بابەتی زیاتر


چارەسەرکردنی کێشەی ژن و پیاو
01/23/2020 11:29:27
چەمکی ئازادی لەنێوان کۆمەڵگە و سیاسەت دا پرسی ژن بەنمونە
05/03/2019 20:03:55
ژن کوشتن و کۆمەڵگەی نەریتی
12/24/2018 21:18:47
وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە
10/19/2018 21:43:07
ژن و سیاسەت
08/06/2018 20:44:16

راوچی تانکەکانی سوڵتان ، ژن‌و ئەفسانەی جەنگ

عەدنان کۆچەر
عەدنان کۆچەر


عەدنان کۆچەر

رۆژئاواو شۆڕشەکەی، چەندە لەرەھەندی سەربازیی‌و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن توانیویانە سەرکەوتن بنوسنەوە، ھێندەش لەپرۆسەی ئەفسانەسازیی‌و دروستکردنی پاڵەوان وەک دیوی دووەمی سەرخستنی شۆڕش‌و یەکلایکردنەوەی جەنگەکان ژیربوون، چونکە ئیدی لەرێی ئەو پرۆسیسەوە دواجار ھێزیان بە بەرەنگاریی بەخشیوەو لەرێگەی دروستکردنی وێنەیەکی زەینی دروستیشەوە وایانکردووە میدیای جیھانی لەباڵابوونی ئەفسانەکانی گیانفیدایی کورد ھاوتەریب لەگەڵ شۆڕشەکەدا گەورەتری بکەن، ئەو پرۆسەی لە(موسای کۆبانی) دەست پێدەکات‌و بە (ئارین مێرکان) دەگات‌و لەوێوە بۆ (نارین کۆبانێ)‌و دواجاریش ئەفسانەی راوچی تانکەکان (رەنگین) کۆتایی ئەو لیستەیە کە وەک چۆن ئەفسانەی تیرۆریان تێکشکاند، ئێستاش سەرقاڵی نوسینەوەی تێکشکانی سوپاکەی سوڵتانن لە عەفرین.

لەراستیدا مێژووی مرۆڤایەتی، ھەمیشە مێژووی جەنگ‌و بەریەککەوتنی سەربازیی بووە، ئەوەی دواجاریش ئەو جەنگانەی یەکلایی کردۆتەوە، رێژەی سەربازو جۆری چەکەکان نەبووە، بەڵکو ئەو رۆح‌و خۆنەویستییەی جەنگاوەرو پاڵەوانەکان بووە کە توانیویەتی ئەوی دی تێک بشکێنێ، ئەوەشی پرۆسەی تێکشکانی دوژمنی ئاسانتر کردووە، ئەو ئەفسانانەی جەنگەکان بوون کە دواجار ئاراستەی شەڕەکانی گۆڕیووە، بەڵام کاتێک ژن دەبێتە فریادڕەس‌و راڕەوی جەنگەکان دەگۆڕێت دەگمەنن. ئەوەتا رۆمەکان ئێستاش شانازی بە (زنۆبیا) شاژنی تەدمر دەکەن، کە ھاوسەری (سیپتیمیۆسی ئۆداینتۆسی) فەرمانڕەوای رۆمانییەکان بوو، پاش مەرگی ھاوسەرەکەی توانی سەرکردایەتی جەنگی گەورە بکات لەپێناو شکۆی رۆمدا، فەرنسییەکان جان دارک وەک قەدیس دەبینن کە لەشەڕی سەد ساڵەی نێوان فەرەنسییەکان‌و بەریتانییەکان رۆڵی گەورەی بینی‌و ئەفسانەی یەکلاییکردنەوەی جەنگ، کوبییەکان (سیلیا سانشێز) کە ناوی لەتەک کاسترۆو گیڤارا وەک جەنگاوەر دێت بەشکۆوە سەیر دەکەن، چونکە لەپرۆسەی رزگاریی نشتیمانی‌و تێکشکاندنی دوژمن فەرماندەو ئەفسانەیەکی گەورە بووە، تبتیەکان ئێستاش تا ئەندازەی موقەدەس بەرۆحی (ئانی باتشین)ەوە پابەندن، کە لەساڵی ١٩٥٤ سەرکردایەتی سەدان جەنگاوەری تبتی کرد دژ بە دەسەڵاتدارانی چین، ئەوە سەرەڕای ئۆکرانی‌و روسەکان کە تانوکە (لۆدمێلا پاڤلیتشینکۆ)ی قەناس بەدەست وەک پاڵەوان سەیردەکەن کە توانی لەشکاندنی سوپای نازییەکان وەک ئەفسانە رۆڵی یەکلاییکەرەوە ببینێ، کەچی کورد ھێشتاش ناتوانێ شانازی بەو ھەموو ئەفسانەو پاڵەوانەوە بکات کە لەمێژووی جەنگەکان ھەیبووە، لەھاوسەری غولام شاو شێرە ژنانی ھەکاری‌و قەرە فاتیمە کە لەگەڵ جەنگاوەرەکانی دەستیان بەسەر قوستەنتینیەدا گرت، ھەروەک مارگرێت‌و زیلان‌و دایکە گوڵەو سەدان پاڵەوانی دیکە کە لەمێژووی ئێمەدا وەک جەنگاوەری راستەقینە ناویان دوبارە دەبێتەوە، ئێستاش لەشۆڕشی رۆژئاوا تادێت ژمارەی ئەو پاڵەوانانە زیاتر دەبن.
دیمەنی بینینی نەسرین لەکۆشکی ئەلیزێ‌و پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆک کۆماری فەرەنساوە وەک ئەفسانەو پاڵەوانی جەنگ، ھاوشێوەی پێشوازییەکەی رۆزڤێلتە لە لۆدمێلا پاڤلیتیشنکۆی سۆڤیەتی لە کۆشکی سپی، ئەو شکۆو رێزپێدانە تەنێ بۆ نەسرینی جەنگاوەر نەبوو، بەڵکو بۆ ئەو جوگرافیە سیاسییەش بوو، کە قەڵغانی سنگی کچانەوە توانیان شکۆ‌و ئەفسانەی داعش تێک بڕمێنن، ھەروەک بینینی دیمەنی (ئارین میرکان) لەروپەڕی یەکەمی رۆژنامەکانی گاردیان‌و واشنتۆن پۆست‌و ئەوانی دیکە، تەنھا بۆ ئەوە نەبوو کە نیشانی بدەن ژنێک دەتوانێ رێ لە قەڵەمڕەوی غەزواتە نوێیەکانی ئیسلامی رادیکاڵ بگرێت، بەڵکو بەوەوە پەیوەست بوو کە پنتێک ھەیە لەو جیھانە لەرێگەی ئازادکردنی ژنەوە توانیویەتی شورای گەورە لەبەردەم ھەژموونی تاریکیدا دابنێ، ئێستاش کە بایەخی ماس میدیای جیھانی بە (رەنگین)ی راوچی تانکەکان دەبینین، نیشانیدەدات کە ئیرادەی گەلێک ھێشتاش بەھێزترە لە چەک‌و بۆمب‌و تانکەکانی ناتۆ، کە سوپاکەی سوڵتان لەسەر عەفرینی کوردانی تاقیدەکاتەوە.

