بابەتی زیاتر


كەی چارەنوسی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان دیاری دەكرێت
09/01/2019 12:48:48
لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و
08/02/2019 13:24:45
تاكەی رێز لە خواستی كەسوكاری قوربانیان ناگرترێت
04/11/2019 19:15:17
جینۆسایدی هەڵەبجە و بە یاسا دانپێدانانی نێودەوڵەتی
03/16/2019 18:35:17
شلێر عەبدوڵڵا، قوربانییەکی جیاوازی جینۆساید
01/06/2019 19:34:46

ھەڵەبجە لەکەرنەڤاڵی فریوداندا

هیدایەت مەلا عەلی
هیدایەت مەلا عەلی


ھیدایەت مەلا عەلی
ھەمو ساڵێک پێش١٦/٣ ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، دەستەڵاتداران‌و (حزبە رەسەنەکانی!) کوردستان، زەخیرەی چەواشەکاری بۆ کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی ھەڵەبجە ئامادە دەکەن، زیاتر لە٢٥ ساڵە خەڵکی ھەڵەبجە لەناو تەپوتۆزی فریودان‌و بەڵێنی چەواشەکارانەی گەندەڵخانەی بەناو حکومەت ، کۆمپانیای بەناوی حزبەوە، یاری بەچارەنوس‌و باری تەندروستی‌و ژیان‌و ھزریانەوە دەکەن.
 ھەر ساڵێک‌و بەڵێنێکی تەماوی دەکەنە ھەتوانێکی پڕ لەخوێی ئازارەکانیان، بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە سەرەڕای ئومێدی خەڵک، ئەو مەنگەنە ژەنگاوییە بو کە ئامانجی کڵۆمدانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ھەڵەبجە بو، نەک وەڵامدانەوە بەپێداویستیە ئینسانی‌و ئیداریەکانی شارێکی دوای جەنگ‌و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی.
چۆن ھەمو گوڵ‌و میوەیەک وەرزی خۆی ھەیە، بەھەمان شێوە گاڵتەجاڕی‌و گێڕانەوەی خەڵکی ھەڵەبجە بۆ پێش(١٦/٣/١٩٨٨)ی ھەمو ساڵێک، بۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان ئەو وەرزەیە. خاڵیکردنەوەی ھەناوی پەنگخواردوی پڕ لەئازاری خەڵکی ھەڵەبجەش، لەلایەن مافیاو بازرگانەکانی دەسەڵاتەوە، دەبێتە بەروبومی وەرزی پیلان بۆداڕێژراویان، کە لەئەنجامدا ئەم فریودان‌و پیلانە تەمەنی دەسەڵات درێژترو ئومێد بەژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ھەڵەبجە کورتتر دەکاتەوە.
 ھەمو ساڵێک مانگێک پێش یادی١٦/٣، وەرزی کۆکردنەوەی پەیامی بریقەداری ناوەڕۆک تاریک‌و فرمێسکی تیمساحی بێگیانی نوێنەری حزبەکانە، لەڕێگای نوێنەری حکومەت‌و پەرلەمانتارو ئیدارەی کرێنشینەوە. ھەڵەبجەو قوربانیەکانی خەڵکی ھەڵەبجە، ئەوەندەی ناویان لەدێڕە شیعری شاعیرە فەرمانبەرەکانی دەسەڵات‌و ھاواری بەرپرسە گەروگیراوی سەروەت‌و سامانەکانیان نمایش دەکرێت. وەک چارەکە موچەکانیان، ئەگەر چارەکێکی ھاوارەکانیان خزمەتی ھەڵەبجەو خەڵکی ھەڵەبجەیان بکردایە، ئێستا ژیان لەو شارە دڵشکاوەدا جۆرێکی تر دەبو.
رۆژی سێشەمە رێکەوتی٢١/٢/٢٠١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆک‌و جێگری (ئەنجومەنی وەزیرە گوێڕایەڵەکانی) حکومەت، کۆبونەوەی ئاسایی خۆیان سازدا. لەم کۆبونەوەیەدا ھەر دو وەزیر (مەحمود حاجی ساڵح) وەزیری کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراون، (محەمەد ھاودیانی) وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی باسی سەردانەکانی خۆیان کرد بۆ وڵاتانی سویدو جۆرجیا. ئەم دو وەزیرە دەڵێن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سویدیەکان رێککەوتین لەسەر بەگەڕخستن‌و دابینکردنی داودەرمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەھەڵەبجە دروست کراوە.
