بابەتی زیاتر


ناساندنێک بۆ ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان
03/22/2020 14:23:27
زانکۆیی ئەمریکی خەونەکەیی لەناوبردم
03/18/2020 19:17:18
دوورکەوتنەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛دوورکەوتنەوە لەژهر
02/12/2020 17:02:03
هەڵمەتی دارێك بچێنەو شارێك سەوز بكە
08/09/2019 21:14:33
ئیرەیی ئەو شتەی دەسەڵاتدارانی کورد نیانە!
06/29/2019 10:34:34

ناو و کەلتور و کاریگەری ناو

ئومێد ناسح جیهانی
ئومێد ناسح جیهانی


ناو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی فەرھەنگی کەلتورییە لە ناو مرۆڤەکاندا بۆ ناسینەوە و لێک جیاکردنەوەی کەسەکان لە یەکتری ، و دواتریش دەبێتە شوناس و نیشاندانی سیفەت و خەسڵەتەکانی کەسەکە ، لە ھەمانکاتدا مرۆڤ بۆ ناسینەوەی کەرەستەکان و ھۆکارەکانی ژیان و ماددەکان و گیانەوەران و جوگرافیاکان و تەواوی گەردوون و سروشت لە یەکتر و لەناو یەکتردا ناوی دیاریکردووە .

ناو لەسەر چەند بنەمایەک لە منداڵ دەنرێت :
ئاینی : پەیڕەوانی دینی لە ژێرکاریگەری ئایندا ناو لە منداڵەکانیان دەنێن ، بەناوی پێخەمبەران و خوداپەرستە پێشینەکان ، یان ڕووداوە مێژووییە ئاینەکان ، شوێنە پیرۆزە ئاینەیەکانەوە ، لەڕاستیدا کاتێک منداڵێک بەم ناوانەوە ناو دەنرێن ، بەو ھیوایەی ئەو منداڵە لە داھاتوودا ببێتە کەسێکی خودا پەرست و باوەڕدار و ھەڵگری سیفەتی کەسی یەکەمی خاوەن ناو ، بەبێ ڕەچاوکردنی سیفەت و خاسیەتی ھەر مرۆڤێک و جیاوازی سەردەم و کاریگەری کەلتور و پەروەردە و کاریگەری ژینگە لە سەر کەسی دووەم ، لەڕاستیدا پەروەردەکردنی منداڵ بەپەروەردەیەکی جەوھەری ئاینی ڕەنگدانەوەی لەسەر باوەڕ و ئیمانی کەسەکان دەبێت ، لەگەڵ ڕەچاوکردنی جیاوازی کەسەکە و سەردەمەکە ، نەک لەژێر کاریگەری باوەڕ و خوداپەرستی کەسە پێشینەکان .

نەتەوەیی : ھەندێکی دیکە لەسەربنەمای نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی ناوی منداڵەکانیان دەنێن ، بەناوی سەرکردەیەک ، جوگرافیای ووڵات ، ناوی شار و شاخ و سروشتی ووڵات ، ناوی ڕوداووە مێژووییەکان ، ئەمە ھەم ھەستێکی نەتەوەیی بەخێوکاری منداڵەکانە ، ھەم بەو ھیوایەی لەداھاتوودا ئەو منداڵە کەسێکی نەتەوەیی و تێکۆشەر و خزمەتکاری گەل و ووڵات بێت . سیفەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدا ڕەنگ بداتەوە ، و خەمی ئەو خەمی گشتی میللەت بێت ، نەک خەمی تایبەتی .

خۆشەویستی : بەشێکی ھاوسەران لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ئەوینی نێوانیان ناو بۆ منداڵەکانیان ھەڵدەبژێرن ، ھەوڵدەدەن ناوێکی ناسک و جوان و پڕمانا بێت ، کە ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی نێوانیان بێت ، ئاوێتەکردنی عەشق و خۆشەوویستی نێوان ھاوسەرەکانە لە کەسایەتی منداڵەکانیان دا ، ناوێک بێت خۆشەویستیەکەیان مانادار تر بکات .

