بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

ئەو بەھارەی شارێک بە پێوە مرد!

دیمەنێک لە کیمیابارانی هەڵەبجە
دیمەنێک لە کیمیابارانی هەڵەبجە

هەورامان عەلی

چەند لاپەرەی کتێبێکی بڵاونەکراوە....
من و تارق رەمەزان و پاسدارەکان!
کە چاوم کردەوە یەکەمین شت پرسیم ، کوان خزمەکانم ؟! ئەوانیش وتیان:
ــ بوەسەو تۆ خۆت لە لێواری گۆردا دەلەرزی ، با خۆت چارەسەر کەین ئینجا مشوری ئەوانیش دەخۆین!
ـ ئاخر ئەوان ھیچیان پێنیە!
ــ ئارام بە با کۆپتەرەکە بێتەوە دەت نێرین بۆ ئێران!
٣.١٨ بوو ، دوو رۆژ دوایخنکانی ھەلەبجە بوو، ئێوارەی پێشو بە ھەر دەردی سەریەک بوو خزمەکانم بە رێگەی میناوی و تولەرێ پێشمەرگەدا ، گەیاندبویە ئەم دیوی بەفری میری ، پێم وتن ، من دەرۆمە خوارەوە بۆ ھەوارەکۆن و مشورێکتان دەخۆم ، خواردنێک ،بە تانیەک ، شتێک بۆ منالەکان پەیدادەکەم ، ئێوەش وردە وردە وەرنە خوارێ ، فرۆکەکان بەردەوام دەھاتن و دەچون ، ھەرجارێک لەگەل بارینی رۆکێتەکانیان ، پۆلێک مندال ، ژن ، پیرو لاوی ئەو خەلکەیان بۆ ھەتا ھەتایە دەخەوان!
پێش ئەوەی بگەمە لای کارێزەکەی ھەوارەکۆن دنیا لە بەرچاوم دەخولایەوە ، کە دەم ویست بە دیقەتەوە سەیری رێگاکە کەم خەریک بوو ھەردوچاوم دەھاتە دەرەوە ، وەک باران و تەرزەی بەھار فرمێشک و چلم بە چاو لوتما دەھاتە خوارێ! درەختەکان لە بەرچاوم لێل بون ، سەرم بەجۆرێک کاسبوو ، مردنم بە ئاوات دەخواست ،ھەناسەم بە ئاسانی بۆ نەدەدرا ، مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرە ، من دەمزانی شارو شاخی شارەزورو بناری ھەورامان کیماباران کراوە، ماسک و دەرزی دژی کیمیاویشم پێبوو ، بەلام شەرمم دەکرد بەکاری بێنم ! ئاخر بە ھەر لایەکدا دەتروانی مندال و ژن و پیربون لەتاو ژەھراوی بون لە پەلوپۆ کەوتبون ، من یەکێک بوم لەو پێشمەرگانەی لەگەل سوپایی ئێراندا ئەم موسیبەتەمان لەو بەھارەدا بەدیاری، ھێنا بوو بۆ ئەو خەلکە! شەرمم لە خۆم دەکرد ،چارەنوسی خۆم لەوان جیا کەمەوە ! نازانم ئێوە ناوی دەنێن چی ، رۆمانسیەت ، یان ونبون لەنێو سۆزدا . تا ئەو رۆژەش من خۆم بە سەربازی رێگایی ئازادی و خۆشگوزەرانی ئەو خەلکە دەزانی ، بەلام دوای ئەو مەرگەساتە ، ھەستم دەکرد من و پاسدارەکە و فرۆکەوانەکان بەیەکەوە ئەو تاوانە گەورەیەمان خولقاند ! نازانم چەندی پێچوبوو لە ھۆشخۆم چوبوم ، پێشمەرگە ھاورێکانم بە کۆل منیان بردبویەوە بۆ بارەگایی تیپی یانزە لە ھەوارەکۆن ، شەو رۆژێک دواتر چاوم کردەوە ، نازانم بلێم بۆ خۆشبەختی من یان بۆ نەگبەتی من لە بارەگایی تیپ دەرزی و دەرمانی پێویست ھەبوبو تا لە مردن رزگارم کەن !
