بابەتی زیاتر


هەڵمەتی دارێك بچێنەو شارێك سەوز بكە
08/09/2019 21:14:33
ئیرەیی ئەو شتەی دەسەڵاتدارانی کورد نیانە!
06/29/2019 10:34:34
نامەیەک بۆ سایەکەریم
06/20/2019 23:10:05
كاریگەری شەڕ بەسەر فیلم‌و دراماكانمانەوە دیارە
05/06/2019 11:32:53
مۆڵەتی شۆفێری لە نێوان سیستەم و یاسادا
05/03/2019 19:44:55

كات و شوێنی له‌ دایك بوونی ئه‌شۆ زەردەشت

كات و شوێنی له‌ دایك بوونی ئه‌شۆ زەردەشت

لە بارەی کات و شوێنی لە دایک بوونی ئەشۆ زەڕدەشت پەیامبەری گەورەی کورد بیرورای جوراوجور ‌ھەیە، بڕێک لە نووسەران ئەیژن ئەشۆ زەڕدەشت لە ئاوربایگان ھاتووە دونیاو دوایی چووگە بۆ بەلخ لە ئەفغانستان... ئەم بیروڕایە لە پەراوی پڕ ھەڵەی بەندھوشن گیراوە کە لە کاتی ھارونەرەشید ئەباسی و بە زمانی پالەوی نووسراوە. زەڕدەشتیەکان ئەیژن ھافی زەڕدەشت لە ئاوربایگان(ئازەربایجان) و نزیکی دەریاچەی ورمێ ھاتووە دونیا .
نووسەرە پارسەکان ئەیژن زەڕدەشت پەیامبەرێکی ئێرانیە ! و لە ئاوربایگان یا ر‌ەی(رێگە ) ھاتووە دونیا بەڵام ناتوانن ھاشەی ئەوە بکەن کە پارس بووگە، چۆن لەو سەردەمە لە ئاوربایگان و رەی پارس نەژیاوە، ئەوێستاش لە پارسی کۆن ناچێ . تورکەکانیش ناتوانن و ھاشەی ئەوە ناکەن زەڕدەشت تورک بووگە ، چۆن ئەوێستا لە تورکی ناچێ و تورکەکان نزیک ھەشت سەد ساڵێکە ھاتوونە ئاوربایگان وئاناتولی.
کوردەکانیش تەنیا ئەیژن زەڕدەشت کورد بووگە و ئیتر لێکۆڵینەوێکی ئەوتویان لە بارەی کات و شوێنی لە دایک بوونی ئەشو زەڕدەشت و دین شوێنەوارەکانی نەکردوە، تەنانەت ئەوێستا کە گەورەترین سەرچاوەی ئەدەبی کۆنی کوردیە نەکراوە بە کوردی ئیمرۆژە و یا ‌ڕاڤە و شیکردنەوە لێ نەکراوە. ئێمە لەم وتارە ھەوڵ ئەدەین روونی کەینەوە ئەشۆ زەڕدەشت کەی و لە کوێ ھاتووە دۆنیاو ژیاوە و لە کوێ دینەکەی بڵاو بووەتەوە و پەرەی سەندوە...و نزیکی زوانناسی کۆنترین بەشی ئەوێستا واتە گاتەکان لە تەک زوانی کوردی ئێستا تا چە رادەیکەو.... پێشەوەی بچینە ناو ئەم باسەو‌ەوە ، ئاماژەیکی کورت بە دینی کورد پێش زەڕدەشت ئەکەم
ھۆزەکانی گەلی کورد لە پێش مێژوودا ئائینگەلی جوراوجوریان بووگە لە سەرەتا ئاسمان پەرەست بوون و دوایی ھەسارەو خور و سروشتیان پەرەستیوە... دوایی چەن خودایی بووگن ، وەک خودای خۆر، خودای ئاو ، خودای ئەوین و مێھرەبانی... بۆ نموونە کاسییەکانی کورد نۆ خودایان پەرەستیوە و کاسۆ ناوی خودای خودایان بووگە و ناوی کاس لەم کاسۆوە ماوە بۆ ھۆزەکە ، ناوی نۆ خودای کاسییەکان بەم جورە بووگە :١ سوریاش (خوای خۆر) سور و ھور بە واتای خۆر بووگە لە کوردی کۆندا. ٢- دونیاش، خوای دونیا و نیشتمان و ز‌ەوی بووگە . ٣- بوریاش خوای بوران و باران . ٤ - ماروتاش خوای جەنگ و مردن . ٥ - شیپاک خودای پاکی و راستی ، وشەی پاک لێرەوە ماوە . ٦ - شیپارو، خودای جوانی و قەشەنگی ،شیباڕو یانێ روومەتی زیبا. ٧ - شووکامونا، خودای ئەوین و مێھرەبانی . ٨ - شاخ ، خودای کێو ، شاخ بە مانای لووتکەی کێوە . ٩ - کاسۆ خودای خودایان . یونانیەکان ئائینی نۆ خوداییان لەم کاسییانە وەرگرتووە . دوایی بەشگەلێک لە کوردستان باوەڕیان بە چوار خودا بووگە وەک ئاھورا، خودای خوەر ، میترا خودای ئەوین و مێھرەبانی ، ئاناھیتا، خوای ئاو ، بەگ خوای زەوی بەخشەندەگی ... لەم کاتەدا ئەشۆ زەڕدەشت دێت وخەڵک رێنوێنی ئەکا بۆ یەک خودایی و یەکتا پەرەستی و ئەیژێ تەنیا ئاھورا مەزدا بپەرەستن و دەست لە چەند خودایی و چەند دینی ھەڵبگرن... ئەشۆ زەڕدەشت لەو کاتە تەنیا توانی لە بەشیکی بووچێکی کوردستان واتە ناوچەی دینەوەر ، کرماشان ، سنە و ھێمەدان سەر بکەوێت و دینەکەی پەرە بسێنێ... ە

کات و شوێنی لە دایک بوونی ئەشۆ زەڕدەشت
ھەر وەکۆ وتمان لە بارەی کاتی لە دایک بوونی ئەشۆ زەڕدەشت بیر ورای جیاواز ھەیە و ئێمە لێرە لە سێ بەشدا کورتی ئەکەینەوە: ١- بیروڕای سونەتی کە کاتی زەڕدەشت سێ سەد ساڵ بەر لە ھێرشی ئەسکەندر مەکدۆنی ئەزانێ واتە لە سەدەی شەشەمی پێش زایین کە ھاوچەرخی بوودا ئەکات. بەڵام ئەم بیرو رایە بە ھەرادی ر‌ەد کراوەتەوە. چۆنکە لە ئەوێستا ھیچ ناوێک لە پادشایانی ماد و ھەخامەنشی نیە ، جگە لەمە پادشایانی ھەخامەنشی وەک کورش و داریش زۆربەی رووداوە گرنگەکانی وڵاتیان لە بەردنووسراوەکانی خۆیاندا نووسیوە و ھیچ ناوێکیان لەم پەیامبەرە گەورە نەھێناوە. جا ئەگەر زەڕدەشت لە شەش سەد ساڵ بەر لە زایین ھاتبێتە دونیا ئەی بۆ ناوێکی لە پادشایانی ماد و شاری ھەنگمەدانەو پادشایانی ئاسوری نەھێناوە ؟ ئەشۆ زەڕدەشت لە گاتەکان لە ئاھورامەزدا داوا ئەکات کە پادشایکی گەورەو بە ھێز ھەڵکەوێ و سەری ملھوران لە بەرانبەری رەزەن و قانووندا دانەوێنێ و رێگران لە ناو ببات و جووتیارانی بێچارە لە تاڵان و بڕو رزگار کات. جا ئەگەر شەش سەد ساڵ پێش زایین ھاتبێتە دونیا ئەوە لە تەک دوو پادشای بەھێز و گەورەی ماد ھاوچەرخ دەبوو، وەک فەروەرتیش(مردوی ٦٢٥) و ھوەخشەترە (مردوی ٥٨٥ ی پێش زایین) کە ئیمپراتوری ماد لە دەریای کاسپیەن تا مادیتەرانە بووگە، ئێدی داوای پادشایێکی بەھێزی نەدەکرد و لەم دوو پادشا کوردە کە گەورەترین پادشای ئەو سەردەمەی جەھان بوون ناوی دەبرد،ھەروا کە لە پادشایی گوشتاسپ ناو دەبات
بیر وڕای دوو‌ەم، بۆچوونی ھەندێ لە زانایان و ئەوێستا ناسانە کە کاتی ئەشۆ زەڕدەشت لە نێوان ھەزار تا ھەزار و پانسەد ساڵ پێش زایین ئەزانن، واتە کاتی ز‌ەڕدەشت ھەندێ کەمتر لە ریگ و وێدا ئەزانن، واتە ھاوچەرخی مووسا دەبێ . ھەڵەی ئەم بیروڕایەش پروفێسۆر میلز دەری خستووە و ئەیژێ: ساڵگەلێ لەمەوبەر پێموابوو ،زەڕدەشت نابێ پێش لە ١٥٠٠ ساڵ پێش زایین بووبێ، بەڵام دوایی بە ھۆی خوێندن و لێکۆڵینەوەی فرەتر، تێگەییم کە ھەرچێ کاتی زەردەشت دواتر ببەین بە راستییەوە نزیکترین، چۆن دوو ئیزەدی مێھر و ھۆم کە لە بەشی دوایی ئەوێستاوریگ و وێدا ھەیە لە گاتەکاندا نییە.