لاسایکردنەوە : ھەندێکی دیکە لە دایک و باوکان لە سەر بنەمای لاسایکردنەوە و چاولێکردن ناو بۆ منداڵەکانیان ھەڵدەبژێرن ، کاتێک دەبینن کەسێک باش و بەڕێزە لەسەر ئەو بنەمایەی منداڵەکەی ئەمانیش خاوەنی ھەمان سیفەت بێت ، ناوی ئەو کەسە دیاریکراوە لە منداڵەکەیان دەنێن ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ھەموو مرۆڤێک سیفەتی باشی و خراپی تێیدا ڕێژەییە ، چونکە مرۆڤ حکومە بەوەی ھەردوو ھێزی شەڕ و خێر کاری لەسەردەکەن ، لە دنیایەکی جەنجاڵ و ئاڵۆزی فڕە ڕەنگ و ڕەگەزدا ، یان کاتێک دەبین کەسێک جوان و خاوەن ڕووخسارێکی جوان و شیرینە ، بەو ھیوایەی منداڵەکەیان ببێتە خاوەن ھەمان سیما و ڕەنگ و ڕووخسار ناوی منداڵەکەیان بە ناوی کەسی یەکەمەوە دەنێن ، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ژیان و کاریگەری کێشە و ناسۆرییەکانی تاکە مرۆڤێک خۆی و تەواوی ژیانیش ، یان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕووداوە کتوپڕەکان وەکو نەخۆشی و سووتان و ڕووداوی دیکەوە ، کە کاریگەری لەسەر ڕووخسار و تەندروستی مرۆڤ دەبێت .

لەڕابردوودا میسڕییەکۆنەکان پێیان وابوو ناو چارەنووسی مرۆڤ دیاری دەکات . واتا گەر ناوی کەسێک ھەڵگری سیفەتی سەرکەوتن بێت ، ئیدی ئەو مرۆڤە کەسێکی سەرکەوتوو دەبێت ، یان گەر ناوی کەسێک ھەڵگری سیفەتی بەختەوەری و ئاسودەیی بێت ، ئیدی ئەو مرۆڤە شاد و کامەران دەبێت ، و کەمترین کێشە و ناسۆری و کۆسپ دێتە ڕێی . بە پێچەوانەشەوە . لەم ڕۆژگارەشدا لە ڕوانگەی کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتییەکان و بە تایبەتی تریش کۆمەڵگای کوردی ناو ھەم چارەنووس ، ھەم تایبەتمەندی مرۆڤ دیاری دەکات . بەو شێوەیەی کاتێک ناوێکی دینی لە کەسێک دەنرێت ، بە ھیوایە ئەو ناوە ھەڵدەبژێردرێت ، کە ئەو کەسە لەداھاتوودا کەسێکی ئیماندار و باوەڕدار و خوداپەرست و خاوەن ڕەوشت بێت ، و خاسیەت و تایبەتمەندی کەسی پێشینە ئاینیەکەی تێدا ڕەنگ بدتەوە ، یان کاتێک ناوێکی ھەڵگری سیفەتی سەرکەوتن و ئاسودەیی و ئارامی لە منداڵ دەنرێت ، بەو ھیوایە کە چارەنووسی ئەو کەسە ئاسودەیی و بەختەوەری و سەرکەوتن بێت . ئەمە ھەم بۆ ناونان لەسەر بنەمای نەتەوایەتی و لاسایکردنەوەش ڕاستە . لەڕاستیدا ھیچ کاریگەریەکی لەسەر باوەڕ و مۆڕاڵی مرۆڤ نیە ، بەڵکو مرۆڤ بەرھەمی ژینگەکەیەتی ، واتا کۆی پەروەردە و کەلتور و جوگرافیا و سیستمی سیاسی و ئابوری ووڵات ، کایگەری لەسەر چانووسی مرۆڤ ھەیە ، لەڕاستیدا ناو کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژی مرۆڤ ھەیە .

