بابەتی زیاتر


کابینەی نۆیەم و موتەسەریفی (قودسی)کوردستان
08/20/2019 17:42:07
کا مه‌ ن ئه‌ و به‌ ربه‌ ستا نه‌ی رووبه‌ رووی حکومه‌تی تازه‌ی هه رێم ئه‌ بنه‌ وه‌ ؟
08/04/2019 18:23:20
پەرلەمان و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت
07/09/2019 14:41:21
شەڕی ئێستای پەکەکە و ئاکەپە
07/07/2019 19:36:26
ئەوانەی زەمینەی ھێرشی تورکیا و پارتی بۆ سەر گەرێلاکان خۆشدەکەن، لێخۆشبوونیان نیە.
07/04/2019 09:34:25

كاتێك هه‌ره‌وه‌زی ده‌بێت به‌ ده‌ستگا

هەردی مێد
هەردی مێد


كاتێك هه‌ره‌وه‌زی ده‌بێت به‌ ده‌ستگا:
له‌ ستایشی لیژنه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین
هەردی مێد

له‌ ماوه‌كانی رابردوو له‌ یه‌ك دوو پۆستدا ئاماژه‌م به‌ دینامیك و بزاوتی هه‌ره‌وه‌زی له‌ شاری خانه‌قین كرد. ئه‌م دینامیكه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێ كه‌سی خۆبه‌خشه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ و هه‌موو كار و چالاكیه‌كانیشیان واده‌ریده‌خات كه‌ له‌ گه‌شه‌كردن و نشونمایه‌كی به‌رچاودان‌. كار و چالاكیه‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی فره‌ فۆرمن و زۆر لایه‌ن و بواری ژیان و كۆمه‌ڵگایی له‌ خۆده‌گرن. هه‌ر له‌ نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ بگره‌ (وه‌ك خوێندنگا، شه‌قام، ڕێگاوبان…)، تا بواری تایبه‌ت وه‌ك نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنی نشته‌جێی خێزانی كه‌م ده‌رامه‌ت، هاوكاریكردنیان…به‌ هه‌ر حاڵ، لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین پرۆژه‌گه‌لێكی دی گرنگیان له‌ به‌رده‌ستدایه‌ وه‌ك دروستكردنی نۆرینگه‌یه‌كی خۆبه‌شی هه‌ره‌وه‌زی، تد.

سه‌ره‌ڕای گیانی خۆبه‌شی، زۆری كاره‌كانیان و سه‌نگینی پرۆژه‌كانیان لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین سودی له‌ كه‌مترین ئاوڕدانه‌وه‌ی میدیا و رۆژنامه‌كان نه‌بینیووه‌. له‌ كاتێكدا، شێوازی كاركردن و چونه‌ ڕێوه‌ی ئه‌م بزاوته‌ خۆبه‌خشه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌ له‌ خانه‌قین زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ته‌نها له‌ دیدگای پرۆژه‌یه‌كی هه‌ره‌وه‌زیه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێت. له‌ راستیدا ئه‌م بزاوته‌ زۆرینه‌ی سیفه‌ت و توخمه‌كانی ده‌ستگای تێدایه‌. ئه‌م بزاوته‌ بۆته‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ لیژنه‌یه‌كدا رێكخراوه‌. ئه‌م لیژنه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌، به‌رنامه‌، رۆژمێری كار، تد تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. جگه‌ له‌ بوونی دیاریكردن رۆڵ بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی، پاشان ئاماده‌یی دابه‌شكردنی كار و چالاكی له‌ نێوان كه‌سه‌ خۆبه‌خشه‌كانی.

ئه‌م بزاوته‌ ده‌ستگایه‌ چونكه‌ زمانی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌: ئه‌وه‌تا له‌ جیاتی زاراوه‌ی <به‌خشین>، زاراوه‌ی <به‌شداری> به‌كارده‌هێنن. پاشان كار و چالاكیه‌كانیان له‌ خانه‌ی <خێر و حه‌سه‌نات>دا تۆمارناكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك <هه‌ره‌وه‌زی>، <خۆبه‌خشی>…ده‌یناسێنن. ئه‌م بزاوته‌ ده‌ستگایه‌ چونكه‌ لۆژیكی تایبه‌ت به‌ خۆشی هه‌یه‌. ئه‌وه‌تا كاری به‌خشین و هاوكاری له‌و دونیابینیه‌ زاڵه‌ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موو <یارمه‌تی> و <كۆمه‌كێك> ده‌باته‌وه‌ بۆ دین و لۆژیكی <خێروخێرات>. به‌ مانایه‌كی دی، ئه‌م ده‌ستگایه‌ هاوكاری و پشتیوانێكانی بۆ ئه‌وانی دی ده‌كات‌ به‌ پرسێكی كۆمه‌ڵگایی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ده‌ر له‌ جوداییه‌ ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌كان به‌ ده‌وری هاوكاری یه‌كتر و ده‌ستگرتنی یه‌كتردا كۆبكاته‌وه‌.

ئه‌م ده‌ستگایه‌ خودان دونیابینی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا له‌ ئافاتی سه‌رمایه‌داری و لۆژیكی <هه‌ر كه‌س بۆ خۆی> رزگار بكات. ئه‌م ده‌ستگایه‌ ده‌یه‌وێت كایه‌ی ئابوری لۆژیك و دونیابینی خۆی به‌ سه‌ر كۆی كایه‌كانی دیدا نه‌سه‌پێنێت، واته‌ ڕێگری له‌وه‌ بكرێت كه‌ <لۆژیكی قازانج و كه‌ڵه‌كه‌بوون> ببێته‌ بنه‌ما و ڕێسای كۆی چالاكیه‌ مرۆییه‌كان. بۆیه‌ لیژنه‌ی هه‌ره‌وه‌زی خانه‌قین ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا به‌و ئاقاره‌دا ئاراسته‌ بكات كه‌ خودی خۆی خۆی ڕێكبخات، هه‌ر خۆی مشوری خۆشی بخوات. راسته‌، هه‌ندێك ره‌خنه‌ له‌م جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ ده‌گرن و پێیانوایه‌ نابێت كۆمه‌ڵگا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و له‌ جیاتی ده‌وڵه‌ت به‌ هانای خۆیه‌وه‌ بێت. سه‌ره‌ڕای دروستێتی ئه‌م ره‌خنه‌یه‌، به‌ڵام ناشبێت له‌و شوێنه‌ی ده‌وڵه‌ت بێده‌ربه‌ستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بێده‌رامه‌ت و بێلانه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات، كۆمه‌ڵگا به‌ هانای ئه‌مانه‌وه‌ نه‌یات. ناكرێت به‌ ناوی به‌جێهێشتنی په‌‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌كیه‌كان بۆ ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگا له‌ ئاست كه‌مده‌رامه‌ت و لانه‌وازه‌كانی بێده‌ربه‌ست و خوێنسارد بێت.

به‌ هه‌ر حاڵ، ئه‌وه‌ی له‌ خانه‌قین ده‌گوزه‌رێت بۆته‌ ده‌ستگا و له‌ زۆر رووه‌وه‌ نوێیه‌ و خه‌سڵه‌تی پێشه‌نگی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئومێده‌وارم میدیاكان به‌ چڕی ئاوه‌ڕ له‌ كار و چالاكیه‌كانیان بده‌نه‌وه‌‌.

03/08/2019 13:16:19 | 214 | Print Friendly and PDF