بابەتی زیاتر


ئه‌ردۆغان به‌پشتیوانی كێ واده‌كات ؟
08/20/2019 17:37:43
کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە دژی تورکیا
08/05/2019 18:01:05
بغداد وەک دوا دەرفەت
07/30/2019 21:50:47
دیسانەوە سندوقی باندۆرای كەركوك
07/14/2019 11:52:05
خەمی مورسی
06/18/2019 18:45:39

ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە چی لێھات؟

عەلی مەحمود
عەلی مەحمود


عەلی مەحمود محەمەد

دەسەڵاتداری بە بێ دەنگی بۆ نەوەی سێ و دووی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان گواسترایەوە، جەماوەر سەیرکەرێکی زەبوونە و دەسەڵاتدارانیش بە بەشی خۆیان چ لە ناو بنەماڵە یاخود لە سەر ئاستی کوردستان رازی نین، چونکە کەمتریان لە پێش خۆیان بەرکەوتووە، میراتەکان دابەشکراون، بۆیە کەوتونەتە کێشمە کێشەوە، ئەم کێشمە کێشە بەرگێکی سیاسی ئایدۆلۆجیان پێ بەخشیوە، ململانێی ئۆلیگارشیەکان لە بری دەسەڵاتی دیموکراتی دەسەڵاتی بلۆتۆقراتی بەرھەم دەھێنێت، گەل خراوەتە دەرەوەی کێشمە کێشەکان، بنەماڵەکان بەشێوەی مۆدێرنانە دەسەڵاتی خۆیان دەبەنە پێشەوە، ئارم و بەرنامەو حیزب و راگەی ندنی جۆراوجۆرو، رەنگی جیاوازی خۆیان ھەیە، کاریگەری جیاوازی ئایدۆلۆژیا و رەنگی ئاڵاکانیان بە ئەندازەی جیاوازی رەنگی ئاڵای شیوەنی حوسێنییەکانە تەنھا بۆ ناسینەوەیە نەک جیاکردنەوە،
لەبەر ئەوەی بەکارھێنانی دەستەواژەی دیموکراسیەت و ئازادی لە کوردستاندا لای ئەم پارت و دەستەو بنەماڵانە تەنھا بۆ رێکلام و پاراستنی بەرژەوەندیەکانە نەک پیادەکردنی، ئەوان کار بۆ بەھێزکردنی دەسەڵاتی پلۆتۆقراتی دەکەن، خێزانە دەوڵەمەندە سیاسییەکان درێژە بە حوکم بدەن، ئەوان خاک و خەڵک وەک موڵکداری تایبەتی خۆیان سەیرە کەن ، دیموکراسیەت لای ئەوان لاستیکییە کەی ویستیان رایدەکێشن و دواتریش خاوی دەکەنەوە، دیموکراسیەت و ئازادی واتا بە ئازادانە داکۆکی لە بەرژەوەندیەکانم بکە، شەوان ھەموو لە کەناڵەکانەوە ئەم مومارەسەیە دەبینن، بۆیە وەک بازاڕی پشک لە کاتی ق ەیران و تەقینەوەی بڵقدا بە خێرایی سەوزو سورە کات، لێرەوە ئێستا پەرلەمان لە خۆ ئامادە کردندایە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەو شەڕەی پێشتر دەکرا لەسەر ئەوەی سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێت یان خەڵک ھەڵیبژێرێت کۆتایی پێ ھات، چونکە قەیران و ئاڵانگارییەکان پێشوو کۆتایی پێ ھاتووە، منداڵەکان زۆرینەیان دەرچووی یەک زانکۆن بە تایبەت ھارفارد، ئەوان لە قازانجەوە سەیری سیاسەت دەکەن، ترامپیانە بیرە کەنەوە، سەفقات دەزانن بەس، دەزانن شەڕ بەشە چۆرەکەکەیان دەسوتێنێت، ھەموو پێکەوە بە دیار بەشکردنی چۆرکەکەوە گرمۆڵە بوونە و گەمەیەکی شەیتانیش لە راگەیاندنەکانەوە دەبەنە پێشەوە. پارتی دەزانێت لەناو پەرلەمان پارسەنگ گۆڕاوە بە بەخشینی ئیمتیازاتێک بە سانایی بە زۆرترین دەنگ پۆستەکە مسۆگەرە کات، بۆیە نایکاتە شەڕێکی نا مسۆگەرەوە کە ناوی دەنگی خەڵکییە، نەک لە دوای شاییەکەی ٣٠ ی ئەیلولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە بری شەمامە گوژاڵکی دەرخوارد بدرێت، ئەوەی پێشتر دەیوت مافی ھەڵبژاردن بدرێتە خەڵک کۆتایی بە موزایەدەکەی ھات، خەڵکیشی بۆ بەدەست ھێنانی کورسیەکان دەوێت، بەرەکەی تریش ئیتر شەرمە کەن دەسەڵات لە ئامۆزاکان لە یەکیان کەمبکەنەوە بیدەن بەوی تریان، بە وەرگرتنی شیرنیەک کۆتایی بە چەلەحانێی نا سیاسیەکان دەھێنن،
 