ناو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ ھەیە ، یەکەم لەبەرئەوەی لە ڕێزمانی کوردیدا ناو قابلی کورتکردنەوەیە ، و بە جۆرێک کورتدەکرێتەوە شکڵە بنەڕەتیەکەی تێکدەشکێنرێت ، ئیدی ئەو کەسەی کە ناوێکی ناخۆش یا قورسی کورتکراوەی ھەبێت ، لە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و ژینگەکەی و ھاوڕێکانیدا ھەمیشە ھەست بەکەمی و نائاسودەیی دەکات ، ھەمیشە لە ترسێکی گەورەدا دەژی بەھۆی ڕەخنە و تانە و تەشەری کۆمەڵگاکەیەوە ، لەلایەکی دیکەشەوە کاتێک ناوێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەنرێت لە منداڵ ، بۆ نموونە ناونانی منداڵ بە ھۆی خەبات و تێکۆشانی سەرکردەیەکەوە لە ڕۆژگاری ئەو سەرکردەیەدا ، بۆ ئەو منداڵەی ناوی سەرکردەکەی لێنراوە دەبێتە مایەی دڵخۆشی و ئاسوودەی ، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی سەرکردەکە بە باری زوڵم و دیکتاتۆری و نادادپەروەری ، ئیدی ئەو دڵخۆشیەی کەسی دووەم کە ھەڵگری ناوی کەسەی یەکەمە ، دەگۆڕێت بە ڕەخنە و تانەی کۆمەڵگا ، وەک بڵێت ناوی کەسی دووەم بەرپرسیارە لە تایبەتمەندی و خاسیەت و کار و کردەوەی سەرکردەکە . ئیدی ئەم ناوە بۆ کەسی دووەم دەبێتە ئاریشە و گرفتی ڕۆژگار . لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسەی ناونانەکەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی دایک و باوکیەتی ، ناوەکەی دەبێتە جێگەی شانازی و ئارامی و دڵخۆشی و پتەوی کەسایەتی ، بەوەی لە خێزانێکدا ھاتۆتە دنیاوە پڕیەتی لە ڕێز و خۆشەوویستی و ئەوین و وەفاداری ، ئیدی ناوکەی وەک پەروانە بە دەوری کەسایەتی و ژیانی دا دەسوڕێتەوە .

ناو سەرەڕای ئەوەی ناسنامە و شوناسی مرۆڤ و مادە و جوگرافیا و گیانەوەرانە ، لەگەڵ ئەوەشدا نیشاندانی خاسیەت و سما و ھێماکانە ، نیشاندانی سیما و ڕووخسار و جوانی و قەشەنگییە ، نیشاندانی ڕووخسارە ناشیرین و دزێونەکانیشە ، بۆ نموونە کاتێک دەڵێت : گەلی کورد و ووڵاتی کوردستان ، ئەوە وێنەی گەلێکی دابەشکرا و داگیرکرا و جینۆسایدکراو ، و گەلێکی مەزڵم و ماف زەوتکراو ، خۆخۆر ، و ھەروەھا گەلێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرت دێتە بەرچاو . کاتێک دەڵێت : عێراق ئەوە دەوڵەتێکی ڕەق و دیکتاتۆر و تاکڕە و خوێن ڕێژ و ماف زەوتکارت دێتە بەرچاو ، کاتێک دەڵێت : پاریس وێنەی بورجی ئیفڵ و شارێکی ناوازەی جوان و خاوەن شارستانیەت و مەدەنیەت و پێکەوە ژیان و ئازادی و دیموکراسی خۆی نمایش دەکات . کاتێک دەڵێت : ووڵاتی ھیندستان مەملەکەتی سروشت و مەیموون و فیل و سحرت دێتە بەرچاو ، یان کاتێک دەڵێت : تاوس وێنەی باڵندەیەکی جوانی ڕەنگینی ئەفسوناوی لە خۆبای خۆی نمایش دەکات ، کاتێک دەڵێت : باز وێنەی باڵندەیەکی تیژڕەو و گۆشت خۆر و چاو تیژ خۆی نمایش دەکات ، کاتێک دەڵێت : کەروێشک وێنەی گیانەوەرێکی نەرم و تووک خاو و خڕ و خەپانەت دێتە بەرچاو ، کاتێک دەڵێت : شێر پاشای دارستان و دڕندە و ڕەق و ھۆڤانەی بێ بەزەیت دێتە بەرچاو . کاتێک دەڵێیت : نێرگز وێنەی گوڵێکی بۆن خۆش و شیرین و ناسک خۆی نمایش دەکات .

