوردستانەکەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەوشەکە زۆر لەوە خراپترە. هێشتان دەنگی تەپوتۆزی رێفراندۆم و دەوڵەتە مورتەدەکەی کوردایەتی لەبەر گوێمانە. ڕۆژانە دەیان ئەکادێمیسیەنی ستۆک، سەدان نوسینی بێکەڵک و دەیان بەرنامە و کۆنفراسن دەبینین بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی دەوڵەت و ناسیۆنالیزم کە پێیان وایە ئەگەر دەرفەتیان پێ بدەن، دەتوانن دەوڵەت و نەتەوەی باشتر بئافرێنن!! ئەوە لەکاتێکدا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە دەوڵەتێکی کوردی ئەگەر ببێ، دەبێتە مورتەزەقەی هێزە ئیقلیمیەکان و دڕندە بۆ تاکی کورد، چونکە ئەوانەی دەوڵەتەکە دادەمەزرێنن، لە خۆرئاواییەکان بەئاقڵتر و دیموکراتتر نین.
ئەوڕۆ لە جیهاندا کەسە ئەحمەقەکانی وەک دۆناڵد ترامپ، نەتەنیاهۆ و بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی بەهێزترین دەوڵەت-نەتەوەی جیهانن. پارتە ڕاسیستە دژەپەنابەرەکان دێنە سەر دەستەڵات و لای ئێمەش پارلمان بۆتە قەشمەرخانەو سوکترین/ئەحمەقترین دەزگای دەوڵەت-نەتەوە، کەسە ڕاندخۆرەکان جێی تێدا دەگرن کە داوا لە ژنە خێرلەخۆنەدیوەکانی کورد دەکەن ژمارەی منداڵەکانیان بگەیەننە زیاتر لە پێنج منداڵ بۆ ئەوەی بەغدا پارەی زیاتریان بۆ بنێرێ.
ڕەنگبێ ئۆجالان تاقە کوردێک بێ لەو لایەنە کۆمەکێکی گەورەی پێشخستبێ لە پێناوی بەڕێکردنی قەیرانەکان کە قەیرانی شارستانی و سەرمایەدارین، بەڵام نە پکک، وە نە هەڤاڵانی هەنگاوێکی جدییان نەناوە. نەوەک بەتەنیا بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی کەم لەو پارادێگمایە بەڵکو بۆ تێگەیشتنیشی. لە غیابی ئەودا، تا ئێستاش سیستێمەکە حزبیە، "حزبیش کەرەستەیەکی دەوڵەت-نەتەوەیە"، تا ئێستاش کولتووری مەکتەب سیاسی هەیە کە دەتوانێ دەستەڵاتی بڕیاردان قۆڕخ بکات، توێژێک بە بنەما بگرێ و توێژێک پەراوێز بکا یان هەرهیچ نەبێ کولتووری مەکتەب سیاسیەکان کە نوخبەیە، ناتوانێ دیموکرات بێ و لە هەمووی خراپتر تا ئیستا کوولتوری سیاسی و ڕێکخراوەیی ستالینیزم بەلاوە نەنراوە لە ئاستی کەسە باڵاکان.
بۆ بەلاوەنانی ئەو قەیرانانە، پێویستە مرۆڤ لە سفرەوە دەستپێبکات و لە دەروازەیەکی دیکەوە تەماشای جیهان بکات. ئەو سیستێمەی جیهان، ئەو زانست/زانکۆیەی جیهان کە لەژێرکاریگەری پارە/سەرمایەداری و لیبرالیزم دایە، لەگەڵ ئەو مێژووە نوسراوە و خوێندەوە کۆمەڵناسیە، وەڵامی قۆناغەکە ناداتەوە.

09/22/2019 15:27:19 | 80 | Print Friendly and PDF