سستەمەکانی جیھان چۆنن
زۆربەی وڵاتانی دیموکراسی جیھان سستەمی سیاسیان سەرۆکایەتیە, ئەمانیش کە دابەش دەبن بەسەر ٤ جۆر , لەوانە  ٤٣ وڵات راستەوخۆ سەرۆک لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی تەواوی بێ رکابەریان ھەیەو ھاوزەمان سەرۆکایەتی حکومەتیش دەکەن, وە ٢٢ وڵات سەرۆکی بەھێزیان ھەیە کە خەڵک ھەڵیان دەبژێرێت بە بوونی سەرۆک وەزیرانی لاواز لە وڵات کە سەرۆک کۆمار دیاریان دەکات, ھاوکات ٢٩ وڵات سستەمی سیاسیان نیمچە سەرۆکایەتییە( سەرۆکێکی بەھێزی ھەڵبژێردراو و سەرۆک وەزیرانی لاواز ) کە پەرلەمان ھەڵی دەبژێردرێت بە کەمتر لە دەسەڵاتی سەرۆک, بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی سستەمی سیاسیان سەرۆکایەتییە  لە جیھان دەگاتە ٩٦ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵاتی جیھان , کە نزیک ٤٩,٧%ی وڵاتانی جیھان پێک دەھێنن .
ھەر لەم پەیوەندەدا ٨ وڵات راستەوخۆ لەناو پەرلەمان سەرۆکی بەھێزی وڵات ھەڵدە بژێرن بە بێ بوونی سەرۆک وەزیران (نموونە باشوری ئەفریقیا), بەمەش ژمارەی وڵاتە سەرۆکایەتییەکان بەرز دەبێتەوە بۆ ١٠٣ وڵات لە جیھان.
ھاوکات  لە جیھان ٤٥ وڵات کۆماری پەرلەمانی ھەیە(زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەشنەن) , لێرەدا سەرۆکی وڵات بە دووجۆر دیاری دەکرێت, بەشێک راستەوخۆ لەناو خەڵک ھەڵدەبژێردرێت کە زۆرینەن, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن, کە ئەمانەش بە ھەردوولایان کەمتر لە ٢٥%ی وڵاتانی جیھان پێک دەھێنن , ھەروەھا ٢٩ وڵاتی پاشایەتی دەستوری پەرلەمانی لە جیھاندا ھەیە(ئەوروپا و یابان و وڵاتانی کۆمۆنۆلس), وە ٨ وڵاتی پاشایەتی پەرلەمانی بە بوونی پادشای بەھێزەوە کە ئەمانەش ناتوانرێت بە سستەمی پەرلەمانی و وڵاتانی دیموکراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مەلەکی عەرەبین), ھاوکات دیکتاتۆریش نین .
بەمەش لە کۆی گشتی ١٦٩ وڵاتی دیمکراسی لە سستەمەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە جیھاندا ھەیە, نزیک بە ٥٧ %یان کۆمارییەو ٤٣%ێشی پەرلەمانییە بە کۆماری و پاشایەتی, گروپی یەکەم زیاتر لە ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئەفریقیاو ئەمەریکای باکور و وڵاتانی دەریای کاریبی ..ن , وەلی گروپی دووەم زیاتر لە ئەوروپا و وڵاتانی نیمچە کیشوەری ھیندی و وڵاتانی دەوروبەری و ئەسیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایە...زۆربەیان ئەو وڵاتانەن دیموکراسیەت زیاتر چەسپیوەو یاساکانی ھەڵبژاردن پێشکەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە لە پێناو دادپەروەری زیاتر لە نوێنەرایەتی, دیارە لەم وڵاتانەش بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دیموکراسیەت تیایاندا نە چەسپوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی ھەیە , نموونە ئێستا ناڕەزایەتی لە نیپاڵ ھەیە داواکارن سەرۆک لەناو خەڵک ھەڵبژێردرێت , لە عێراقیش نارەزایەتی ھەیە , لام مسۆگەرە لە کوردستانیش ئەم داواکارییە لە داھاتوو دێتە پێشەوە , ئەگەر بژاردەی ناو پەرلەمان دیاریبکرێت کاتێک  دەموچاوە سیاسییەکان رابردوو نامێنن, ئەمەی ئێستا کاردانەوەی ململانێی مێژویی بنەماڵەکانە.
ئەمەو لەناو وڵاتانی جیھاندا, ٢ وڵاتی ئاینی(ئێران و ڤاتیکان), ٦ وڵاتی پاشایەتی دکتاتۆری, ٨ وڵات تاک حیزبی ھەن لە دەرەوەی بازنەی وڵاتانی دیموکراسی, کە ژمارەیان ١٨ وڵاتە نزیک ٩,٩%ی وڵاتانی جیھان پێک دەھێنێت.
بەھۆی ئەوەی سستەمە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتانی دواکەوتووی چەشنی کوردستان بەشێکی زۆریان بەرەو دکتاتۆریەت چوونە, نموونە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا ...., بۆیە بۆ گرنتی مانەوەی دیموکراسی لە کوردستان , سستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە, بە بروای من لەناو ئەویشدا ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە بە دەسەڵاتی تەشریفاتیەوە.


