بابەتی زیاتر


کاتی بیرکردنەوە
07/04/2019 09:38:58
بۆچون و باوەڕ
06/09/2019 19:35:55
وەرزی هەڵوەرینی حزبەکان
05/17/2019 10:50:16
ماركس- فیورباخ- ڕه‌خنه‌ی ئاین
05/10/2019 12:00:20
ناسیۆنالیزم و نەتەوەو خێڵ
05/02/2019 17:53:17

سۆسیۆلۆژیای ھەڵوەشانەوە



گەر ھەڵە نەبم ھەمووی ساڵێکە فەیسبوکم ھەیە. لە ماوەی ئەم ساڵە و ئەوەندەی کات ڕێیپێدا‌بێتم گەشتێکم بە فەسیبوکدا کردووە. یەکێک لەو دیاردانەی کە تێبینم کردووە و زۆر سەرنجڕاکێش بووە بە لامەوە بوونی بزاوتێکی عەوامە کە زۆر چالاک و کارەمەن لە بەرھەھێنانی بیری عەوام و پاشان پەخشکردنی. ئەکتەرەکانی ئەم بزاوتە لە ژمارە نایەن و تا چاوبڕبکات زۆرن. رۆژنامەنوسن، رۆشنبیری گەورەی گەلەکەمانن، رۆماننوسن، چیرۆکنوسن…ئەم بزاوتە ھەر کەناڵێکی سادەی بەرھەمھێنانی بیر، بۆچۆن، باوەڕ، وێنای کۆمەڵایەتی، تد، نییە، بەڵکو بۆتە گەورەترین مەکینە. بەرھەمەکانیان وەک سەلمێنراو، راستی و حاشاھەڵنەگر پێشکەش دەکەن و دەرخواردی بەکاربەرانی خۆیانی دەدەن. ھەڵەین گەر وابزانین، فەیسبوک تاکە شوێن و پانتایی بەرھەمھێنانی بیرە بۆ ئەم بزاوتە، نەخێر ئەمان ھیچ کەناڵ و سەکۆیەکی بەرھەمھێنانی ئایدۆلۆژیا و بیر نەماوە تێدا ئامادە نەبن. بە کورتی ئەمان کۆی ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی ئایدۆلۆژیا و بیرۆکەیان لە چنگدایە. بە مانایەکی دی، یەکێک لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی ئەم بزاوتی عەوامە <خەسڵەتی پەرشوبڵاویانە> : واتە لە ھەموو شوێنێک ئامادەن.

بە شێوەیەک نەک حزب و حزبایەتی، نەک ھەر سیاسەت و سیاسەتکاری، بەڵکو تەنانەت ئیسلام و ئیسلامەتیشیان ملکەچ بە ڕێسا و یاسا و نۆرمەکانی خۆیان کردووە. ئەو مامۆستا ئایینیەی ھەر رۆژێکی ھەینی بە ناوی خوا و پێغەمبەرەوە ھاوار دەکات، ئەو پەرلەمانتارەی لە ھۆڵی پەرلەمان بە ناوی بەرژەوەندی گشتیەوە دەقیژێنێت، ئەو پیاوە سیاسیەش کە بە ناوی کوردایەتی و حکایەتی یەکڕیزیەوە قسە دەکات…ھەموویان بۆ عەوام دەدوێن و بە دوای بەدەستھێنانی پشتگیری و پشتیوانی عەوامن. بە ھەمان شێوە، ئەوانەش کە بە ناویی زانستە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەپەیڤن زۆرینەی زۆریان، ناڵێم ھەموویان، ھەر بە نزم و تەرزی عەوام دەدوێن. ھیچێک لە مان جورئەتی ئەوە ناکەن وتارێک و بیرۆکەیەک لە دەرەوەی بازنەی بیروباوەڕ و دونیابینی عەوام بەرھەمبھێنن. بە بێ ھیچ دوودڵیەک دەڵێم: عەوام بۆتە ئاشێک کە خەریکە ھەموومان بھاڕێت.