ساڵگەلێک ھەرە زۆرێک درێژەی کێشاوە تا ناوی ئەم دوو ئیزەدا لە یەشتەکاندا بێت، کەوابوو گاتەکان ھی کات و خولێکی کۆنترە ومێژووی دیاری ناکرێت و زەڕدەشت یەکەمین پەیامبەری جەھانە کە ئایینی نووسراوەی بە جێ ھێشتووە... پروفێسۆر رامپیس زانای ئاڵمانی ئەیژێ: لە گاتەکان ناوی خودا مەزدا،ئاھورا یا بە شێوەی جیا جیا مەزدا و ئاھورا ھاتووە ، بەڵام لە بەرد نووسراوی ھەخامەنشیەکاندا بە شێوەی ئاھورا مەزدا یا ئورمزد ھاتووە ، ئەمە چەن ھەزار ساڵی دەوێ تا ناوی خودای ئەو رۆژە ئاوا بگودرێت، ئەمە نیشان ئەدا گاتەکان ھی کاتێکی فرە کۆنترە ... لەم بارەوە بیروڕای موبەد فیرۆز ئاتەرگوشەسپ بە راستییەوە نزیکترە و ئەیژێ ئەشۆ زەڕدەشت لە ٣٠٠٠ تا ٣٥٠٠ ساڵی پێش زایین بوووە واتە ٥٥٠٠ ساڵی پێش
بیروڕای سێیەم ھی نووسەرانی یونانیە و کۆنترین نووسراوەش لە بارەی زەڕدەشتەوە ھی ئەمانەیە ، بە رای من ئەمانە چۆن کۆنترین و نزیکترین سەرچاو‌ە بە کاتی زەڕد‌ەشتن بە راستییەو‌ە نزیکترن. یەکێ لە کۆنترین نووسە کە ناوی زەڕدەشتی ھێناوە خسانتوس (٥٠٠ پێش زایین) یونانیە کە کاتی زەڕدەشتی ٦٠٠٠ ساڵ پێش خۆی زانیوە ، واتە ٨٥٠٠ ساڵی پێش . ئەرەستو و ئودوکسوس ھەر دووکیان نووسیویانە زەڕدەشت شەش ھەزار ساڵ پێش لە ئەفلاتون (مردوی ٢٤٧ پێش ئیسا) ژیاوە واتە ٨٢٤٧ ساڵی پێش . ھێرمودووس یونانی ئەیژێ زەڕدەشت لە ٥٠٠٠ ساڵی‌پێش جەنگی یونان و توریا بووە کە ئەکاتە٨١٠٠ ساڵی پێش. بروسوس مێژوونووسی کەلدەیی (سەدەی سێیەمی زایینی) ئەیژێ: زەڕدەشت گەورە و دانەری پادشایانی مادە کە ٢٣٠٠ ساڵی پێش زایین لە کەلدە پادشایی کردوە .
بیرورای نووسەرانی یونانی ئەوە ئەگەینێ کە زەڕدەشت ھی کاتێکی فرە کۆنە و لە ٢٤٠٠ ساڵی پێش لە بارەی کاتی زەڕد‌ەشت بیروڕای جوراوجور ھەبووە . نووسەرانی یونانی بە مێژووی سونەتی زەڕدەشتەوە نزیکن و ئەگەر زەڕدەشت لە ٦٠٠ ساڵی پێش زایین ببا ، ئەوە تەنیا سەد یا دووسەد ساڵ جیاوازی نێوانیان ھەیە ، دەبوو ئەوانە ئاگایی فرەتریان لە زەڕدەشت ببا نەک ئەو بە ھی شەش ھەزار ساڵ پێش خۆیان بزانن. مامۆستا پورداودیش لە بارەی کاتی زەڕد‌ەشتەوە ئەیژێ: چۆن ھۆ و بەڵگەی ئادارمان بەدەستەوە نییە دەبێ لە بەڵگە و ھۆی نادار کەڵک بگرین . وەک ئەوە ھێرۆدۆت مێژوو نووسی یونانی کە لە سالی ٤٨٤ ی پێش زایین مردووە وسەد ساڵ دوای مێژووی سونەتی زەڕدەشت ژیاوە ، بۆچی ناوی پادشاگەلی مادی ھێناوە ، بەڵام لە بارەی زەڕدەشتەوە ھیچی نەنووسیوە . ئەم بێدەنگی ھێرۆدۆتە ئەوە ئەگەینێ کە زەڕدەشت ھی کاتێکی فرە کۆنتر بووگە ... یا ئەرەستوو و ئەفلاتوون ئەگەر دووچاری ھەڵە ببان د‌ەبوو یەک سەدە یا دوو سەدە کاتی ژیانی زەڕدەشتیان کەم و زیاد بکردایە نە ئەویان