بابەتی زیاتر


سەزای تەمەللی بۆ هاتە هەولێر؟
09/09/2019 14:26:01
ئه‌ردۆغان به‌پشتیوانی كێ واده‌كات ؟
08/20/2019 17:37:43
کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە دژی تورکیا
08/05/2019 18:01:05
بغداد وەک دوا دەرفەت
07/30/2019 21:50:47
دیسانەوە سندوقی باندۆرای كەركوك
07/14/2019 11:52:05

ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان

عەلی مەحمود محەمەد
عەلی مەحمود محەمەد


عەلی مەحمود محەمەد

بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە ٨٢%ی دەنگەکان دەبێتە سەرۆکێک, کە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆکەکانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال,  زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژھەڵات  کە بە ھەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەکە, تەنانەت لە سەرۆکی   باشوری ئەفریقا کە بە سستەمی سەرۆکایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی ھەیە کەی خواستی بێت, وەک چۆن یاکوب زۆمای لە ١٥ی فیبریوەری ٢٠١٨ لەسەر کورسیەکەی لادا, کە سەرکردایەتی پارتەکەی دوو خول بۆ سەرکەوتن کرد, تیایدا توانی " ٦٩,٦٩% و  ٦٥,٩٠% " دەنگەکان بھێنێتەوە.
ئەو ترسەی ھەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانییەکەی برادەران, کە بە نەڕەو دروشمەوە نەک بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەکرد, تەخوینی نەیارانی فکری خۆیانیان دەکرد, ھەڵبژاردنی سەرۆک بوو لەناو پەرلەمان, کە نە پیوەندی بە چاکسازی و حکومەتی یاساکەوە ھەبوو کە ئیدعایان بۆی دەکرد, تەنھا پەیوەندی بەوەوە  ھەبوو دەنگی پەرلەمانتارەکانیان لە ھۆڵی پەرلەماندا موزایەدە بکەن و لە بەرامبەریدا شتێک وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنکە و دەنگدەر موزایەدە بکەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە , ئەم قسەیەم سێ سەڵ لەمەوپێش  وتووە .

