بابەتی زیاتر


چەمکی ئازادی لەنێوان کۆمەڵگە و سیاسەت دا پرسی ژن بەنمونە
05/03/2019 20:03:55
ژن کوشتن و کۆمەڵگەی نەریتی
12/24/2018 21:18:47
وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە
10/19/2018 21:43:07
ژن و سیاسەت
08/06/2018 20:44:16
بەبۆنەی ژنەوە خۆیان دەرەخەن
05/05/2018 18:20:05

ژن کوشتن و کۆمەڵگەی نەریتی

شنە باباعلی
شنە باباعلی


ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژن دەکرێت، توندوتیژییەکە رەگوڕیشەکانی لەناو نەریتی ئایینی و کلتوور و پەروەردەدایە. ناکرێت لە دیدگای جێندەرییەوە تەماشای ئەم توندوتیژییە بکەین، چونکە بەشێکی زۆری توندوتیژییەکە لە دۆخی جێندەری تێگەرَییوە و بووەتە توندوتیژییەکی کۆمەڵایەتی.
ئەشێت ھەموو ئەوانەی لە رێگەی زمانی توندوتیژییەوە کۆمەڵگە پڕدەکەن، بەشێک بن لە بەرھەمھێنانی ئەو توندوتیژییەی ھەرجارە و لەشوێنێکدا و بە فۆرمێکەوە خۆی دەردەخات.
بۆ ئەوەی زیاتر نمونەی زیندوو ببینین: لە ماوەکانی رابردوودا لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی شاجواندا، کە پڕۆسەیەکە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لەنێوان چەند خانمێک رێکدەخرێت و یەکێک لەو خانمانە شوێنەکە شاجوان بە دەست دەھێنێت. ھەموو ئەو ھێرشانەی کرانە سەر ئەو کۆمەڵە کچە، چ لە لایەن ژنان و کچانەوە، چ لە لایەن پیاوانی نەریتخواز و واعیزەکانەوە، بۆخۆی ئاماژەیەکی روونە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە، چەند دژە جوانی، چەند دژە جوڵەی ژن و ژەند توندوتیژییەک دژی جیاوازییەکان لە ئارادایە.
لە خودی پرۆسەکە دەگەڕێین و دەچینە سەر ئەو نەریتپارێزانەی کە پێیان وایە، جەستەی ژن ئەخلاقی کۆمەڵگەیە و، بێئاگا لەوەی خودی زمانە پڕ لە توندوتیژەکەی نەریت پارێزان و، زمانە پڕ لە جنێوەکەی واعیزەکان، بنەمایەکە بۆ ھەڵتەکاندنەوەی ئەخلاق بە واتا گشتییەکەی و، بەرھەمھێنانی نەریتگەلێک، کە کۆی ئەو نەریتانە خزمەت بە ئایدۆلۆژیاییەک دەکات ژن بکاتە دەرەوەی ھەموو جوڵەیەک و ھەموو کردەیەک و، ھەموو بیرکردنەوەیەک دژی نێرسالاری بێت. ئەوانەی دوێنێ نەفرەتیان لە پرۆسەی شاجوان دەکرد و، ئەمڕۆ بۆ سێوە شیوەندەکەن، ھەردوولایان لە شوێنێکدا خزمەت بە نەریتپارێزی دەکەن و، لە شوێنێکی دیکەدا شیوەنی بۆ دەکەن. ئەم شیوەنگێڕانە ھیچکات ناگەڕێنەوە بۆ بناغەی قسە و بیرکردنەوکانی خۆیان. پێیانوایە دژ بوون لە جوڵەی ژن، دژ بوون نییە بە ئازادییەکانی ژن. پێیانواییە توندوتیژی ھەر ئەوەیە کردەکە ببینن و بێخەبەر لەوەی خۆیان خزمەتکارێکی گەورەی ئەو زمانەن توندوتیژی بەرھەم دەھێنێت.