ھی شەش ھەزار ساڵ پێش خۆیان بزانیبایە ... ھەروەھا ئەگەر لە باری مێژوویەوە و لەباری زوانناسییەوە سرنج بدرێتە گاتەکان ، بۆمان دەردەکەوێ ئەم زوانە زمانێکی فرە کۆنی کوردییەو دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای مێژووی مرۆڤ واتە شەش ھەزار ساڵی پێش ، لەو سەردەمە کە ھێشتا پادشایێکی گەورە لە کوردستان و دەوروبەرەکەی پێک نەھاتبوو و ھەڕ ناوچەیک سەردارێکی ھەبووە ،ھێشتا ‌حکومەتی سومێر و ئاکدیش پێ نەگرتووە . لە گاتەکان ناوی ئاسن خوێ نییە ، ئەزانین ئاسن لە چوار ھەزار ساڵی پێش ناسراوە و ھەبووە ... لە گاتەکان ناوی ھۆز ، ناوچە ، گوند ، شار و مەلبەند ھاتووە ، گوشتاسپ تەنیا دەسەڵاتدارو شای مەڵبەندێک بووگە لە کوردستان ... بەم ھۆیانەی سەرەوە . ھەروەھا لە رووی مێژووی زوانناسییەوە پەیامبەری کورد فر‌ەتر لە شەش ھەزار ساڵ پێش ژیاوە و زوانی ئەوێستاش زوانی ئەو سەردەمەی کورد بووگە . ( شوێنی لە دایک بوونی ئەشۆ زەڕدەشت
ھەڕ وەک لە سەرەتا وتمان ئەشۆ زەڕدەشت لە ناوچەی ئاوربایگان و نزیک دەریاچەی ورمێ ھاتووە دۆنیا، لە یەشتەکان ھاتووە کە ئەشۆ ز‌ەڕدەشت لە گوندی شیزو نزیک دەریاچەی چیچست ھاتووە دۆنیا. گوندی شیز تەخت سلێمان‌ی ئێستایە کە لە نێوان سەقزو تیکاپ ھەڵکەتووە . گوندی تەخت سلێمان ئێستاش ھەڕ کوردن و شوێنەواری ئاورگای ئاتر گوشەسپی لێماوە. ئاورگای ئاترگوشەسپ گەو‌رەترین ئاورگای ز‌ەڕدەشتیان و پادشایی ساسانیان بووگە و ھەر ساڵ لە کاتی لە دایک بوونی زەڕدەشت خەلک و پادشای ساسانی بۆ یەسنا کردن چوو‌نە شیز . ئەرەبە موسلمانە کان حەجیان لە کورد وەرگرتووە
ھەندێ لە ئەوێستا ناسان لە پەراوی بەندھۆشن پەیرەویان کردووە و ئەیژن : ئەشۆ زەڕدەشت لە ئاوربایگان ھاتووە دۆنیا و دوایی چووگە بۆ بەلخ و لەوی گوشتاسپ پشتیوانی لێ کردوو‌ە، ئەمە بیرو ڕایکی ھەڵەیە و بەڵگە و ھۆ‌ی زۆر ھەیە کە ناراستی ئەم بیرو رایە دەرئەخا. ١- لە چی کاتێک گوشتاسپ ناوێک لە بەڵخ پادشا بووگە دیار نییە و ھەرگیز دینی زەڕدەشتی لەوێ باو نەبووە . ٢- پاشان زەڕدەشت خەڵکی لای ئاور بایگان و دەریاچەی ورمێ (چیچێست) بووە و زوانی ناوچەی بەڵخی نەزانیوە، چۆن توانیویە بە زوانی ئەو مەڵبەندە دوورە ، بەو جوانییە گاتەکان بھۆنێتەوە و خەلکی ناوچەکە بۆ لای ئایینەکەی راکێشێ . ئەگەریش بە زوانی زکماکی خۆی بێ ، ئیتر خەڵکی ئەو ناوچە لە گاتەکان و ئایینی زەڕدەشت تێ‌ناگە... زۆر سرۆشتییە کە زەڕدەشت لە ناوچەیک ئاێێنی خۆی بڵاو کردوو‌ەتەوە کە لە گەلیانا ھاوزمان بووگە ، زوانی زکماکی خۆی کە سی ساڵ پێ‌راھاتووە... ھەر ھەموو پەیامبەرانی دۆنیا لە سەرەتا ئایینی خۆیان بۆ ھاوزوانەکانیان ھەڵاڵە کردووە و بۆ خەڵکی ناوچەکەی خۆیان رەزەن ورەوشت و زاکونیان ھێناوە نە بە زوانێکی دیکەو بۆ خەڵک و ناوچەیکی تر
