بابەتی زیاتر


بزاڤی لۆلییە
11/12/2019 16:57:17
چۆن کوردستان بو بەبازاڕێکی گەورەی تورکیا
10/29/2019 15:51:00
باش بوو كەس بە قسەی عارفی نەكرد
10/15/2019 23:01:19
کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆن
09/19/2019 09:58:50
سەزای تەمەللی بۆ هاتە هەولێر؟
09/09/2019 14:26:01

کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە دژی تورکیا

مەحمود عەبدوڵا
مەحمود عەبدوڵا


تورکەکان دەمێکە ئەو خەونەیان هەیە ببن بەیاریکەرێکی بەهێز لە و جوگرافیایەدا کەڕۆژگارێک  هی دەوڵەتی عوسمانی بو. بەڵام ئەو دەستکەوتانەی ئەوروپا لە سەرکەوتنی جەنگی جیهانی یەکەم بەدەستی هێنا هەروا بەئاسانی ناکرێتە قوربانی خەونی تورکەکان. ئەگەر ئەردۆگان بتوانێت خەونەکانی بەدیبێنێت واتا سەرکەوتنەوە بەسەر ئەوروپیەکاندا،یاخود گەڕانەوە بۆ ساڵی ۱۹۱٤ . لەبەر ئەوە ئێستا کاتی ئەوەیە کە جارێکیتر عوسمانیە نوێکانی بدۆڕێن.
بڕیارەکانی  یەکێتی ئەوروپا،پەرلەمانی ئەوروپا،بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا تاچەند کاریگەرن، تاچەند جێبەجێ دەکرێن لەبەرامبەر تورکیا ،یان هەردەوڵەتێکیتر کە سەرە ڕۆیی دەکات؟
 ئاشکرایە هەموو بڕیارێک سیاسییە، بەمەبەستی ڕێگرتن لە پێ ڕاکێشانی دەوڵەتێک،یان ڕێگرتن لەنزیک بونەوەی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکیتر، وەک نزیکبونەوەی تورکیا لە ڕوسیا. هەروەها ئیدانە کردنی ڕەفتاری دەوڵەتێک  کاتێک مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات زیاتر بڕیارێکی سیاسییە. هەندێکجار پێگەی دەوڵەتێک، ئەمریکاو ئەوروپا ناچاردەکات چاو لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی دیموکراسی بپۆشن،نەک لە بەر پێناخۆش نەبون،بەڵکو لەبەر گرنگی شوێنی جوگرافی و نەبونی ڕێگا چارە ،مەسەلەن لە سەردەمی جەنگی سارد ئەستەمبوو  پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا ببێتە هۆی سزادانی تورکیا ، چونکە تورکیا لەڕوسیا نزیک دەبوەوە و  ئه مەش ئە گەر لەقازاجی تورکیاش نەبویا زەرەری بە بەرژەوەندیەکانی خۆرئاوا دەگەیاند،تورکەکان لە پێگەی تورکیا تێگەیشتبون و گرنگی شوێنی تورکیایان بەکار هێنا تەنانەت کار گەیشتە داگیرکردنی قوبڕس ،بەڵام هێشتا بلۆکبەندی ڕێگە نادات تورکیا سزابدرێت.بەڵام ئەمڕۆ ئەو بارودۆخە تێپەڕیوە،ئەمڕۆ بێ دەنگی لەبەرامبەر تورکیا زیان بە بەرژەوەندی ئەو روپا و ئەمریکا دەگەیەنێت. لەوانەیە وەک ئەڵێن:"کاتی ئەوەبێت مناڵە نازدارەکە"یۆنان"ی  ئەوروپا لە غەدری مێژوویی تورکیا رزگاربکرێت،یان تۆڵەیەکی مێژوویتر لەتورکەکان بکرێتەوە
دەشێ  لەکۆتایدا هەموو مەلەفەکان بێنەوە مەیدان و ڕوبەڕوی تورکیا بکرێنە وە.تورکیا لەو دەوڵەتانەیە کە بەدرێژایی یەک سەدە بەدڕندانە ترین شێوە گەلیکوردی سەرکورت کردوە،بەڵام ئەمڕۆ ڕێگای تر هەیە نەک بێدەنگبون، ئەوەش لە پێناو کورد و مرۆڤایەتی نا،لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان .
.ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی وەک ئەمنستی ئینتەر ناسیۆنال، تا چەند کاریگەری دەبێت لەسەر دەوڵەتێکی تۆمەتبار بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەو بڕیارانە و بڕیاری گەمارۆی ئابوری ،یان قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بەوڵاتێک ،هەموو ئەمانە بڕیاری سیاسین،تەنانەت خستنە لیستی تیرۆریش بڕیارێکی سیاسیە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بڕیاردەدرێت . ئەوەی کە ئایا بڕیارێک جێ بەجێ دەکرێت لەسەر دەوڵەتێکی وەک ئێران یان تورکیا،دەکەوێتە سەر ئە وەی ئەو بڕیارە تاچەند لە بەرژەوەندی ئەو روپاو ئەمریکایە،لەلایەکیتر بونی بەدیل مەسەلەکە یەکلایی دەکاتەوە. شای ئێران نمونەیەکی بەرچاوە، لەساڵی ۱۹۷٨ ڕوبەڕوی شەپۆلێک ڕەخنە و ئیدانەکردن بوەوە،لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمریکا ،کاتێک ڕژێمی شا چەند زیندانیەکی لەسێدارەدا ڕوبەڕوو ی شەپۆلێک ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی بوەوە تا کارگەیشتە ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بەئێرانی دەرکرد . ئەمە لێدانێکی کاریگەربوو لەشا. ،بەڵام هێشتا بەتەواوی دەستبەرداری شا نەبون و لە لێدوانێکدا کارتەر وتی: ئێرا ن دورگەیەکی ئارامە ،بەڵام دوای ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا ڕاوێژی بە دەزگای هەواڵگری فەڕەنساکرد،ئەوانیش  دڵنیایان کردنەوە کە شا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی وڵات بکات. شۆڕشی ئیسلامیش زۆر دژە کۆمۆنیستە و پێویستە پشتگیری شۆڕش بکرێت ئەوسا دەستیان لەشا بەرداو ڕژێمەکەی کۆتایی هات.
 لە وەتەی کۆماری تورکیا دامەزراوە پێشێلکاری بەرامبەر بە گەلیکورد کردوە،کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە ،هەریەک لە پەرلەمانی ئەوروپا،ئەڵمانیا فەڕەنسا  و ئەمریکا هەندێک جار ئیدانەی ڕەفتارەکانی دەوڵەتی تورکیایان کردوە. لەکاتی داگیرکردنی قوبڕس تورکیا ڕوبەڕوی ڕەخنەی خۆرئاوا بووەوە،هەروەها لە ساڵانی ۱۹۹۲ -۱۹۹۳ چەندین جار تورکیا ڕوبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە. و بەتوندیش ئیدانە کراوە  لەسەر پێشێلکاریەکانی بەرامبەر بەکورد ،بەڵام هەموو ئەو ناڕەزایەتی و ئیدانە کردنانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، چونکە بایەخی تورکیا و ڕۆڵی لەبەرامبەر یەکیەتی سۆڤیەت و سەرکوتکردنی کۆمۆنیستەکان وایکردبو چاوی لێبپۆشرێت، دەوڵەتی تورکیا بێباکانە مافی نەتەوەی کوردی پێشێلکردووە. بۆچی چونکە تورکیا بێ بەدیل بوو،وەک "پایەگایەکی ئەتڵەسی لەبەرامبەر ڕوسیادا"دانرابو،تا هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت مەحاڵ بو ئەوروپاو ئەمریکا پشتی تورکیا بەربدەن. پاشان  بۆ جەنگی کەنداو تورکیا گرنگی خۆی هەبوو. بەکورتی لەدوو حاڵەتدا بڕیارەکان جێبەجێ دەکرێن :
یەکەم:کاتێک بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا دەکەوێتە مەترسییە وە بەهۆی سەرکێشی دەوڵەتێک وەک داگیر کردنی کوەیت لە لایەن سەدام حسینەوە.یان سەرکێشیەکانی ئێستای ئەردۆگان.
دووەم: کاتێک لەناوخۆی دەوڵەتە کەدا شۆڕش ڕوبدات و ببێتە بەدیل بۆ پاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەتە کان.