دژبوون بە پرۆسەی_شاجوان_ دژبوون نییە لە مۆدێلێکی رووکەشی، بەقەت ئەوەی دژبوونە لە جوڵە و کردەی ژن لە فۆرمێکی تردا. ھەموو ئەوانەی دژی ئەو پرۆسەیەن خۆیان تا بینەقاقە غەرقی سیستەمی سەرمایەداری بوون و پێیان ئاساییە سیتەمەکە بیانخنکێنێت و ھەموو کەرەستەکانی دەوروبەری ژیانیان، کەرەستەی سیستەمی سەرمایەدارین. زۆر ئاساییە بەلایانە ئەو کەرەستانە بەکاربھێنن، بەڵام ھیچ ئاسایی نییە بەلایانەوە سیستەمەکە لەگەڵ خۆی دونیایەک لە مۆدێل دەھێنێت. ئەم جۆرە لە بیرنەکردنەوە لە سیستەم، لە فۆرم، لە ئازادی و لە کورتکردنەوەی ئەخلاق بۆ جەستەی ژن، لە برەودان لە گەشەکردنی زمانی توندوتیژ. رەگەکانی لەناو کلتوور و پەروەردە و نەریتی ئاینینیدایە. بۆ ئەوەی خۆمان رزگاربکەین لەم نەریتانە، دەبێت پەروەردە بناسین، کلتوور بناسین، نەریتی ئاییینی بناسین و، پاشان لە رێگەی ئەم ناسینانەوە جارێکی تر بیرکردنەوە ھەڵبچنین تا بتوانین کەمێک لەو توندوتیژییە کاڵبکەینەوە رۆژانە لەرێگای جیاجیاوە گۆشەیەکی کۆمەڵگەکەمان پیشاندەدات.
دداننان بەوەدا کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵگەیەکی نەریتییە، دداننانێک نییە لە خۆوە بانگەشەی بۆ بکەین. ھێشتا خێڵ، ھێشتا ئەخلاق لە چوارچێوەی جەستەی ژن، ھێشتا نەریتخوازی، ھێشتا ئەویتر شکاندن لەبەر جیاوازی، ھێشتا شێوەنگێرانی دووفاقی، ھێشتا خەونبینین بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەشێکی زۆری دونیای کۆمەڵگەی ئێمەی داپۆشییوە. لەناو فەزایەکی لەم جۆرەدا بێگومان توندوتیژی دەبێتە کردەیەک رۆژانە بەرۆکی کۆمەڵگە بگرێت. لە تەنیشت خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ کلتوور و نەریتی ئایینی و پەروەردەدا، ئەوە سیستەمی دەسەڵاتە لە رێگەی یاسا و ئایدیای نوێی رۆشنبیرانەوە بتوانێت ببێتە ھێزێک بۆ لاوازکردنی ئەو توندوتیژییە. بەڵام ھەتا فەزای ئازادی بۆ پەخشکردنی جنێو و تانەو تۆمەت و ھەڕەشەکردنی واعیزەکان زیاد بێت، فەزای جیاوازی کەمتردەبێتەوە و توندوتیژی زیاتر بڵاودەبێتەوە. رێگریکردن لەو زمانەی ئازادییەکان دەکوژێت، رێگریکردن لەو دوو فاقییەی شیوەنگێران ھەررۆژەو بەجۆرێک دەیگێڕن، رێگری کردن لەو ئاستە لاوازەی تێگەیشتن بۆ ژن و بۆ ئەخلاق، دروستکردنی فەزایەکی تەندروستە تا ھوشیاری تاک و کۆمەڵگە بگاتە شوێنێک ئیدی توندوتیژی ببێتە توندوتیژییەکی نوخبەوی و چیرۆکەکانی توندوتیژی کەم ببنەوە.

شنە باباعلی

12/24/2018 21:18:47 | 596 | Print Friendly and PDF