کورد و تێکەڵبوون بە دنیای دەرەوەی خۆی
کاتێک کورد تێکەڵ بە دنیای دەرەوەی خۆی بوو ، یان کرانەوە بە ڕووی دەرەوە ، لە کۆن و ئێستادا ، ئیدی بە ھۆی دگیرکاری سەرکوردستانەوە بێت ، یان بەھۆی بەرکەوتنی شارستانیەتی کورد بووبێت بە شارستانی گەلانی ناوچەکە و جیھان ، یان بە ھۆی جیھانگیرییەوە بێت ، ئیدی ئەم تێکەڵابوونە بە فۆرمی جیاجیا کاریگەرییان لەسەر کەلتور و زمان و فەرھەنگ و سیاسەت و جوگرافیا ، و تەنانەت ڕۆشنبیریەتی ناونانیشەوە ھەبووە ، بەپێی ڕۆژگار و شێواز و جۆری تێکەڵبوونەکە . بۆ نموونە کاتێک کورد تێکەڵاوی فارس و دواتر داگیرکاری عەرەبی ئیسلامی و پاشان تورکی عوسمانی ئیسلامی بوویەوە ، تەواوی شارستانیەتی کورد ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوویەوە ، بەھۆی ئەوەی ئەوان زاڵ و داگیرکار بوونە ، و کوردیش ژێردەستە و داگیرکراو بووە ، لەبەرئەوە ئەم ڕووداوە بووە ھۆی گۆڕانی ناو لە ناوی کوردییەوە بۆ ناوی فارسی و عەرەبی و تورکی بەھۆی کاریگەری ئاینییەوە . دەکرێت باسی ناوی ئەندامانی خێزانی شادی باپیرانی سلاحەدینی ئەیوبی بکەین وەکو بەڵگەیەک ھاریکارییەکی باش بێت ، یان خەمڵاندنیێکی باش بێت بۆ مێژووی ئەم لێکدانەوەیە ، ڕاستییەکی ڕوونە ئەو کاتەی لە نیشتیمانی خۆیان بوون و تێکەڵاو گەلی دیکە نەبوو بوون و نەکەوتبوونە ژێرکاریگەری عەرەب و تورک ، سروشت و مۆرکی خۆماڵی کوردی خۆیان پاراستبوو ، ناویان : (شاد ، شێرکۆ ، تورانشاە ، شاھانشاە) ە ، شێرکۆ و تورانشاە ، منداڵی گەورەی نەجمەدینی ئەیوبین لە ناو کوردە ڕەوەندییەکان لە کەشوھەوای کۆمەڵگای کوردی لەدایک بوون دوور لە کاریگەری بیانی لە دایک بوونە ، پاش کۆچکردنیان بۆ ناوچەی موسڵ و تکریت ، ناوی منداڵەکانیان دەبێتە ناوی عەرەبی ئیسلامی بۆنموونە یوسف و محەمەدی کوڕی ئەیوب - مللک العادل ، محەمەد کوڕی شێرکۆ ، مللک القاھر ، دواتر کە لە موسڵ و دیمەشق تێکەڵی ئەتابەگە تورکەکان بوون ناوی منداڵەکانیان دەبێتە ناوی تورکی وەکو : تغتکین ، بوری کوڕانی ئەیوب .
لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمیش بەدواوە بە ھۆی داگیرکاری عەرەب و جینۆسایدی کوردەوە کۆچی بە لێشاوی کورد بۆ ئەوروپا دەستی پێکرد ، و دواتریش بەھۆی جیھانگیری و کاریگەری میدیا و کرانەوەی کورد بە ڕووی دنیاوە ، ئیدی دیسان کەلتور و ژیاری کورد کەوتە ژێر کاریگەری فەرھەنگ و کەلتوری خۆرئاواوە ، ئەمەش دیسان گۆڕانی لە فەرھەنگی ناونانی کورد دا ڕوویدا : کاسترۆ ، ڕافین ، ژوولیا ، ھلین ......ھتد ) جێگەی ناوەکانی ( سەربەست ، ئازاد ، چیا ، پەروین ، ئارەزوو ، ........ھتد )ی گرتەوە ، ھەروەھا کرانەوەی کورد بە ڕووی ئێران و تورکیا لەڕووی ئابووری و گەشت و میدیاوە ناوە کوردییەکان بوون بە ( ئارش ، موعین ، ئەلیف ، ئادا ، پەریا ، زیبا ، موژگان ، تینا ، ............ ) لەڕاستیدا کێشە لە گۆڕینی ناوەکەدا نیە ، کێشەکە ئەوەیە گۆڕانی ناوەکان لە ژێر کاریگەری ئەوە دا بێت ، کە ئەوان گەورە و پێشکەوتوون ، ئێمە بچوک و دواکەوتوو و خۆبەکەمزان بین ، ئیدی کەلتور و فەرھەنگی کورد تووشی پوکانەوە و داگیرکارییەکی دیکە دەبێت لە فۆرمێکی دیکەدا .

ئومید ناسح جیھانی .

10/22/2017 19:33:00 | 1382 | Print Friendly and PDF