بابەتی زیاتر


پێغەمبەر و ئەبو جەهل بارزانی و ئۆجالان
04/30/2020 08:43:03
کۆڕۆنا له‌ ته‌رازووی ته‌ندرو‌ستی و ئابووری دا
04/28/2020 23:57:01
کۆڕۆناو مرۆڤی باڵا
03/29/2020 10:18:32
ئه‌رێ كۆرۆنا بەئایدز و كه‌ره‌نتینه‌ بەمەساج تێگه‌یشتون؟
03/24/2020 18:07:15
بیرکردنەوە لەسەردەمی کۆڕۆنادا
03/13/2020 10:11:48

چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە یاسای نێودەوڵەتیدا

ئاوارە حسێن
ئاوارە حسێن

چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە یاسای نێودەوڵەتیدا
لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوکەوە
ئاوارە حسێن
کێشەی ئاو کێشەیەکی نێودەوڵەتی و مێژووی قووڵە. ئەم کێشە نێودەوڵەتییە لە چوارسەدە لەمەوپێشدا، وا لە باوکی یاسای نێودەوڵەتی (هۆگۆ گرۆسیۆس) دەکات کە یەکەمین بەرهەمی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە تەرخانبکات. دروست چوار سەد و نۆ ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی (١٦٠٩) هۆگۆ یەکەمین کتێبی بەناوی (ئازادی دەریاکان) بڵاودەکاتەوە. لە کتێبەکەیدا جەخت لەگرنگی پێویستی بوونی ئازادی ئاو و دەریاکان دەکاتەوە بۆ هەمووان، ئەمەش لەوکاتەدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، چونکە هێزە دەریاییەکان لە ململانێی دەستبەسەرداگرتنی بەشە جیاوازەکانی ئاوی دەریاکان بوون.
لەپاش گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ لە قۆناغی نێودەوڵەتیدا و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە ڕوانگەی دابونەریتی نێودەوڵەتی و لەهزر و تێڕواینی بیرمەندانی یاسای نێودەوڵەتییەوە، فراوانکراو گوازرایەوە بۆ یاسا و بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. پەڕۆشی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو وا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بەدرێژای نۆ ساڵ لە هەوڵی پێکهێنانی ڕێککەوتننامەیەکی یاسایی گشتگیر و فراواندابێت، تا دواجار لە ساڵی (١٩٨٢)دا ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی پێکهێنا و لە ساڵی (١٩٩٤)وە ڕۆشتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریپێدەکرێت. یاسای ڕێککەوتننامەکە لە (٣٢٠) ماددە پێکهاتووە و لەبارەی ئەرک و مافی دەوڵەتان لە هەموو بابەتەکانی زەریا و دەریاکان، ئاوی نێودەوڵەتی و نیشتمانی، پانی هەرێمی ئاویی، دەوڵەتی کراوەو دەوڵەتی داخراو، کەنداو بەندەرەکان، مافی ڕاوە ماسی، بەدەستهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان، تێپەڕینی کەشتی و ڕێبواران، مافی تەلڕاکێشان و بۆرییەکان......هتد. دەدوێت.
ئەمڕۆ لە جیهاندا نزیکەی (٤٩) دەوڵەتی داخراو (دەوڵەتی نەبەستراو بەدەریا)کانەوە هەن و لە سایەی ئەو یاسا ئاماژەبۆکراوە و یاساکانی تری نێودەوڵەتییەوە، توانیویانە مافە ئاوییەکانیان بەدەستبهێنن. ئێمە لەم باسەدا بە تەنها ئاماژە بۆ چەند ماددەیەکی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکان دەکەین کە تێیدا ماف دەدات بە دەوڵەتە داخراوەکان و ئەرک دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتە کراوەکان کە وەک یەک و بە یەکسانی بتوانن سود لە ئاوەکان وەربگرن.
هەرێمی ئاوی، وەک یەکێک لە سێ هەرێمەکەی دەوڵەت، هەموو ئاوەکان دەگرێتەوە کە لە سنووری هەرێمی دەوڵەتەکەدان لە دەریاچەکان و ڕووبارە نیشتمانییەکان کە لە دەوڵەتەوە هەڵدەقوڵێن و لە دەوڵەتەکەدا کۆتاییان دێت. هەروەها دەریا و زەریای هەرێمی لە دەوڵەتە کەنارییەکان، واتە ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر کەناری دەریا و زەریاکان. ئەویش بەپێی ماددەی (٣)ی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکان، کە ئەو بەشەی دەریا، یان زەریایە کە لە کەنارەکانی دەوڵەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوانزە میلی دەریایی (٢٢کم). تا ئێستا لە جیهاندا نەوەد دەوڵەت ئەو سنورە ئاوییەیان دیاریکردووە و بە یاسای نێودەوڵەتییەوە پابەندبوون.
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (١٢٥)ی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکاندا هاتووە (دەوڵەتە داخراوەکان مافیان هەیە بگەن بە دەریاکان، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی مافەکانیان کە لەم ڕێککەوتننامەیەدا ئاماژەی بۆ کراوە، وەک ئەو مافانەی کە پەیوەستە بە ئازادی دەریا بەرزەکان و میراتی هاوبەشی ئادەمیزاد، وە ئەو دەوڵەتە داخراوانە سودوەردەگرن لە تێپەڕین بەناو هەرێمی ئەو دەوڵەتانەی کە پێیدا تێدەپەڕن بە هەموو هۆیەکی گوستنەوە).
