بابەتی زیاتر


ئەرکی ئۆپۆزسیۆن
09/28/2019 15:50:45
کاتی بیرکردنەوە
07/04/2019 09:38:58
بۆچون و باوەڕ
06/09/2019 19:35:55
وەرزی هەڵوەرینی حزبەکان
05/17/2019 10:50:16
ماركس- فیورباخ- ڕه‌خنه‌ی ئاین
05/10/2019 12:00:20

دەستور یان سیاسەتی حزبی

د. فایق گوڵپی
د. فایق گوڵپی


دەستور لەو کۆمەڵە بریارە جێگیرانە پێکدێت، کە گەلی هەر وڵاتێک لە ریفراندۆمدا دەنگی لەسەر دەدات،بۆ ئەوەی وەک پێوانەی حوکمرانی و ماف و ئەرکی خەڵک و دەسەڵات کاری پێبکرێت.
دەستور یەک لە بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراتیە، چۆنیەتی بەشداریکردنی خەڵک لە چالاکی سیاسی و بریاری سیاسیدا دەستنیشان دەکات،شێوازی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و سەربەخۆیی دەسەلاتەکان دەستنیشان دەکات.
هەر وڵاتیک، هەر ناوچەیەکی فیدراڵی دەستوری هەبێت،ستراتیجی سیاسی رون و ئاشکرایە،دەسەڵاتی ئەو وڵاتە سنوری ماف وئەرکەکانی بەرامبەر بەگەل دەزانێت،خەڵک ماف و ئەرکی خۆی دەزانێت،بەڵام ئەگەر وڵاتێک یان هەرێمکی فیدراڵ دەستوری نەبێت، ستراتیجی ولات رون نابێت،هەر تاک و پێکهاتەیەک بە ئارەزووی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی دەست لە کاروبار وەردەدات،سەرلێشیوان و ناکۆکی و کێشە دروستدەبێت.

ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئامانجیان حوکمی دیموکراتی و خزمەتکردنی ولات و گەلە،لە یەکەم هەنگاوی حوکمڕانیاندا، کار بۆ دەستور دەکەن،لەبەر ئەوەی دەستور بنەمای حوکمرانیەکی دادپەروەرە و ماف و ئازادی بۆ خەڵک دابین دەکات.
دوای ئەوەی ئەمریکیەکان رژێمی سەدامیان روخاند،گرنگترین کاریان ئامادەکردنی رەشنوسی دەستوری عێراق بوو،دواتر ریفراندۆمیان لە سەر دەستورکرد و لە رێگەی ئەو دەستورەوە حوکمی عێراقیان دەستپێکرد.
لەم رۆژانەدا کە کێشەی نێوان گەلانی جەزائیر و سودان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکردووە،دەبینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردولایەنی ناکۆک، پەنا بۆ بەندەکانی دەستور دەبەن و باس لە هەموارکردنی هەندێک بەندی دەستور دەکەن.
یەک لە سیما نادیموکراتیەکانی رژێمی دکتاتۆری پێشوی عێراق،دەستوری نەبوو،کۆبونەوە و بڕیارەکانی ئەنجومەی باڵای شۆرشی عێراق، وەک بڕگەی دەستوری عێراق کاریان پێدەکرا،نەبوونی دەستور یەک لە هۆکاری کێشە و ناکۆکیاکنی عێراق بوو تا لە کۆتاییدا عێراقی بەو دەردە برد.
لە دوای راپەرینەوە تە ئەمڕۆ،هەرێمی کوردستان دەستوری نییە،بڕیاری کۆبونەوەی حزبەکان وەک بڕگەکانی دەستوری نەبووی هەرێم کاری پیدەکرێت.
نەبونی دەستور لە هەرێمی کوردستاندا،واتای ئەوەیە ماف و ئەرکی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیان دیارینەکراوە،پێکهاتەی دەسەڵات لە نەبوونی دەستور و دیارینەکردنی ئەرک و مافەکانیدا سوودی وەرگرتووە،تا توانیویەتی مافی سیاسی و ئابوری بۆ خۆی بەدەستهێناوە،تا توانیویەتی هەمان مافی تاک و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستانیشی زەوتکردووە.
نەبوونی دەستور لە هەرێمی کوردستاندا بە واتای نەبوونی ستراتیجێکی سەربەخۆی نیشتمانی دێت،بە واتای ئەوە دێت وڵاتانی دەوروبەر و داگیرکەرانی پارچەکانی تری کوردستان، بۆیان هەبێت لە روی سیاسی و ئابوری و کڵتوری و سەربازیەوە بێنە ناو هەرێمی کوردستان و چۆن بیانەوێت، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دژی بەرژەوەندی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان لە ناو هەرێمی کوردستاندا سیاسەت بکەن.
نەبوونی دەستور لە هەرێمی کوردستاندا،بە واتای ئەوە دێت هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی جێگیر و ستراتیجێکی رونی نیشتمانی و نەتەوەیی نەبێت،سیاسەتی حزبەکان و بڕیاری کۆبونەوەی حزبەکان و دەمارگیری حزبی باڵ بەسەر هەرێمدا بکێشێت،لە دەرەوەی ختابی حزبیدا،ختابی نیشتمانی و نەتەوەیی سەربەخۆ بەدینەکرێت.
وا نزیکەی چوار مانگە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کراوە،لەبەر بەرژەوەندی حزبی،نەک لەبەر بەرژەوەندی خەڵک،هێشتا حکومەت پێکنەهێنراوە.کۆبونەوەی پەرلەمان و قسەی پەرلەمانتاران لەسەر بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزبە، لەسەر بەژەوەندی گەل و وڵات نییە.لەبەر نەبوونی دەستور، سیاسەتی نیشتمانی و ستراتیجی روونمان نییە،ئەگەر رۆشنبیران و کەس و تاک و پێکهاتەکانی دەرەوەی حزبیش،هەر هەڵوێستێک بنوێنن،راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەکەوێتە خزمەتی حزبێکەوە و خزمەتی هاوولاتی و گەل ناکات.
بۆیە دتوانم بڵێم، سیاسەت و حوکمرانی لە هەرێمی کوردستاندا بە بنبەست گەیشتووە و لە شوینی خۆی چەقیوە و هەنگاوێک پێشناکەوێت،ئەگەر هەو تاک و پێکهاتەیەک بیەوێت هەرێمی کوردستان لەم بنبەستە قوتار بکات،دەبێت یەکەم هەنگاو کار بۆ دەستورێکی دیموکراتی هەرێمی کوردستان بکات،نەک کار بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتی حزبیانەی بێسەروبەری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بکات.
فایق محەمەد گوڵپی
١٢-٤-٢٠١٩

04/13/2019 09:33:13 | 252 | Print Friendly and PDF