سەرۆکی حکومەت وەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراوانی راسپارد، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ھامئاھەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران بکەن، بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی چونکە لەم بوارەدا شارەزاییان ھەیە، وەک ئەوەی (نێچیرو قوبادو وەزیرەکان) بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی خۆیان بڕۆنە نەخۆشخانەکانی (مەریوان‌و پاوە).
بەپێی لێدوانی(رزگار حەمەنوری) نوێنەری پارێزگای ھەڵەبجە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای ٢٥ ساڵ لەدەسەڵات دەڵێت: پرۆژەی کارەبای نیشتیمانیمان گەیاندە ناو گوندی (ھاوار)، پاشان دەڵێت ئەم گوندە قوربانی زۆریانداوە لەشۆڕشی کوردا خۆشبەختانە ئێستا کارەبای نیشتیمانیان ھەیە.
کاتێک سەیری ئەم ھەواڵانە دەکەیت زۆر حەقیقەتی چەواشەکارانەو فریوکارانە دەبینیت، ئەو راستیە بەرجەستە دەبێت کە ئەم ھەواڵانە لەیادی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا ئەمساڵ  چۆن دەبنە زەخیرەی وتارو دەسکەوتی گەورەو بەنێوچەوانی خەڵکی ھەڵەبجەدا دەدرێت. ئەمساڵ بیبینن چۆن رەگی لاملی بەرپرسان بەرزدەبێتەوەو باسی بەڵێنی بەگەڕخستنی نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی‌و گەیاندنی کارەبای نیشتمانی دەکەن بۆ گوندەکانی سنورەکە، ئیتر ئێستا سەرەتای وەرزی کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی ھەڵەبجە دەستی پێکردوە، باسی دیزاینی تازەی دەروازەی شاریش بالەولاوە راوەستێت.
نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمایی لەھەڵەبجە چەندین ساڵە تەواو نەبوە، ئەو نەخۆشخانەیە وەک (تاکەکڵاشەکانی مامەلی) لێھاتوە، ھەر وەفدێک دەچێتە سەردانی ئەڵێن٣ مانگی تر تەواو دەبێت. لەکاتێکدا تاکو ئێستا زیاتر لە٨٠ بەرکەوتوی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوەو ژمارەکەش زیاتر دەبێت. ئەو رۆژەی ئەم وەزیرانە باسی داودەرمانی سویدی‌و جۆرجیایان کرد، لەھەڵەبجە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ناونراوە (نەقڵیاتی ھەڵەبجە بۆ گوێزانەوەی نەخۆشەکان)، کارمەندانی تەندروستی‌و خەڵک، خۆپیشاندانیان کرد بۆ ھۆڵی نەشتەرگەری‌و میلاکی پزیشک‌و پێداویستیە سەرەتاییەکانی تر.
کاتێک (سەرۆکی وەزیرە موچەزۆرەکان) دەڵێت: لەگەڵ نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران ھامئاھەنگی بکەن بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ھەڵەبجە، یەک بەرپرس‌و یەک سەرمایەدار نیە، سەرەتاییترین پێداویستی تەندروستی خۆیان لەوڵاتانی ناوچەکە وەربگرن. بۆ لابردنی پەڵەی دەموچاو، دانکێشان، پەمەیی کردنەوەی پێست، تەنانەت بۆ کڕینی پێڵاوو جلەکانیان دەڕۆنە پێشکەوتوترین وڵاتانی دنیا، بەگرانترین نرخ  لەمارکێت‌و نەخۆشخانەکان، جوانکاریەکانیان دەکەن‌و جل‌و پێڵاوەکانیان دەکڕن.