هەروەها لە ماددەی (١٣١)ی هەمان ڕێککەوتننامەدا هاتووە (ئەو کەشتیانەی کە ئاڵای دەوڵەتی بێ کەنار و داخراویان هەڵگرتووە، مافیان هەیە بە هەمان مامەڵەی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێن، کە لەگەڵ کەشتی دەوڵەتانی بیانی دیکە دەکرێت لە بەندەری دەریاییدا).
گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژی (٢/٦/٢٠١٨) بابەتی ئەم باسەی ئێمەیە. گرتنەوەو وشککردنی ئەو ئاوە نێودەوڵەتییە لەلایەن ئێرانەوە وەک دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان چاوەڕوانکراو بووە. ئێمە پێشتر لە کتێبێکماندا باسێکمان بۆ ئەم بوارە تەرخانکردووە. گرتنەوەی ئاوەکە سەرەڕای پابەندنەبوونە بە یاسای نێودەوڵەتی، لە هەمانکاتیشدا گەر نیازێکی تاوانکاری لەپشتگرتنەوەی ئاوەکەوە هەبێت ئەوا بەگوێرەی بڕگەی (٣)ی ماددەی (٢)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدو سزاخستنەسەر تاوانکارانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕگەی (٣)ی ماددەی (٦)ی یاسای دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە.
ئاوی زێی بچوک ئاوێکی نێودەوڵەتییەو سنووری ئێران وەک دەوڵەتێک تێدەپەڕێنێت. ئاوە نێودەوڵەتییەکانیش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی هیچ دەوڵەتێک بە تەنها مافی سەروەریی و بە تەنها دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنانی بۆ خۆی نییە. بەڵکو هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە ئاوەکەی لێوەهەڵدەقوڵێت و پێداتێدەپەڕێت مافی ئەوەیان هەیە سودی لێوەرگرن بۆ ڕاوەماسی، دەریاوانی، بەسەردافڕین، تەلڕاکێشان، هێڵی بۆری و ئەنجامدانی توێژینەوە.
ئەو ئاوە نێودەوڵەتییانە، جا چی زەریابن، یان دەریابن، یان دەریاچەبن، یان ڕوباربن ئەوا لەدەرەوەی دەسەڵاتی یاسایی تاکە دەوڵەتێکدایەو یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەپێوەکردنی ڕێکخستووە.
لەژێر ڕوناکایی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکان و پشت بەست بەوەی کە ئاوی زێی بچوک ئاوێکی نێودەوڵەتییە و ئێران وەک دەوڵەتێک مافی ئەوەی نییە دەستیبەسەردابگرێت و گلیبداتەوە، بەڵکو تەنها مافی هەیە سودی لێوەرگرێت ئەویش بەو ڕێکارانەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیرکراوە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەی لێوەی هەڵدەقوڵێت و پێیدا تێدەپەڕێت. ئەوا گەر بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن کە ئێران بۆ کوردی دروستکردووە و ئێران ناچاربکەن ئاوی زێی بچوک بەرداتەوە و جارێکی تر بە ئارەزوی خۆی دەستی بەسەردا نەگرێت ئەوا دەتوانن لە ڕێگای حکومەتی عێراقەوە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆماربکەن. چونکە لەلایەکەوە کورد تا ئێستا لە حکومەتی عێراقدا بەشدارە. لەلایەکی ترەوە بڕیاربەدەستان و هەموو لایەنە کوردییە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمان لە ئێستادا لە هەمووکات زیاتر عێراقین و پێشبڕکێی بەعێراقی بوونەوە دەکەن.
دادگای دادی نێودەوڵەتیش بەگوێرەی ماددەی (٢٤)ی یاسای دادگاکە، سکاڵای دەوڵەت وەردەگرێت نەک هەرێمەکان. بەهەبوونی نیازی چارەسەریی و تۆمارکردنی سکاڵاکە، ئیران ناچاردەبێت پابەندی بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی بێت و ئاوەکە بەرداتەوە و بەگوێرەی هەردوو ماددەی (139 و 235)ی هەمان یاسا ئێران ناچاربکات بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی قەرەبوی پێویست و گونجاوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە لەم چەند ڕۆژەی گرتنەوەی ئاوەکەدا بەر کشتوکاڵ و سامانی ماسی کەوتووە.
لە مێژووی حەفتاو سێ ساڵەی تەمەنی دادگای دادی نێودەوڵەتی، و وە تا ئێستاش، دادگا توانیویەتی دەیان کەیسی هاوشێوە و سڤیلی تر چارەسەربکات، و دەوڵەتی پێشێلکاریش کە تیایاندابووە لە ئێران بەهێزتربووە پابەندی بڕیارە یاساییەکانی دادگا بکات.

06/12/2018 11:57:02 | 884 | Print Friendly and PDF