ئەوێستا خۆی بەڵگەیکی بەھێزە کە ئەشۆ زەڕدەشت ھەر لە کوردستان ماوە و بۆ بەڵخ نەچووگە. لە بەشی زامیاد یەشت ،گەڕان و گەردشی زەڕدەشت لە کوردستان پیشان ئەدا و ناوی گوند و کێو ناوچەکان دێنێ، ناوی ئەو گوند و کێوانە زۆربەی ھەر وەک خۆی ماوەتەوە یا ھەندێ گوراوە. دوای ئەوە ئەشۆ زەڕدەشت لە شیز دەست ئەکا بە ھەڵاڵە و راڤەی دینەکەی و خەڵک پێڕەوی لێ‌ناکا، روو ئەکاتە ناوچەی سنە و لە سەر کێوی ئەوشیدەرە نیایش ئەکاو ھەمیسان ھیوا پەیدا ئەکاتەوە، ئێلھامی دوو‌ەم لە بان ئەم کێوە پێدەگات، بۆیە لە ئەوێستا کێوی ئەوشیدەرە کێویکی پاک و ئەشۆیانەیە (واتە موقەدەسە ). کێوی ئەوشیدەرە ھەر ئاویدەری ئێستای سنەیە کە لە رۆژئاوای سنەیە ، ئاوشیدەرە یانێ ئاو ئەچێتە دەرەوە، شی، چی و چیو یانێ چوو. شی لە زازاکی و چی لە کرماشانی ماوە، دەرە یانێ دەرەوە . چۆن ئەو کێوە کانیاوی فرەی ھەیە پێیان وتووە ئاوشیدەرە واتە ئاو فرە ئەداتە دەرەوە ، ئێستاش ئاویدەر ھەر یانێ ئاو ئەداتە دەرەوە و لە تەک ئاوشیدەرە یەک واتای ھەیە و ھەندێ زاڕاو‌ەکەی گۆراوە... دوای یەسنا کردن لە سەر کێوی ئاوشیدەرە (ئاویدەر) روو ئەکاتە ناوچەی کامیاران و دینەوەر و لەوێ خەڵک و فەرمانڕەواکەی دینی ز‌ەڕدەشت پەسەند ئەکەن ئیتر ناوی دین ئاوەر لەسەر ناوچەکە ئەمێنێ، دین ئاوەر واتە دینی ھاورد، دینی ھێنا ،واتای تر دین ئاوەر یانێ دینی ئاگر ، وشەی دین واژ‌ەیکی کوردیەو چووەتە زمانگەلی تورکی و ئەرەبی.
لە زامیاد یەشت ھاتووە کە زەڕد‌ەشت ئەچێتە کەنگ‌شە و گوشتاسپ دینی ئاھورایی پەسەند ئەکات ... کەنگ شە ئێستا ناوی گوندێکە لە ناوچەی دینەوەری کرماشان ،کەنگ شە یانێ دژ و قەلای شا، ئەمانە ھەموی بەڵگەی روونن کە ئەشۆ زەڕدەشت و گوشتاسپ لە ناوچەی دێنەوەری کوردستان ژیاون نە لە بەڵخ و خوارەزم . دوایی ئەشۆ زەڕدەشت بۆ ھەمروڵە چووگە ، ھەمروڵە ناوی کێوێکە لە ناوچەی کەنگاوەر و سەھەنە، ھەروەھا ناوی گوندێکە لە ناوچەی لەیلاخی سنە دوایی ئەچێ بۆ فەشخوران کە ناوی دوو گوندە لە ناوچەی کەنگاوەر... ھەروەھا ئەشۆ زەڕدەشت بەرەو باشور ئەچێت و لە سەرکێوی مانشت یەسنا ئەکا، ئێستاش کێوی مانشت لە ناوچەی گیلان و ئیوانە کە سەر بە شاری سەرپێڵی زەھاوە ، دوایی ئەجێ بۆ کێوی کەویر کو لە ئیلام . ئێمە لێرە تەنیا چەن ناوێکمان ھێنا و ھاوردنی ھەموو ناوەکانی زامیاد یەشت لە د‌ەرفەتی ئەم وتارە نییە ئەم ناوانە بەسن بۆ ئەوە پیشان بدا ئەشdۆ ز‌ەڕدەشت کوردە و لە کوردستان ژیاوە نەک لە بەڵخ و ئەفغانستان . مێژووی بەڵخ نیشان ئەدا ھەرگیز دینی ز‌ەڕدەشتی لەوێ پەرەی نەسەندوە و لەوێ ئفریت پەرەست بوونە و دوایی بودایی دەبن
