بابەتی زیاتر


چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشی ریخۆڵەکوێرە
04/20/2019 13:16:48
نەشتەرگەری فتق بە ئامێری هەناوبینی بکە
04/01/2019 15:46:25
چۆن نەخۆشی قەڵەوی چارەسەر بکەین؟
02/08/2019 17:44:04
هەورکردنی پەنکریاس
08/14/2018 18:16:35
دیسانەوە لە بارەی جەستەوە
08/13/2017 18:08:30

چۆن نەخۆشی قەڵەوی چارەسەر بکەین؟



قەڵەوی بە یەکێک لە نەخۆشیە بڵاوەکانی سەردەم هەژمار دەکرێت،قەڵەوی بریتیە لەوەی کە کێشی مرۆڤ بە کیلۆگرام،لە چاو پێوانەی چوارگوشەی باڵادا بە مەتر،لە رێژەی %٣٠ زیاتر بێت.بێجگە لەوەی کە مرۆڤ بە هۆی قەڵەویەوە ناشیرین دەبێت،لە چاو کەسانی ئاساییشدا زۆرتر دووچاری نەخۆشی دەبێت،مرۆڤی قەلەو لە چاو خەڵکی ئاساییدا زووتر دوچاری نەخۆشی بەرزبوونەوەی پالاپەستۆی خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ دەبێت،مرۆڤی قەلەو زووتر و زۆرتردووچاری نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی چەوری خوێن و جگەر و پەنکریاس دەبێت.ئەوانەی قەڵەون زۆرتر دوووچاری کەمخوێنی وکەمی ڤیتامین و کانزاکان دەبن. بە هۆی قەڵەویەوە مرۆڤ دووچاری تەنگەنەفەسی و راچڵەکین لە خەوو پشتئێشە و ئازاری ئەژنٶ دەبێت،مرۆڤە قەڵەوەکان بە زەحمەت میزیان بۆ رادەگریرێت.لە دوای جگەرەکێشان قەڵەوی بە هۆکاری دوەمی زیادبوونی نەخۆشی شیرپەنجە دەژمێردرێت.ئەو کەسانەی قەڵەون بە زەحمەت نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت،درەنگ بەنج بەریاندەدات،ئەگەری زۆرە برینەکەیان دووچاری هەوکردن و فتق ببێت.
بۆیە هەر کەسێک بیەوێت تەندرووستی خۆی باش رابگرێت،دەبێت خۆی لە نەخۆشی قەڵەوی بپاریزێت،ئەو کەسەشی قەلەوە،دەبێت چارەسەری قەلەویەکەی بکات.
خۆپاراستن لە قەڵەوی :
خاڵی یەکەمی خۆپاراستن لە قەڵەوی، بریتییە لەوەی کە مرۆڤ زۆر نەخوات،هاوسەنگی لە نێوان ئارەزووی خواردن و ئەو وزەیەدا بپارێزت کە چالاکی رۆژانەی پێویستیەتی،هێندە بخوات کە وزەی چالاکیەکانی دابین دەکات،ئەگەر مرۆڤەکە زۆر بخوات،هەمووخواردنەکە نابێت بە وزە،برێک لە خوارنەکە وەک چەوری لە جەستەیدا دادەبەزێت و قەلەوی دەکات.خاڵی دوەمی خۆپارستن لە قەلەوبوون، بریتیە لە جوڵەو کارکردن،ئەو کەسانەی کاری جەستەیی دەکەن،بە زەحمەت دووچاری نەخۆشی قەڵەوی دەبن،کرێکار و جوتیارەکان لەبەر ئەوەی دەجوڵێن و کار دەکەن،بە زەحمەت نەخۆشی قەلەوی دەگرن،لەبەر ئەوەی ئەو برە خۆراکەی کە دیخۆن،تەنها بەشی وزەی چالاکیەکانیان دەکات،هەروەها ئەو کەسانەی کە وەرزش دەکەن،قەڵەو نابن،لەبەر ئەوەی ئەو خۆراکەی کە دەیخۆن تەنها بەشی وزەی کارو چالاکییەکانیان دەکات.
چاەسەری نەخۆشی قەلەوی :
ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشی قەلەوی بوون،پێویستیان بە چارەسەرکردنی پزیشکی هەیە،دووجۆر چارەسەری پزیشکی هەیە.
١.چارەسەری بە بێ نەشتەرگەرییە( خۆراک و وەرزش و دەرمان)،ئەم جۆرە چارەسەرییە بریتییە لەوەی قەڵەوەکە کەم بخوات،بەتایبەتی خواردنی چەوری و شەکر و شیرینی و برنج کەم بکاتەوە.بە لایەنی کەمەوە دەبێت قەڵەوەکە هەفتەی سێ سەعات وەزش بکات، بۆ ئەوەی ئەو چەوریەی لە ژێرپێست و لە هەناویدا کۆبۆتەوە،بۆ وزەی جووڵە وەرزشیەکان بتوێتەوە. قەلەوەکە دەرمانی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن بخوات بۆ ئەوەی بڕی ژەمی خواردنەکانی کەم ببێتەوە،یان قەڵەوەکە دەرمانێک بخوات کە رێگری لە ریخۆلە بگرێت چەوری و شیرینی ژەمە خۆراکەکان هەڵمژێت.
٢.جۆری دووەمی چارەسەری نەخۆشی قەڵەوی نەشتەرگەرییە،نەشتەرگەی لەسەر کۆئەندامی هەرسی قەلەوەکە دەکرێت،نەشتەرگەریەکە بە شێوەیەکی گشتی دوو بەشە،بەشی یەکەمی بریتییە لەوەی کە گەدە بچووک دەکرێتەوە،رێژەی %٢٠بۆ %٢٥ گەدە دەمێنێتەوە،گەدە بچووکراوەکە خواردنی کەم دەگرێت و نەخۆشەکە بە خواردنێکی کەم هەست بە تێربوون دەکات و دەست لە خواردن هەڵدەگرێت.هۆرمونێکی زیادکردنی ئارەزووی خواردن هەیە لە گەدەدا پییدوترێت گهرلین(Ghrelin)،بە بچوکردنەوەی گەدە ئەم هۆرمونە کەم دەکات و نەخۆشەکە ئارزووی خواردنیشی کەم دەبێتەوە.
بەشی دوەمی نەشتەرگەریەکە بریتیە لە کەمکردنەوەی هەرسکردن و هەڵمژینی ئەو خۆراکەی نەخۆشەکە دەیخوات، لە رێگەی درووستکردنی رێرەوی نوێوە لە نێوان گەدەو رێخۆلەدا(Bypas).
ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت،زۆر سوودمەند دەبن،نەک هەر لە ماوەی چەند مانگێکدا نزیکەی ٤٠-٥٠ کیلۆگرام لە کێشیان دادەبەزێت،بەڵکوو زۆربەی کات نەخۆشییەکانی بەرزی فشاری خوێن و شەکرە و پشت ئێشەو تەنگەنەفەسی و ئەوانیتریان لە کۆڵدەبێتەوە. لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت ئەگەر هەیە دوچاری نەخۆش بەدخوراکی و ماکەکانی ببن،بۆیە گرنگە ئەو نەخۆشانە دوای نەشتەرگەری سەردانی پزیشکەکانیان بکەن و پشکنین بکەن،نەوەک دوچاری کەمی پرۆتین و ئاسن و کالسیۆم و ڤیتامین و کانزاکانی تری جەستە ببن.
د.فایق گوڵپی
پزیشکی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس
١-٢-٢٠١٩

02/08/2019 17:44:04 | 244 | Print Friendly and PDF