ھەرچەند ھاورێکانم زۆریان پێوتم کە من ھیلاکم و نەچمە دەرێ تا کۆپتەرەکە دێتەوە و دەمنێرن بۆ ئێران بەلام ، نەم توانی خۆم بگرم چومە دەرەوە تا ھەوالی خزمەکانم بزانم ، لە ھەوارەکۆنەوە بەرەو گریانە کەوتمە رێ ، ئەو رێگایە لە رێچکەی مێرولە دەچوو، ھەموو شتێکت دەبینی ، دایکێک کە کوێر بوە و ھێشتا شیر دەدا بەساواکەی ، ژنێک ژانگرتویەتی و مندالی دەبێت! ھاواری مندالێک کە گەورەکانی ون کردوە ، لاوانەوەی دایکێک کە مندالەکانی بە مردویی لە حەوشەکەی خۆیانا جێ ھێشتوە ، نرکەو نالەی پیاوێک کە رۆکێتەکان چەندین کونیان کردوەتە جەستەی ، فرمێسکی مرواری ئاسایی کیژۆلەیەکی حەڤە سالە کە کورە ئاشقەکەی جیرانیان بە مردویی جێ ھێشت و لەبەر مۆرەی باوک و برا نەی توانی دوا ماچی مالاوایی بکات!
لە نزیک پردەکەی گریانە گەشتم بە کاک عبدلرحمان ، یادی بەخێر ، ھەوالی خزمانم زانی ئەوانەیان لە ھەلەبجە دەرمکرد باشن و ئەوە لە پێشەوەن روەو گوندی شێخانی سەر سنور نیشتمانی دزراو لەخاچ دراوم ملی ئەو تولە رێیەیان گرتووە . عەلاگەیەک خورمام پێبوو ھەر ئەوەم شک بردبوو دامە دەستی ، پێی وتم : نەلێی پیاوەتم کردوە ، رزگارم کردون ، منەتت نازانم ! ئێمە دەرۆین بۆ ئێران ، تۆ برۆ مەلا ئەحمەد و دایکت و بەیان و منالەکەیم بۆ بێنە ، دەسم دامێنت ، نامەوێ بمرم پێش ئەوەی منالەکەی ئەحمەد لە باوەشکەم! " مەلا ئەحمدی کوری لە کاتژمێر دووی رۆژی ١٦.٣ دا بوو بە باوک " ماچم کردو بەلێنم پێدا دەچم مشوریان دەخۆم ، گەرامەوە روەو ھەوارەکۆن ، حاجیەکی ھەورامی لە سەر رێگاکە پالی دابوو بە تاشە بەردێکەوە و خوێن لە ھەموو لەشیەوە دادە چۆری ، بانگی کردم کورم مەرۆ ، بم بەرە قەراخ ئاوەکە ، دەمەوێت دەسنوێژێک بگرم پێش ئەوەی بمرم! شانم دایە ژێر بالی و بردمە قەراخ ئەو ئاوەی تێکەلی سیروان دەبێت ، لێوی نا بە ئاوەکەوە تێر ئاوی خواردەوە و شانی نا بە بەردێکەوە ،ھەناسەیەکی نا ئومێدی ھەلکێشا ،دەستی شل بوو بۆناو ئاوەکە، دلۆپ دلۆپ خوێنی لەشی ئەو تێکەلی ئاوەکە دەبوو ، کالدەبویەوە و تێکەلی لرفە و وردە شەپۆلەکانی دەبوو، ئەو ھیمۆ گلۆبینانەی لەگەل ئاوەکەی سیرواندا توێشوی ھەورامیەکی ھەجیجی بوون ، سکالای خۆیان دەبردەوە بۆ ولاتی بابل و سۆمەریەکان و بۆلای شەریعەتەکەی حامورابی ..
ھەڵەبجە بۆ من تەنیا زام و برینێکی سارێژنەبوو نیە، بەلکە قەرزێکەو لە ئەستۆمدایە ، ھیوادارم پێش ئەوەی ژیان بەجێبھێلم ، بتوانم قەرزەکەم بدەمەوە!

03/13/2017 18:26:47 | 1304 | Print Friendly and PDF