بابەتی زیاتر


چۆن نەخۆشی قەڵەوی چارەسەر بکەین؟
02/08/2019 17:44:04
هەورکردنی پەنکریاس
08/14/2018 18:16:35
دیسانەوە لە بارەی جەستەوە
08/13/2017 18:08:30
خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆلێرا
06/29/2017 19:30:08
ژەهری مار snake venom
06/16/2017 12:16:32

بەنداوی بێخمە

د.مەدیحە سۆفی
د.مەدیحە سۆفی

کورتەیەک لە باسەکە
(بەنداوی بێخمە لە پرۆژە ھەرە سەرەتاییەکانی (ھیئە الإعمار ) ی ساڵانی پەنجاکانە لە عیراق، کە بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، لە ساڵی ١٩٨٧ - ١٩٩١ دەستکرا بە کارکردن و ٣٥% ی پرۆژەکە تەواو کرا، لە دوای ساڵی ١٩٩١ بەھۆی شەڕی کەنداو وپرۆسەی ئازادیەوە پرۆژەکە وەستا، کورد لە جیاتی بوژاندنەوە و تەواوکردنی پرۆژەکە، چوو کەرەستەکانی تاڵان کرد و بە ئێرانی فرۆشتەوە، ئێرانیش ھەر بەو کەرەستانە بەنداوی بۆ گرتنەوەی ئاو لە باشوری کوردستان دروست کرد، وەکو گلدانەوەی ئاوی ڕوباری ئەڵوەند وسیروان و ژێرئاوکەوتنی کانی بڵ، چارەکە سەدەیەکە باشوری کوردستان لە بێ کارەبایی دەناڵێنێ، بەنداوی تشرینیش کاتێ کەوتە دەست شەڕڤانان، کارەبایان بەرھەم ھێنا وناوچەکەیان بووژاندەوە، ئەم دوو جیاوازیە ڕیزبەندی خەمخۆری و شایستەی حوکمڕانی دیاری دەکات، با خزمەت بۆ گەل و گەلیش لە خزمەتدا بێت)

