بابەتی زیاتر


چارەسەرکردنی کێشەی ژن و پیاو
01/23/2020 11:29:27
چەمکی ئازادی لەنێوان کۆمەڵگە و سیاسەت دا پرسی ژن بەنمونە
05/03/2019 20:03:55
ژن کوشتن و کۆمەڵگەی نەریتی
12/24/2018 21:18:47
وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە
10/19/2018 21:43:07
ژن و سیاسەت
08/06/2018 20:44:16

ژن و سیاسەت

شنە باباعەلی
شنە باباعەلی


شنە بابا عەلی
رووبەری سیاسیی ئێمە، رووبەرێکی پیاوانەیە. رووبەرێکە لە کەمترین شوێن و، کەمترین وێزگەدا ژن ئامادەیی ھەیە تێیدا. نا ئامادەیی ژن لەم رووبەرەدا پەیوەندی بە کێشەی جێندەرییەوە نییە، پەیوەندی بەو تێگەیشتنەوە ھەیە، رەگ و ریشەکانی لەناو کلتوور و پەروەردەدان. حیزبی کوردی لە باشوور (بە ھەموویانەوە) حیزبگەلێک نین توانیبێتیان لە رێگای ئایدۆلۆژیاکەیانەوە لەم تێگەیشتنە بێنە دەرەوە، بەڵکو تەواوی وزەی ئایدۆلۆژی حیزبی کوردی خزمەتکردن بووە بەو تێگەیشتنە نەریتی و کلتووری و پەروەردەییەی، کە ژن دەکاتە دەرەوەی رووبەری سیاسیی. ئێمە ناپرسین بۆ ئامادەیی ژن کەمە لەم رووبەرەدا، ئێمە دەپرسین ئەو عەقڵە نێرانەیە چی لەناو رووبەری سیاسیدا بەرھەم ھێناوە، توانای زیاتربێت لە توانای عەقڵی ژن؟ ئەزمونی رابردووی سیاسەتکردن لەم ھەرێمە دەریخست ئەزمونێکی سەرکەوتوو نەبووە، ئەزمونێکی شکستخواردوو بووە، ئەزمونێک بووە نەک ھەر نەیتوانی دەست بۆ گۆڕینی تێگەیشتنە نەریتییەکان ببات، بەڵکو نەیتوانی بونیادی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش چارەبکات. ھەر ئەو عەقڵەی پێی وایە، کێشەی ژن لەم مەملەکەتە کێشەیەکی جێندەرییە، ھەر ئەو عەقڵە ناتوانێت بنەوانی کۆمەڵگە و بنەوانی کلتوور و پەروەردە وەک خۆی بناسێت.

ئێمە نیگەران نیین لەو نوخبە سیاسییەی وێنای سیاسەت ئەکێشن، نیگەرانین لەتەواوی پێکھاتەی عەقڵی سیاسیی و فەرھەنگی، چونکە کێشەکان لە خودی عەقڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن، نەک لەو نوخبە پیاوەی ناو رووبەری سیاسیی. ئەشێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گرنگە، جارێکی کە خوێندنەوە بۆ تەواوی کلتوور و پەروەردە و ئایدۆلۆژیای حیزبی بکەین. ئەو تێگەیشتنە ھەڵوەشێنینەوە کە ژن دەکاتە دەرەوەی رووبەرێکی گەورەی سیاسیی، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەوە ھەیە. نمونەی چەند ژنێک لەناو ئەم رووبەرەدا، نابێتە ئومێدێک خۆمانی پێوە ھەڵبواسین، چونکە ئەو نمونانەش گیرۆدەن بە دەست ھەمان تێگەیشتنە نەریتییەکەوە و، رۆژانە دەرگیری ئازار و تانە لێدان دەبنەوە و خۆیان بە نامۆ دەبینین لەو رووبەرەدا.
بۆ ئەوەی رووبەری سیاسیی ئێمە رووبەرێکی یەک رەنگی نێرانە نەبێت، بۆ ئەوەی کێشەی نائامادەیی  ژن لەم رووبەرە کۆتایی بێت، پێش ھەمووشت دەبێت ئەو کێشەیە لە دیدی جێندەری رزگار بکەین و، بیکەینە کێشەیەکی کلتووری و پەروەردەیی. ھەتا تێگەیشتنە نەریتی و کلتوورییەکەی دەسکاری نەکەین، تا جارێکی کە پەروەردەی کۆمەڵگە نەگۆڕین بۆ پەروەردەیەکی پێکەوە بوون، پێکەوە کارکردن، پێکەوە بیرکردنەوە، بێگومان ئەم کێشەیە بە دیدگای جێندەری چارە ناکرێت.