لە ئێستا دا ئەردۆگان جڵەوی لەدەست وڵاتانی خۆرئاوادا نەماوە، و جڵەوی خۆی داوەتە دەست خەونی خەلافەت.یان درێژە بە بیرۆکەی عوسمانیەتی نوێ دەدات،کە داهێنەرەکەی ئۆزال بو. ئۆزال زۆر کاری کرد بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە یاریکەرێکی ئیقلیمی،بەڵام بەشێوازو فیکری ئەردۆگان نا،ئەوەی ئەردۆگان دەیکات تەنیا گێڕانەوەی تورکیا نییە بۆ دەستڕۆیشتن لە وجوگرافیا فراوانەدا کە هی دەوڵەتی عوسمانی بوو.ئەردۆگان دەیهەوێت لەڕێی داگیرکردن و گێڕانەوەی زیهنیەتی عوسمانی ببێتە یاریکەرێکی بەهێز. ئۆزال لەبەر هەر هۆیەک بێت وەک ئەوترێت بەشێوازێکی گوماناوی مرد و نەیتوانی تورکیا لە باری خاڵی ناوەڕاست ڕزگاربکات. ئەردۆگان چی لێدێت؟!
ئەردۆگان کە ڕۆژگارێک زاهید بوە و باکگراوندێکی دینی هەیە و خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە سوڵتانی ناوچەکە ،بەڵام ئایا مومکینە هەموو خەونێک ببێتە ڕاستی؟
بەباوەڕی من ئیتر ئەردۆگان جڵەوی لەدەستداوە،وەک ئەڵێن سواری سەری خۆی بووە. بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەخاتە مەترسیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەڕاستی ئاسیا و ... ئەمەش وادەکات بڕیارەکان لەدژی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ بکرێن و چیتر وە ک مەرەکەبی سەر کاغەز نەمێننە وە. ئیتر بواریش بۆ کوردەکانی تورکیا دەڕەخسێت . تاکە دودەوڵەت تورکیاو ئێرانن کە دەبێت بگۆڕدرێن  وەک سوریاو عیڕاق . پێم وایە گەیشتنە دەسەڵاتی ئاکەپە لەناو خۆی تورکیا بەهۆی قەیرانی دارایی بو ئەوەش لە هەموو جێگایەک چاوەڕوانکراوە کە خۆرئاوا پشتگیری ئیسلامی سیاسی دەکات ئەگەرهاتوو ناچاربون لەنێوا ن کۆمۆنیست و ئیسلامیەکان  دووەم هەڵبژێرن. بەڵام لە ئێستا دا ئاکە پە  کێشەی ئابوری بۆ تورکیا دروستکردوە لەناوخۆی تورکیادا ناڕەزایەتی هەیە دژی ئاکەپە لەلایەک،لەلایەکیتر  ئەردۆگان بۆتە مەترسی بۆ بەرژەوەندی ئەوروپاو ئەمریکا و جڵەوی خۆی بەرداوە،ئەمەش وادەکات ڕێگەی لێبگیرێت . سەرۆکی ئەمریکاش چەند بڕیارێکی دژی تورکیا دەرکردوە.
تورکیا وەک جوگرافیا بایەخی خۆی هەیە بۆ ئەمریکاو ئەوروپا ،بەڵام کاتێک کە تورکیا گوێڕایەڵ بێت. بێشک هۆکارێکی دەرەکیش کەوایکرد ئاکەپە پشتگیری بکرێت وەک هێزێکی ئیسلامی سیاسی،بەهۆی بونی حکومەتێکی ئیسلامییە لە ئێران،بۆ پاراستنی هاوسەنگی. چونکە دروشمی کۆمار یەکەم لەسەردەمی ئەتا تورکەوە تا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بریتی بو لە"ئاشتی لەوڵاتدا ئاشتییە لەجیهاندا"بەو واتایەی کە تورکیا جگە لە پاراستنی یەکێتی خاکی تورکیا و سەرکوتکردنی کوردەکان  شتێکیتری ناوێت لەدەرەوەی تورکیادا،بەڵام سیاسەتی ئاکە پە جیاوازبوو،پێویستیش بو کە لەتورکیادا حکومەتێک هەبێت کە ڕکابەری ئێران بکات لە بەلای خۆدا ڕێکێشانی وڵاتانی ئیسلامی و ڕکابەریکردنی ئێران لە قەفقاس و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  بە لاوازبونی ئێران یان گۆڕانی کۆماری ئیسلامی، ئاکە پە ئەو ڕۆڵەشی نامێنێت بۆیە گۆڕانکاری لەئێرانیشدا بە قازانجی ئاکەپە نییە و کەوتنی ئاکە پە خێراتر دەبێت.