 بۆ کوردستان کامە باشە
ئێستا ململانێ و کێشمە کێش کۆتایی ھاتووە لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەم خولەدا,  بەرژەوەندیەکان یەک دەگرنەوە, بۆ بەرژەوەندی خۆشیان بێت لەم چرکە ساتە کەس نەماوە داکۆکی لە دەنگی خەڵک بکات, ھەموو دەیانەوێت پۆشاکی دیموکراسی بە پێی باڵای بەرژەوەندیەکان خۆیان بدورن, بۆیە ئەوەی ھەیە کێشمە کێشە لەسەر پۆشاکەکە نەک دیموکراسیەتەکە.
ھەرچەندە مەرج نییە  ھەموو کات دیموکراسیەت و دەنگی خەڵک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت, لە سایەی دیموکراسی راستەوخۆی سویسرادا تا ساڵی ١٩٧٢ پیاوانی وڵات نەیان ھێشت ژنان بەشداری دەنگدان بکەن, بە دەنگدان ھیتلەر ھاتە سەر حوکم, نموونە زۆرە, وەلێ ئەم نموونانە وا ناکەن ساردمان کەنەوە لە داکۆکی لە بەکارھێنانی دەنگی خەڵکی لە ھەڵبژاردنەکاندا, وەلەو کۆی دیموکراسی نوێنەرایەتی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, دوای ھەڵبژاردن ئیتر حیزبی براوە وەک ئێستای کوردستان منەتی بە دەنگدەران نامێنێت, بۆیە وردە وردە باوەڕ بە دیموکراسی راستەوخۆ لە جیھان زیاد  دەکات, ھەرچەندە لە سویسرای پیشەنگی دیموکراسی راستەوخۆ کەم رودەدات دەستپێشخەرییە رادیکاڵەکان دەنگی پێویست بە دەست بھێنن, ئێستا دەستپێشخەریەک ھەیە  بۆ ئەوەی ستافی حکومەتیش بە دەنگدان بێت واتا خەڵک ھەڵیان بژێرێت وەلێ بە مەرجەوە , کەچی لە کوردستان بنەماڵەکان لە بەرژەوەندی خۆیان مافی دەنگدان لە خەڵک دەسێننەوە بۆ سات و سەوداو مامەڵەی ناو پەرلەمان, چونکە ئەگەر گەمەی ناو پەرلەمان نەبێت ئەوا حیزبی دۆڕاو لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە دەست بەتاڵ بۆی دەرە چێت.