کەم نین ئەو ژنانەی بەردەوام ھاواری نائامادەیی ژن دەکەن لە رووبەری سیاسیدا، کەمیش نین ئەو پیاوانەی ئەم بروایەیان ھەیە و نیگەران لێی، ئەما ھێشتا زۆر کەمن ئەوانەی بتوانن بنەوانی کێشەکە وەک خۆی ببینن. ژن بۆ ئەوەی لەماڵ بێتە دەرەوە و ببێتە ھێزێکی کاریگەر و کارکەری ناو کۆمەڵگە، پێویستە فەزای بۆ دروستبکرێت. ژن بۆ ئەوەی لەناو رووبەری سیاسیدا شوێنێکی گرنگی ھەبێت، پێویستە ئەو تێگەیشتنە نەریتییە پیاوانەیە گۆڕانی بنەرەتی بەسەردا بێت. ژن بۆ ئەوەی نەبێتە سێبەری پیاو، سێبەری تێگەیشتنی پیاوانە، پێویستە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بیرکردنەوەکانی و تواناکانی بکرێت. ستایشکردنی ژن وەک دایک و وەک مەخلوقێکی میھرەبان، دادی ئەم بۆ شاییە گەورەیە نادات. بینینی ژن بە چاوێکی پیاوانەوە بۆ جوانییەکەی، بۆ نازکیەکەی، دادی ئەم خەمە گەورەیە نادات.

خەمی نائامادەیی ژن لە شوێنە گرنگەکان، لەو شوێنانەی چارەنووسی کۆمەڵگەیان بەدەستەوەیە، خەمێکە لە دەرەوەی نمایشی رێکخراوەیی و نمایشی گوتاری فریودەرانەدایە. خەمێکە پێویستە پێکەوە کاری بۆ بکرێت و پێویستە پێکەوە بیری لێبکرێتەوە، تا ئەم دیوە بەھێزەی کۆمەڵگە کە ژنە بچێتەوە شوێنە راستەقینەکەی خۆی. شوێنی ژن تەنھا ماڵەوە و ناو جیھانی میھرەبانی و دایکایەتی نییە، شوێنی ژن ھەموو ئەو شوێنانەیە کە کۆمەڵگە و سیاسەت و ئابووری تێیدا شوێنن. ھەرچۆن ژن بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەیە، ئاواش بەشێکی گرنگی رووبەری سیاسیی و فەرھەنگی و ئابوورییە. بەشێکی گرنگە ئەدەب و نووسینە. بەشێکە دیوێکی کۆمەڵگە وێنا دەکات و، پەراوێزخستنی ئەم دیوە گرنگەی کۆمەڵگە، پەراوێزخستنی وزەیەکی گەورەی کۆمەڵگەیە.
ئێمە ناڵێین با تەواوی رووبەری سیاسیی و بریاردان و ئابووری ببێت بە ژن، بەڵام دەڵێین: نا ئامادەیی ژن لەم شوێنە گرنگانەدا و کەم رەنگی ژن لەم شوێنانەدا، بۆ خۆی دروستکردنی درزێکی گەورەیە لەناو پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. بۆشایەکی گەورەی عەقڵییە کە ئەم بۆ شاییە تێگەیشتنە نەریتییەکە دروستکیردوە و حیزب و ئایدۆلۆژیاش بەردەوام خزمەتی ئەم تێگەیشتنە دەکات، بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت کۆتایی ئەم چیرۆکە چ قڵیشانێکی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

08/06/2018 20:44:16 | 2542 | Print Friendly and PDF