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئاکە پە کۆتایی دێت ،ئەوەش لە قازانجی کوردەکانە.بەڵام ئاخۆ کورد دەتوانێت لە دوای ئاکەپە بەمافەکانی بگات؟ئایا تورکیا هێندە بێکاریگەر بووە کە لەناتۆ دەربکرێت ؟ یاخود گۆڕانکاریەکان تەنها لەقازانجی نەتەوەی تورک دەبێت و بەس. ئایا ئەردۆگان تورکیا دە خاتە دۆخێکی وا کە هەموو ئەوکێشانەی سەدەیەکە بەهۆی گرنگی جوگرافیاکەیەوە خەفەکراون سەرهەڵبدەن و تورکیا بچوک بکەنەوە وەک کێشە ی قوبرس ،کێشەی  ئەرمەن؟
ئەردۆگان لەناو تورکیادا زۆر گۆڕانکاری بەقازانجی خۆی ئەنجامداوە ،بۆ ئەوەی لەسەر خەونەکانی بەردەوام بێت نرخەکەی بۆتورکیا هەرچییەک بێت. ڕۆژنامەنوسی تور ک ئیلهان سەلجوقی دەڵێت:بیرکردنەوەی تورکیا لەدەرەوەی ئەوروپا تورکیا دوسەد ساڵ دەباتە دواوە. ئێستا ئەردۆگان بەو ئاڕاستەیە کاردەکات،ئیتر ئەو دەزانێت کە لە یادەوەری مێژوو یی ئەوروپیەکاندا شوێنی تورکەکان ناوەڕاستی ئاسیایە ،نەک ببن بە کوێخای بالکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
مەحمود عەبدوڵڵا
بۆ نوسینی ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱تورکیا لەسەردەمی گۆڕاندا   ن.محمد نورەدین
۲ دراسات فی تاریخ ٳیران المعاصر  د. لقمان خیالی
WED 12:45 AM

ئەنفال و ئیخوانی و کوردایەتی
ئەنفال برینێکی قوڵە،بەڵام بە نوزانەوەی کوردایەتیانە ئەوزامە ساڕێژ نابێت. کوردایەتیکردنی هەندێ لە ئەنفالچیەکانی دوێنێ زامەکانمان قوڵتردەکات. کوردایەتی موزەیەف هەموو ڕۆژێک خوێ دەکاتە برینەکانی ئەنفال. فرمێسکی تیمساحی هەندێ کەسی هەلپەرست ،هەندێ قەڵەمی حیزبی کە دەیانەوێت لەسەر خوێنی قوربانیەکان خۆیا ن قەڵەو بکەن برینەکانمان دەکولێنێتەوە. ئەوە ئازاردانی کەس و کاری ئەنفالەکانە کە دەیانەوێت بە بیرخستنەوەی تاوانی ئەنفال تاوانەکانی کوردایەتیما ن بیرببەنەوە ،دەیانەوێت بەجوڵاندنی عاتیفە فیکرمان تیرۆر بکەن .‌لە جیاتی دڵنیاکردنەوە مان لەداهاتو،هەمیشە بەڕابردو دەمانترسێنن.ئەو قەڵەمانەش کەفرمێسکی تیمساحی دەڕێژن بۆ ئەنفال،بەڵام خۆیان کە ڕولاڵ وکوێر کردوە لەبەرامبەر ئەو خیانەتە گەورەیەی بزوتنەوەی کوردایەتی دەیکات و دەشیانەوێت بڵێین ڕاست دەبێژن،ئێوە نەبێت کەس لەئەنفال تێناگات. کەسانێک کە جگە لەدروشم هیچ شتێک ناکەن،کەسانێک کە بۆ خاتری حیزب ئەنفالیش بەشدەکەن دێن کوردایەتیمان پێ دەفرۆشن. ئەوانەی کە بەتەمان بە نیشاندانی ڕوفاتی ئەنفالەکان،بەهەڵدانەوەی گۆڕەکان عاتیفەی خەڵک بجوڵێنن و پێیان بڵێن سەیرکەن داگیرکەر چی لێکردین،ئیتر شوکری نیعمەتەکانی کوردایەتی بکەن ،خۆهیچ نەبێت ئەنفالتان ناکات.