عەوام بۆتە گەورەترین جڤاتی سۆزداری (emotional community) بە قەولی ماکس ڤێبەر کە بە چەپڵە و فرمێسک، دەستخۆشی و دەستشکان، فیکە و بێدەنگی…ئەکتەری سیاسی، رۆماننوس، ڕۆشنبیر، کۆمەڵناس، فەیلەسوف، چالاکوان، تد بەرھەمدەھێنێت و دەیانکات بە گیرۆدە و شاگردی خۆی. نە ھیچ ھێزێک، نە ھیچ توێژەرێک، نە ھیچ بەھرەمەندێک…ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم جڤاتە خۆی بسەلمێنێت، یان بە بێ پشتگیری و چەپڵەی ئەم چڤاتە بوونی ھەبێت. ھەر ئەم جڤاتە سۆزدارەش رۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی کاریزما، داستان، ئەفسانە دەبینیت، ھەروەک چۆن رۆڵێکی جەوھەریش لە قوتکردنەوەی شکست، خیانەت، نسکۆ، دۆڕان…دەگێڕێت. دواجار، ھەر ئەمەش وا دەکات، نە رۆشنبیری باش، نە لێکۆڵەوەری باش، نە سیاسەتوانی باش، نە رۆماننوسی باش…مان ھەبێت چونکە ھەموو ئەمان بە نەزم و بە پێی ڕێساکانی عەوام دەنوسن و دەفکرن.

عەوام حەزی لە گومان نییە، حەزی لە ھیچ پشکنینێک نییە کە بیروباوەڕەکانیان بخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە عەوام سادە گۆیە، سادە بینە، خۆشباوەڕە. بۆردیۆ ھەمیشە دەیوت یەکێک لە کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی بەردەم کۆمەڵناسی باش ئەوەیە کە ئەم ھەردەم دەست بۆ بیری عەوام دەبات و دەیەوێت ھەڵیانبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ناراستی و بێبنەماییان بسەلمێنێت. بەڵام، عەوام ئەمەی ناوێت، ئەو نایەوێت دەستکاری ئەو بیرباوەڕەی بکەی کە بڕوای پێھێناوە و بۆتە بەشێک لە زەین و جەستەی. دەستبردن بۆ بیروڕاکانی، دەستبردنە بۆ پیرۆزیەکانی. بۆیە عەوام لە بەرامبەر ھەر دەستبردن و مەیلێک کە ھەوڵی ھەموارکردنەوەی دونیابینی ئەو بدات، خێرا بە بێ ھیچ پێچ و پەنایەک دەخرۆشێت و پەلەمار دەدات.

بەڵام، ناشکرێت ھەموومان بۆ رازیکردنی عەوام و بەدەستھێنانی چەپڵە و فیکەی عەوام دەست لە بەرھەمھێنانی مەعریفە و گەشتن بە راستیەکان ھەلگرین. عەوام واقعی کۆمەڵایەتیان بە شێوەیەک شێواندەوە کە ھەرگیز زانستە کۆمەڵایەتیەکان ناتوانن تێدا ھەبن و نشونما بکەن. بۆیە ھەڵوەشاندنەوە و ھەڵتەکاندنی سیستەمی بیروباوەڕی عەوام تاکە مەرجە لە بەردەم بەرھەمھێنانی مەعریفە و رزگاربوون لە خورافە، وەھم و سادەگۆیی.

لەمەودوا ھەوڵدەدەم، گەر بە تەنیاش بم، یەکێک لە چالاکیە سەرەکیەکانم تەرخان بکەم بە گەشەپێدانی سۆسیۆلۆژیای ھەڵوەشاندنەوە و ھەڵتەکاندنی بیری عەوام و پەردەھەڵماڵین لە ڕێسا و یاسا پەنھانەکانی جڤاتی سۆزداری عەوام.

03/02/2019 08:08:51 | 264 | Print Friendly and PDF