زۆربەی وڵاتانی دیموکراسی جیھان سستەمی سیاسیان سەرۆکایەتیە, ئەمانیش کە دابەش دەبن بەسەر ٤ جۆر , لەوانە ٤٣ وڵات راستەوخۆ سەرۆک لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی تەواوی بێ رکابەریان ھەیەو ھاوزەمان سەرۆکایەتی حکومەتیش دەکەن, وە ٢٢ وڵات سەرۆکی بەھێزیان ھەیە کە خەڵک ھەڵیان دەبژێرێت بە بوونی سەرۆک وەزیرانی لاواز لە وڵات کە سەرۆک کۆمار دیاریان دەکات, ھاوکات ٢٩ وڵات سستەمی سیاسیان نیمچە سەرۆکایەتییە( سەرۆکێکی بەھێزی ھەڵبژێردراو و سەرۆک وەزیرانی لاواز ) کە پەرلەمان ھەڵی دەبژێردرێت بە کەمتر لە دەسەڵاتی سەرۆک, بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی سستەمی سیاسیان سەرۆکایەتییە لە جیھان دەگاتە ٩٦ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵاتی جیھان , کە نزیک ٤٩,٧%ی وڵاتانی جیھان پێک دەھێنن .
ھەر لەم پەیوەندەدا ٨ وڵات راستەوخۆ لەناو پەرلەمان سەرۆکی بەھێزی وڵات ھەڵدە بژێرن بە بێ بوونی سەرۆک وەزیران (نموونە باشوری ئەفریقیا), بەمەش ژمارەی وڵاتە سەرۆکایەتییەکان لە جیھاندا  بەرز دەبێتەوە بۆ ١٠٣ وڵات ,.
ھاوکات لە جیھان ٤٥ وڵات کۆماری پەرلەمانی ھەیە(زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەشنەن) , لێرەدا سەرۆکی وڵات بە دووجۆر دیاری دەکرێت, بەشێک راستەوخۆ لەناو خەڵک ھەڵدەبژێردرێت کە زۆرینەن, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن, کە ئەمانەش بە ھەردوولایان کەمتر لە ٢٥%ی وڵاتانی جیھان پێک دەھێنن , ھەروەھا ٢٩ وڵاتی پاشایەتی دەستوری پەرلەمانی لە جیھاندا ھەیە(ئەوروپا و یابان و وڵاتانی کۆمۆنۆلس), وە ٨ وڵاتی پاشایەتی پەرلەمانی بە بوونی پادشای بەھێزەوە کە ئەمانەش ناتوانرێت بە سستەمی پەرلەمانی و وڵاتانی دیموکراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مەلەکی عەرەبین), ھاوکات دیکتاتۆریش نین,
بەمەش لە کۆی گشتی ١٦٩ وڵاتی دیمکراسی لە سستەمەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە جیھاندا ھەیە, نزیک بە ٦١ %یان سەرۆکیەتییەو  ٣٩%ێشی پەرلەمانییە بە کۆماری و پاشایەتی یەوە , گروپی یەکەم زیاتر لە ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئەفریقیاو ئەمەریکای باکور و وڵاتانی دەریای کاریبین ....... , وەلی گروپی دووەم زیاتر لە ئەوروپا و وڵاتانی نیمچە کیشوەری ھیندی و وڵاتانی دەوروبەری و ئەسیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایە...زۆربەیان ئەو وڵاتانەن دیموکراسیەت زیاتر چەسپیوەو یاساکانی ھەڵبژاردن پێشکەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە لە پێناو دادپەروەری زیاتر لە نوێنەرایەتی, دیارە لەم وڵاتانەش بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دیموکراسیەت تیایاندا نە چەسپوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی ھەیە , نموونە ئێستا ناڕەزایەتی لە نیپاڵ ھەیە داواکارن سەرۆک لەناو خەڵک ھەڵبژێردرێت , لە عێراقیش نارەزایەتی ھەیە بە ھەمان ئاراستە  , لام مسۆگەرە لە کوردستانیش ئەم داواکارییە لە داھاتوو دێتە پێشەوە , بە تایبەت دوای جێکەوتنی  ھەڵبژاردنی ناو پەرلەمان بەو ھەموو دەسەڵاتەوە.
بەھۆی ئەوەی سستەمە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتانی دواکەوتووی چەشنی کوردستان بەشێکی زۆریان بەرەو دکتاتۆریەت چوونە, نموونە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا ...., بۆیە بۆ گرنتی مانەوەی دیموکراسی لە کوردستان , سستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە, بە بروای من لەناو ئەویشدا ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە بە دەسەڵاتی تەشریفاتیەوە نەک لەناو پەرلەمان, کە تەنھا لە بەرژەوەندی پارتە رامیاریەکانە و بگرە دەکرێتە ھۆکارێک بۆ چەسپاندنی گواستنەوەی دەسەڵاتنی بنەماڵەیی لە نەوەی پێشوەوە بۆ ئێستا.
ھەرچەندە مەرج نییە ھەموو کات دیموکراسیەت و دەنگی خەڵک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت, لە سایەی دیموکراسی راستەوخۆی سویسرادا تا ساڵی ١٩٧٢ پیاوانی وڵات نەیان ھێشت ژنان بەشداری دەنگدان بکەن, بە دەنگدان ھیتلەر ھاتە سەر حوکم, نموونە زۆرە, وەلێ ئەم نموونانە وا ناکەن ساردمان کەنەوە لە داکۆکی لە بەکارھێنانی دەنگی خەڵکی لە ھەڵبژاردنەکاندا, وەلەو کۆی جیھاندا بە تایبەت رۆژئاوا  دیموکراسی نوێنەرایەتی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, دوای ھەڵبژاردن ئیتر حیزبی براوە وەک ئێستای کوردستان منەتی بە دەنگدەران نامێنێت, بۆیە وردە وردە باوەڕ بە دیموکراسی راستەوخۆ لە جیھان زیاد دەکات, ھەرچەندە لە سویسرای پیشەنگی دیموکراسی راستەوخۆ کەم رودەدات دەستپێشخەرییە رادیکاڵەکان دەنگی پێویست بە دەست بھێنن, ئێستا دەستپێشخەریەک ھەیە بۆ ئەوەی ستافی حکومەتیش بە دەنگدان بێت واتا خەڵک ھەڵیان بژێرێت وەلێ بە مەرجەوە , کەچی لە کوردستان بنەماڵەکان لە بەرژەوەندی خۆیان مافی دەنگدان لە خەڵک دەسێننەوە بۆ سات و سەوداو مامەڵەی ناو پەرلەمان, چونکە ئەگەر گەمەی ناو پەرلەمان نەبێت ئەوا حیزبی دۆڕاو لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە دەست بەتاڵ بۆی دەرە چێت.