بەڵام مخابن! ئەوە جگە لە ئازاردانی ڕۆحمان جگە لەکولاندنەوەی برینەکان هیچ خزمەتێک بەدۆزی کورد ناکات. ئەرێ بزوتنەوەی کوردایەتی تەنها دەزانێت خەڵک بگرێنێت؟ ئاخر ئێمە ئەوکاتە گریاین کە بەعستان هێنایەوە هەولێر،ئەوکاتە دەگرین کە قەڵەمەکانی حیزب پاساویان هێنایەوە بۆی، هیچ شتێکتان شک نەدەبرد بۆلادانی سەرنجی خەڵک لەسەر ئەوخیانەتە گەورەیەی بزوتنەوەی کوردایەتی کەلە ئێستادا بەهاوکاری ئیخوانیەکان دەیکەن. ئێمە ئەوکاتە دەگرین کە ئیخوانێک کە باوەڕی بە نەتەوە پەروەری نییە بۆ موزایەدە و خۆ خۆقەڵەوکردن لەسەر سفرەی کوردایەتی شیڕە شیڕ دەکات. ئەو ئیخوانیەی کە تەنێ باوەڕی بە ئومەی ئیسلام و سوننە هەیە،دەنگی هەڵدەبڕێت. لەکاتێکدا هەموو کەسێک کە ئیخوانیەکان بناسێت جگە لەشەڕی خەلافەت و سوننە هیچ شتێکیتریان بۆگرنگ نییە. ئەوانیش دەیانەوێت بە دروشمەکانی کوردایەتی ساختە وانیشانبدەن کە کورد پەروەرن،لەکاتێکدا بێز لە ترێ و هەنجیرو گوێز دەکەنەوە ، فەزڵی خورمایەک ئەدەن بەسەر هەنجیرو سێومان.ئەو ئیخوانیانەی کەبارەکەڵڵا دەکەن بۆ ئەردۆگان بۆکوشتنی باکوردەکانی باکور.بەڵام مخابن!تاکیکورد ئەوەندە هۆشیاری نییە کە ئەم شیڕە شیڕەی ئەوبرادەرانە شیڕە شیڕێکی سوننیانەی اخوانیانەی تورکیایانەیە،دژی حکومەتی شیعە.لەکاتێکدا هەریەک لەپارتی و یەکگرتو وەک دوهێزی سوننی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی تورکیادەکە ن لە عێڕاقی ئێستادا،ڕەوانییە اخوانییەکمان لێبکەن بەمامە ڕیشە. خەنجەر لەکادان نییە کوردایەتی.
ئەم ئیخوانیانەی پاساو بۆ ئەردۆگان دێننەوە، سەدامیش لەسەر کاربوایە دەیانگوت خەتای پێشمەرگەیە شەڕی هەڵگیرساندوە،وەک چۆن کاتێک تورکیا کوردەکان دەکوژێت،ئەڵێن خەتای پەکەکەیە. ئابڕوچونە بۆ سەرانی کوردایەتی خۆیان ئیفلاسیان کردوە و کوردایەتیان داوەتە دەست مسلمانێکی سونی اخوانی ئەردۆغانی. سەد حەیف بۆ میللەتێک کە ئەنفال هۆشیاری نەکردەوە.ئەم مێشکە بچوکە کە بەوتاوانە گەورەیە هۆشیارنەبێتەوە چۆن وبەچی هۆشیاردەبێتەوە.
بەسە ئیتر دروشمی بەتاڵ ، بەسە بازرگانیکردن بە ئەنفال ،بەسە شاردنەوەی خیانەتەکانتان بە کولاندنەوەی زامی ئەنفال
10:35 AM

پێویستە بارزانی دادگایی بکرێت
لەمێژوی جەنگەکاندا ڕوداوێکی هێندە کۆمیدی نییە،کە هەزاران سەرباز بەبێ تەقه بکشێنەوە،لەکاتێکدا گیانی هەزاران کەس دەکەوێتە مەترسییەوە،نەک هەر مەترسی مردن،بەڵکو مەترسی ئەوەی دەستدرێژی دەکرێتەسەریان .