چوارەم - مێژووی بەڵخ پیشان ئەدا کە ئەو ناوچە ھیچ کات دینی زەڕدەشتییان نەبووگە، تەنانەت لە کاتی ساسانیەکاندا کە دینی زەردەشتی ئەبێ بە دینی فورمی سەرتاسەری کوردستان، ناوچەی بەڵخ فەرمانڕ‌ەوایی جیاگانەیان بووە و دینی بودایی یان ھەبووە ... ناوچەی بەڵخ لە پێشدا چوار خودایی بوون، دوایی دێو و ئفریت پەرەست بوون و لە کاتی ئەشکانیەکان بوون بە بودایی تا ھێرشی ئەرەبەکان ھەر بودایی مابوونەوە ... بەلگەی ھەرە گرنگ لەم بارەوە، گەران و گەشتی جەھانگەردانی چینییە کە لە شوێنی ئاسەواری دینی بودایی گەراون ، بۆ نموونە : ١- لە ساڵی ٣٩٩ زایینی شی فاھیان چانگانی لە چینەوە ئەچێتە ناوچەکانی بەڵخ ،نەنگەرھار، کەندەھار پیشاوەر، کابول و بامیان دەگەڕێ و تا سند چووگە و چواردە ساڵ لە ناوچەی ئەفغانستان بووگە و پەرەستگاکانی بودایی سەرداوە و لە شوێنی ئاسەواری بودایی بووگە و لەو کاتە دینی زەڕدەشتی لەوێ برەوی نەبووە. لەم کاتە دەسەڵاتی ئەفغانستان بە دەستی شایانی ھەفتاڵی بووگە کە ئفریت پەر‌ەست بوون و بروایان بە زەڕدەشتی و بودایی نەبووگە تەنیا باکووری ئەفغانستان واتە بەڵخ و بامیان بودایی بوونە، کە پێیان وتووە وڵاتی ئوجانگ و ئودیانە . شاھۆ ھەفتاڵی و کور‌ەکەی بۆ چەپاوی زێڕی پەرەستگای بودایی نەوبەھار ھێرش ئەکەنە بەڵخ و تاڵانی ئەکەن. شاھۆ و کوڕەکەی ئفریت پەرەست بوون، بەلام دوایی ھەندێ لە پادشایانی ھەفتاڵی بوون بە بودایی . ٢ - سوونگ ین لە ئوستانی توون‌ھوانگ لەتەک ھوی سنگ خزمەتکاری پەرستگای شونگلی لە ساڵی ٥١٧ زایینی ئەچێتە ئەفغانستان و دوای گەران لە ناوچەکانی جوراوجوری کابول، بەلخ و بامیان ١٧٠ بەرگ پەراوی بودایی ئەبەنەوە بۆ چین. ئەم دوو جەھانگەردە چینییە لە ساڵی ٥٢١ زایینی دەگەرێنەوە بۆ چین . ٣ - ھیون تسنگ لە ئوستانی ھۆنان لە ساڵی٦٢٩ تا ساڵی ٦٤٥ لە ئەفغانستان بووگە و بە دوای شوێنەوار و پەراوی بودایی بووگە و ١٢٤ بەرگ پەراوی ئایینی بودایی لقی گەورە کۆ ئەکاتەوە کە باری ٢٢ ئەسپ بووگە و ئەیباتەوە بۆ چین. ھیون تسنگ گەشتەکەی خۆی لە پەراوێک بە ناوی( سی‌یو‌کی) واتە بیرەوەریەکانی دۆنیای رۆژئاوا نووسیوە. ئەم پەراوە لە بارەی چاوپێکەوتنی بەڵخ ، بامیان، کاسپیا لەغمان و کەندەھار بووگە و لە بارەی پەرەستگاکانی ئەو شارانە بووگە . ھەروەھا ئەیژێ کە دیان و موو و داھۆڵی بودا لە پەرستگای نەوبەھاری بەڵخ راگیراوە . ئەم بەڵگانە بە روونی نیشانی ئەدەن کە دینی زەڕدەشتی لە بەڵخ وبامیان نەبووە و داھۆڵەکانی بودایی تا ئێستا لە کێوە کانی بامیان مابوون کە چەند ساڵ پێش دەسەڵاتدارانی تاڵبان و مەلاکانی ئەفغانی بە ھۆی نەزانی و دەمار گرژی ئیسلامیەوە تەقاندیانەوە و لە ناویان برد