سەرۆک ناو خەڵک ھەڵبژێردرێت, ئەگەر دەسەڵاتی تەشریفی بێت ئەوا لە تایبەتمەندی پەرلەمانی بوونی سستەم ناگۆڕێت, ھەڵبژاردن لەناو خەڵک گرنگە لەبەر ١- ھەموو تاکێک دەتواننێت مافی خۆی مومارەسە بکات بۆ خۆ کاندید کردن بۆ ئەو پۆستە, مافی ھەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پارێزراوە,.
٢- ھەموو تاکێک دەتوانێت مافی خۆی مومارەسە بکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک .
٣- سستەم ھەمە رەنگتر دەبێت , مەرج نییە ئەو لایەنەی حکومەت پێک دەھێنێت سەرۆکی ھەرێمیش بباتەوە, لە جیاتی بژاردەیەک دوو بژاردە لەبەردەم گەلدا دەبێت بۆ حیزبی حوکمڕان, دیارە لە ئێستادا لە جیاتی بنەماڵەیەک دەبێتە دوو بنەماڵە.
٤- زۆرجار لە ھەڵبژاردنی سەرۆکدا, سەرکەوتن لە دەرەوەی موئەسەسەی سیاسی باو رودەدات, بەمەش گۆڕانکاری گرنگ دێنێتە پێشەوە., بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمان بە قازانجی پارتە رامیاریەکانە بە تایبەت گەورەکان , بەوەی دەتوانن کاندیدی خۆیان دیاریبکەن بۆ پۆستەکە کە پێشتر مامەڵەیان کردووە, بەمەش پۆستەکە لە نێوان خۆیان پاوان دەکەن , ھاوکات لە کاتی ھەڵبژاردنی سەرۆک مامەڵە بە ژمارەی کورسیەکانیانەوە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک لە پشتیوانی کاندیدێک , بەمەش ئیمتیازاتی زیاتر بە دەست دەھێنن لە بەرامبەر دەنگدانیان بە کاندێک, لێرەدا ئازادی و دیموکراسیەت لە بەرژەوەندی حیزب بە تایبەتیش حیزبی گەورە دەکرێتە قوربانی , وە ئەگەر دەنگدان نھێنی بێت دەنگ فرۆشتنی پەرلەمانتاران, کورسی فرۆشتن و کورسی کڕین دەبێتە دیاردە, ئاشکراش بێت ئازادییان لێ دەسەنرێتەوە, ئەگەر سەرچڵی و یاخیبونێک ھەبێت..
ھاوکات بۆ بارودۆخی کوردستان بەھۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سیاسەتی بەرچاو تەنگی حیزبایەتی, دەکرێت کۆمەڵێک پێوانە بۆ سەرۆک دیاریبکرێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانییەوە, لەوانە :
١- سەرۆک لە پارتەکەی دەست لە کار بکێشێتەوە.
٢- سەرۆک بارەگای سەرەکی کارەکەی لە پایتەخت دەبێت و تەنھا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کە لە پایتەختە پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
٣- سەرۆک ئەجندای کارەکانی رون بێت و سەرۆکی تەواوی گەل بێت و بەشێک لە کاتەکانی بۆ دیداری خەڵک دیاریبکات .
٤- نابێت دوو کەسی نزیکی یەکتر ھاوکات دوو پۆستی سیادی وەربگرن.
٥- نابێت کەسە نزیکەکانی سەرۆک کاری بازرگانی و خێرخوازی بکەن و پرۆژە لە حکومەت وەربگرن و کەناڵی راگەیاندنیان ھەبێت.
٦- سەرۆک سەروەت و سامانی خۆی و کەسە نزیکەکانی ئاشکرا دەکات و بڵاوی دەکاتەوە بۆ ئاگادار بوونی ھاووڵاتیان, چاودێری وردی خەرجی و بەخششەکانی دەکرێت.
٧- لە ھیچ بارودۆخێک نابێت لە دوو خول زیاتر بەھیچ بەھانەیەک پۆستەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە, یان خۆی کاندید بکاتەوە لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا بۆ ھەمان پۆست.
٨- نابێت ھیچ ئیمتازێک زیاتر لە موچەو ئیمتیازاتەکانی سەرۆکایەتی ھەبێت.
ئەوەی دەگوزەرێت لە ھڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان, پاشەکشەی ژیانی سیاسییە لە کوردستان بە روکەشیەکەشی دەردەخات , ھاوپەیمانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار , لەو کەمە  ئازادیەش پەشیمان دەبنەوە بەھۆی فشاری خەڵکەوە سەپێنراوە, حیزبی بۆرژوازی نەتەوەیی بوونە بە حیزبی ئۆلیگارشی , سستەمی سیاسی لە بری دیموکراسی بۆتە بلۆتۆقراتی, ھەموو فەزاکانیان داگیر کردووە, سیاسەت, ئابووری, رۆشنبیری و راگەیاندن....  ھەمووشی  لە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکانە ..
دیموکراسی راستەوخۆ باشترینە , لێ تا دەگەین بەو رۆژە , بۆ رێگا گرتن لە مامەڵەی بنەماڵەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان , بۆ خولقاندنی ھەلی زیاتر بۆ ھەمووان, بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و ئیرادە بۆ تاک, یەکێک لە دەرگا بچوکەکان سستەمی پەرلەمانییە بە ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە بە کەمترین دەسەڵاتەوە..

05/13/2019 10:13:08 | 206 | Print Friendly and PDF