ئەو هێزەی کە بەرەو شەنگال دێت،بەهەمان ئایدیۆلۆژی بە ڕق و قینی زیاتر لەحەفتا فەرمانی مێژویی دژی ئێزیدیەکان پەلاماریان ئەدات،بەڵام بارزانی بڕیاری کشانەوە"ڕاکردن"دەردەکات! دیارە بڕیاری هەڵاتن لە شەنگال لەلایەن بارزانییەوە تەکتیکی جەنگی نییە بەڵکو بڕیاری ڕاکردنە،چونکە لەو کات و شوێنەی بارزانی بڕیاری ڕاکردندەدات ،ئەوکات و شوێنەیە کە دەبوو شەڕی مان و نەمان بکرێت. ئەگەر سوپایەک بەشێوەیەکی تەکتیکی لەسنورێک پاشەکشەبکات بۆ خۆئامادەکردن و بەرگری کردن لەشارێک ئەوە دەکرێ پێی بوترێت تەکتیکی جەنگ،لێ بارزانی ڕێک شارەکە تەسلیم دەکات بێ هیچ پاساوێکی لۆجیکی تەنها ئەوەنەبێت ئەگەر بڵێت ئەگەر شەڕمان کردبا پێشمەرگەیەکی زۆردەکوژرا!!! ئەوکارەی بارزانی شەرم هێنەرە بۆ گەلیکورد و تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی،بۆ سومعەی پێشمەرگە ، ئەو جوامێریەی جەنگاوەرانی کورد لەمێژودا نواندویانە ،ئەو سومعەیەی لەمێژودا  جەنگاوەرانی  کورد بەدەستیان هێنا ئەو بەساتێک کۆتای پێ هێنا،بەجۆرێک کە بارزانی لەمێژوی بزوتنەوە ی کوردایەتیدا وەک ڕەمزی بەزین هێمای بۆدەکرێت.ئەگەر دیوێکی مێژووی کورد ئازایەتی بێت،ئەوە دیوێکیشی بەزین و ڕاکردنەکەی هێزەکانی ژێر فەرمانی بارزانییە. ئەگەر بارزانی باوک ئاشبەتاڵێکی سیاسی کردبێت،ئەوە بارزانی کوڕ ئاشبەتاڵێکی سەربازی ئەنجامدا لەمێژوی بزوتنەوە ی کوردایەتی . هەزاران ژن و منداڵ کەوتنە دەست هێزەکانی داعش ،بێ ئەوەی لانیکەم سەد پێشمەرگە شەهید ببێت ئەوانەی لەژێر فەرمانی بارزانیدابون ،بەڕاستی ئەمە ئابڕوچونێکی گەورەیە. ئیتر هیچ پاساوێک نییە کە ئەم پیاوە دادگایی نەکرێت .بەڵام لەبەر چەند هۆیەک کە هەموو تاکێکیکورد دەزانێت ئەمڕۆ بارزانی دادگایی ناکرێت ،بەڵام ئەوەی کە دەکرێت و هەموومان دەمانتوانی ئەنجامی بدەین دادگایکردنی بارزانیبو لەویژدانماندا،لەویژدانی نەتەوەیی ومرۆڤایەتیماندا دەبو بارزانی دادگایی بکەین. بەجۆرێک کە بارزانی ناچاربوایە خۆی بکوژێت. لێ مخابن! کەسانێک کە نەویژدان و نە اخلاقی اجتیماعیان هەیە هێشتا چەپڵە بۆ بارزانی لێدەدەن بارزانیش وەک دۆنکی شۆت باوەڕیکردوە کەهێشتا پاڵەوانێکی نەتەوەییە. هەندێ کۆیلە و دەربار و مشەخۆر ،تائێستاش بێشەرمانە دیفاع لەبارزانی دەکەن! گەلێک نەتوانێک لانیکەم لەویژدانیا خائین و نشتیمان فرۆشان دادگایی بکات،گەلێکی کۆیلە و گەمژەیە و هەرگیز مەترسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی لێ دورناکەوێتەوە. لەهەموو سەردەمێک کۆمەڵێ مرۆڤی گەمژەو کاسەلێس هەن کە لەهەموو بارودۆخێکدا چەپڵە بۆ ئاغاکەیان لێدەدەن ،دەنا دۆخی بارزانی دوای کارەساتی شەنگال هی ئەوەنییە مرۆڤی هۆشیارو بەویژدان شەرم نەکات لەوەی کە بارزانی تەنانەت هاوڕێشیەتی نەک سەرۆک.بارزانی ئیتر سەرۆکی کۆمەڵێ بودەڵەو کاسە لێس و ماستاوچییە و هیچیتر،ئەوەش شتێکە بارزانی خۆی دەیزانێت،بەڵام هێشتا دڵخۆشە چونکە بارزانی خۆی دەناسێت!چونکە ئەگەر لەوە گەورەتربوایە کە من باسی دەکەم هەرگیز بەو دۆخەی ئێستای ڕازی نەدەبوو،ئازاری ویژدان دەیکوشت خۆی خۆی دادگایی دەکرد.
مەحمود عەبدوڵڵا

08/05/2019 18:01:05 | 200 | Print Friendly and PDF