وزە و ئاو دوو فاکتەری گرنگی دەسەڵات لە جیھاندا و
کوردستان دەکەوێتە کوێی ئەم فاکتەرانەوە
بەشی دووەم/ ئاو ( بەنداوی بێخمە )
بێ گومان مێژووی دروستکردنی بەنداوە سەرەتاییەکان بەتایبەت لە عیڕاقدا کە بە (دۆڵی ڕافیدێن) ناسراوە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پیش زاینی، بەڵام پرۆژە گەورەکان کە پلانی گلدانەوەی ئاو و بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و ئاودێری و بوژاندنەوەی کشتوکاڵی، لەسەردەمی شاھەنشاھیدا نەخشەکێشکرا ئەویش لەمیانەی دامەزراندنی ( ھیئە الإعمار ) ەوە کە پەیوەست بوو بە ئاوەدانکردنەوە، ئەوە بوو یەکەم بەنداو لە ساڵی ١٩٥٨ دروستکرا بەنداوی دوکان بوو بە قەبارەی ٦،٨ ملیار مەتر سێجا لەسەر زێی بچوک.
لە ساڵانی سییەکانەوە ڕووپێوی بۆ دروستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە، یەکەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ئەگەری بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، ئەویش بە پێکھێنانی لیژنەیەک لە شارەزا وپسپۆری بەڕیتانی وعیڕاقی لە بواری دروستکردنی بەنداو ودیاریکردنی شوێن وئاست وقەبارەی گلدانەوەی ئاو جۆری بەردوخاک وسیفاتە جیۆلۆجیەکانی، پاشان لە ساڵی ١٩٥٣ دا لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ( ھزرا ) ی ئەمریکی دەستکرا بە توێژینەوەی کاری لیژنەکەی ساڵی ١٩٣٧ و پێشبینی کردنی و ھەڵسەنگاندنی سیفاتی جیۆلۆجی خاکەکەی ڕادەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە، ئەم لێکۆڵینەوانە بەردەوام بوون تا لە ساڵی ١٩٧٩ و دوا ڕاپۆڕت لەبارەی ھەڵسەنگاندنی و دیاریکردنی لایەنە ئەرینی و شیاوی شوێنی جوگرافی وجیۆلۆجیەکەی، ئامادەکرا و بڕیاری دانانی بناغەی بەنداوەکە درا.
لە ساڵی ١٩٨٧ دا لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی و یوگسلاڤیەوە( ئەوکاتە)، دەستکرا بە کاری بنیاتنان ودروستکردنی بەنداوی بێخمە، ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر ڕوباری زێی گەورە بە قەبارەی گلدانەوەی ئاو تا نزیکەی ١٤ ملیارد مەتر سێجا، درێژی بەنداوەکە ٤٨٠ مەتر و پانیەکەی ١٢٨ مەتر و بەرزیەکەی ١٨٦ مەترە و توانای بەرھەمھێنانی کارەبای دەگاتە ١٣ ھەزار کیلۆوات لە یەک کاتژمێردا، دەتوانێ ڕوبەرێکی گەورەی دەشتایی ئەو ناوچەیەی پێ ئاوبدرێ وپشتێکی زۆر باشی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەبێ بەتایبەت لە ناوچەیەکی گەمارۆدراو بە دراوسێی وەکو ئێران وتورکیا، ھەروەھا دەتوانرێ ناوچەکە لە ئەگەری ڕوودانی لافاویش بپارێزێت، جگە لە کۆمەڵێ کاردانەوەی ئەرینی دیکە کە جێگای باسی نیە ئێستا.
زێی گەورە یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاوەڕۆیانەی دەڕژێنە ڕوباری دیجلەوە، ئەم ڕوبارە لە باکوری کوردستانەوە لە نزیک دەریاچەی وانەوە ھەڵدەقوڵێ و بەرەو ناو خاکی باشوری کوردستانەوە ڕۆدەچێ، درێژی ئەم ڕوبارە لە سنووری باشوری کوردستانەوە تا دەڕژێتە ناو ڕوباری دیجلەوە نزیکەی ٢٣٠ کم، ڕێژەی تەوژمی ئاوەکەی نزیکەی ١٣،٥ ملیار م٣ بوو لە ساڵێکدا پێش بنیاتنانی پرۆژەی گاپ لە تورکیا، پاشتر تەوژمەکەی بۆ ٨،٥ ملیار م٣ کەمبووەوە، ئەگەری ئەوەش ھەیە پاش تەواوبوونی بەنداوی ئەلیسو ڕادەی تەوژمی ساڵانەی ئەم ڕوبارە بگاتە ٧ ملیار م٣، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ زیانی بۆ باشوری کوردستان دەبێت.
پرۆژەی بەنداوی بێخمە لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ دا، بەھۆی شەڕی کەنداوەوە وداگیرکردنی کوێت وپاشان ئازادکردنی باشوری کوردستان و تەنھا بەتەواوکردنی ڕێژەی نزیکەی ٣٥% ی کارەکان، لە بەردەوامی وەستا، کرۆکی باسەکەمان لە مەودای پاش وەستاندنی ئەم پرۆژەیەیە، یا ڕوونتر لە مەودای پاش ئازادکردنی باشوری کوردستانە.