بەدبەختی‌و نشوستی سوڵتان لەوەدایە کە لەرێی ناردنی راوچیی مریشکەوە دەیھەوێت گرەو لەسەر کەوتنی عەفرین بکات، کەچی بیری چووە ئەوەی لە پێشوازی سوپاکەیدایە راوچی تانکەکانن، ئەو دەیخواست لەرێی ناردنی چەتە تاڵانچییەکانیەوە کیژانمان بەزیندویی وەک کەنیزەک دەستگیر بکات، بەڵام وەک رۆژنامەنووسی ئیتاڵی سباستیان دەڵێت "بیری چوو، کە گیرفانی ھەموو شەڕوانێک گوللەیەکی شکۆی تێدایە"، وەک جەنگاوەرانی سامۆرای، مەرگ لەبەرەکانی جەنگ لەرادەستبوون بە شکۆتر دەبینن، ئەو ھەوڵەی ئۆردۆگان‌و بەیانکردنی چڵە زەیتون وەک شەڕی مان‌و نەمانی خۆی‌و بێدەنگکردنی ناوخۆی تورکیا بەزەبری ئاگرو ئاسن، ھەڵەیەکی چەند بارەی سوڵتانە، چونکە ئەگەر میدیاو شەقامەکانی تورکیاش لەبەردەم شکۆی ئەفسانەکانی رۆژئاوا بێدەنگ بکرێت، ئەوە ھەموو جیھان ئێستا وەک بڵندگۆ لەبەرامبەر رۆژئاوا دەستیان بەئاسمانەوەیە، بە دەستەکانیان چەپڵە بۆ سەرکەوتن‌و نزاش بۆ رۆحی قوربانییەکانمان دەکەن.

رۆژئاوای کوردستان ئێستاش سەرقاڵی بەرھەمھێنانی ئەفسانەی نوێیە، دوا ئەفسانەی ئەو شۆڕشە، رەنگینە، ئەو کیژەی وەک راوچی تانکەکانی سوڵتان بە تەمەنێکی بچووکەوە تانکی گەورەی سوپا شکستخواردووەکانی تورکیا پڕ دەکات لە ئاگرو خوێن، ئەگەر (سوپای سوری) یەکێتی سۆڤیەت لەرێگەی بەرھەمھێنان‌و تەقدیسکردنی فاسیلی قەناس بەدەستەوە توانیبیەتی وورەی بەرەنگارییەکانی ستالینگراد بە شکستی سوپای نازییەکان بەکۆتا بێنێ، ئەوە بەدڵنیاییەوە رۆژئاوا بە ئەفسانەگەلی زۆرەوە دەتوانێ عەفرین بۆ سوپای سوڵتان بکاتە گۆڕستانێکی گەورە، ئەو فۆڕمی ئەفسانەسازییەی رۆژئاوا، ئەو پرۆسەی بەرھەمھێنانی پاڵەوانەی یەپەژە، بۆ باشورییەکان تەنھا دیمەن‌و تابلۆیەک نییە لێی رامێنین، بەڵکو دەشێت لەگەورەکردن‌و تەقدیسکردنی رۆڵمان ھەبێت، کەچی بە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەوە ھێشتاش میدیای باشوور ھێندەی سەرقاڵی پەخشکردنی درامای تورکی‌و درێژەدانە بە داگیرکاریی کەلتووری تورکییەوە، ھێندە ناتوانێ بۆ چەند خولەکێکیش بێت ئاوڕێک لە شێرەکچانی رۆژئاوا بداتەوە، ئەوانەی دەتوانن بەرامبەر ناتۆ بەسەربڵندییەوە بوەستن.

02/13/2018 18:03:38 | 1122 | Print Friendly and PDF