پێنجەم شێوەی نووسین , شێوەی نووسینی ئا و بێ ئەو سەردەمەی ئەفغانستان لە تەک شێوە نووسینی ئەوێستایی فرە جیاوازی ھەبوو‌ە ئاو و بێێ وڵاتی ئوچانگ (ئەفغان) ئەو سەردەمە ٢٥ پیتی ھەبووە کە لە چەپەو بۆ راست نووسراوە ، بەڵام ئا و بێێ ئەوێستایی کوردستان ٤٩ پیتی ھەیە کە لە راستەوە بو چەپ ئەنووسرێ. شەشەم - بەڵگەی تر بۆ ئەوەی بسەلمێنین ئەشۆ زەڕد‌ەشت کورد بووگە پەراوی ئەشایی ئەوێستایە . چۆنکە زوانی کۆنترین بەشی ئەوێستا واتە گاتەکان لە زوانی کوردی کۆن ئەچێ تا لە زوانی نەناسراوی بەلخ ، ھەر وەکۆ وتمان لە رووی زوانناسیەوە، زوانی ئەوێستا کوردییە وئەگەر ھەموو زاڕاوەکانی کوردی کۆ بکەینەوە لەتەک ئەوێستا یەک زمان ئەبن. واژەکانی ئەوێستا لە ھەموو زاڕاوەکانی کوردیدا ھەن و ماونەتەوە ... ئێمە لێرە تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە واژەکانی ئەوێستا بەشی ئەھنودگات لە پەراوی گاتەکان ئەھێنین کە لە زاڕاوەکانی کوردی ھەر و‌ک خۆی ماوە یا توزێکی کەم گۆڕاوە ... ئەویش واژەکانی بەشێکی کەمی کەرتی ئەھنودگات بەمجورەیە:
وشەی ئەوێستا، ( وشەکانی ئەوێستا لە ناو پەرانتزە ) واژەی کوردی ئێستا
فرە-) لە شێوەی سنەیی ماوە یانێ زۆر . ( مەزن و مازن) لە شێوەی موکری و کرمانجی ماوە یانێ گەورە. (وەفر )، لە شێوەی ھەورامی و لەکی ماوە یانێ بەفر. ( ئەز )، لەشێوەی کرمانجی ماوە یانێ من . (ئەنی ) لە کرمانجی ئەنیەو لە موکری ھەنیە ماوە یانێ پێشانی و توێڵ . ئێشکت ) لە موکری بووگە بە ئەشکەوت . ( وەچ، واچە ) لە ھەورامی بووگە بە واچو یانێ ئەیژێ . ( نیدامە ) لە لەکی و لوڕی ماوە یانێ نیاگمە ، نیاومە لێ ، لێم نەوی. ( کەھیا ) لە موکری بووگە کێ‌ھا یانێ کێ . ( کەئوف ) لە سنەیی بووگە کێف واتە کێو، یارانی کەئوف لێر‌ەوە چووگە زمانی ئەرەب . (ویر ) لە ھەورامی ماوە یانێ بیر .( ئاتریش ) لە سنەی بووگە بە ئەترەش یانێ زات و جورئەت . ( وەراز) لە لەکی ماوە یانێ بەراز. ( پەئێس ) لە موکری بووگە بە پیس یانێ چەپەڵ ، ئەم وشەیە لە زمانی کوردیەوە چووگە زمانی تورکی. ( میتە) لە سنەیی بووگە بە ویتە واتە دەنگۆ، شایەئە. ( ورگ ) لە لەکی و لوڕی ماوە واتە گورگ . ( ئەوامێ) لە موکری بووگە ئەمەوێ یانێ گەرەکمە . ( خەفنە ) لە سنەیی بووگە بە خەفتن واتە خەوتن . ( ئوشترا ) لە کرمانجی ئوشتر ماوە یانێ وشتر . (گەیدی) لە سنەیی گەیی واتە گەیشت . (ژنو ) لە موکری بووگە ئەژنو یانێ وژنگ. ( چرانی ) لە لەکی و لوڕی چراندن یانێ گورانی وتن . (مەروت) لە ھەورامی مەرمو یانێ ئەفەرموێت . (جەست) لە لوڕی ماوە یانێ پەڕی، بازی برد .( وەرخا) لە لەکی و لوری وەرخ ماوە یانێ بەرخ . ( ئێمەونەت ) لە سنەیی مەوانەت ماوە یانێ ھێز، بەھێز ، وشەی ھەمەوەند کە ناوی ھۆزێکە لای کەرکوک لێرەوە ماوە کە بە واتای بەھێزە . ( پاساد ) لە سنەیی پاسا یانێ بەرپەرچ دانەوە. (کەنیک) یانێ کەنی، کەنیشک کیژ. ( ھەز، ‌ھەزێ ) یانێ ھێز. ( وەست) واتە ویستن. ( بەرزە) یانێ بەرز . (کام) = کام ، کام‌یەک . ( ئاتر) = ئاگر، (زیان ) = زیان ئەسپ ) = ئەسپ، ( شایە) = شایی، شادی . (پریتو) = پرد, ( کەت) = کات،( توا) = تۆ ، ( وا) = وا، ئاوا،( ئەوەت) = ئەوە، ئەوەتە، ( پرسیەت ) = پرسین، ( دا) = دا ، ( پەئێرێ) = پێرێ، پێرەکە، (دەئێنا) =دین. ( درۆوەند) = درۆزن. (زێم، زام) =زەوی . ( سۆ) = سۆی چرا، (ھامەو ) = ھاتمەوە ، وەرچە ) = ورچ، ( پەز ) = پەز . ( تێژ ) = تێژ ،( گەرو) = گەرو، قوڕک ( ئورواز) = ئاواز . ( شات) = شاد . ( مانگە ) = مانگ ،( ئەور) = ھەور ، ( ھور ) = خۆر . (خورەتاوی ) = خۆرەتاوی ، ( کەن ) = کەندن . ( دویر ) = دوور، دویر . ( وێن ) = وینن، ( درۆج ) درۆ . ( وەرزیتا) = وەرزێر، ( کان) = کان ،( تاشان ) = تاشین ، ( زوور ) = زوور، ھێز . ( کانی ) = کانی، ( زەڕینە ) = زەڕینە، ( ھاوەنە ) =ھاوەن ، ( تەشک ) = تەشک ، قیافە ( ئەجمێت ) = ئەجمێت . ( گەونە ) = گوناە ، گوناح . ( سپیتی ) = سپی، (زەست ) = دەست، ( داڕشت ) = داڕشتن ، ( سپا ) = سپا ، ( رەو ) = رەوشت ھەنس) = ھەس، ھەنە، ‌ھەیە، ( ئەزاتا ) = ئازا، (وازا ) = وزە، وێزە ، ھێز. ( شیاتو) = شیاو ، ( بەگ ) = بەگ ( وەرشیتا ) = ورشە ، ( ئیشتوا ) ئیشتیا ، ( کا ) = کا ، کاک ، پادشا
ئەم چەن نموونە واژانەم تەنیا لە کەرتێک لە گاتەکان کە کۆنترین بەشی ئەوێستایە، ھێنا کە پیشان بدرێ ئەوێستا بە زمانی کۆنی کوردی ھۆنراوە و نووسراوە نە بە زمانی پارسی یا بەڵخی ، وە ھێشتا فرەێک لە واژەکانی ھەر وەک خۆی ماوەتەوە و لە زاراوەکانی کوردی پارێزراوە و زیندووە. ئەم چەند نموونەیە بە ئاشکرایی پێوەندی نێوان زوانی ئەوێستا و کوردی ئێستا پیشان ئەدا و بۆ ھەر زوان ناسێک د‌ەر ئەکەوێ کە ئەوێستا بە زمانی کوردی کۆن ھۆنراوەتەوە و ئەشۆ زەڕدەشت خەڵکی کوردستان بووگە و ھەر لە کوردستان ماو‌ەتەوە و بە زمانی زکماکی خۆی گاتەکانی ھۆنیوەتەوە . گاتەکان ھۆنراوەی دە سیلابی کۆنی کوردیە . بەم بەڵگە و ھۆیانەی مێژوویی و زوانناسیەوە کە ھێناومن روون دەبێتەوە کە ئەشۆ زەڕدەشت لە کوردستان و تەخت سلێمانی تکاب ھاتووە دونیاوە و لە ناوچەی دینەوەری کرماشان دینەکە ی پەرەی سەندوە و لە کوردستان گەراوە و ژیاوە و ھەرگیز بۆ بەڵخ نەچووگە . چۆن لەو کاتە روژھەڵاتی کوردستان واتە لە ساوە و بەرەو خوراسان دەریای فەراخکورد بووگە و دوایی وشک بووگە و سەفەر کردن بە ئاسانی نەبووە .
--------------------------------------------------------------------------------

سەر چاوەکان:
١- گاتەکان ، وەرگێران و شی کردنەوەی موبەد فیروز ئازەر گوشەسپ، بڵاوکەرەوی فەروەھەر- تاران
٢- یەشتەکان ، شی کردنەوەی پورداود ، تاران
٣- مێژووی ماد، نووسراوی دیاکۆنف رووسی
٤ - جوغرافیای روژئاوای ئێران (کوردستان) لە ئەوێستا ، نووسراوی ئێمادەدینی دەوڵەتشایی کرماشانی.
٥ - ئەفغانستان لە ئاوێنەی مێژوودا.
٦- جوغرافیای رۆژئاوای ئێران (کوردستان) ژان دێمورگان فرانسەوی .
٧ - زوانناسی و فەرھەنگی ناوەکانی کوردی ویانا ، نووسراوی وانکۆ کوردستانی.
وانکۆ کوردستانی

08/27/2015 21:08:11 | 4112 | Print Friendly and PDF