لەکاتی سەردانێک لەگەڵ بەڕێزان (مەریوان مەغدور، ئیبراھیم حەمەشەریف، گۆران ھەڵەبجەیی) بۆلای (مامۆستا کامیل عەبدولقادر) یەکێک لەبەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ھەڵەبجە، بۆ نەخۆشخانەی ھامبۆرگ لەوڵاتی ئەڵمانیا. رێکەوتی٢٢/١٠/٢٠١٦، باسی ئەو سەردانانەی کرد کە بۆ چارەسەر دەبرێنە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران، ئەو پرۆسەیەی (مامۆستا کامیل عەبدولقادر) باسی کرد، ھیچ نیە بێجگە لەنەخۆشخستنەوەیان‌و کولاندنەوەو قوڵترکردنەوەی برینەکانیان بەپێی پێوەرە تەندروستیە مۆدێرن‌و ستاندارەکان.
 زەحمەتی‌و قورسی شێوازی سەفەرکردنیان‌و گەیاندنیان بەوڵاتی ئێران، ناتەندروستبونی کەشوھەوای ناو ئەو ئۆتۆمبیل‌و پاسانەی دەیانگوێزنەوە. گەرماو سەرما، تەپوتۆزو بۆن. تەنانەت نابرێنە نەخۆشخانە پێشکەوتوەکانی وڵاتی ئێران، بەشێوەیەکی زۆر ساکارو نەگونجاو کردەوەی چارەسەرو پشکنینەکانیان بەڕێوە دەچێت. ناوبراو دەڵێت: لەسەر کورسیەک بەرانبەر پزیشکەکە دادەنیشین‌و سەیرێکمان دەکات، پاشان دەڵێت: ئێستا چۆنی؟ داودەرمانەکانت ماوە؟ ھەندێکی تر دەرمانمان بۆ دەنوسێت‌و دەگەڕێینەوە. بەڕاست ئەمە ئیھانەیە بەئینسانیەت‌و کەرامەتی خەڵک، یان چارەسەری بەرکەوتوانی ترسناکترین چەکی قەدەغەکراوی جەنگی سەرمایەدارو قازانج پەرستەکان لەجیھاندا.
بۆ دەستەڵاتداران‌و حکومەت‌و حزبەکانی (حکومەتی تێکدەری بنکە فراوانی ھەرێمی کوردستان)، (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ) ھەر ھەمویان، بەشێوازو بەش‌و پێگەی خۆیان، دۆسیەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەو قوربانیەکانی خەڵکی ھەڵەبجە. بۆتە زەخیرەو مەتریال‌و نیعمەتێکی گەورە بەدەستیانەوە، بۆ گەمەی سیاسی‌و ململانێی پێگەو گۆڕینی ھاوکێشەی ھێزی نێوانیان، ئەم حەقیقەتە لەدابەشکردنی کورسی‌و پۆستی ئیداری پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجەدا وەک خۆر درەوشایەوەو ھیچ پەردەیەکی بۆ فریودان نەھێشتەوە.
 ئەم حزبانە جەوھەری بیرکردنەوەیان بۆ خەڵکی ھەڵەبجە، ھەمان ئەو بیرکردنەوەیەیە کە یاریزانێکی (شەترەنج) بۆ لەشکرەکەی بەردەستی ھەیەتی، ئەوەی ونە لەھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵکی ھەڵەبجەو قوربانیەکانی، دیدێکی ئینسانی‌و شکۆمەندانەیە، ئەم دیدە دژی ئینسانیە لەگێڕانەوەی مناڵە ونبوەکانی ھەڵەبجەو چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەئاشکرا ھاوار ئەکات. ئەم حزبانە پەیامەکەی خۆیان گەیاندوەو پێویست بەچاوەڕوانی زیاتر ناکات لەلایەن خەڵکی ھەڵەبجەوە.
لەیادی (٢٩)ھەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، من پێشنیارێکم ھەیە بۆ خەڵکی ناڕازی، بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری مناڵە ونبوەکان، ئینسانە مەحروم‌و زەحمەتکێشەکانی ھەڵەبجە. ئەمساڵ وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرانبەر دەستەڵاداران‌و کەرنەڤاڵی فریودانەکانیان، ئەو (قەڵەمەی) ئیمزای بەپارێزگابونی ھەڵەبجەی پێکرا بیشکێنن، شکاندنی ئەو قەڵەمە مانای گەورەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ھەیە، ھێزێک بتوانێت ئەو قەڵەمە بشکێنێت، دەتوانێت رێگە لەچەواشەکاری‌و گاڵتەکردن بەژیان‌و چارەنوسی خەڵکی ھەڵەبجە بگرێت. ھیوادارم یادی ئەمساڵ خاڵی وەرچەرخانی کەلێنی گەورەی نێوان ئیرادەی راستەقینەی خەڵکی ھەڵەبجەو بەرژەوەندی فریوکارانەی ھاوبەشی حزبەکان بێت.

03/01/2017 11:21:06 | 982 | Print Friendly and PDF