ڕوانگەی سەرکردەکانی کورد بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشە وئاستی بژێوی وتەندروستی ھاوڵاتی و سەراپا بوارە کۆمەڵایەتیەکان و ھەر لەمێژووی شوڕشی ڕزگاریخوازی و لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردنی باشوری کوردستان، زیاتر خەمی خۆجێیی زات و دەسەڵاتی تاکی خۆیان وھەیبەتی سەپاندنی سیاسەت وخودی خۆیان بووە، ڕوانگەیان بۆ سامانی خاک و وڵات ڕوانگەیەکی موڵکایەتیە، بە تاکی ھاوڵاتیشەوە، بۆیە ئەو بەنداوی بێخمەیەی لە سەردەمی پێش (ھیئە الإعمار) ەوە نەخشە وپلانی بۆ دانراوە وھیچ پلانێکی بۆ دژایەتی کورد نەبووە و گەشەیەکی زۆریش بە ئابووری ناوچەکە دەگەیەنێت و ئەگەرەکانی وشکەساڵی ئەگەر ڕووبدات کەمدەکاتەوە و بۆژانەوەیەکی سەرتاسەری بۆ باشور دەبێت، ھەر لە ڕوانگەی موڵکیەت و خۆسەپاندن و مافی تاکڕەوی لێپرسراوانەوە، لەجیاتی تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە و بنیاتنانی و بوژانەوەی، ھەر لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردن، ھاوتەریب پرۆسەی ڕوخان دەستی پێکرد و پەیڕەوکرا، یەکسەر کەلوپەل وکەرەستەی بەنداوەکە تاڵان دەکرێت، ڕاستە تاڵاندەکرێت بەڵام بە کێ دەفرۆشرێتەوە؟ بەو وڵاتانەی بەھەمان کەرەستە ئاوی باشوری کوردستان گلدەدەنەوە، ئەوە ئێران بە بەنداوی داریان کانی بڵ دەفەوتێنێ و ڕوباری سیروان و ئەڵوەند وشک دەکات، لە باشوری عیڕاقیش ئاوی ڕوباری کارون و کەرخەی گلداوەتەوە.
واتە لێرەدا جگە لە پەکخستنی بەنداوی بێخمە ھەر بە تاڵانکردنی کەرەستەی ئەو بەنداوە وفرۆشتنی بە ئێران، ئاوی ڕوبارەکانی دیکەش لە کوردستان دابڕا و کەمی کرد، زەوی کشتوکاڵیش بێ بەرھەم کرا، پرۆژەی نوێ نایەتەکایەوە، بەرھەمی ناوخۆ پەرەی پێنادرێت، لەگەڵ بوونی ئەو ھەموو زەویە بەپیتە بۆ کشتوکاڵ وبوونی ئاو، نەتوانرا بەشی ناوخۆیی لە پێداویستی دابین بکرێت، وڵاتێکی وەکو سعودیە لەبەر ئەوەی ئاوی شیرینی کەمە، دەچێت زەوی لە ئەپیوبیا بۆ چاندنی دانەوێڵە دەکڕێت.
دوبارە، لەسەر داواکاری وەزارەتی ئاو وسەرچاوە ئاویەکان و بە پێی زانیاریەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، حکومەتی ناوەندی لە بەغدا سەرلەنوێ ڕەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی بنیاتنانی بەنداوی بێخمە داوە و بڕی پێنج ملیاری دۆلاری بۆ تەرخان کردووە، بەڵام ڕێگریەکان ھاوڕای ئەم تەواوکردنە نین.
بردنەوەی زەمەن ڕۆڵی زۆر سەرەکی دەبینێ لە تیژڕەوی و خێراڕەوی پێشکەوتندا، دیارە ئەمەش دەبێت لە پەیڕەو وپرۆگرامی فەرمانڕەواییدا جێی خۆی کردبێتەوە، بۆیە لێرەدا ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک لە نێوان پرنسیب وکاری سیاسی ڕۆژئاوا وباشوری کوردستان بکەین، دەبینین ڕۆژئاوا زەمەن و کاتێکی زۆری بردووەتەوە کە بەقازانجی گەشەی مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە کە ئەمەش دنەدەدا بە گەشەسەندنی بوارەکانی ئابووری و سیاسی وکۆمەڵایەتی وپەروەردەیی وتەندروستی تاکی ئەو کۆمەڵگایە وپاشتر بە کۆمەڵگاکە خۆی، بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕوباری فورات ونزیک بە ناوچەی مەنبج و ٩٠ کم لە شاری حەڵەبەوە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە، ویستگەیەکی زۆر گرنگی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایە ودەتوانێ بڕێ ١،٩ ملیار م٣ ئاو گلبداتەوە.
پاش ئەوەی ئەم بەنداوە کەوتە دەست شەڕڤانان نەک ھەر تاڵان نەکرا، بەڵکو یەکسەر کەوتنە گەشەسەندنی و بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا بۆ تەواوی ناوچەکە، جگە لەوەش دڵنیام کۆمەڵێ بەرنامەی نوێ بۆ بوژاندنەوەی کشتوکاڵ وبەرھەمی ناوخۆیی وئاودان وپەرەسەندن وئاوەدانکردنەوە وپەروەردەی لێ دەکەوێتەوە، پاشتریش ئەگەری زۆرە ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتوگوزار.
تاریکی باڵ ناکێشێت بەسەر ناوچەیەکی خاوەن ئاسمانی ڕۆشن لەبیرکردنەوە وپلانداناندا. بۆیە کوردستانی باشور شۆڕشێکی بنەڕەتی لە ڕوانگە و بۆچوون و پلانی پێویستە، ڕۆچوون بەرەو ژێردەستەیی لەوە زیاتر، لەباربردنی خەباتی نەتەوەیەک وقوربانی سەدەیەک باجەکەی دەبێت.

د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا
ھاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروۆی - کوردستانی

05/01/2016 11:19:58 | 2898 | Print Friendly and PDF