سەرۆک ناو خەڵک ھەڵبژێردرێت, ئەگەر دەسەڵاتی تەشریفی بێت ئەوا لە تایبەتمەندی پەرلەمانی بوونی سستەم ناگۆڕێت, ھەڵبژاردن لەناو خەڵک گرنگە لەبەر  ١- ھەموو تاکێک دەتواننێت مافی خۆی مومارەسە بکات بۆ خۆ کاندید کردن بۆ ئەو پۆستە, مافی ھەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پارێزراوە, بە پێی ئەوەی دەستور و یاسا دیارییان دەکات .
٢- ھەموو تاکێک دەتوانێت مافی خۆی مومارەسە بکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک .
٣- سستەم ھەمە رەنگتر دەبێت , مەرج نییە ئەو لایەنەی حکومەت پێک دەھێنێت سەرۆکی ھەرێمیش بباتەوە, لە جیاتی بژاردەیەک دوو بژاردە لەبەردەم گەلدا دەبێت بۆ حیزبی حوکمڕان, دیارە لە ئێستادا لە جیاتی بنەماڵەیەک دەبێتە دوو بنەماڵە.
٤- زۆرجار لە ھەڵبژاردنی سەرۆکدا, سەرکەوتن لە دەرەوەی موئەسەسەی سیاسی باو رودەدات, بەمەش گۆڕانکاری گرنگ دێنێتە پێشەوە.
بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمان بە قازانجی پارتە رامیاریەکانە بە تایبەت گەورەکان , بەوەی دەتوانن کاندیدی خۆیان دیاریبکەن بۆ پۆستەکە کە پێشتر مامەڵەیان کردووە, بەمەش پۆستەکە لە نێوان خۆیان پاوان دەکەن , ھاوکات لە کاتی ھەڵبژاردنی سەرۆک مامەڵە بە ژمارەی کورسیەکانیانەوە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک لە پشتیوانی کاندیدێک , بەمەش ئیمتیازاتی زیاتر بە دەست دەھێنن لە بەرامبەر دەنگدانیان بە کاندێک, لێرەدا ئازادی و دیموکراسیەت لە بەرژەوەندی حیزب بە تایبەتیش حیزبی گەورە دەکرێت بە قوربانی , وە ئەگەر دەنگدان نھێنی بێت دەنگ فرۆشتنی پەرلەمانتاران, کورسی فرۆشتن و کورسی کڕین دەبێتە دیاردە.
ھاوکات بۆ بارودۆخی کوردستان بەھۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سیاسەتی بەرچاو تەنگی حیزبایەتی, دەکرێت کۆمەڵێک پێوانە بۆ سەرۆک دیاریبکرێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانییەوە, لەوانە :
١- سەرۆک لە پارتەکەی دەست لە کار بکێشێتەوە.
٢- سەرۆک بارەگای سەرەکی کارەکەی لە پایتەخت دەبێت و تەنھا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کە لە پایتەختە پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
٣- سەرۆک ئەجندای کارەکانی رون بێت و سەرۆکی تەواوی گەل بێت و بەشێک لە کاتەکانی بۆ دیداری خەڵک دیاریبکات .
٤- نابێت دوو کەسی نزیکی یەکتر ھاوکات دوو پۆستی سیادی وەربگرن.
٥- نابێت کەسە نزیکەکانی سەرۆک کاری بازرگانی و خێرخوازی بکەن و پرۆژە لە حکومەت وەربگرن و کەناڵی راگەیاندنیان ھەبێت.
٦- سەرۆک سەروەت و سامانی خۆی و کەسە نزیکەکانی ئاشکرا دەکات و بڵاوی دەکاتەوە بۆ ئاگادار بوونی ھاووڵاتیان, چاودێری وردی خەرجی و بەخششەکانی دەکرێت.
٧- لە ھیچ بارودۆخێک نابێت لە دوو خول زیاتر بەھیچ بەھانەیەک پۆستەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە, یان خۆی کاندید بکاتەوە لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا بۆ ھەمان پۆست.
٨- نابێت ھیچ ئیمتازێک زیاتر لە موچەو ئیمتیازاتەکانی سەرۆکایەتی ھەبێت.
ئەوەی دەگوزەرێت لە ھڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەمان, پاشەکشەی ژیانی سیاسییە لە کوردستان بە روکەشیەکەشی ,  لەو کەمەش پەشیمان دەبنەوە بەھۆی فشاری خەڵکەوە سەپێنراوە, حیزبی بۆرژوازی نەتەوەیی  بوونە بە حیزبی ئۆلیگارشی  , سستەمی سیاسی لە بری دیموکراسی بۆتە بلۆتۆقراتی, ھەموو فەزاکانیان داگیر کردووە, سیاسەت, ئابووری, رۆشنبیری و راگەیاندن.
دیموکراسی راستەوخۆ باشترینە , لێ تا دەگەین بەو رۆژە , بۆ رێگا گرتن لە مامەڵەی بنەماڵەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان , بۆ خولقاندنی ھەلی زیاتر بۆ ھەمووان, بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و ئیرادە بۆ تاک, یەکێک لە دەرگا بچوکەکان سستەمی پەرلەمانییە بە ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵکەوە بە کەمترین دەسەڵاتەوە.


03/02/2019 14:13:02 | 202 | Print Friendly and PDF